خەباتی نەتەوەیی کورد لە قۆناخی هەنووکەییدا. جەماڵ عەڵیاڵی

ماوەی کۆتایی جیاوازێکی تایبەتی دەگەڵ پێشوو هەیە. هێندێک ڕووداوی بە ڕواڵەت تازە هاتوونەتە ئاراوە کە لە ڕاستییدا جگە لە درێژەی پێگەیشتنی دیاردەکانی پێشوو، چیتر نین. ئەو کوورتە نووسراوە هەوڵێکە بۆ شیکردنەوەی ڕوانگەی نووسەرە لەمەر ڕاستییەکانی پشت ڕووداوەکان بۆ ڕوونکردنەوەی شۆێنپێی داهاتوو، واتە ئەنجامی ڕووداوەکان دەتوانێ چ دەبێت.
خەباتی گەلەکەمان لە باکوور ئاڵۆزی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، لە لایەک قەیرانی دەسەڵات و لە لایەک قەیرانی کۆمەڵگا. قەیرانی کۆمەڵگای کوردی، بارگرانیی داگیرکەری تورک زیاتر دەکات. داگیرکەری تورک نەیتوانی سەرەڕای بۆردوومان لە زەوی و لە ئاسمان و بەکارهێنانی نامرۆڤانەترین شێوازی هێرش لە گشت بوارەکاندا، بەرگری لەوە بکات کە ڕۆڵەکانی کورد شار و گوندی باکوور بخەنە ژێر چاوەدێری خۆیان بە شێوەیەک کە رزگاری شاروگوند لە ژێر دەستی داگیرکەر ئەخاتەوە بیر.
داگیرکەری ئێرانی (ئێراق و سوریاش دەگرێتەوە) بە پڕتاو خەریکی پەرەپێدان بەو بیرۆکەیە کە دەڵێ کوردەکانی گشت پارچەکان ئێرانین. ئەوە دەتوانێ ببێتە بە هۆکاری نزیکبوونەوەی بەشێک لە بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شێوەی دانوستان و گفتوگۆ. ڕوویەکیتری پوولەکە ئەوەیە کە، هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن لە دانوستان و گفتوگۆ دەگەل بەناو ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی، کڵاویان بچێتە سەر.
لە ڕۆژئاوای کوردستان پاش چەند ساڵ شەڕی نابەرابەر دەگەڵ سوپای تورک و سوری و داعەش، بەشەکانی سەرەکی وڵات ئازادکرا و پێوەستی دەریای ئازاد بو. ئەو دەسکەوتە لە لایەکی داگیرکەری وەخۆ هێنایەوە، هەر بۆیە تووندی و تیژێ خۆیان پەرە پێداوە، لە لایەکیترەوە ئەو دەسکەوتە دەتوانێ بە تۆسقاڵێک مشوور و مەنتیقی سیاسی لە دەسەڵاتی باشوور، ببێتە دەستەبەرێکی کاریگەر بۆ مسۆگەرکردنی ستاتۆی سیاسی نەتەوەی کورد وەکوو پێگەیەکی بەهێز بۆ سەرجەمی کۆمەڵگای دێمۆکراتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.
لە باشوور پرسی سەرۆکایەتی هەرێم هەر وەکوو جاران وڵامی بۆ دۆزرایەوە. لەوە دەچێت کە بارزانی جارێکیتر بۆ سەرۆکایەتی “هەڵبژێردرێتەوە” کە دەتوانێ تەنیا لە یەک حاڵەتدا “حەقانییەت”ی خۆی بخاتە لاپەری مێژوو، ئەویش ئەگەر سوپای باشوور وەکوو هەنگاوێک لە ڕێگەی پتەوکردنی ستاتۆی سیاسی کورد، شنگاڵ رزگار بکات. هەر ئەو ئیمکانە، بوو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە پاش دەنگۆی هەڵبژارندەوەی بارزانی، حەشدی شەعبی ڕایگەیاند کە ئەوان لە ڕزگاری موسڵدا بەشدار دەبن، ئەوە لە خۆشەویستی عەلی نەبوو!
قۆناخی خەباتی نەتەوەی کورد و کوردستانیان هەنووکە لە ئاستێکی تایبەتدایە. داگیرکەر لەمەر پرسی دێمۆکراسی و ئازادیدا لاوازتر لە جارانە، ئەوە بۆتە هۆکارێک بۆ دڕەندەیی زیاتری داگیرکەر کە بە ڕاشکاوی زیاتر لە جاران هەڵوێستی دژە دێمۆکراسییەکانی خۆی بە تایبەت سەبارەت بە پرسی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد دەردەبڕێ. هیچ ئەقڵییەتێکی قابیل، ئەوە هەڵناگرێ کە تۆ وەکوو کورد بتوانی دەگەڵ داگیرکەر ڕێک بکەوی بەڵام دەگەڵ خەڵکی خۆت لە پارچەکانیتر گرفتت هەبێ!
جەماڵی عەڵیاڵی ٢١/٠٨/٢٠١٥