سووکایه‌تی کردنی پان تورکیسته‌کانی ورمێ به کورد و ناسنامه‌ی کوردی وچه‌ند وته‌یه‌ک. لوقمان زه‌هرایی
رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو رێكه‌وتی 21.10.2015 له کاتی یاریکردنی دوو تیمی والیبالی ” شاره‌وانی ورمێ و بانکی سه‌رمایه‌ی تاران ” له یاریگای ” الغدیر” ی شاری ورمێ کۆمه‌لێک تورکی نژادپه‌ره‌ست سووکایه‌تیان به بنه‌ماڵه‌ی فه‌رهاد پیرۆت پور که خۆی یه‌کێک له یاریزانه به ناوبا‌نگه‌کانی تیمی میللی و تیمی شاره‌وانی ورمێ ” یه کرد. ناوبراو خه‌لکی مه‌هاباده.
نژادپه‌ره‌سته تورکه‌کان به ده‌نگی به‌رز جنێویان به بنه‌ماڵه‌ی فه‌رهاد پیرۆت پور ده‌دا که جل وبه‌رگی کوردیان له‌به‌ردابوو. نژادپه‌ره‌سته‌کان له‌و گرته ویدئۆیه‌ی که بڵاوبۆته‌وه به‌و بنه‌ماله کورده ده‌لێن ” بێ شه‌ره‌ف، قرومساغ” و ده‌یانهه‌وێ په‌لاماری ئه‌و بنه‌ماله کورده بده‌ن. هه‌ر ماویه‌ک پێش ئه‌و رووداوه له شاری نه‌غه‌ده‌ی رۆژهه‌لاتی کوردستانیش له کاتی به‌رێوه‌چوونی رێووره‌سمێک بۆ رێز لێنان له به‌ساڵداچۆکان که کورد بوون، کۆمه‌لێک نژادپه‌ره‌ستی تورک به نانه‌وه‌ی ئاژاوه رێ‌و و ره‌سمه‌که‌یان تێکدا و رێگربوون له به‌رێوه‌چوونی. کاربه‌ده‌ستانی دام وده‌زگا حکومه‌تیه‌کانیش هیچ هه‌ڵویستێکیان له خۆیان نیشان نه‌دا و به ئاشکرا ده‌ریان خست که پشتگری له ئاژاوه‌گێر و گێره‌شێوێنه تورکه نژادپه‌ره‌سته‌کان ده‌که‌ن.
شایانی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی که ماوه‌ی چه‌ند مانگێک پێش ئه‌و رووداوانه، هه‌میسان له شاری ورمێ کۆمه‌لێک نژادپه‌ره‌ستی تورک له سه‌ر باندرۆلێک به خه‌تێکی گه‌وره نووسیبویان وهه‌ڕه‌شه‌یان له کورده‌کانی شاری ورمێ کردبوو که ” ده‌بێ برۆن و ئه‌و شاره چۆل بکه‌ن ده‌نا خراپیان به سه‌ر دینن”. به پێێ هیندێک سه‌رچاوه، رێکخراوێکی پان تورکیستی به ناوی ” بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئازربایجانی جنوبی” به رێبه‌ری محمد علی چهرگانی که گۆیا تورکێکی زۆر نژادپه‌ره‌ست و دژه کورده له پشتی ئه‌و جۆره رووداو و حه‌ره‌که‌ت نژادپه‌ره‌ستانه‌یه‌یه.
به ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک به مێژووی ئه‌و پارێزگایه و به هه‌ڵکه‌وتی جوغرافی و حه‌شیمه‌تی پارێزگای ورمێ که له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی په‌هله‌وی به مه‌به‌ستی سیاسی و مه‌زهه‌بی و له راستیدا به ناحه‌ق ناوی ” آزرباینجانغربی ” به سه‌ردا بڕاوه، به‌رده‌وام کۆمه‌لێک کێشه‌ی زه‌ق و به‌رچاو له مابه‌ینی کورده‌کان و ئازه‌رییه‌کان له ئارادا بووه. به حوکمی بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئیداری و ئابوری شاری ورمێ و به‌شێکی دیکه له شاره‌کانی سه‌ر به‌وپارێزگایه له ده‌ستی ئازه‌رییه‌کان دا که شیعه مه‌زهه‌بیشن، کورده‌کان که زۆرینه‌ی دانیشتووانی شار و شارۆچکه‌کانی پارێزگای ورمێ پێک ده‌هێنن و سوننه مه‌زهه‌بیشن به ئانقه‌ست ومه‌به‌ست دار په‌راوێز خراون و له به‌رێوه‌بردن و بڕیاردانی کاروباری ئیداری شاری ورمێ وه‌کوو ناوه‌ندی پارێزگا و شار و شارۆچکه‌کانی دیکه‌ی ئه‌و پارێزگایه بێ به‌ش کراون.
به درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌ی رابردوو و ئێستاشی له گه‌ڵ بێ، کورده‌کان هه‌وڵیان داوه که به رێگای دۆستانه و ئاشتیخوازانه له گه‌ڵ تورکه‌کان هه‌ڵس وکه‌وت بکه‌ن و کارێک نه‌که‌ن که گرژی وئالۆزی لێ په‌یدا ببێ. هه‌لبه‌ت هه‌م حکومه‌ته‌کانی حاکم له تاران و هه‌میش ده‌سه‌ڵاتداره تورکه‌کانی پارێزگای ورمێ و پان تورکیسته‌کانیش به به‌رده‌وامی هه‌ولی په‌راوێز خستنی کورده‌کانیان داوه و مافی به‌رابه‌ر و یه‌کسان بۆ کورده‌کانیان وه‌کوو هاوولاتی ئه‌و ولاته قایل نه‌بوون و به ئاشکرا که‌وتوونه‌ته به‌ره‌ی ناسیۆنالیزمی ئێرانی له دژایه‌تی کورد وکوردستان.
له دوای ئاخرین رووداوی قێزه‌ونه‌ی شاری ورمێ و سووکایه‌تی کردنی پان تورکیسته‌کان به کورد وجل وبه‌رگ وناسنامه‌ی کوردی، کۆمه‌لێک کورد وتورک له نامه‌یه‌یه‌کی هاوبه‌شدا ئه‌و کرده‌وه‌یان مه‌حکوم کردوه وهیوا ده‌خوازن که ئاشتی وته‌بایی و به‌یه‌که‌وه ژیانی کورد وتورک له‌و پارێزگایه وه‌کوو رابردوو به‌رده‌وام بێ و کێشه‌ی تێنه‌که‌وێ. به‌ڵام ئایا ته‌نیا بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌یه‌کی سۆزدارانه و به بێ ئاماژه کردن به هه‌بوونی کێشه‌یه‌کی چه‌ند سه‌د ساڵه وخۆبواردن له درکاندنی راستییه‌کان ده‌بێته هۆکاری ئه‌وه‌ی ئه‌و کرده‌وه نژادپه‌ره‌ستانه‌یه چه‌ند پات نه‌بنه‌وه؟ ئایا بڵاوکردنه‌وه‌ی نامه‌گه‌لی سۆزدارانه‌ی له‌و چه‌شنه که له جێێ خۆیدا شتێکی باشه، به‌ڵام ده‌توانێ مافی به‌رابه‌ر یه‌کسان بۆ کورد دابین بکا؟
پرسیارێکی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه که، بۆچی کورده‌کانی پارێزگای ورمێ تاکوو ئیستاشی له گه‌ڵ بێ جگه له پرته وبۆله وگله‌یی و گازه‌نده وخۆخواردنه‌وه به‌ده‌ر نه‌یانتوانیه‌وه باس له راستی مه‌سه‌له‌که بکه‌ن و بۆچی به بیانوی ” برایه‌تی کورد و تورک” هه‌مووکات کێشه‌که‌یان په‌رده‌پۆش کردووه و نه‌یانویستوه یان نه‌یانوێراوه به ئاشکرا باسی ئه‌و زولم و زۆری و هه‌ڵاواردن و ته‌حقیر و مه‌حروم کردنی خۆیان بکه‌ن که له لایه‌ن کاربه‌ده‌سته تورکه‌کانی شاری ورمێ و شاره‌کانی دیکه‌ی سه‌ر به‌و پارێزگایه ده‌رحه‌ق به کورده‌کان کراوه و ده‌کرێ؟
ئایا برایه‌تی و ئاشتی و ته‌بایی راسته‌قینه له ناو کورده‌کان و تورکه‌کانی پارێزگای ورمێ به تایبه‌ت شاری ورمێ وه‌کوو ناوه‌ندی پارێزگا و شاره‌کانی دیکه‌ی سه‌ر به‌و پاریزگایه که وه‌کوو سه‌لماس وخۆی و ماکو ونه‌غه‌ده و میاندواو تیکاب وساین قه‌لا که پێکهاته‌ی کورد و تورکیان هه‌یه بوونی هه‌یه و ده‌کرێ بلێێن هه‌موویان له ئه‌رک وماف وبه‌رێوه‌بردن دا به‌شدار و یه‌کسانن؟ ئایا به بوونی هه‌موو پۆسته گرینگه‌کان له ده‌ستی تورکه‌کان له‌و شارانه‌دا و په‌راوێزخران و بێ به‌ش کردنی کورده‌کان به هۆی کورد بوون و سوننی بوونیانه‌وه ده‌کرێ باس له مافی به‌رابه‌ر و یه‌کسان و برایه‌تی وئاشتی وته‌بایی بکرێ؟ ئایا ئه‌وه خۆفریودان وخۆهه‌ڵخه‌له‌تاندنی کورده‌کان نیه وخۆدزینه‌وه‌یان له راستی مه‌سه‌له‌که نیه و تۆ بلێێ کورده‌کان ئه‌وه‌یان وه‌کوو چاره‌نووسی خۆیان قبوڵ کردووه؟
به باوه‌ری من خۆبواردن و په‌رده‌پۆش کردن و باس نه‌کردنی ئه‌سلی کێشه‌که به ئاشکرا به بیانوی ” تێکچوونی برایه‌تی کورد و تورک” قه‌زییه‌که رۆژ له گه‌ڵ رۆژ ئالۆزتر ده‌کا و کوردیش پتر ده‌خرێته په‌راوێزه. به‌داخه‌وه به هۆی نه‌بوونی هیچ پرۆژه‌یه‌کی چاره‌سه‌ری له لایه‌ن چالاکانی سیاسی ومه‌ده‌نی ونوخبه‌کانی کورد له ناوخۆی رۆژهه‌لاتی کوردستان له لایه‌ک وبێ خه‌می وخه‌م ساردی وخۆ به خاوه‌ن نه‌کردنی ئه‌و کێشه سیاسی یه له لایه‌ن حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له لایه‌کی دیکه‌وه ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌کانی کورد و تورک له‌و پارێزگایه به هۆی کێشه‌ی خاک و ناسنامه و خۆبه‌رێوه‌بردن و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و داهاتوویه‌کی لێل و ناروون و مه‌ترسیدار ده‌ڕوا و زۆر سه‌یر نیه که له داهاتوو دا شاره ته‌واو کوردییه‌کانی سه‌ر به پارێزگای ورمێ و ته‌نانه‌ت پایه‌ته‌ختی کۆماری کوردستانیش بکرێنه ئامانجی تورکیزه کردن؟
بێگومان په‌یوه‌ندی و دیالۆگ و دانیشتن و گرتنی سمیناری هاوبه‌شی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی کورده‌کانی ناو خۆی رۆژهه‌لاتی کوردستان له گه‌ل تورکه‌کانی پارێزگای ورمێ له سه‌ر ئاستی جۆراوجۆر گه‌لێک گرینگه و ئه‌و کێشه سیاسی یه ده‌بێ له رێگای ئاشتیخوازانه رێگا چاره‌ی گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه که هه‌ردووک لایه‌نی کورد و تورک رازی بکا وهیچ لایه‌ک هه‌ست به غه‌درلێکراوی و به دۆڕاوی نه‌که‌ن.
په‌نابردن بۆ توندوتیژی و ده‌مارگرژی و نژادپه‌ره‌ستی کوێرکوێرانه ده‌توانێ بێته هۆکاری هه‌ڵایسانی شه‌ڕیكی ماڵ وێران که‌ر که به سه‌د قا‌ت له شه‌ڕه‌که‌ی نه‌غه‌ده که به‌ینی کورد وتورک روویدا و کۆمه‌لێکی زۆر خه‌لکی بێ‌تاوان کوژران مالوێرانکه‌رتر ببێ. بۆیه رێگای دیالۆگی مه‌ده‌نیانه و ئاشتیخوازانه ته‌نیا رێگای چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌یه که کورده‌کان و تورکه‌کانی پارێزگای ورمێ ده‌بێ بیگرنه به‌ر و هه‌ردووک لا مه‌حکومن به سازان و به یه‌که‌وه ژیان. به‌ڵام به ماف و ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتی یه‌کسان و به‌رابه‌ر و به دوور له هه‌ڵاواردن و ته‌حقیرکردنی یه‌کتر. به پله‌ی یه‌که‌میش دان پێدانانی کورد وتورک به بوونی ئه‌و گرژی و ئالۆزییه وهه‌وڵدانی هه‌ر دووک لا بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌ی گۆنجاو.
چه‌ند خاڵی بنه‌ڕه‌تی هه‌ن که کێشه‌ی سه‌ره‌کی پارێزگای ورمێ له خۆ ده‌گرن و به چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌و خالانه ئاو به ئاوره‌که داده‌کرێ و مه‌ترسی هه‌ڵایسانی شه‌ڕی نێوان کورد و تورک دوور ده‌خه‌نه‌وه.
ناوی پارێزگاکه واته ” آزربایجانغربی ” یه که به بێ له‌به‌ر چاوگرتنی رێژه‌ی زۆری کورده‌کان و به بێ له به‌رچاوگرتنی هۆکاره سیاسی و مێژووییه‌کان و به بێ له به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که له دێرزه‌مانه‌وه کورده‌کان له‌سه‌ر ئه‌و خاکه ژیاون و زۆر دواتر تورکه‌کان بۆ ئه‌و ناوچانه به هۆی سیاسه‌تی ده‌سه‌لاتدارانی تاران کۆچێندراون ویان هاندراون که به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه کۆچ بکه‌ن. بۆیه ناولێنانی ئه‌و پارێزگایه به ناوی ” آزربایجانغربی ” به ئاشکرا حاشا له شوناس و مێژووی کورده‌کان وئینکار کردنیانه. ئه‌و ئینکارکردنه ته‌نانه‌ت پێکهاته‌کانی دیکه‌ی دینی و ئیتنیکی وه‌کوو ئاسۆری وئه‌رمه‌نیه‌کانیش ده‌گرێته‌وه و ئه‌وه‌ش خۆی یه‌که‌م هۆکار و سه‌به‌بی دروست بوونی ئه‌و غه‌دره‌یه که کورده‌کانی ئه‌و پارێزگایه به تایبه‌ت هی شاره‌کانی ورمێ، سه‌لماس، ماکۆ، خۆی، میاندوا ،نه‌غه‌ده، تیکاب وساینقه‌لا به گۆشت وئێسقان هه‌ستی پێ ده‌که‌ن.
هه‌نگاوی یه‌که‌م بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته، دان پێنانی به فه‌رمی حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی له سه‌ر ئاستی ئێران و پارێزگاکه‌یه به پێکهاته‌ی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یی و چه‌ند زمانی وچه‌ند ئاینی ئه‌و شارانه و ئه‌وه‌ش ده‌بێته کلیلی چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه ئالۆزه.
دووهه‌م. سه‌رژمێری کردنێکی سالم و به دوور له چه‌واشه‌کاری و ساخته‌گه‌ری له ناو هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێکردن بۆ دیاری کردنی رێژه‌ی حه‌شیمه‌تی کورد وتورک و ئه‌رمه‌نی و ئاسۆری وغه‌یره.
سێهه‌م. هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانی له ناو ئه‌و شارانه دا بکرێ و هه‌موو پێکهاته‌کانی ئه‌و شارانه به مافی به‌رابه‌ر وهاوبه‌ش به مافی ده‌نگدان وخۆ پالاوتن به‌شداری بکه‌ن و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و شاره‌وانیه‌کان به به‌شداری هه‌موو ئه‌و پێکهاتانه پێک بێ و هه‌موویان هه‌ست به بوون و به ماف و ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تی به‌رابه‌ر و یه‌کسان بکه‌ن.
چواره‌م. گۆرینی ناوی پارێزگا له سه‌ر رێکه‌وتنی هه‌موو پێکهاته‌کان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موولایه‌ک خۆیان به خاوه‌نی پارێزگا و ئه‌رک و به‌رێوه‌بردنی بزانن و ناوی پارێزگاکه سه‌ر به لایه‌نێکی تایبه‌ت نه‌بێ وه‌کوو ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه.
پێنجه‌م. به فه‌رمی ناسینی فه‌رهه‌نگ و زمان و مێژوو و گۆرانی وموسیقا وجل وبه‌رگی نه‌ته‌وه‌یی پێکهاته‌کانی پارێزگا و هه‌وڵدان بۆ گه‌شه‌پێدان و پاراستنیان.
رێگا چاره‌سه‌ری دووهه‌م و هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه دا
ماوه‌ی چه‌ند سالێکه باس له دروست کردنی پارێزگایه‌ک به ناوی ” موکریان ” به ناوه‌ندێتی مه‌هاباد ده‌کرێ، به‌ڵام تاکوو ئێستا ئه‌و داوایه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی تارانه‌وه پشت گوێ خراوه وجێ به جێ نه‌کراوه.
شاره‌کانی سه‌رده‌شت، ره‌به‌ت، بانه، مه‌هاباد، بۆکان، پیرانشار،شنۆ به ته‌واوی کوردن و تورک زمانیان تێدا نیه و بۆیه جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌و شارانه له پارێزگای ورمێ و دروست کردنی پارێزگای موکریان به ناوه‌ندێتی مه‌هاباد چاره‌سه‌ری به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌و کێشه و گرفته پڕ ئالۆزه‌یه که به ساڵانه به‌رۆکی خه‌ڵکی ئه‌و شارانه‌شی گرتووه و ئه‌و شارانه‌ش به ناحه‌ق به ” آازربایجانغربی” پێناسه ده‌کرێن.
دروست بوونی پارێزگایه‌کی نوێ به ناوی پارێزگای ”موکریان” به ناوندێتی مه‌هاباد گه‌لێک گرینگه و له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو خه‌لکی ئه‌و شاروشارۆچکه و گوندانه دایه که به هه‌ڵکه‌وتی جوغرافی له دێرزه‌مانه‌وه به موکریان ناسراوه. هه‌ربۆیه پشتگری خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه له دروست بوونی پارێزگای ” موکریان ” و جیابونه‌وه‌یان و سه‌ر به‌خۆبوونیان له پارێزگای ورمێ کۆمه‌لێک کێشه وگرفتی گرینگ که به پله‌ی یه‌که‌م به‌رگری کردن له پێشل کردنی مافه مه‌ده‌نیه‌کانی دانیشتوانی موکریانه چاره‌سه‌ر ده‌کا و مافی هاوولاتی بوون به تاکه‌کانی ئه‌و شار‌و ناوچانه ده‌به‌خشێ. پشتگری خه‌لکی موکریان به گشتی وهه‌وڵ و تێکۆشانی نوینه‌رانی شاروشارۆچکه و گونده‌کان و نوینه‌رانیان له مه‌جلیسی شورای ئیسلامی و یه‌کده‌نگیان بۆ دروست کردنی پارێزگای ” موکریان” زامنی سه‌رکه‌وتنی ئه‌و بیرۆکه‌یه ده‌بێ.
دروست بوونی پارێزگای ” موکریان” گرژی و ئالۆزی له نێوان کورد و ئازه‌رییه‌کان تا ئاستێکی زۆر که‌م ده‌کاته‌وه و مافی خۆ به‌رێوه‌بردن وه‌کوو مافێکی مه‌ده‌نی بۆ دانیشووانی پارێزگای ” موکریان” ده‌گه‌رێنێته‌وه. قازانجی دروست بوونی پارێزگای ” موکریان” له چه‌ندین بواره ده‌کرێ لێک بدرێته‌وه و کۆمه‌لێک به‌رژه‌وه‌ندی بۆ دانیشتووانی ئه‌و پارێزگایه نوێ یه ده‌بێ.
به کورتی ئاماژه کردن به چه‌ند خاڵێ گرینگ له‌وپه‌یوه‌ندییه دا گرینگه.
یه‌که‌م: بواری ئابوری. له باری ئابورییه‌وه، ده‌وله‌ت ناچار ده‌بێ که بودجه‌ی ئه‌و پارێزگایه به پێی حه‌شیمه‌ت و پێداویستییه‌کانی دابین بکا وهه‌وڵ بدا که به پرۆژه‌ی جۆراجۆر کار بۆ دانیشتوانی ئه‌و پارێزگایه دابین بکرێ. خه‌ڵکی ئه‌و پارێزگایه له جیاتی کۆچکردن و چوون بۆ پارێزگاکانی دیکه‌ی ئێران و وێڵ بوون به دوای کار دا، له شاروشارۆچکه‌کانی خۆیان که سه‌ر به‌و پارێزگایه ده‌بن ده‌مێنه‌وه و هێزی کاری پارێزگاش به پله‌ی یه‌که‌م له دانیشتوانی خودی پارێزگاکه دروست ده‌بێ و خه‌ڵکی ئه‌و پارێزگایه ده‌توانن له پرۆژه جیاجیاکان دا کاربکه‌ن و رێژه‌ی بێ‌کاری تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌و پارێزگایه چاره‌سه‌ر بکرێ.
دووهه‌م: داهاتی به‌روبومی ئه‌و پارێزگایه سه‌رفی کاروباری و خزمه‌تگوزاری خودی پارێزگاکه ده‌کرێ و ئیدی پێویست ناکا بۆ وێنه بۆ نشته‌رگه‌ریێک خه‌ڵک له سه‌رده‌شت وبانه و بۆکان ومه‌هاباده‌وه بچن بۆ ورمێ یان بۆ ته‌ورێز وتاران. ئه‌و بودجه‌ی که له لایه‌ن ناوه‌نده‌وه بۆ پارێزگا دیاری ده‌کرێ و ئه‌و داهاته‌ی که خودی پارێزگاکه هه‌یه‌تی ده‌کرێ سه‌رفی دروست کردنی نه‌خۆشخانه‌ی جۆراجۆر و قوتابخانه و داینگه و باخچه‌ی منداڵان، رێگاوبان و پارک و زۆر خزمه‌تگوزاری دیکه بکرێ که دانیشتووانی پارێزگاکه پێویستیان پێیه‌تی.
سێهه‌م: هه‌ستی متمانه به خۆبه‌رێوه‌بردن و که‌لك وه‌رگرتن له هێزه به تواناکانی ناوچه‌که که له جیاتی ئه‌وه‌ی غه‌یره کوردێک ببێته شاره‌دار و پارێزگار، کوردێک ئه‌و ئه‌رکه وه‌ئه‌ستۆگرێ و متمانه‌ی خه‌ڵکی شاروگونده‌کانیش زۆر زیاتر ده‌بێ به به‌رپرسانی خۆماڵی و دڵسۆز.
چواره‌م: بواری فه‌رهه‌نگی و گه‌شه‌ی زمانی کوردی له‌و پارێزگایه دا گه‌لێک گرینگه و به دروست کردنی کتێبخانه و ناوه‌نده کولتوری وهونه‌رییه‌کان و بڵاوکردنه‌وه‌ی گۆڤار و نوسراوه به کوردی و یارمه‌تی دانی خاوه‌ن به‌هره‌کان له بواره‌کانی هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی و ڕۆژنامه‌وانی و زمانه‌وانی یارمه‌تی ده‌ری ئه‌وه ده‌بێ که فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردی له ژێر مه‌ترسی هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی بێگانه ڕزگاری بێ.
دروست بوونی پارێزگای ” موکریان ” و جیابونه‌وه‌ی له پارێزگای ورمێ گرژی و ئالۆزی ده‌یان ساڵه‌ی نێوان کورده‌کان و ئازه‌رییه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر چاره‌سه‌ر ده‌کا. پارێزگای ورمێ‌ش به ناوه‌ندێتی شاری ورمێ که خودی شاره‌که وچه‌ندین شار و شارۆچکه و ده‌یان گوندی ده‌وروبه‌ر که تێکه‌لاوی کورد و ئازه‌رین ده‌گرێته‌وه ده‌توانن به ئاشتی و به مافی به‌رابه‌ر و یه‌کسان و به رێزگرتن له یه‌کتر کاروباری ئه‌و پارێزگایه هاوبه‌ش به‌رێوه‌به‌رن. بوونی دیالۆگی به‌رده‌وام له نێوان کورده‌کان و ئازه‌رییه‌کانی ئه‌و ناوچانه بۆ ئه‌وه‌ی رێگا له گرژی و ئالۆزی بگێرێ گه‌لێک گرینگه و له جیاتی نانه‌وه‌ی ئاژاوه و دووبه‌ره‌کی و دوژمنایه‌تی یه‌کتر کردن، ده‌کرێ ئه‌و کێشانه به دیالۆگی دۆستانه و له یه‌کتر تێگه‌یشتن و رێز بۆ مافی یه‌کتردانان جێ به‌جێ بکرێ.
لوقمان زه‌هرایی