چەند هێرشێکی تیرۆریستی و خوێناوی لە پاریسی پایتەختی فەرانسە.

بە پێی هەواڵی مێدیا جیهانی‌یەکان شەوی هەینی ڕێکەوتی ١٣- ١١ – ٢٠١٥ لە چەند شوێنی شاری پاریس لە لایەن چەند تێرۆریستەکەوە بە چەک و بە بۆمب هێرش دەکرێتە سەر خەڵکی ئاسایی و لانی‌کەمی ١٥٨ کەس دەکوژن و بە دەیان کەسیش بریندار دەکەن.

ئەو هێرشانە لە کاتێکی دیاری کراو و بە چەند خولەکێک دوای یەکتر لە چەند گەڕەکی شاری پاریس ڕوویان داوە. یەکێک لەو هێرشانە بۆ سەر ڕێستورانی ” پتی کامبوج” هەڵکەوتوو لە گەڕەکی دەیەمی شاری پاریس ڕوویداوە، لە هێرشێکی تیرۆریستی هاوشێوەدا، چەند تیرۆریستێک هێرشیان کردۆتە سەر موشتەری‌یەکانی ڕێستورانی ” لوکاریون” لە گەڕەکی یازدەهەمی شاری پاریس و هەروەها لە هێرشێکی دیکەی تیرۆریستی دا بۆ سەر ساڵۆنی نەمایشی “باتکلان” لە گەڕەکی یازدەهەم، تیرۆریستەکان بە چەک هێرشیان کردۆتە سەر ڕێبواران و بەشدارانی ئەو کۆنسێرتە و خەڵکانێکی زۆر بە بارمتە دەگرن. دوای شەڕێکی تووند لە نێوان پۆلیس و تیرۆریستەکان دا ئەو شوێنە لە دەست تیرۆریستەکان پاک دەکرێتەوە و بە پێی هەواڵ لە ساڵۆنی نەمایشی ” باتکلان” دا ١١٨ کەس لە خەڵکی ئاسایی لە لایەن تیرۆریستەکانەوە کوژراون.
لە هێرشێکی دیکەی دا تیرۆریستەکان چەند بۆمبێکیان لە دەرەوەی ” یارگای فەرانسە” لە ” سن دنی” هەڵکەوتوو لە باکووری پاریس کە یاری نێوان فەرانسە و ئاڵمانی تێدا بەرێوە دەچوو تەقاندۆتەوە و هاوکاتیش بە چەکی جۆراوجۆر خەڵک و ڕێبوارانی ئەو گەڕەکەشیان بەر گوللەی چەکەکانیان داوە.
بە گشتی شارەداری شاری پاریس لە لێدوانێک دا ڕایگەیاند کە جیا لە ١١٨ کەسی نێو ساڵۆنی نەمایشی “باتکلان” ٤٠ کەسی دیکەش لە هێرشەکانی دیکە دا کوژراون و تا ئێستا کۆی کوژراوەکان گەیشتۆتە ١٥٨ کەس.
بە پێی هەواڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکانی فەرانسە لانی کەم ١٥٨کەس لە خەڵکی سڤیل و ئاسایی بە دەستی تیرۆریستان کوژراون و بە دەیان کەسیش بریندار بوون.
فڕانسوا ئۆلاندی سەرۆک کۆماری فەڕانسە لە لێدوانێکی تایبەت دا داوای لە خەڵک کرد کە بە هۆی خوڵقانی باردۆخێکی نالەبار لە ماڵەکانیان نەیەنە دەر و ئەو باردۆخەی بە ڕۆژێکی ترسناک و هێرشێکی بێ وێنە ناوبرد و هاوکاتیش داوای لە هەموو سنوور پارێزانی وڵاتی فەرانسە کرد کە سنوورەکان بە تەواوی ببەستن و لەگەڵ ئەوەشدا داوای لە خەڵکی فەرانسە کرد کە بە وشیاری‌یەوە لەگەڵ ئەو باردۆخە هەڵس‌وکەوت بکەن. فڕانسوا ئۆلاند لە بەشێک لە قسەکانی دا ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستا دا زۆرتر بیر لە کوژراو برینداران و قوربانیانی ئەو کارەساتە تیرۆریستەیە دەکەینەوە و تیرۆریستەکان بۆ ئێمە ناسراون و داوای لە هێزی ئەمنیەتی و ئارتەشی فەرانسە کرد کە بۆ پاراستنی خەڵک بە زووترین کات دەست بەکار بن.

هاوخەمتانین خەڵکی فەرانسە، هاوخەمتانین ئەی نموونەی مرۆڤایەتی