خالید عەزیزی: سیاسەت و خەباتی ئێمە تابعێک نییە لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

کاک خالید لە میدیاکان زۆر گوێمان لە دەستەواژەی هاوکێشەی نێودەوڵەتی و هەروەها بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی دەبێ، با لەپێشدا ئەوە لە بەڕێزتان بپرسم هاوکێشەی نێودەوڵەتی یانی چی، پێناسەی چییە؟

هەروا لە ناوەکەیەوە دیارە پێوەندی نێودەوڵەتی یا هاوکێشەی نێودەوڵەتی تەنزیمی پێوەندی و بەرژەوەندی و حاوانەوەی دەوڵەتەکان لە چوارچێوەی ئەو یاسا و ڕێسایانەیە کە بۆخۆیان دایانناوە، لەسەر ئەساسی ئەوە دواتر دەبێتە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتوەکان کە باشتر وایە ئەو ناوی بگۆڕین بڵێین کۆمەڵەی دەوڵەتەکان. چونکە نەتەوەکان وەکوو ئیتنیک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتی ناکرێن، بەڵکوو دیسان لەوێ دەوڵەتەکانن بڕیار دەدەن.

لەو پێوەندییەدا، شوڕای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داندرا، کە فەلسەفەکەی ئەوەیە، دەوڵەتان پابەند بکا بە پاراستنی ئاشتی و ئەمنیەت و ئاسایش بۆ ئەوەی کە جیهان بتوانێ لەگەڵ یەکتر کار بکا. جیاواز لەو یاسایانە کە لە مەنشوورەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتەوەکان بۆ ڕاگرتنی نەزمی دونیا دانراوە، زەروورەتی دروست کردنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتەوەکان ئەمنیەت و ئاشتی بوو. سروشتییە هەر دەوڵەتێک لەهەمان کاتدا کە ئیلزاماتێکی لەچوارچێوەی ئەوە یاسایانە هەیە، بەڵام وەدوای بەرژەوەندیی خۆیشی دەکەوێ.

جا ئەگەر وایە پێوەندی نێودەوڵەتی و هاوکێشەی نێودەوڵەتی بەو تەفسیرە لەسەر بەرژەوەندی دانراوە، سروشتییە جاروبار هەوڵ دەدرێ ئەو بەرژەوەندییانە بەجۆرێک بێ کە سەقامگیری لە ئاستی جیهانی بشێوێنی. جا ئەگەر وایە ئەوە بەرژەوەندییە دیاریی دەکا دەوڵەتەکان لەگەڵ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت و ئەم لایەن و ئەو لایەن پێوەندییەکانیان چۆن ڕێک دەخەن.

کاک خالید ئەم بەرژەوەندییە پێناسەی جۆراجۆری بۆ دەکرێ، بۆ وێنە ئەمریکاییەکان بەردەوام جەخت لەسەر بەرژەوەندیی خەڵکی ئەمریکا دەکەن، بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریکا، بەڵام ڕەنگە لە وڵاتی دیکە وا نەبێ، ئەو بەرژەوەندییە چۆن دەگۆڕێ، چۆن پێناسە دەکرێ؟

کاتێک لە وڵاتێک سەرۆک کۆمارێک هەڵدەبژێردرێ، بەتایبەت کە قسە لە ئەمریکایە، ئەو سەرکۆمارە، کە چاو لە سیاسەت و چەندوچۆنیی هێنانەگۆڕیی دەستوور و بەرنامەی خۆیان دەکا، تەبیعەتەن ئەمریکای لەبەرچاوە. چوارچێوی جوغرافیایی، سیاسی، ئابووری، نیزامی یاسایی و شارۆمەندانی ئەمریکایی. بۆیە هەر لەو دواییانەدا تڕامپ دەڵێ یەکەم ئەمریکا و من بۆ ئەمریکا کار دەکەم، زۆر سروشتییە دەبێ وا بڵێ. ئەو لانیکەم دەڵێ من بۆ ئەمریکا کار دەکەم و، بۆ چوارچێوەی بەرژەوەندی خەڵکی ئەمریکا کار دەکەم. ئەوە سیاسەتێکی دروست بێ یان هەڵە من لێرە قەزاوەت ناکەم و ئەوە بە ئەمریکاییەکان دەسپێرم. بەڵام ئەو تەنانەت ئامادە بووە کێشە لەگەڵ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت بکا، بۆچی؟ بۆ بەرژەوەندیی ئەمریکا.

بەڵام ئەگەر بەراوەردی کەین لەگەڵ ئێران پێم خۆشە ئاماژە بەوە بکەم کە لە ئێران ڕێبەرانی نیزامی سیاسیی وڵات لە بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران وەکوو وڵاتێک کار ناکەن. لە ئێران، بەتایبەت ڕێبەری ئێران خامنەیی و دەوروبەرەکەی، بەدوای ئەوەدان بزانن چ شتێک وڵامدەری تمووحی فکری، ئیدئۆلۆژیکی یا بە قەولی خۆیان ئینقلابی ئەوانە، ئەوان لەوە بیر دەکەنەوە. دەنا ئەوەکە ئەوڕۆ ئێرانی تێ‌کەوتەوە، لەبواری فەرهەنگی، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، بێکاری، هەژاری، بێگومان بەشێکی نەتیجەی ئەوەیە کە لە ئێراندا نیزامی سیاسی و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن، یەکەم نیزامی کۆماری ئیسلامی، دوایە ئێران بەگشتی. دەی مادام هەموو شتێک لە خزمەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی‌دایە، هیچ شتێک بۆ ئێران نامێنێتەوە. لە ئێران پێناسەکە بەرژەوەندیی وڵات نییە، بەرژەوەندی نیزامە و هەموو شتێک تابیعی ئەوەیە. بۆیە ئێران تووشی ئەو ڕۆژە ناخۆشە بووە.

بەڵام سەرەڕای ئەوە ئێران ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ناوچە هەیە، ئەوە چۆن هەڵ‌دەسەنگێنی؟

سیاسەتی ئێران لە ناوچە تابیعێکە لە سیاسەتی کەلانی نێودەوڵەتی کە لەودا تووشی کێشەیەکی جیدی لەگەڵ ئەمریکا هاتوە و، دەیەوێ لەو شوێنانەی کە بۆی دەکرێ و مەجالی هەیە ئەمریکا ئەزیەت بکا. ئەو شوێنانە کوێیە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. ئەوە بەتەواوی دیارە خودی ئەمریکاش ئەوە باش دەزانێ. جا ئەگەر وایە ئەزیەت کردنی ئەمریکا و بە قەولی خۆی ئەوەی کە هەوڵ بدا ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەمێنێ، مەجالێک بۆ ئێران دروست دەکا کە پتر بتوانێ مەیدانی مانۆڕی هەبێ. دیارە ئەمریکاش بێ هەڵوێست نەبووە، کوژرانی قاسم سولیمانی زەربە لێدان لە غرووری کۆماری ئیسلامی بوو. چون بەو پێناسەیەی کردمان، ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ دونیای دەرەوە بەس بەرژەوەندی ئەو جەمعەیە کە خودین، کە خودی نیزامەکەیە. بەشێک لە خەڵکی دەوروبەری ئەو حکوومەتە بەوە گەیشتن کە قاسم سولیمانی بۆ ئەوان ئەسبابی کێشەیە و تا کەی دەتوانن ئاوا دەرێژەی بدەن چونکە ئەمریکا دەتوانێ زەربەی خۆی لێدا و لە داهاتووشدا عەمەلیاتی ئاوا بکا.

بەشێکی دیکەش ئەوەیە لە حاڵی ئێستادا کە بەرەو هەڵبژاردنی ئەمریکا دەچین، کۆماری ئیسلامی تێ‌دەکۆشێ لەژێر ڕووناکایی ئەو ڕاپرسییانەی لە ئەمریکا دەکرێن و هەتا ئێستاش بایدن لە پێشە؛ هەر ئاوا بڕوا. کۆماری ئیسلامی بەدوای ئەوەدا دەگەڕێ تڕامپ بیدۆڕێنێ و دێموکراتەکان بیبەنەوە. هۆیەکەشی ئەوەیە دێموکراتەکان پابەندن بە ڕێکەوتننامەی “بەرجام” کە لەگەڵ ئورووپاییەکان کراوە. ئەوە تڕامپ بوو لەو ڕێکەوتننامەیە هاتە دەرێ و تەنانەت کۆمەڵێک بەربەستی دروست کرد، و ئەمریکا بۆ خۆی بەتەنیا گەمارۆی ئابووریی خستۆتە سەر ئێران.

جا ستراتیژیی ئێستای ئێران ئەوەیە یان بڵێم تاکتیکی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە تێ‌بکۆشن تا هەڵبژاردنی ئەمریکا کێشەیەکی زۆر جیدی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست نەکەن، بۆ ئەوەی نەبێتە بەهانەیک کە تڕامپ کەڵکی لێ وەرەگرێ و لە نێوخۆی ئەم وڵاتە و لە هەڵبژاردنەکاندا بە قازانجی بشکێتەوە. ئێران لە ئێستادا وەکوو تاکتیکێک پێی خۆش ئارامییەک هەبێ و ئەو ئارامییە لە بەرژەوەندیی “بایدن” تەواو بێ.

باشە هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئەمریکا بەڕاستی چەندە کاریگەری لەسەر ناوچە هەیە؟

لە دونیای ئەمڕۆدا و تەناتەت پێشتریش ئەمریکا کاریگەریی سەرەکی هەبووە و لە ئێستاشدا هەیەتی لە داهاتووشدا زۆرتر دەبێ. ئاماژە بە دوو سێ نموونە دەکەم. دوایی شەڕی یەکەمی جیهانی کە فەقیری و هەژاری پەرەی ‌ئەستاند، دونیا بڕێک تووشی بێ‌نەزمی بوو، خودی ئابووریی ئەمریکا کەوتە دۆخی خراپەوە و، ئەوە زەمینەیەکی دروست کرد لەو شێوانەدا، لە شێوانی ئابووری، سیاسی، ئەمنیەتی و هەر ئەوە زەمینەی بۆ شەڕی دووهەمی جیهانی دروست کرد، واتە خەڵکی وەک هیتلێر هاتنە گۆڕێ و وردە وردە دەسەڵاتیان پەیدا کرد. ئەمریکا غایب بوو لەوانەدا، ئەمریکا خەریکی کێشەی نێوخۆیی بوو، وەزعی ئابووریی خراپ بوو، لە ئورووپا دوور بوو. لە نەبوونی ئەمریکادا لە ڕاستیدا زەمینە دروست بوو بۆ شەڕی دووهەمی جیهانی.

وابوو کە هەر دوای شەڕی دووهەمی جیهانی ئەمریکا بەوە گەیشت کە دەبێ لەو تەریک‌کەوتنەوەیە بێتە دەرێ و لە نەزمی جیهاندا دەوری هەبێ لەپێناو سەقامگیریی ئاشتی و ئەمنیەت، هەڵبەت بەو خوێندەنەوەی کە خۆیان هەیانە. بۆیە ماڕشاڵ، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا پڕۆژەیەکی هێنا کە یارمەتیی دا بۆ نوێژەن‌بوونەوەی ئورووپا. تەنانەت پێشنیاری بە ستالین سەرۆکی سۆڤیەتی پێشوو کرد کە ئەوانیش بەهەرەیان هەبێ لەوە، پارەیان بدرێتی بۆ ئەوەی هەستنەوە.

لێکدانەوەی ئەمریکا بۆ ئەوە بوو وەزعی باشی ئەمریکا دەبێتە هۆی ئەوەی بۆچوونی شەڕخوازانە وردە وردە لە بین بچێ و، دونیا بەرەوە ئاشتی و سەقامگیری بڕوا. لە دوای ئەوەدا لە دەورانی شەڕی سارددا سۆڤیەت و ئەمریکا لە ڕاستیدا زەمینەسازی دروست کردنی ئاشتیی نەرم بوون. واتە شەڕ نەبێ لە دوو جەمسەر، دوایە ئەو دوو جەمسەرییە هەڵوەشایەوە. ئێستا جەمسەری دیکەش هاتوونەتە گۆڕێ. چین زلهێزێکی ئابوورییە، ڕووسیە بۆتە زلهێزێکی نیزامی و وڵاتانی ئورووپاییش بەشێوەیەکی دیکە و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا دەبینین تورکیە و ئێران وەکوو زلهێزی ناوچەیی دەور دەگێڕن.

جا لە حاڵەتێکی ئاوادا بە ئێعتیباری هێزی ئابووریی ئەمریکا و بە ئیعتیباری حزووری نیزامی ئەمریکا لە دونیادا و بە ئێعتیباری ئەوەی کە ئەمریکا یارمەتی بە زۆر شت دەکا، نەبوونی ئەمریکاش یارمەتیی ناکا بە سەقامگیر بوونی ئاشتی و ئەمینەت لە جیهاندا. جیهان بەجۆرێک فێری هاوئاهەنگی بووە و ئەو هاوئاهەنگییە بەبێ ئەمریکا ناکرێ. لە ڕوانگەی منەوە کێشەیەکی سیاسەتی تڕامپ ئەوە بوو کاتێک گوشاری بۆ سەر ئێران هێنا و گەماڕۆی ئابووریی خستە سەر ئێران، تەنانەت ئەو لایەنانەی لەگەڵ ئێران تێکەڵ بوون سزای دەدان، ئەوە بووە هۆی ئەوەی هاوئاهەنگی باشی سیاسی لەگەڵ چین و ڕووسیە و ئورووپا چەتی تێکەوێ. ئەوە بە قازانجی ئێران تەواو بوو، ئێران لەوە دەگڕێ کە دەقیقەن ئەمریکا دەوری لە دونیا بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌دا نەبێ. وردە وردە پاشەکشە بکا و جێگە بۆ ئەو لایەنانە بکرێتەوە کە چین و ڕووسیەی تێدایە. جا ئەگەر وایە نەزمی جیهانی جۆرێک شکڵی گرتوە لە چەند جەمسەری. بۆیە یا دەبێ هاوئاهەنگی لەنێو جەمسەرەکاندا هەبێ و، لە هەر حاڵدا ئەمریکا دەبێ بوونی هەبێ، یا ئەگەر ئەوەش نەبێ دەبێ بەجۆڕێک چارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە و هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئەمریکا ڕەنگە وڵامی ئەوە بداتەوە.

باشە بە هەموو ئەوانەوە ئێران بەرەو کوێ دەچێ، ئایا لە بواری نێودەوڵەتییەوە بەڕەو تەریک بوونەوەی زیاتر ناڕوا؟

ئێران بە کردەوە لە هێندێک بواردا تەریک کەوتۆتەوە. ئەمریکا ئەگەرچی هەندێ لە وڵاتانی ئورووپاییشی لەگەڵ نییە بەڵام بە حوکمی دەسەڵاتی زۆری ئەمریکا ئەم ویستەی لە دونیادا بە ئاسانی جێبەجێ بووە و ئێرانی بەچۆک داهێناوە. ئێران تووشی داڕمانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بووە و ئێستا ئێرانییەکان بە توندی چاوەڕوانی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکان و بەشێک ڕزگاریی خۆیان لەوەدا دەبینن کە چی لێ دێتەوە.

لێرە لەگەڵ دوو سێناریۆ ڕووبەڕووین. سێناریۆی یەکەم ئەوەیە ترامپ دەیباتەوە، ئەگەر تڕامپ بیباتەوە درێژە بە سیاسەتی خۆی دەدا. گوشاری زیاتر دەکەوێتە سەر ئێران و ئەوە بەو مانایەش نییە کە ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا بڕووخێ. ئەویش لێکەوتە و زیانی خۆی هەیە. گوشارەکەی ئەوەیە ئێرانییەکان ناچار بکا بێنە سەر میزی وتووێژ و مەرجەکانی خۆی لەپێوەندی لەگەڵ ڕەفتاری ئیران لە ناوچەدا و لە پێوەندی لەگەڵ “بەرجام”دا بەسەر ئەم وڵاتەدا بسەپێنی. درێژەی ئەو سێناریۆیە بە زەرەری ئێران و کۆماری ئیسلامی تەواو دەبێ، چوونکە تڕامپ لە قۆناخی یەکەمدا زۆر باش چۆتە پێشێ و گوشاری ئابووریی زۆری خستووەتە سەر ڕێژیم. بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە خودبەخود دەبێتە شەڕێکی کلاسیک و شەڕێکی جەبهەیی.

سیناریۆی دووهەم، ئەوەیە کە دێموکراتەکان بیبەنەوە. دێموکراتەکان بەدرێژایی مێژوو لە دونیادا هەوڵیان داوە دەوڵەتان و لایەنەکان تێکەڵ بە ئیلزامات و تەعەهوداتی یاسای نێودەوڵەتی و مەنشوورەکانی نەتەوە یەکگرتەوەکان لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریدا بکەن. دێموکراتەکان بە ڕاشکاوی گوتویانە ئەگەر بێنەوە سەر دەسەڵات ڕەنگە بچنەوە نێو بەڵێنەکانی خۆیان لە چوارچێوی “بەرجام”دا. ئەوەش بەو مانایەیە دێموکراتەکان بەشێک لەو گەمارۆ ئابوورییە لەسەر ئێران هەڵ‌دەگرن و ئێران پشووی دێتەوە بەر خۆی و، هەوڵ دەدەن لە چوارچێوی نەزم و نیزامی نێودەوڵەتی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی و لایەنەکانی دیکەدا گوشار لەسەر ئێران دروست بکەن. بەڵام ئەوە بە مانای ئەوە نییە ئیدی دێموکراتەکان واز لە هەموو شت دێنن. لێرەدا هەم دێموکراتەکان و هەم کۆماریخوازەکان لەسەر یەک شت کۆکن ئەویش گۆڕینی ڕەفتاری ئێرانە، نەک گۆڕینی حکوومەتی ئێران؛ بەڵام هەم لەنێو دونیای ئێرانییەکان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی یا تۆڕە کۆمەڵاییەتێکان وا حاڵی بوون کە ئەگەر تڕامپ جاروبار هەڕەشەیەک و جموجۆڵێک بە هێزە نیزامییەکانی دەکا، ئەوە بە مانایەیە کە شەڕ لەگەڵ ئێران دەکا و حکوومەتی ئێران دەگۆڕێ. نا ئەوان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەڕۆن. بەرەژەوەندیی ئەوان لەوەدایە ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی بگۆڕدرێ و ئاسایش و ئەمنیەت لە ناوچەدا سەقامگیر بێ، ئارامییەکی ئابووری هەبێ و ئێران دەست لەو ڕەفتار و کردەوانە هەڵ‌بگرێ کە ئەوان ئەزیەت دەکا.

زۆر جار باس لە ڕۆڵی کورد و داهاتووی کورد بەگشتی دەکرێ ڕای بەڕێزتان چییە لەسەر ئەو دەستەواژەیە؟ کورد لەنێو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا لە کوێ جێ دەگرێ؟

کورد بەگشتی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا نییە. هاوکێشەی نێودەوڵەتی بریتییە لە پێوەندی، بازرگانی و ئەمنیەت لەنێوان دەوڵەتاندا. بەڵام کاتێک دێینەوە سەر پرسە ئەمنیەتییەکان و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لێرەدایە کورد دەتوانێ دەوری هەبێ، دەنا کورد بەردەنگ نییە بەگشتی وەکوو نەتەوەیەک.

لەبەر ئەوەی کە دەوڵەت نیە؟

لەبەر ئەوەی کە دەوڵەت نییە، لەبەر ئەوەی کە کورد لەنێوان چوار دەوڵەت‌دایە و دەوڵەتانی دونیا هەرکامیان بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان پێوەندییان لەگەڵ ئەو چوار دەوڵەتەدا هەیە و، ئەو پێوەندییانە لەسەر بەرژەوەندیی کورد یا کورد چە فاکتۆڕێکە شکڵی نەگرتوە. بۆ نموونە تا پێش قەیرانی سووریە و دروست نەبوونی شەڕ و شۆڕ لەو وڵاتە کەس باسی کوردی نەدەکرد. نموونەیەکی دی تا کاتێک عێراق نەڕووخا و مەسەلەی عێراق دەرفەتێکی تازەی بۆ کورد دروست نەکرد، کەس باسی کوردی نەدەکرد. لە پێوەندی دەگەڵ ئێرانیشدا سەرەڕای ئەوەی مەسەلەی ئێمە (کورد) ڕەوایە و بەرحەقە، بەڵام نەکەوتۆتە نێو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە، بۆ؟ دیسان جەختی لەسەر دەکەمەوە، دەوڵەتان بەپێی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان لەگەڵ تاران و بەغدا و دمیشق و ئانکارا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان ڕێک دەخەن.

بۆیە ئێمە کاتێک دەچینە نێو چەندی و چۆنی پێناسەی قەزییەی کورد لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان، نابێ بەدوای عاتفە و بەدوای ئارەزووەکان و خەیاڵەکاندا بڕۆین. کاتی خۆی دوایی ئەوەی کە ئەمریکا پشتی لە جووڵانەوەی بارزانی کرد، وابزانم کەیسینجێر بوو لێیان پرسی باشە ئێوە بۆ کوردەکانتان ئاوا بە ئاسانی بەجێ هێشت؟ گوتی: خۆ ئێمە ڕێکخراوی خێرخوازی نین، خۆ مانگی سوور نین! بەرژەوەندی ئەوان ئەوە هەڵ‌دەگرێ دەورانێک پشتیوانی لە جووڵانەوەی بارزانی بکەن، دواتر خەیانەتیان پێ کەن و بەجێیان بێڵن.

ئێمە دەبێ پێوەندی نێودەوڵەتی ئاوا چاو لێ کەین، بەڵام جاری وا هەیە ئێمەی کورد بەپێی ئارەزوەکانی خۆمان پێمان خۆشە سیناریۆیەک لە عیلاقاتی نێو دەوڵەتیدا دروست کەین و بەو ئارەزووانەوە دەچینە پێشێ، بەڵام ئەوە وڵام ناداتەوە. هەر ئەوەش ئێمەی بڕێک تووشی کێشە کردوە و، وای کردەوە ئێمە ڕاستییەکان نەبینین. کاتێک دەگەڕینەوە بۆ ڕابردوو، هۆی سەرنەکەوتنی کورد ئەوەیە لە دەرفەتەکان کەڵکی وەرنەگرتوە. هەمیشە فێربووین ئەمریکا، ئینگلیز، فەڕانسە و زلهێزەکانی دیکە بە تاوانبار بزانین، فێر بووین بڵێین کاتی خۆی ئەگەر سایکیس- پیکۆ نەبوایە نوێنەری ئینگلیز و فەڕانسە ئاوایان مامەڵە نەکردبا کورد دەبوو بە دەوڵەت. ئەوە خوێندنەوەیەکی هەڵەیە، عاتیفیە بڵێین ئەگەر ئەوانە نەبوایەن کورد ئێستا دەبوو بە دەوڵەت. جا بۆیە ئێمە لەو ڕوانگەیەوە دەبێ چاو لەو هاوکێشە و پێوەندییانە کەین.

کەوایە ئەوەی ئێمە دەڵێین کوردستانی گەورەی و هەرچوار پارچەکە پێکەوە پێوەندی دەدەین لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا شتێکی وا لە ئارادا نییە؟

نەخێر، شتێکی وا لە ئارادا نییە. لەو ماوەیەی بە حوکمی کارەکەم و لەگەڵ هاوڕێیانم کە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوی وڵاتانی دەرەوە چاوپێکەوتنمان هەبووە، ئێمە تەنیا باسی ئەوەمان کردوە کە پرسی کورد لە ئێراندا چۆنە و، بێدەنگ نەبن لەمەڕ مافەکانی ئێمە. باسمان ئەوە بووە کە ئێعدام دەکرێین، دەمانگرن، بێ‌مافین، بەچاوی ئەمنیەتی سەیرمان دەکەن و کورد وەکوو هاووڵاتیی پلە دوو دەبیندرێ. لەو شوێنانە پێش هەموو شتێک لێت دەپرسن کوردی کوێی و لەسەر کوێ قسە دەکەی! یانی دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەوان لە پەیامی خۆیاندا ڕاشکاون و کاتێک لەسەر ئەو بابەتانەش بێنە سەر خەت، ئەوە هیچ‌کات بە قیمەتی تێکدانی پێوەندیی خۆیان لەگەڵ ئێران نابێ. نموونەیەکی مێژووی دیکە دێنمەوە دوایی تێرۆری دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی، ئەوان پێش ڕووداوەکە لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی ئینترناسیوناڵ سۆسیالیست گەڕابوونەوە و بەدوای ئەوە تیرۆر کران. ئەوکات زۆرێک لەو وڵاتانەی کە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون و لەو ڕێکخراوەیەدا بوون، لە وڵاتی خۆیان لە حکوومەتدا بوون. بەڵام هەر ئەو دەوڵەتانە نەچوونە نێو ئەوە بازنەیەوە، نە بەپشتیوانیی دیپلۆماتیک و نە بە عاتیفی باسی ئەو تیرۆرەیان نەکرد و هیچیان پێوەندیی خۆیان لەگەڵ ئێران لەبەر ئێمە تێک نەدا.

کوردی ئێران یان ڕۆژهەڵات کە خاوەنی بزووتنەوەیەکی بەرین و زیندووە، لەم نێوەدا چارەنووسی بەرەو کوێ دەڕوا؟

ئەوە پرسیارێکە دەکرێ لە ڕوانگەیەی دیکەوە بچینە نێوی. ئەوەی کە ئێران هەر لە پێشوودا ئاماژەم پێ کرد، تووشی وەزعێکی خراپی ئابووری، کۆمەڵایەتی لە زۆر بارەوە بووە، ئەوە حەقیقەتە. جا ئەگەر وایە جیاواز لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دۆخی ئێران وا بە ئاسانی باش نابێتەوە. تەنانەت دێموکراتەکانیش سیاست بگۆڕن و ڕەعایەتی ئێران بکەن ئەوە بە مانای ئەوە نییە ئەو کێشانە چارەسەر دەبێ. خەبات و تێکۆشانی ئێمەی کورد لە ئێرانیش لەپێناو مافەکانی خۆمان پێش کێشەی واشنتۆن لەگەڵ تاران بووە. لە واشتنۆن هەر سەرکۆمار هاتووە و گۆڕاوە و هێندێک دروشمیان داوە، هێندێک مانۆڕیان داوە بەڵام خەباتی ئێمە وەکوو کورد لە ئێران لەپێناو مافەکانی خۆمان‌دا بەردەوام بووە و کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە بە ئاسانی حاشای لێ بکا. ئەو هەموو قوربانییە کە ئێمە داومانە، سیاسەتەکانی ئەوان لە لایەکی دیکە و ڕاوەستانی ئێمە مەسەلەکەی وەکوو خۆی هێشتۆتەوە.

سیاست و خەباتی ئێمە لەپێناو مافەکانمان لە دژی کۆماری ئیسلامی تابیعێک نییە لە ڕەفتار و سیاسەتی کۆماریخوازەکان یان دێموکراتەکان لەگەڵ تاران. چونکە ئەوان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیاندان. بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین لە هەموو پێوەندیەکی لەگەڵ لایەنەکانی ئەمریکایی کە جاروبار دەیانبینین، پێیان دەڵێین یەکەم، ئەگەر ئێوە بە تەمای ئەوەن ئێران بێتە وڵاتێکی دێموکراتیک و بۆ هەمیشە لەکۆڵ ئەو کێشەیە ببنەوە نابێ متمانە بە کۆماری ئیسلامی بکەن. ئەگەر دەتانەوێ ئێران دروست بێتەوە، نابێ ڕۆڵی کورد لە بەرچاو نەگیرێ. قەزییەی کورد لە تورکیە لە جێی خۆیەتی و لە سووریە هەروەتر. کورد فاکتۆرێکە و، لە عێراق ئەزموونتان کردەوە کە کورد فاکتۆرێکە، کەوایە داوتان لێ دەکەین مادام بیر لە داهاتووی ئێران دەکەنەوە ڕاستییەکەی کورد دەبێ لەو هاوکێشەیەدا هەبێ، ئەگەر ئێمەی تێدا نەبین تەجرووبەش دەری خستوە ئێران ئەمنیەت، ئارامی و ئاسایش بەخۆیەوە نابینێ. دووهەم، ئەگەر ئێمەی تێدابین یارمەتی دەدین حکوومەتێکی بەرپرس بێت لەبەرانبەر یاساکانی نێودەوڵەتی. جا دەمەوێ ئەوە بڵێم خەبات و تێکۆشان و لەبواری سیاسی، تەشکیلاتی و کۆمەڵگەی مەدەنی و مێدیایی لە جێگای خۆی دەبێ و سیاسەری تابیعێک نییە لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. بەڵام لەسەر هێڵ دەبین، گۆرانکاری لە واشینتۆن هەڵبژاردن لە ئەمریکا چ ئەو دەسەڵاتە لەسەر کار بێ و چ دەسەڵاتێکی دیکە لە واشینتۆن بێتە سەر کار دەتوانین ئەو بەرچاوڕوونییەیان بدەینێ کە کەس ناتوانێ مەسەلەی کورد لە ئێراندا نادیدە بگرێ. پێم خۆشە ئەوەشی لێ زیاد کەم ئێمە ئەو جۆرە سیاسەت ناکەین دوایە وای لێ بێ دووکەڵی سیاسەتێکی هەڵە بچێتە چاوی خۆمانەوە

گوتم کێشەی ئێمە لەگەڵ تاران لەسەر ماف و داواکانی خۆمانە، لەسەر ئەوە نییە ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت چ کێشەیەکیان هەیە لەگەڵ تاران، ڕەنگە ئەوان کێشەکەیان چارەسەر بکرێ. هەر وەکوو گوتم ئەوە هاوسەنگیی بەرژەوەندییە و ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان سیاسەت دەکەن. بەڵام ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات جۆرێکمان سیاسەت کردوە و خەبات و تێکۆشانی خۆمان جۆرێک دەبەینە پێشێ کە دۆست بۆ خۆمان پەیدا بکەین، بەڵام خەڵکیش فێر نەکەین ئەوە بە هەڕەشەیەکی ئەمریکا ئێران دەرووخێ و کارەکان تەواوە.

وەکوو دوایین پرسیار، باسی حیزبی دێموکراتمان کرد حیزبی دێموکرات حیزبێکە یارمەتی داوە بە یەکگرتووی خەڵک، ئەم حیزبی دێموکراتە دەبێ هەم لە ئێستا هەم لە داهاتوو چی بکا زیاتر یەکڕیزی ببەخشێ، زیاتر یارمەتیدەری کۆمەڵگەی خۆی بێ بەرەو ئازادی و سەرکەوتن؟

مادام باسی پێوەندی نێودەوڵەتییە پیناسەیەک لەسەر پێوەندی نێودەوڵەتیی حیزبی دێموکرات پێویستە. ئێمە پێویستە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دۆست پەیدا بکەین. هونەری حیزبێکی سیاسی و میللەتێک ئەوەیە کە لە نەیارانی کەم کاتەوە، لەژێر ڕووناکیی ئەو سیاسەتەدا کاتی خۆی قازی محەممەد لە سەروبەندی دامەزاندنی کۆماری کوردستاندا زۆری هەوڵ دا. دوای شۆڕشی ئێران بەتایبەت دوکتور قاسملوو لە بواری دیپلۆماسی کە زۆری لێ دەزانی زۆری هەوڵ دا. دوایی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەڕەفکەندی دیسان ڕێبەرانی زیندوو زۆرمان هەوڵ داوە، هەوڵدانەکە بۆ چییە؟ بۆ ئەوەیە بڵێن حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزبێکی ئاشتیخوازە، حیزبێکە باوەڕی بە دێموکراسی هەیە، حیزبێکە ڕێزی بۆ مافەکانی خۆی هەیە، حیزبێکە تێ‌دەکۆشێ لە ئێرانی داهاتوودا، هەموو لایەک بەشداربن، حیزبێکە ڕێز بۆ یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی دادەنێ ، حیزبێکە دژی تێرۆریزمە و خۆی قوربانی تێرۆریزمە، حیزبێکە بەهەمووی ئەو خوێندنەوانە بە هەست بە بەرپرسارییەتی دەتوانێ بچێتە نێو هاوکێشەکانەوە.

پەیامی دووهەم ئەوەیە، لەبەر ئەوەی کە کێشەی کورد لە بەینی چوار دەوڵەتدا هەیە، ئێمەی کورد وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان مەحدوودەیەکی کاری سیاسیی خۆمان هەیە، ئەویش چوونە نیو ئێران و لە چوارچێوی کوردستانی ئێران‌دایە. بۆیە ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستان دوژمنایەتی هیچ لایەنێک و هیچ میللەتێک ناکەین، دوژمنایەتیی هیچ حیزبێکی سیاسی ناکەین، ئێمە تەنیا کێشەمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە، ئەوەش یارمەتی بەوە دەدا کە حیزبی دێموکرات بەپێی زەروورت و پێداویستی بەرژەوەندی کوردی کوردستان ئێران، خۆی تووشی کێشەیەکی زۆر نەکا و پەیامێکی ڕوونمان هەبێ.

بەشێکی دیکە لە پەیامە سیاسییەکەی ئێمە ئەوەیە مادام گوتم، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتان لەچوارچێوی ئێراندا چاو لە مەسەلەی کورد دەکەن، ئێمە ناتوانین بەرامبەر بە ڕای گشتی ئێران بێ تەفاوت بین، دەبێ لە نێوخۆدا دۆست بۆخۆمان پەیدا کەین، وێنەیەکی جوان لە حیزبی دێموکرات نیشان بدەین. ئەوەی دیکە ئەوەیە، وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، ئێمە ناتوانین بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کەمترخەم بین، ئێمەش دەبی حزووری خۆمان هەبێ، دیار بین و بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بڵێن ئێوە ناتوانن نیسبەت بە مەسەلەی کورد لە کوردستانی ئێران بێ تەفاوت بن. بۆیە لەوێدا گوتومانە لەگەڵ یەک ڕێک کەوین، دێموکراسییەکی توافوقیمان هەبێ. جا لەوێدا حیزبی دێموکراتی کوردستان دەبێ دەوری خۆی بە باشی بگێڕێ. هیوادارین هەموو لایەک پێکەوە ئەو ئەرک و مەسئوولییەتە بەڕێوەبەرین.