ئاکامی تا ئێستای هەڵبژاردنەکانی تورکیە
بە پێی هەواڵ و بە پێی ئاکامە سەرەتاییەکان لە جیاکردنەوەی نزیک ٩٩% ی دەنگەکان دەرکەوتووە، پارتی دێموکراتی گەلان هەدەپ HDP توانی ڕێژە و بەربەستی ١٠% تێپەرێنی و بگاتە پەرلەمانی تورکیە.
هەدەپ دوای ململانەیەکی زۆر و بەشداری بەرچاوی لایەنگرانی توانی بەربەستی ١٠% تێپەر بکات و لە ئاکام دا بگاتە پارلەمانی وڵاتی تورکیە. لە هەڵبژاردنی مانگی ٦ ی ئەمساڵ دا لە تورکیە هەدەپ توانیبووی ڕێژەی ١٣.٢% ی دەنگەکان وەدەست بێنی و لە ئاکام دا ببوو بە ساحەبی ٨٠ کورسی، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ئەمرۆی تورکیە دا دوای کەم کردنی ڕێژەی بە دەستهاتوو ئێستا نزیک بە ٦٠ کورسی هەیە.
پارتی داد و گەشەپێدان AKP لە هەڵبژاردنی ئەمرۆ ٤٩.٤% دەنگەکانی بە دەست هێناوە و کورسی یەکانی نزیک بە ٣١٦ کورسی دەبێ، شایانی باسە کە لە هەڵبژاردنی مانگی ٦ ی تورکیە پارتی داد و گەشەپێدان ٤١% ی دەنگەکانی بە دەست هێنابوو و ٢٥٨ کورسی هەبووە.
لە سەریەک دوای ئەم هەڵبژاردنە پارتی دادو گەشەپێدان بۆ ماوەی ٤ ساڵی دیکە حکوومەتی تورکیە و پارلەمان بەرێوە دەبات و ئەوە لە کاتێک دا بوو لە مانگی ٦ ی ٢٠١٥ دا تەنیا ٢٥٨ کورسی بە دەست هێنابوو و نەیتوانی بوو، حکوومەتی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی نێو پارلەمان پێک بهێنێ، ئەمرۆ بە وەدەست هێنانی ٣١٦ کورسی، پارتی داد و گەشەپێدان حکوومەتی زۆرینەی بە تەنیا بە دەست هێنا و بۆ ماوەی ٤ ساڵی دیکە حکوومەت بەڕێوە دەبا.
ئاکامی هەڵبژاردنەکان بە پێی ماڵپەری CNNTURK تا ئێستا
ئەكەپە: ٤٩،٣٩%
جەهەپە: ٢٥،٤٥ %
هەدەپە: ١٠،٧٠%
مەهەپە: ١١،٩٧ %
ژمارەی ئەو كورسیانەی لایەنە براوەكان تائێستا بەدەستیان هێناوە:
ئەكەپە: ٣١٦ كورسی
جەهەپە: ١٣٤ كورسی
هەدەپە: ٥٩ كورسی
مەهەپە: ٤١ كورسی