ساڵێک بە سەر کۆچی نابەوەختی ئاژوانی جوانەمەرگدا تێپەڕی. عەوڵا سەیدا

خزمان و دۆستانی بەڕێز!
ئەمڕۆ ساڵێک بە سەر کۆستی گەورە و بێ ئەمانی کۆچی دوایی جگەرگۆشەی ئازیزمان ئاژوانی جوانەمەرگدا تێپەڕی. لەو یەکساڵەدا هەمووڕۆژێک من و دایکی و ناوبەناویش خوشکەکانی و هاوڕی و ناسیاوانی سەردانی گۆڕە غەریبەکەمان کردوە بۆ ئەوەی پێی بڵێین ئاژوانەکەم خۆشمان دەوێی، تۆ هەر لە گەڵمانی، تۆ پارچەیەک لە دڵمانی. ئاژوانەکەم تۆ تەنیا کوڕمان نەبووی تۆ هاوڕێ و هاودەمی بە توانا و بە ئەمەگی ڕۆژانی خۆش و ناخۆشی دایک و باوکت بووی. تۆ برایەکی جێگای مەتمانە و بەرپرس بووی بۆ خوشکەکانت، تۆ لاوێکی پێگەیشتوو، ڕوو حسووک ولەبەردڵان، دڵسۆز و بە وەفا بووی بۆ ناسیاو و هاوڕێکانت. ئەوڕو زیاتر لە هەموو کاتێک بیرت دەکەین، جێگات لە نیوماندا زۆر دیارە ، هەموومان تاسەت دەکەین و بۆت زۆر بە پەرۆشین.
ئاژوانەکەم!
ڕۆژانی شەممەی گشت حەوتوویەک، لە دەوری یەکتر کۆدەبووینەوە. بە هەستی ناسک و بزەی پڕ لە شادی و خۆشەویستیت کۆڕی بنەماڵەت گەرمتر دەکرد و دەتڕازاندەوە. ئێمەش لە ماوەی ئەو یەکساڵەدا، هەموو ڕۆژانی شەممە بە یادی جاران و بە یادی تۆ، کە لە خەونی یەکێک لە خوشکەکانت دا پێت کوتبوو:” من سەرقاڵم، خەریکی دروستکردنی خانوێکم، کە ئێوە هاتن جێگای هەموومان بێتەوە، بەڵام کۆتایی حەوتووەکان لە ماڵەوە لای ئێوەم” بەو هۆیەوە مێزەکە دەڕازێنینەوە، لە دەوری یەکتر کۆدەبینەوە، بۆ ئەوەی وەک هەمیشە هەست بە بوونت لە پەنا خۆمان بکەین و لە گەڵ ئەم کۆستە بە زامە ڕابێین.
کۆستێکی بێوادەی وا کە نە تەنیا گوڵی تەمەنی تۆی هەڵوەراند و ژیانی تۆی بەرەو جیهانی ئەبەدی برد، بەڵکووژیانی من و ماپەرە و باقی بنەماڵەشمی لێرە و لە کوردستان سەراوبن کرد.
خەمێکی تاقەت پڕووکێن کە تەنیا بەشێکی بە قەرا سەنگینی چیاکانی کوردستان لە سەر شانەکانی من بارگرانی دەکات. خەمێک کە سەرەڕای شان وەبەردانی کۆی خزم و کەس و دۆستانی ئازیزم، بەوحاڵەش بەژانترین زەبری ڕووحی و ڕەوانی لە بنەماڵە و بە تایبەت لە من داوە. تەنانەت بۆتە هۆی دابڕانم لە خزم و کەس و دۆستانم. ئەو خەمە کارێکی بە من کرد کە نە تەنیا نەمتوانی وڵامی دەریای هاودەردی ئازیزانم بدەمەوە، بەڵکوو ببم بە قەرزداری ئەبەدیش.
لەوەی کە من نەمتوانیوە بەو جۆرەی پێویستە وڵامی ئێوە، ئازیزانم بدەمەوە بە دڵ داوای لێبووردن دەکەم، دڵنیام کە ئێوە خۆتان دەمبوورن. بێگوومان هاودەردی ئێوە ئازیزان بووە کە ئێمە توانیومانە خۆمان لە حاست ئەم خەمە قوورسە ڕاگرین و بەرگەی ئەم زامە پڕ ژانە بگرین و بۆ جارێکی دیکە بە لەرزێکی پیرانە، پێبگرینەوە.
پڕ بە دڵ سپاسی خەمخۆری و لوتفی هەمووتان دەکەم. ئاوات خوازم ئێوەش سڵامەت و بێ خەم بن. لەوەی کە زۆر جاریش مووحیبەت و هاودەردی ئێوەم بێ وڵام هێشتۆتەوە لێم بە دڵ مەگرن. بەو هیوایە لە گەورەیی خۆتان بێبەشم نەکەن و منیش هەوڵبدەم لەمەو بەدوا، بە پێی توانا وڵامدەری زیاتری خۆشەویستیتان بم.
تۆش ئاژوانە، میهرەبان، ڕو حسووک، بێ ئازار، خەمخۆر، دڵفراوان و هەمیشە دەم بە پێکەنینەکەم ڕوحت شاد بێ و یادت هەر دەم و بۆ هەمیشە لە دڵماندا، بەرز و پیرۆز دەمێنێتەوە.
ئاژوان گیان کەیوانی خوشکەزات بەردەوام لە پڕشنگی خوشکت دەپرسێ: ئاژوان کەی دێتەوە؟
ئەویش کە هیچ وڵامێکی بۆی نییە، پێی دەڵێ: بۆ خۆت لێیپرسە، دەڵێ لێم پرسیوە بەڵام جوابم ناداتەوە!
ئاژوان گیان دەزانی ئەویش کە تەمەنی تەنیا چوار ساڵە چەندە بیرت دەکا.
هیوادارم هیچ بنەماڵەیەک تووشی ئەم کارەساتە مەزنە و ئەم زامە بێ ساڕێژە و خەمە بێ کۆتاییە نەبێ.
عەوڵا سەیدا ١٣ ئاگووستی کانادا