نیازە گڵاوەکانی هاتنی سوپای تورکیا بۆ کوردستان … رەزا شوان
ئێمەی کورد لە هەموو کەسێ زیاتر لە نیازە گڵاوەکانی تورکیا تێدەگەین .. چونکە لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیمپریالیزمی عوسمانییەوە، تا دەگاتە تورکیا ئەمڕۆ، لە سۆڵتان سەلیمی یەکەمەوە، تا دەگاتە ئەتاتورکی رەگەزپەرست و، دیکتاتۆر سوڵتان ئۆروگانی لە خۆبایی و خوێنڕێژ .. هەمیشە دژایەتی هیوا و خواستەکانی کوردیان کردووە، بە ئاگر و بە ئاسن مامەڵەیان لەگەڵ کردووین .. کوردیان رەشەکوژی و ژینۆساید کرد، کوردیان بە زۆرداری لە زێدی خۆی دەربەدەر کرد .. خاکی کوردستانیان داگیرکرد، کوردستانیان وێران و کاولکرد .. تا ئەمڕۆش درێژە بەم سیاسەتە رەگەزپەرستییەیان دەدەن .. بە هیچ کلۆجێک دەست ناپارێزن لە کوشتن و لە تیرۆرکردن و لە گرتن و لە ئەشکەنجەدانی کورد .. تورکیای فاشت، لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا ئەمڕۆ، مێژوویەکی رەش و خوێناوییان هەیە و، دەستیان بە خوێنی گەلی کورد و ئەرمەنییەکان سوورە .. تا ئەمڕۆش لە تورک زیاتر، هیچ نەتەوەیەکی تر بە شایستەی ژیان نازانن .. تا ئەمڕۆش هەر بەم ئایدۆلۆژییە بۆگەن و رەگەزپەرستییەیان نەوەکانیان گۆش و پەروەردە دەکەن .
تورکیا دەوڵەتێکی مافیایە و، مۆڵگەی تیرۆریستانە .. چەکێکی ئامادەیە بۆ کرێ، رۆڵی پۆلیسی بە کرێگیراوی ناوچەکە دەبینێت .. تورکیا نە ئیسلامییە و نە عیلمانییە، بەڵکو بەڵکو دەوڵەتێکی فاشستی و دیکتاتۆرییە .. تورکیا بە ئاشکرا، لە سوریا و عێراق و لیبیا و میسر بە چەک و بە ناردنی تیرۆریستان و، یارمەتی لۆجستی، یارمەتی داعش و هەموو گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەدا .. لە مانگی رابردوودا، بە توومەتی ئاشکراکردنی تێوەگلانی تورکیا بە پەیوەندی تورکیا لەگەڵ داعشی تیرۆریستیدا و، ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ داعش و گروپە توندڕەوەکان لە سوریا ـ بە ناوی ناردنی کۆمەکی مرۆیییەوە ـ ، هەروەها ئەوەشیان ئاشکراکرد کە بە کڕینی نەوت لە داعش تێوەگلاوە و، تا ئەمڕۆش مەشق بە چەکدارانی داعش دەکا و، تا ئەمڕۆش سنوورەکانی تورکیا واڵان بۆ پەڕینەوەی بە سەدان داعش بۆ سوریا و کوردستان و عێراق، چەند رۆژنامەنووسێکی تورکیا دەزگیرکران، تاوانی ئەوە درایە پاڵیان کە ئەو راستییانە و نهێنییەکانی پەیوەندیی دەوڵەتی تورکیایان لەگەڵ داعش و، گرووپە توند رەوەکاندا ئاشکراکردووە .
بۆ دەوڵەتان و بۆ ئەمریکاش، ئاشکرا بووە، کە تورکیا هاوپەیمانی داعشە و، تورکیا دلنیاترین پردی پەڕینەوەی داعشە بۆ سوریا و کوردستان و عێراق، تورکیا نەوت لە داعش وەردەگرێ و، چەک و تەقەمەنییان دەداتێ و، سیخوڕییان بۆ دەکا و، دەربارەی هێزەکانی پێشمەرگە و یەپەگە، زانیاری بە داعش دەدات .. پەیوەندییەکی بەهێزیش لە نێوان دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی تورکیا ( میت ) دا هەیە و، بە ئاشکراش هاوکاری و هەمەهەنگی یەکتری دەکەن .. گەرچی ئۆردوگان نکووڵی لەم راستییانە دەکا .. بەڵام کورد وتەنی : “‘ بەری تیشکی خۆر بە بێژنگ ناگیرێ ” .. بەڵگەکان سەلمێنراوکان تەنکەرە نەوتەکانی رۆژانە .. بەسن بۆ بێدەنگ بوونی ئۆردگان و، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ داعشدا .. بەڵکو هەندێ سەرچاوە ئەوەشیان ئاشکرا کرد کە تا ئەمڕۆش، تیرۆریستانی داعش و بەرەی نوسرە و تورکمانە توندڕەوەکانی سوریا .. لە مۆڵگە سەربازییەکانی تورکیادا .. مەشقیان پێدەکەن و .. چەکیان دەدەنێ و .. رەوانەی سوریا و عێراقیان دەکەن .. باس لەوەش دەکرێ کە گەورە تیرۆریست ( ئەبو بەکر بەغدادی ) لە تورکیادایە و، لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە زۆر بە وریاییەوە پاسەوانی لێدەکەن .. تا ئەمڕۆش نەخۆش و بریندارە سەختەکانی داعش لە نەخۆشخانەکانی تورکیادا تیمار و چارەسەردەکرێن .. ئباس لەوەش دەکرێ، کە خودی کوڕەکەی ئۆردوگان بە کڕینی نەوتی داعشەوە تێوەگلاوە .
نیازە گڵاوەکانی تورکیا چین لە ناردنی هێزێکی زەبەلاحی سوپا .. بۆ قووڵایی باشووری کوردستان ؟ ئایە ناردنی زیاتر لە سێ فەوجی سەربازی بە چەکی قورسەوە .. بە تۆپی دوورهاوێژ و تانکی گەورە و زرێپۆشەوە .. سەرەک وەزیرانی تورکیا ئەوەشی دەربڕی کە بە نیازن هێزی زەمینی زیاتر بۆ باشووری کوردستان بنێرن .. ئەم هەموو هێز و تۆپ و تانکانە بۆ دەنێرن ..؟! منداڵێکی ساواش بڕوا بەو قسە بێ مانایە ناکا، کە گوایە بۆ مەشق پێکردنی ( الحشد الشعبي ) ی سوننەکان بە سەرۆکایەتی پارێزگاری لە کار لابراوی مووسڵ ( ئەسیل نجێفی ) هاتوون ..؟! ئەوەش راست نییە کە بۆ رزگارکردنی شاری مووسڵ نێرابن .. ئێمە نەزان و گیل نین، باش دەزانین کە چییان لەبن سەردایە.
بێگومان هاتنی ئەو هێزەی تورکیا بەو قەوارەیە، کە لە لەشکرگای ( زیلکـان ) لە قەزای ( شێخان ) لە باکووری شاری مووسڵدا جێگیربووە .. تورکیا نیازی تری لە خەیاڵ و لەبن سەردایە .. پێش ئەوەی بێنە سەر باسکردنی نیازە گڵاوەکانیان .. ئەبێ ئەوەش بزانین، کە ئەمریکا و چەند دەوڵەتێکی کەنداوی عەەرەبی و داعش و لایەنی تریش هەن .. ئاگادارن و، لە پشتی هاتنی سوپای تورکیان بۆ باشووری کوردستان .. تورکیا رێکەوتنی نهێنی لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی کەنداوی عەرەبی و ئەمریکادا هەیە .. ئەم سنوور بەزاندنەی تورکیا .. پێشێلکردنی سەروەری و شکۆی هەرێمی کوردستانە ، پێشێلکردن و سەرپێچیکردنێکی زەقی رێکەوتننەکان و یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە .. هاتنی ئەم هێزەی تورکیا زەنگێکی مەترسیدار و، هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و .. پەیامێکە بۆ حیزبەکانی باشووری کوردستان .
تورکیا ئەم هێزەی وەکو هەڕەشە و خۆپێشاندان و خۆدەرخستن و چاوزەقکردنەوە لە باشووری کوردستان ناردووە .. بە کورتی تورکیا بۆ پاراستنی داعش هاتووە .. نەک بۆ رزگارکردنی مووسڵ و شەڕکردن لە دژی داعش .. گرتنی مووسڵ و شەنگال و کۆبانی لەلایەن داعشەوە، تورکیا نەخشەی بۆ داڕشبوون و، تورکیا چاوساغی بۆ کردن و داعشی جاشەکانیشیان پیلانەکانی تورکیان جێبەجێ کرد .. لە ئێستادا دەنگۆی ئەوە هەیە کە لە ساڵی داهاتوودا شەڕی رزگاردنی ( مووسڵ و فەلووجە و رەمادی ) دەست پێدەکات.. بە دووریشی مەزانن، لەوانەیە تورکیا ئەو هێزەی بۆ ئەوە بۆ نزیک مووسڵ هێنابێت .. تا بتوانن بەرگری لە هەڵهاتن و پاشەکشێی تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ بکەن و .. دووبارە چەکی پێویستیان بدەنێ و، ئارەستەی رۆژئاوای کوردستانیان بکەن بۆ ئەوەی هێڕش بکەنە سەر کانتۆنەکان و ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان لەباربەرن .. ئەو هێزەی تورکیا بەو خەیاڵەوە نێراوە، کە مووسڵ سەربە دەوڵەتی عوسمانی بووە .. دووبارە داگیری بکەنەوە .. بە دووریشی مەازانن، کە لەوێشەوە، سیناریۆییەکی تر دابڕێژێت، توومەتێکی هەڵبەستراو بۆ کورد دروست بکات و، بیانوویەک دروست بکات، بۆ نموونە ناونیشانێکی لەم شێوەیە، بکات بە بیانوو ( پاراستنی تورکمانەکان لە کەرکوک ) و، بەم بیانووەوە هێڕش بکاتە سەر کەرکوک و داگیری بکات و، پاشماویەکی تری عوسمانیمان یا ( ئۆردوگانیمان ) بۆ بەجێبهێڵن .. ئەوەش بڵێت کە کەرکوکێش لەژێر دەسەڵاتای عوسمانییەکاندا بووە و، میراتی دەوڵەتی عوسمانییە .. دەست بەسەر بیرە نەوتەکانی کەرکوک و مووسڵدا بگرن و، بەشێک لە خەونەکەی سوڵتان ئۆردوگان بێتەدی .. مەبەستێکی هەرە سەرەکی تری تورکیا، لە ناردنی ئەوە هێزە بۆ باشووری کوردستان، گەر بۆی بچێتە سەر و جێگیربێت .. دابڕینی باشووری کوردستانە لە رۆژئاوای کوردستان و، لە باربردنی ئەزموونی حوکمڕانییە لە باشوور و لە رۆژئاوای کوردستاندا .. ئۆردوگانیش وەک ئەتاتورک لە ( لۆزان ) ێکی تردا، رێ لە دامەزراندنی ( دەوڵەتی کوردستان ) بگرێت .. ئامانجێکی تری تورکیا ئەوەیە کە هێزێکی زۆرتر بەرێت بۆ باشووری کوردستان و، بە پشتیوانی هێڕشی ئاسمانی هەلێک بڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی هێڕش بکاتە سەر بارەگاکانی گەریلاکانی کوردستان لە چیای قەندیل .. ئەمەیان خەونێکی نەزۆک چونکە ( قەنـدیل ) ی سەرکەش و خۆراگر، سەری دڕندەترین سوپای نایە چاڵ، کە سوپای بەعسی گۆڕبەگۆڕ بوو .. گەر سوپای تورکیاش کەرایەتییەکی وا بکات، چارەنووسی ( جەنـدرمە) خوێنڕێژەکانیان، لە چارەنووسی سەربازەکانی بەعس باشترنابن و .. خۆیان رسوا دەبن و، دەبنە بە پەندی زەمانە .
ئامانجێکی تری سوپای تورکیا بۆ کوردستان، ئەوەیە کە سوپایەکی چەکداری بۆ سوننە عەرەبەکانی عێراق و سوریا دامەزرێنن .. تا بتوانن ناوچەیەکی فیدراڵی یا دەوڵەتێکی سوننی دامەزرێنن و، پارێزگاری لێبکەن .. چونکە تورکیا و سعودییە خۆیان بە پاڵپشت و، بە دەمڕاست و بە مەرجەعییەتی سوننەکان دەزانن .. ئەو هێزەی ئێستای سوننەکان بە ناوی ( الحشد الشعبي ) یەوە، کە لە دەرەوەی شاری مووسڵدا هەیە، بەسەرۆکایەتی ( ئەسیل نجێفی ) بکەن بناغە و، بە ناوکی ( سوپای سوننەیە ) ی خەیاڵیکراوە .
نیازێکی تری لەشکرکێشی تورکیا بۆ باشووری کوردستان، ئەوەیە کە تورکیا ململانێی ئێران دەکات، لە زیاترکردنی نفوزی لە کوردستان و عێراق، دەیەوێ پێگە و سەنگێکی زیاتری هەبێت و، هەر کاتێک بییەوێت وە کو فاکتەرێکی فشار بەکاری بهێنێت .
لە لایەکی تریشەوە، تورکیا دەیەوێت بە بەردەوامی گۆبەن بنێتەوە و، کێشە دروست بکات، تا پاڵپشتییەکی زیاتری ( ناتۆ ) بەدەست بهێنێت .. ئەمەش لە خستنە خوارەوەی فرۆکە روسییەکەدا دەردەکەوێت .. ناتۆش تورکیایان کردووە بە مەقاش و پەنی پێدەدەن .. تورکیا لەسەر چەند گوریسێک یاری ددکا و، سیاسەتێکی دووفاقی پەیڕەوی دەکا .
داواش لە پەڕلەمانتارانی کوردمان لە پەڕلەمانی عێراق دەکەین، کە داوا لە پەڕلەمان و لە حکوومەتی عێراق بکەن، کە بە زووترین کات بۆ ئەم مەبەستە دابنیشن و، دەنگ لەسەر هەڵوەشاندەوەی ( رێکەوتنامەی لەشکرکێشی ) ی نێوان عێراق و تورکیا هەڵبوەشێننەوە .. کە لە کاتی سەدامی گۆڕبەگۆڕدا واژۆکراوە .. بەپێی ئەو رێکەوتنە سوپای تورکیا بۆی هەیە بە قووڵی (٢٠) کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی باشووری کوردستان، بە بیانووی بە گژاچوونی هێزەکانی پێشمەرگە، سنوور دەستکرد ببەزێنن .. ئەگەر ئەم رێکەوتنە سەربازییە هەڵنەوەشێتەوە .. هەموو جارێک تورکیا رێکەوتنەکە دەقۆزێتەوە و سنوور دەبەزێنێت .. تورکیا تا ئێستا بە دەیان جار، بە بیانووی هێڕشکردنە سەر بارەگاکانی گەریلاکان لە قەندیل، بە تازەترین فڕۆکەی جەنگی ( ئیف شانزە) و بە تۆپی قورسی دوورهاوێژ .. بە دەیان منداڵ و ژن و پیا و و خەڵکی سڤیلی گوندنشینەکانی باشووری کوردستانیان شەهید کرد .. چەندین گوندیان وێرانکرد، چەندین باخ و رەز و پاوەن و دارستانیان سووتاند .. چەندین پرد و قوتابخانەیان وێرانکرد .. ئەی ئەم کارە دڕندانانەی تورکیا کە بەرانبەر بە خەڵکی بێتاوانی کوردستان ئەنجامیان دان و، تا ئەمڕۆش بەردەوامن لێی .. ناچنە چوارچێوەی تیرۆرەوە .. ؟! تەحەدا دەکەم، کە تا ئیستا تورکیا، تەنها بۆ جارێکیش هێڕشێکی ئاسمانی، یا تۆپ بارانی مۆڵگەکانی داعشی کردووبێت .. بەڵام روژ نییە، کە بۆردوومانی باشووری کوردستان نەکات و، پەلاماری شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان نەدا و .. چالاکوانانی کورد تیرۆر نەکات .
پێویستە لەم لەشکرکێشییەی سوپای تورکیا بێدەنگ نەبین و .. و رق و ناڕەزایی خۆمان دەربڕین .. لە شارەکانی کوردستان و لە هەندەراندا، خۆپێشاندانی ناڕەزایی سازبکەین و .. داوابکەین کە بە زوترین کات تورکیا ئەو هێزەی لە باشووری کوردستاندا بکێشێتەوە و .. دەست لە تاوان و کارە قێزەوەنەکانیان دەرهەق بە گەلی کوردمان بهێنن .. واز لە خوێنڕشتن و، زۆرداری و، ستەمکاری و، داگیرکردن بهێنن.
زۆریشم پێ سەیرە، کە تا ئەمڕۆش نە حکوومەت و، نە پەڕلەمـانی هەرێمی کوردسـتان ــ پەڕلەمـانی سـڕبوو ــ کۆنەبوونەتەوە، بۆ ئەوەی بە فەرمی .. ناڕەزایی و تووڕەییان دەربڕن و، بە فەرمییش داوا لە حکوومەتی تورکیا بکەن .. کە یەکسەر هێزەکانیان لە باشووری کوردستان بکێشنەوە .. ئەم بێدەنگییەش مایەی شەرمەزارییە بۆ حکوومەتی و بۆ پەڕلەمانی هەرێمی کوردسـتان .
رەزا شوان