به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونەوەی شورای ئەنترناسیونال سوسیالیست بەبەشداریی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان

له‌ دوایین کۆبوونه‌وه‌ی ئەنترناسیونال سوسیالیست‌دا که‌ له‌ وڵاتی ئانگلا به‌ڕێوه‌چوو، ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەنترناسیونال سوسیالیست بە ڕەسمی راگەیەندرا.

بە بەشداریی نوینەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، شورای ئەنترناسیونال سوسیالیست دەورێکی دیکە لە کۆبوونەوەکانی خۆی، ئەمجارە لە شاری لوئاندای پێتەختی ئانگۆلا لە باشووری رۆژئاوای ئەفریقا بەڕێوە برد.
ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ پێشنیوەڕۆی رۆژی هه‌ینی، ٦ ی سه‌رماوه‌ز ( ٢٧ی نۆڤامبری ٢٠١٥) بە بەشداریی بەشی زۆری ئەندامانی ئەسڵی، جێگرا‌ن‌و راوێژکارانی شورا دەستی بە کارەکانی کردو تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بە بەشداریی کاک مەولوود سوارە، ئەندامی رێبەری‌و نوێنەری حیزب لە رێکخراوی ئەنترناسیوناڵ سوسیالیست بەڕێوە چوو، ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی پێشووی شورادا بڕیاری لە سەر درابوو، بە ڕەسمی راگەیەندرا.
لویس ئەیالا سکرتێری گشتیی ئەنترناسیوناڵ سوسیالیست لە کاتی راگەیاندنی ئەندامەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وەک ئەندامی ئەسڵی له‌و رێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌دا، باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە مێژووی خوێناویی حیزبی دیموکراتی کوردستان ‌خەبات‌و تێکۆشانی ئەو حیزبە بۆ بەدەست هێنانی ئازادی‌و دیموکراسی لە ئێران‌د‌او دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی بۆ گەلی کورد پێشکەش کرد. بەڕێز ئایالا باسی لە گیانبازیی ڕۆڵەکانی گەل‌و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کرد‌و باسی دوو ڕێبەری شەهید دکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو و دکتور سادق شەرەفکەندیی کردو گوتی: دوو سکرتێری ئەو حیزبە لە پێناو بە دەست‌هێنانی ئازادی‌و مافی گەلەکەیان‌دا گیانیان بەخت کرد.
لوئیس ئه‌یالا گوتی: حیزبی دێموکڕاتی کوردستان حیزبێکی کاراو تیکۆشەرو چالاک بووە لە SI دا، بۆیە جێگەی خۆشحاڵییە کە بە ئەندامی ڕەسمی ڕێکخراوەکەمان وەرگیرا.