بیرەوەری‌یەک لەگەڵ نەمر مامۆستا مەلا خدر عەبباسی.

ئەوەی لە خوارەوە نووسراوە و ئاماژەی پێکراوە، باسێکی کورتە لە ژیانی مامۆستا مەلا خدر سارتکەیی. ساڵی ١٣٧٢ ی هەتاوی لەگەڵ نەمر بەرێز مام حەسەن حەکیم‌زادە تێکۆشەری ناسراوی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە بناری قەندیل وەک سەردان چووینە بنکەی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێری کوردستان بۆ خزمەت مامۆستا مەلا خدر عەبباسی.
بەرێز مامۆستا لە ژوورێکی سادە و ساکار لەگەڵ چەند کەس لە هاوبیرانی خەریکی قسەو باس و لێکدانەوەی باردۆخی ناوچە بوو، پێشمەرگەیەکی ڕێکخراوی خەبات چوونی ئێمەی ڕاگەیاند بوو، مامۆستا بە گورج و گۆڵی هاتە بەرهەیوانی ژوورەکە و لەگەڵ مام حەسەن یەکتریان لە ئامێز گرت و دواتریش منی لە ئامێزی پڕ هەست و سۆزی خۆی گرت، پێشتر لە سولێمانی لە ڕیگای “حاجی حەسەن نەجەفی” خاڵمەوە چەند جار بە خزمەتی گەیشت بووم، بۆیە دوای ئەو دیدارانە، بەرێزیان منی وەک ناسیاو و دۆست و برا و کوڕی خۆی سەیر دەکرد.
ماوەی چەند کاتژمێرێک لە خزمەتی دا دانیشتین، وڵات هەندێک سارد بوو، کورەی ژوورەکەی خۆش کرد و بە دەم خۆش کردنی کورەوە، چەند بەیت شێعری خۆی بۆ مام حەسەن خوێندنەوە، شێعرەکانی مامۆستا زۆر ناسک و هەست بزوێن و شۆڕشگێرانە بوون. لەو ماوەیەدا پێم دەرفەت بوو، هەر بۆیە لە سەر شۆڕش و لە سەر بزووتنەوە و لە سەر لەتبوونی سازمانی خەبات زۆر پرسیاری جۆراوجۆرم لێکردن.
بە زەردەخەنەوە گووتی ڕۆژنامەنووسی؟ یا هەر ئاوا دەپرسی؟ ئەگەر ڕۆژنامەنووسی ئەوە کاتم پێ بدە بۆ ئەوەی لە دەرفەتێک دا بە یەکەوە بدوێین؟ ئەگەریش هەروا خۆماڵیانە دەپرسی تا بۆتی باس بکەم؟ دیارە ئەمن ڕۆژنامەنووس نەبووم، هەر بۆیە بەرێزیان بە حەوسەلەیەکی تایبەت بە خۆی بە وردی و بە سرنجەوە زۆر شتی بە نەرمی و نیانی وەک عادەتی سرووشتی خۆی، بۆ باس کردم. بە تەواوی نوقمی گێرانەوەی بەسەرهاتی حوجرە و فەقێ‌یایەتی و دواتر مەلایەتی و کاری ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەندیخانە و کاری حیزبی بەرێزیان ببووم، لە نێو باسەکانی دا جارجار مام حەسەن حەکیم زادە دەیگووت ڕەسووڵ دانیشتنەکەمان لێ تێک مەدە، ئەوەندە کاتەمان هەبوو لە لای مامۆستا و ئەویشت لێ کردینە باس و خواستی حیزبایەتی. هەڵبەت مام حەسەن زۆرجار هەندێک شت و ڕووداوی وەبیر مامۆستا دێنانەوە و بە یەکەوە باسی سەفەرەکانی خۆیان بۆ ناوچەی گەورکی مەهاباد و ناوچەی بانە و گوندەکانی دەوری بۆکان دەکرد.
نازانم ئەو چەند کاتژمێرە بۆ ئاوا زوو تێپەر بوو، بەڵام باسەکانی، بیرەوەری‌یەکانی، لێدوانی ورد و جوانی بۆ من هەموویان دڵنشین و دڵگیر بوون. ئەزموونێکی پڕاوپڕ و لێوڕێژ لە کاری سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەبوو، لە سەر هەر شتێک پرسیارت کردبایە، زانیاری خۆی بۆ ڕوو دەکردی و خەرمانەی زانایی خۆی بۆ هەڵدەڕشتی، لە وشەی کوردی دانەدەما، وشەی فارسی‌ و عەرەبی زۆر دەزانین و وەسەرێکی دەخستنەوە و قسەی پێدەکردن. هەڵبەت وەک بۆ خۆی گێرایەوە خوێندنی لە حوجرە و مزگەوت وای لێکردووە، فێری شێعر خوێندنەوەی ببێ و شێعری شاعیرانی کۆن و سەردەم لەبەر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ خۆی شێعر بنووسێ و لە کاتی وتار و لە کاتی قسە کردن دا بە پشت بەستن بە شێعر و ئەدەبیاتی کوردی و فارسی و عەرەبی لێدوانی پڕ نێوەرۆک بدات.
حەوتووانە وتاری تایبەت بە خۆی بۆ ڕۆژنامە و ڕادیۆی ڕێکخراوی خەبات ئامادە دەکرد، بەردەوام خەریکی خوێندنەوە و نووسین بوو. هەر کەس سەردانی کردبایە دەرگای ژوورەکەی دەکردەوە و لەگەڵی دەکەوتە قسە کردن و لە نەهایەت دا ڕێزی لە بیروبۆچوونی کەسەکە دەگرت.
کەسێکی تێکەڵ و کۆمەڵایەتی بوو، سەردانی دۆست و هاورێ و جیران و خزمانی دەکرد و لەگەڵ کادرو پێشمەرگەکان وەک برا هەستان و دانیشتنی هەبوو. کەسێکی خۆش مەشرەف و قسەزان و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا لێزان و شارەزا بوو. وردبین و خوو ڕەوشت بەرزی ئینسانی بوو، هەموو لایەکی خۆشدەویست و لە هەڵوێستی سیاسی دا کەسێکی ساحەب هەڵوێست و لە کاری ڕۆژانەش دا مرۆڤێکی بە تەدبیر و مشوورخۆر بوو.
ئەو چەند جارەی لە نزیکەوە ملاقاتم کردووە، هەموو جارێک وەک خەرمانێکی باش بەرەکەتی خۆمم لێ هەڵگرتووە و کورد گوتەنی هەموو جارێک چەندین شتی جوان و بە کەڵکی لێ فێربووم و ئەوەش وەک کورد دەڵێ: دەلاقەیەک بوو کە ڕووناکی بۆ دڵەکانی پێدا دەهاتە ژوور و دڵی خۆمم پێ ئاوپڕژێن دەکردەوە.
ئەو چەند دێرەی خوارەوە لە زمانی خۆی و بە زاراوەی تایبەت بە ناوچەی خۆمان و یا شوێنی ژیانی مامۆستا بۆ باس کردم و زۆر شتم لەبیر نەماوە، بەڵام ئەوانە و زۆر شتی دیکەش نابێ بفەوتێن و هەر کات دەست بە نووسینەوەیان بکەین هەر باشە و ئەوەش بۆ خۆی خزمەتێکە بە مرۆڤێکی تێکۆشەری وەک مامۆستا. ئەگەر مامۆستا هەمو ژیانی خۆی بۆ ڕزگاری گەلی کورد تەرخان کرد و ژیانیشی هەر لە سەر ئەو ڕێگایە بەخشی، حەق وایە هەموو ئەوانەی مامۆستا دەناسن و لەگەڵی بوون، یادی مامۆستا بە بەرزی ڕابگرن و شتە جوانەکان و کرداری مرۆڤدۆستانەی مامۆستا بۆ شادی ڕووحی مامۆستا بنووسنەوە. منیش ویستم لەو ڕێگەیەوە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی ئەو گەورە پیاوەی گەلەکەمان بگرم و باری قورسی سەرشانم هەندێک سووکتر بکەم.
مامۆستا لە یەکەم باسەکانی خۆیدا گووتی: منیش ئینسانم و ئەوەی ئینسان بێ و بیهەوێ کار بکات هەڵەش دەکا و بێ کەم و کوڕیش نابێ، زۆر خۆشە ئەگەر ئینسان هەستی بەوە کرد کە هەڵەی کردوە، هەوڵ بدات بە زووترین کات هەڵەکەی راست بکاتەوە و هەوڵ بدات کەم و کوڕی‌یەکان لە سەر ڕێگای خۆی چاک بکاتەوە. ئەگەر دڵی کەسێکی ئێشاندووە داوای لێبوردنی لێبکات. تەنانەت گووتی: ئەوانەی دڵیان هێشاندووم و قسەی ناڕەوایان لە سەر گووتووم، ئەوانیشم خۆش ویستوون و قەت هەوڵم نەداوە بیان بوغزێنم، بەڵکوو هەوڵم داوە تێیان بگەیێنم کە ئەو قسانە نارەوا بوون و پێویستە لە یەکتر خۆش ببین و داوای لێبوردن لە یەکتر کردن ڕەوشتی ئینسانەکان بەرز دەکاتەوە.
مێژووی ڕزگاریخوازی گەلی کورد هەوارز و نشێوی زۆری بڕێوە، لەو مێژووەش دا کەسانێک سەریان بە قەد مێژووی پڕ سەروەری کورد بەرزە، ئەو کەسانە شان بە شانی کۆمەڵێک لە بیرمەند و هاوبیر و هاوڕێباز، چەندین قۆناخی سەختیان بۆ ڕزگاری ڕێگای کوردستان پێواوە و ماندوونەناسانە و نەبەزانە هەوڵیان بۆ ڕزگاری گەلەکەیان داوە.
یەکێک لەو مرۆڤە دڵپاک و شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەرانە، بەرێز ڕەوانشاد مامۆستا مەلا خدر عەبباسی‌یە کە هەر لە هەڕەتی لاوەتی‌یەوە و لەگەڵ دامەزرانی کۆماری کوردستان ئۆگری پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان دەبێ و خۆشەویستی گەل و نیشتمانی لە دڵ و دەروون دا بڵێسە دەگرێ، لەو کاتەوە خۆی بۆ خزمەتکردن بە گەڵ و نیشتمان تەرخان دەکا و لەگەڵ کۆمەڵێک لە خەمخۆرانی گەلی کورد لە ناوچەی ڕەبەت و سەردەشت، لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات دا دەست بە خەبات دژی سیستەمی شاهەنشاهی دەکەن و بە خەباتی لێبراونەی خۆیان دڕ بە شەوزەنگی نەزانی حەمەرەزاشای پەهلەوی دەدەن.
خەباتی مامۆستا و چاونەترسی بەرێزیان و وتار و گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیانەی لە نێو حوجرە و مزگەوت و شوێنە گشتی‌یەکان دا دەبێتە مایەی نیگەرانی حکوومەتی پەهلەوی و لە سەر بانگەشەی ئازادیخوازی لە پاییزی ساڵی ١٣٣٨ ی هەتاوی لەگەڵ ١٥٠ کەس لە دڵسۆزان و هەڵسووراوان و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن ساواکەوە دەگیرێن و ڕەوانەی تاران و زیندانی قەزەل قەلعە دەکرێن. ساڵێک دواتر بە تاوانی چالاکی دژی رژێم و جیاوازیخوازی و چەند شتی دیکە لە دادگایەکی ئەرتەشی و سەحرایی دا بە ١٠ ساڵ حوکم دەدرێ و لە بەندیخانەی بێدادی دا لەگەڵ هاوبەندی‌یەکانی شانازی دیکە بۆ خۆیان و بۆ گەلەکەیان تۆمار دەکەن. بەندیخانە بۆ مامۆستا شوێنی خۆراگری و نیشاندانی ورەی بەرزی شۆڕشگێری دەبێ و هەڵس‌وکەوتی مرۆڤدۆستانە و خۆراگری مامۆستا لە نێو هەموو زیندانی‌یەکان دا دەنگ دەداتەوە و لە زیندانیش دا وەک مرۆڤێکی بە ئەمەگ و وەفادار بە ڕیبازی دێموکرات و کوردایەتی نێوبانگ دەردەکات.
دواتر مامۆستا ساڵی ١٣٤١ ی هەتاوی دوای چاکسازی حکوومەتی شاهەنشاهی لەگەڵ چەند کەسی دیکە ئازاد دەکرێن، بەڵام دوای ئازادکرانیشی هەروا لە ژێر چاوەدێری ساواک و پیاوانی چڵکاوخۆری رژێم دا دەبێ و کەسانێک هەبوون کە بۆ خۆش خزمەتی بە رژێم سیخوریان بە سەر بەرێزیان دا دەکرد.
دوای گەرانەوەی لە بەندیخانە ماڵێکی بچکۆلانە لە گوندی سارتکێ دادەنێ و خۆی گووتەنی: بە خزمەت کردنی لەو گوندە دا دەیهەویست قەرەبووی چاکەکانی خەڵکی بە ئەمەگی ئەو گوندە بداتەوە، بە تایبەت ئەو کاتانەی لە گرتووخانەی شا دابوو، خەڵکی ئەو گوندە خزمەتی بنەماڵەی مامۆستایان کردبوو، هەر بۆیەش مامۆستا بە هەموو هێز و تواناوە هەوڵی دەدا کە لەو گوندەدا و لەو ناوچەیە دا ئاڵوگۆڕ لە بواری زانستی ئایینی و زانستی سەردەمیانە دا پێک بێنێ و بەم شێوەیە منداڵانی ئەو گوندە و لاوەکان فێری خوێندن و نووسین و نیشتمانپەروەری بکات.
لەگەڵ راپەرینی چەکداری ساڵانی ٤٧ و ٤٦ ی هەتاوی دا مامۆستا وەک مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر و دێموکرات دەبێتە پشتیوانی سەرەکی ئەو جووڵانەوەیە و و دواتریش دەبێتە چاو ساخ و ڕێنوێنی دەری کاری تەشکیلاتی‌یەکانی ئەو ناوچەیە و لەگەڵ پۆلێک لە هاوکار و ئەندامانی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ماڵ و مووچە و مەزراکانی خۆیان دەکەن بە شوێنی حەسانەوە و شاردنەوەی کادر و پێشمەرگەکانی دێموکرات. دوای ماوەیەک لە پاییزی ساڵی ١٣٤٧ ی هەتاوی دا لە لایەن ساواکەوە دەگیرێ و پێش ڕەوانە کردنی بۆ بەندیخانە، لەگەڵ چەند کەسی دیکە بە شێوەی قاچاخ و دوای ڕێگا ڕۆیشتنێکی زۆر دەچێتە باشووری کوردستان و لەوێ دەگیرسێتەوە و خەریکی ژیانی ئاسایی و سیاسی خۆی دەبێ و دواتریش لە دەرفەت و فەزایەکی ئاواڵەتر دا دەگەرێتەوە نێوخۆی ئێران و هەر لە سارتکێ خەریکی کارەکانی خۆی دەبێ.
لەگەڵ یەکەم چەخماخەی ئاگری ڕاپەرینی شۆڕشی گەلانی ئێران، مامۆستا دەبێتە پێشەنگ و ڕقی پنگ خواردووی خۆی دەکاتە مستی ئاسنین و بە هاندانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان و لاوانی ئەو دەڤەرە بەگژ دام‌ودەزگای پەهلەوی دا دەچنەوە و وێرای زۆربەی شارەکانی دیکەی کوردستان ئەو ناوچەیەش لە هێزەکانی ئەرتەش و ژاندارمی شاهەنشاهی پاک دەکەنەوە.
مامۆستا زۆر زوو وەک کەسایەتی‌یەکی خۆشناو و بە بیروباوەڕ و جێگای متمانەی خەڵک دەست بە کارو تێکۆشانی ئاشکرا دەکا و لەگەڵ مامۆستا شێخ عێزەدین حوسێنی دەبێتە هاورێ و هاوکار و پاش ماوەیەک دواتر دەفتەری مامۆستا بە جێ دێڵێ و لەگەڵ چەند کەسی دیکە سازمانی خەبات،ی نەتەوایەتیی و ئیسلامی کوردستان دادەمەزرێنن و تا کاتی ماڵئاوایی یەکجارەکی هەروا قورس و قائیم لە سەر ڕێباز و کاری سیاسی و مەسەلەی نەتەوایەتی گەلی کورد هەنگاو هەڵدێنێتەوە و لە هەموو قۆناخەکانی ئەو دەورەیەدا وەک مرۆڤێکی پێشەنگ و دیار لە بزووتنەوەی کورد جێ پەنجەی بە شۆڕش و بزووتنەوە و جوڵانەوەی کوردەوە دیار بووە.
کۆچی دوایی مامۆستا لەگەڵ ئەوەدا خەسارێکی گەورە بوو بۆ ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێری کوردستان، لە هەمان کاتیشدا خەسارێکی گەورە بوو، بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە گشتی و بۆ خەڵکی ناوچەی سەردەشت و ڕەبەت و بنەماڵەکەی بە تایبەتی.
ئەوەندەی دەگەرێتەوە سەر کار و ئەرک و ماندوونەناسی مامۆستا، بێ‌شک ئەوانەی لەگەڵی هاوخەبات بوون و لەگەڵ بەرێزیان لە یەک ڕێکخراو دا کاریان کردووە، زیاتر لە من کە تەنیا بە چەند دیدارێک لەگەڵ بەرێزیان چاوم پێ کەوتووە، هەگبەیان پڕتر و ناسینیان لە سەر بەرێزیان زیاترە و هەڵس‌وکەوتی مامۆستا چاکتر دەناسن.
هیوادارم کە گەورە پیاوانی گەلەکەمان لەبیر نەکرێن و هەردەم لە ئەزموونی ئەوان بۆ بەرەو پێشبردنی خەباتی نەتەوایەتی خۆمان کەڵک وەر بگرین.
لەگەڵ داوای لێبوردن لە کەم و کوڕی‌یەکان.
هیوادارم کە ڕووحی بەرێزان مامۆستا مەلا خدر و مام حەسەن حەکیم زادەی تێکۆشەر هەردەم شاد و جێگایان بەهەشتی بەرین بێ و یاد و ناویان هەردەم لە دڵان دا زیندوو بێ.
حەمەرەسووڵ کەریمی