بۆ “ئێڵچی”‌ی ئاشتی. ئاشق

بۆ گیانی پاکی پارێزەری کوردی تێکۆشەر “تاهیر ئێلچی” کە دوایین وشەکانی سەر زمانی هاواری ” ئاشتی و بێزاری لە شەڕ” بوون. بە ڕاستی ناو و پاشناوێکی چەند جوان و بە نێوەرۆک، کە لە گەڵ کەسایەتی و پەیامی کاک “تاهیر ئێلچی” بە تەواوی یەک دەگرنەوە.

تاهیر = پاک، خاوێن
ئێلچی = پەیامهێنەر
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
بۆ “ئێڵچی”‌ی ئاشتی
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
تۆ بە ڕاستی “تاهیر”ێک بووی
دڵپاکی، لێوەشاوەیی و
بژاردەییت پێوە دیار بوو.
“ئێلچی”یەک بووی
پەیامی “ئاشتی و ئازادی”ت
لە سەر زار بوو.
ئینسانێک بووی،
لە شەڕ و کوشتن بێزار بووی.
بەڵام مەخابن،
دەرفەتت تەواو نەبوو،
ئەوەی دەبوو
پەیامەکەت بکاتە ئاڵقەی گوێیانی،
گوێگرێکی شیاو نەبوو.
بەڵام پەیامە بەرزەکەت،
ئەوەی گوتت “لە شەڕ و کوشتن بێزاری”
پێش ئەوەی گوللەی دڵڕەشێک،
دڵی گەرمت سارد کاتەوە،
بوو بە درۆشمێکی پیرۆز،
لە گوێی مرۆڤایەتی دا،
تاهەتایە،
دەمێنێ و دەنگ دەداتەوە.
ــــــــــ
ئاشق
٢٩ /١١ / ٢٠١٥