کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید

بە داخێکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥ی زایینی، بەرامبەر بە ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧١٥ی کوردی، ئەندامی لە مێژینە و تێکۆشەری نێو ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، کاک عەلی شێخە، ناسراو بە عەلی حاجی حەسەنی دۆڵەگەرمی، لە شاری یۆتێبۆری وڵاتی سوید ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.
کاک عەلی شێخە کەسایەتی ناسراو و خۆشناوی ناوچەکانی سەردەشت و بیتوێن و پشدەر، یەکێک لەو ڕۆڵە تێکۆشەر و گەل خۆشەویستانەی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کوردایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە چ سەردەمی ڕژیمی پاشایەتی و چ دوای هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئیسلامی لە ئێراندا، هەموو کات پشتگیر و پشتیوانی شۆڕش و بزووتنەوە رەواکەی بوو. هەموو دەرگای بە ڕووی پێشمەرگە و تێکۆشەری خەباتگێر دا ئاوەڵا بوو، بە دەگمەن تێکۆشەری ڕێزەکانی شۆڕش لە هەردووک دیوی سنوور هەیە کە لانی کەم جارێک سەردانی دیوەخانی کاک عەلی نەکردبێ. کاک عەلی مرۆڤێکی دڵ ئاواڵا، خاوەن هەڵویست، قسە خۆش و لێو بە بزە و پێکەنین بوو. پاش هێرشی سوپای داگیرکەر بۆ ناوچەی سەردەشت و زێدی ژیانی کاک عەلی واتە دۆڵەگەرم، ناوبراو ئامادە نەبوو لە ژێر سێبەری ڕەشی ئەو ڕژیمە داگیرکەرە دا دانیشت و بە ناچار ڕووی لە باشوور کوردستان کرد. بە درێژایی ساڵانی مانەوە لە باشووری کوردستانیش، هەموو کات پشتگیر و پشتیوانی شۆڕش و حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو. جگە لە هاریکاری حیزب و شٶڕش، دۆستێکی نزیک و جێی متمانەی هەموو تێکۆشەرانی دێرینی ڕیزەکانی حیزب بوو و لە هەرچەشنە یارمەتی دانێک درێغی نەدەکرد. بە هۆی سوور بوونی لە سەر هەڵویستی و مل نەدان بۆ ویست داخوازییەکانی داودەزگای ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیسلامی، چەندین جا لە باشووری کوردستانیش کەوتە بەر هەڕەشە دووژمن، هەر بۆیە لە ساڵانی کۆتایی دەیەی ٩٠ی زایینی دا ڕووی لە هەندەران کرد و لە وڵاتی سوید گرسایەوە. پاش جێگیر بوونیشی لە سوید، بۆ جارێکی دیکە پەیوەندی بە ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە کردەوە و زۆر چالاکانە لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبیەکاندا بەشداری دەکرد. هەم خۆی و هەم بنەماڵەکەی دۆستی نزیک و دانەبڕاوی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەهاتنە ئەژمار و جێگەی متمانەی هاوڕێێانی حیزبی بوو.
مخابن مەرگ مەودای نەدا کە ئاواتی لە مێژینەی واتە ڕزگاری یەکجاری کوردستان بێتە دیی و پاش چەندین ساڵ دەربەدەری و دووری لە زێد و وڵاتی خۆی، بۆ هەتا هەتایە چاوەکانی سەر یەک دانا و ماڵ ئاوایی لە گەل و وڵات و حیزبەکەمان کرد

کۆچی نابەوەختی کاک عەلی حاجی حەسەن، هەموو دۆست و ئاشنا و خزم و کەسانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات تووشی خەم و پەژارەیەکی قووڵ کرد.


هەر بەو بۆنەیەوە، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری و بە تایبەت هاوسەری ژیانی و منداڵەکانی و تێکرای ئەندامانی بنەماڵەکەی لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆمان بەشەریکی خەمی ئەو کۆستە گرانەی کاک عەلی دەزانین.

حەمەرەسووڵ کەریمی