رزگاری شنگال، قۆناخێکی نۆێ! جەماڵ عەڵیاڵی

چڕوپڕ بوونی هێرشی گشتگیری داگیرکەر لە لایەک و لاوازبوونی هەڵوێستی پشتیوانی نێوان کوردان لە لایەکیترەوە ئەو پرسیارە دەخوڵقێ کە ئایا لەناو کورددا وەکوو نەتەوە، هەستی نەتەوەیی پێگەیشتووە یاخود نا؟

بۆ سەرکوتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد داعەش بەکاردێت، هەر بۆ ئەو مەبەستە حەشدی شەعبی پێکهات، ئەمانەو هێزی داگیرکەران لە گشت لایەکەوە لە گەمارۆی کوردستاندان، دەسەڵاتی کوردی لە باشوور بە هۆی وردەکاران نەپڕژاوەتە دڕشتە کاران، پرسی سەرۆکایەتی و لە سەر دەسەڵات مانەوە مەسعوود بارزانی نەک هەر بۆ بارزانی تەنانەت بۆ وردە سەرۆکەکانیش بۆتە بە کراسی عوسمان و نابڕێتەوە. لەو ناوەدا هەواڵی پیرۆزی رزگاری شنگال وەکوو بۆمبێک دۆخەکەی هێندەیتر ئاڵۆز کرد. تەقینەوەکانی فرانسا لە لایەن داعەش بە تۆڵەی سوریا و شنگال ئیتر سیگناڵێکی نۆێیە کە پێویستە بخرێتە بەرچاو بۆ خۆێندنەوەیەکی نۆێ لە دۆخەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین. ئەو کورتە بابەتە هەوڵی نووسەرە بۆ ئەو مەبەستە بەڵام لە ڕوانگەی کوردەوە.
یەکەم پرسیار ئەوەیە کە کێ ڕاست دەکات؟ ئایا هێزەکانی پارتی (نەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان) بە تەنیا شنگاڵیان گرتەوە؟ ئایا هیچ لایەنێکتر لەو هەڵمەتەدا بەشدار نەبوون؟ بە گۆێرەی مێدیاکانی پارتی تەنیا ئەو لایەنە دەستی لە رزگاری شنگال دا هەبوو، باسی فرۆکە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانان ناکەین، ئەوە فاکتەرێکە کە تازە دەبێ دەگەڵی بژین.
با تۆزێک بگەڕێینەوە پاش، جەلال تاڵەبانی سەفەری ئێرانی کرد، لە هەمان کاتدا ئێرانییەکان چەند بەندیکراوی کوردیان لە سێدارەدا، باشوور فززەی لێوەنەهات. کۆبانی لە گیانەللایەدابوو، کەس نە لە باشوور و نە لە ڕۆژهەڵات فززەی لێوە نەهات تا سات و کاتی کۆتایی. هێرشەکانی دەوڵەتی توورک بۆ سەر ناوچەکانی جۆراوجۆری باکوور بۆتە بە شەڕێکی جەبهەیی، لە باشوور و لە ڕۆژهەڵات کەس فززەی لێنایەت!
لەو ناوەدا ئێرانییەکان چاوەڕوانی چرایەکی سەوزن لە لایەن دەسەڵاتی باشوورەوە بۆ ئەوەی کە بە چەک و چۆڵ و بە بیانووی پاراستنی دۆستان و خێروبێریان بخزێنە ناو باشوور و بە فەرمی داگیری بکەن، لە هەمان کاتدا بەشێک لە تەڤگەری ڕزگاریخوازی کوردستان هەوڵی مسۆگەرکردنی خۆسەری خۆیەتی کە چی زۆر بە تووندی لە لایەن داگیرکەری توورکەوە سەرکووت دەکرێ. ئێستاش ئەوە شێوەی مامەڵەکردن دەگەڵ پرسی ڕزگاری شنگاڵ! ئەو دۆخە پرسیار دەخوڵقێنێ کە ئایە هەستی نەتەوایەتی لە ناو نەتەوەی کورددا هەیە یاخود نا؟ وڵامی ئەو پرسیارە لای مێژووی داهاتوویە نەک نووسەری ئەو بابەتە بەڵام نووسەر، بە پاڵپشتی دێمۆکراسییەوە، وەکوو هەر تاکێکی کورد مافی دەربڕینی بیروڕای خۆی هەیە.
ئەگەر نەتەوەی کورد هەستی نەتەوایەتی نەبێ، هەبوونی نەتەوەی کورد دەچێتە ژێر پرسیار! ئەو ئەگەرە زۆر وەڕاست ناچێت، هۆکارەکەی ئەوەیە کە گشت لایەنێکی سیاسی پانتای کوردستان، تەنانەت تاکی کوردیش، باس لە نەتەوەی کورد دەکات هەرچەند لە باری زانستییەوە پێویستە شۆێن بۆ “بەهەڵە چوونی گشت لایەنەکان” بهێڵینەوە. لە لایەکیترەوە زۆربەی هەرە زۆری فاکتەرکانی حاکم بە کوردستان لە گشت پارچەکاندا، کەم و زۆر هاوتەریبی یەکترن کەواتە دەگمەنە کە هەستی نەتەوایەتی لەناو کورددا نەبێت. واتە، نەتەوەی کورد هەستی نەتەوایەتی هەیە ئەگەر وابێ ئەی بۆچی لە کردەوەدا شۆێنپێی هەستی نەتەوایەتی لە سیاسەتی لایەنەکانی سیاسیدا لە گۆێرەی پێویست، بەدی ناکرێ؟ ئاخۆ واتای نەتەوە گۆڕدراوە؟
نووسەر لە سەر ئەو باوەڕەیە کە لە ماوەی ٤٠-٥٠ ساڵی ڕابووردوودا واتای گەلێک بابەت گۆڕانکاری بەسەرا هاتووە بەڵام زۆر دەگمەنە پێوەندی ناوبەین هەستی نەتەوایەتی و واتای نەتەوە گۆڕانکاری بەسەرا هاتبێ. هۆکارەکەی ئەوەیە کە گۆڕانکاری لەو شێوازە پێویستی بە ئاڵوگۆڕ لە بنەمای کۆمەڵگادا لە ئاستی جیهانییەوە هەیە. گۆڕانکاری گشتگیر نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە کۆمەڵگای داگیرکەری کوردستانیش پێک نەهاتووە.
لە تەقینەوەکەی “ئێبۆڵا” لە ئافریقادا چ بەدی هات؟ کاتێک زڵهێزەکان خۆیان لە ژێر مەترسیدا دیت، ئەوسا هەوڵیان دا بۆ ڕاگرتن و کۆتایی پێهێنان بە ئێبۆڵا. تەقینەوەکەی پاریس هەمان سناریۆیە! ئەوجارە زڵهێزەکان بۆ کۆتایی هێنان بە دۆخەکە بیری زیاتر دەکەنەوە و ڕێگە چارەیتر دەدۆزنەوە، لێرەدایە کە ئێمە وەکوو کورد پێویستیمان بە خۆێندنەوەی نۆێ و هەڵوێستی نۆێ هەیە!
داعەش بە هەر هۆکارێک بێت، پێکهات، بەڵام کەلکی لێوەرگیرا بۆ سەرکوتی کورد. حەشدی شەعبی بۆ سەرکوتی کورد پێکهات، حیزبللای باکوور هەر بەو مەبەستە خۆی ئاراستە کرد. پێشمەرگەی موسوڵمانی ئێرانی ڕێکخراو و بنیاتێکی نۆێی بۆ پێکهات، ئەوانە لە خۆشەویستی عەلی نیە، لە بوخزی عومەرە! ئەگەر ئانگۆلای دەیەی ٧٠ مان وەبیر بێتەوە، ئەوکات سەیر دەکەین کە ڕزگاری پیرۆزی شنگال دەبێتە وەرچەرخانێکیتر لە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد. سەیری کاناڵەکانی عەرەبی، توورکی و فارسی بکەن ئەو کات باشتر لە مەبەستی چەپەڵی داگیرکەران سەبارەت بە کوردستان تێدەگەن. وەرچەرخانێکی لەو شێوازە لە کات و ساتی هەنووکەییدا بۆ نەتەوەی کورد تەنیا دەتوانێ بە دوولا دا بێ، یان خانی خانان، یان تۆزی بانان! لەو ناوەدا وتە، کردەوە و هەڵوێستی تاکە تاکی کورد دەتوانێ دەوری گرینگی هەبێ. ئاخۆ خۆێنەری بەرێز خۆی چی دەڵێت؟
جەماڵ عەڵیاڵی