شاری شنگال و دەوروبەری لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ئازاد کرا.

دوای هێرشە خوێناویەکەی هێزە ڕەشە و تیرۆریستیەکەی داعش بۆ سەر شاری شنگال و بە دەستەوە گرتنی ئەو شارە و گوندەکانی دەوربەری و هەروەها کوشتن و بڕینی ئیزەدی‌یەکانی ئەو شارە کوردنشین و دێرینەی کوردستان، چاوەروان دەکرا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هاوکاری فرۆکە شەرکەرەکانی ئەمریکا و هاپەیمانان، ئەو شارە لە دەستی داعش و تیرۆریستان ئازاد بکەن.
دوای زیاتر لە ساڵێک ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٢ -١١-٢٠١٥ هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر فەرماندەیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێزدار مەسعوود بارزانی و بە پشتیوانی فرۆکە شەرکەرەکانی ئەمریکا و هاپەیمانان و بەشێک لە خەڵکی ئیزەدی لە چەند قۆڵەوە بە چەکی سووک و نیوە سووک و قورس هێرشیان کردە سەر تیرۆریستانی داعش و دوای ٢ ڕۆژ شەڕی بەردەوام ڕۆژی هەینی ١٣ – ١١ – ٢٠١٥ توانیان شاری شنگال و گوندەکانی دەوروبەری ئازاد بکەن و شنگال بگەرێننەوە سەر حکووومەتی هەرێمی کوردستان و داعش لەو دەڤەرە پاک بکەنەوە.
هەر وەک لە مێدیاکان دا بڵاو کرایەوە، دوای ئازاد کرانی شنگال سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕێزدار مەسعوود بارزانی لە ڕێگای پرێس کۆنفرانسێکەوە لە شنگال را مزگێنی ئازاد کرانی ئەو شار و دەڤەری ڕاگەیاند و وێرای پیرۆزبایی کردن لە خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە گشتی و خەڵکی ئیزەدی و دانیشتووانی ئەو دەڤەرە بە تایبەتی ، ئاماژەی بەوە دا کە هیزی پێسمەرگەی کوردستان ئەرکی ئازاد کردنی شنگال و دەوروبەری بە ئەستۆوە بووە و بە هیممەت و خۆراگری و بوێری پێشمەرگەی کوردستان و بە شەهید بوونی چەندین قارەمانی پێشمەرگە شنگال ئازاد کراوە و وەک ئەرکێکی نەتەوەیی پێویستە کە سوپاسی ئەمریکا و هاوپەیمانان وهەموو ئەو هێز و لایانانە بکەین کە یارمەتیان داین کە پلانی ئازادی شنگال بە هەڵمەتی پێشمەرگە لە ژێر هێرشی هەوایی فرۆکە شەڕکەرەکان دا بگاتە ئاکام و شنگال ئازاد بکرێ.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هەڵمەت و هیممەت و خۆراگری خۆی نیشانی دا کە دەتوانێ هێزی سەرەکی بێ بۆ راودوونانی تیرۆریستان و پاراستنی کوردستان و هێزی پێشمەرگە هەر کات ئیرادە بکات دەتوانێ بەگژ هەموو ئەو هێزە تیرۆریستانە دا بچێتەوە کە چاوی داگیرکەریان لە سەر کوردستانە. هەڵدانی گەورەترین ئاڵای کوردستان بە دەستی پێشمەرگەی کوردستان لە سەر سایلۆی نێو شاری شنگال نیشانەی ورە بەرزی و ئیمانی پێشمەرگەی کوردستانە.
سڵاو لە هێزی پێشمەرگە و هەموو ئەو لایانانەی کە بەشداری ئازاد کردنی شنگال بوون.