بەشی کورد لە ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. جەمال عەلیالی

لەم دوواییانەدا ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بارودۆخێکی تازەی بەخۆیەوە دیوە. یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو دۆخە تازەیە دەگەڕێتەوە سەر خێرایی بەرەوپێش چوونێ ڕووداوەکانە.

لەو بوارەدا دەکرێ بوێژین کە بە پێی هەل ومەرجی ناوچەکە، بە پێی سەردەست بوونی دەسەلاتدارانی داگیرکەری کوردستان، بە پێی ئەو فەرهەنگ و نەریتەی لە لایەن داگیرکەرەوە بە سەر نەتەوەی کوردا سەپاوە، ئاڵوگۆڕەکان، سەرەڕای خێرایی، ڕواڵەتێکی هێمن و بە هەسپاییان هەیە. ئەو ڕواڵەتە لە ژێر کارتێکەری سیستمی داگیرکەر، واتە بە خواستی داگیرکەر و بە پێی پلانی لە پێشوو داڕژاو دەڕواتە پێش. ڕەنگە ئەو تێڕوانینە گرینگ بێ بەڵام ئاکامەکانی ئەو تێڕوانینە بەلای نووسەرەوە گرینگی تایبەتی هەیە. کوورتە نووسراوەی بەر چاوی خۆێنەر هەوڵێکە بۆ لێکدانەوەیەکی خێرا لە سەر ئاکامەکانی ئەو بابەتەی “تێڕوانینەکە” باسی لێدەکات.
داعەش بۆ تێکشکاندنی خەونی سەربەخۆیی نەتەوەی کورد پێکهات و جارێ، وەکی موسوڵمان کوتەنی “ئەلحەق ئامانجی خۆشی پێکا”! پرسی سەرۆکایەتی باشوور بوو بە پرسی سەرۆکایەتی ئێرانی ٣٥ ساڵ لەمەو بەر و ئێستا، پرسی سەرۆکایەتی میسری پاش سادات و پرسی سەرۆکایەتی عێراقی پاش حسن البکر. ئەو پرسە ستاتۆی سیاسی هەرێمی خستۆتە گیانەللا و خەریکە دوا هەناسەکانی بەو حکومەتە شەق و شڕە هەڵدەکێشێ. ئاڵقەی گەمارۆ لە سەر ڕۆژئاوا لە رێگەی تەنگکردنی ئاڵقەی گەمارۆ لە باکوور، تەنگتر بوو، تەنانەت بەو جێگەی گەیشت کە داگیرکەری توورک بە تۆپخانەو فرۆکەی شەڕکەر دەستی کرد بە بۆردومانی ناوچە کوردنشینەکان بە شار و گووندەوە. جێی ئاوڕدانەوەیە کە بۆچی لەوناوەدا ئەوەی فززە بێت لە باشوور نەهات، بگرە لە ڕێگەی میوانداریتی بە هاناشییەوە چوو! هێزی سیاسی باشوور لەو ڕووداوەدا دەیتوانی دەورێکی گرینگی هەبێ، لانی کەم دەێتوانی پێگەی لەدەس چووی خۆی بە تایبەت لە ناو جەماوەری باشووردا وەدەست بخاتەوە، ئەو هەلەشی لە کیس چوو. لێرەدا ئەو پرسیارە دەخووڵقێت کە ئایە باشوور و داگیرکەری توورک لە قازانجی تێکشکانی ڕۆژئاوادا شەریکن؟ بڵا باسی هێزەکانی ڕۆژهەڵات نەکەین، دەوری ئەوان لە دۆخی هەنووکەییدا هەروەکوو ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکانە لە جیهاندا.
گشتی ئەو ئاڵوگۆڕە مەترسیدارانە یەک بە یەک، بەڵام زۆر بە خێرایی دێنە ئاراوە، لە کەس شاڕاوە نین بەڵام بۆچی ناکەونە بەرچاو، لانی کەم بە واتای مژاری لێدوان و هەڵوێست گرتن؟ بەڕای نووسەر هۆکاری سەرەکی ئەو دیاردەیە دەگەڕێتەوە سەر ئەو پلان و پڕۆژەیەی کە داگیرکەرانی فرە رەنگی کوردستان بۆ نەتەوەی کوردیان داڕشتووە. یەکەم، خێرایی ڕووداوەکان نابینین! پێمان وایە کە Slow motion ە و هەر دەڵێی هیچ نەقەوماوە! دووهەم، کاتی هەست پێکردن، پاش هاوارێک، لە باڵ خۆماندا دەڵێین: ئیشالا وانیە!
بۆشایی لە رەوتی هەر پرۆسەیەکی سرووشتیدا دەبێتە بە هۆکارێک بۆ “کەم ئەندامی” پڕۆسەکە. کەم ئەندامی لە هەر پڕۆسەیەکدا دەبێتە بە Shifting یاخود قەراخەی پڕۆسەکە (لە کاری “قەراخ لادان”) لە دیمەنشوونی واقیعدا. پێویستە پێوەندی ناوبەینی ڕواڵەت و ناوەرۆکی ڕووداوەکان لەو چوارچێوەیەدا بخرێتە بەرباس کە لە مەودای ئەو بابەتە کوورتەدا نیە بەڵام دەکرێ لە بڕی ئەوە بیر لەوە بکەینەوە کە چ ڕێگە چارەیەکیتر هەیە کە دەگەڵ دۆخەکەدا تەبا و گونجاو بێ؟ لەو ناوەدا دوو خاڵی گرینگ دێتە بەرچاو کە کوردی ئازاد دەتوانێ بیری لێ بکاتەوە و بیخاتە بەرباس.
یەکەم، تا ئێستا هیچ کاتێک نەتەوەی کورد هەڵی نەکوتاوەتە سەر ماڵی هیچ دراوسێک بۆ ئەوەی شەڕی پێ بفرۆشێ! دووهەم، زیاتر لە ٢٠ وڵاتی عەرەبی هەیە، بەڵام گشتیان خۆیان بە “امة العربیة الواحدة” پێناسە دەکەن… ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە نەتەوەی کورد سیاسەتی خۆی لە ناوچەکەدا هەڵبژێرێ؟ یاخود هەر دەبێ لە گۆێرەی زوورنای داگیرکەر هەڵپەرکێ بگێڕێ؟
ڕووداوەکانی ئەو ماوەی دووایی، دەلیلێکی جەرگبڕە بۆ لاوازی وشیاری نەتەوەیی لە لایەن سیاسەتی کوردییەوە، لەو گۆێرەوە هەست بە دوواڕۆژێکی ڕوون بۆ ئەو نەتەوەیە ناکرێ بەڵام بەخۆشییەوە هەر ئەو نەتەوەیە خاوەنی دەستە لاوێکی وشیار و ژیرە کە پێویستە ریزەکانی خۆی ڕێک بخات و لە جیاتی هەنگاوێک، قەڵەمبازێک بەرەو پێش باوێژێ کە پێداویستێکی بەپەلەی هەنەووکەیە.
جەمالی عەلیالی ١٤/٠٩/٢٠١٥