هۆلۆکاستێک بوو بە هەوێنی سەربەخۆیی نەتەوەیەک… بەڵام … حەسەن ئەهوەن
کارەساتی سامناک و جینایەتکارانەی هۆلۆکاست کە لە جەرەیانی شەری دووهەمی جیهانی لە لایەن حیزبی نازیستی هیتلێر دەرحەق بە نەتەوەی یەهوود لە ئاڵمان و لهێستان و هێندێک وڵاتانی ئوروپای شەرقی و غەربی کرا و بە میلیونان جوولەکەیان هەر لە منداڵی ساوا تا پیری پەککەوتە سووتاند و کوشت و بە کۆمەڵ زیندە بەچاڵ کرد کە دواتر لە لایەن کۆمەڵی نێونەتەوەیی بە دڕندانەترین ژینۆسایدی مێژوو ناسرا. جگە لە کۆماری ئیسلامی شیعەی سێزدە ئیمامی ئێران کە هۆلۆکاست بە درۆ و دروستکراو دەزانێ، هەموو دونیا نیفرەت و بێزاری و هاودەردی خۆیان دەگەڵ ئەو کردەوە وەحشیانەیەی نازێکانی هیتلێری دەربریوە. تەنانەت نەتەوەی عەرەب کە دژبەری نەتەوەی یەهوودە و کێشەی سیاسی قووڵیان هەیە، حاشا لە هۆلۆکاست ناکەن.
دوای شکستی نازێکانی ئاڵمان و فاشیستە هاوپەیمانەکانیان و رەوینەوە و هێور بوونەوەی مەترسی لە ئوروپا، رووداوی هۆلۆکۆست هۆکارێکی سەرەکی بوو یەکەم، بۆ یەکگرتن و یەکدەنگی هەموو باڵەکانی سیاسیی ئەوکاتی نێو جوولەکەکان بە چەپ و راستەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و خێراتر کردنی سەرکەوتن بەرەو ئامانجی کیان و سەربەخۆیی. دووهەم کردنەوەی کاناڵەکانی بە هێزی دیپلۆماسی و لۆبێکان لە دەرەوە بە دەنگ و رەنگێک. سێهەم پێکهێنانی یەک هێزی بەرگری نیشتیمانی بە هێز لە ژێر تەنیا یەک ئاڵا و دروشمی نەتەوەیی دا. ئاکامەکەشی سەربەخۆیی و بەرە بەرە بە هێزی دەوڵەتی ئیسرائیلی لێکەوتەوە بە شێوەیەک کە هێرشی نیزامیی گەلەکۆمەگی بیست وڵاتی عەرەبیان لە شەش رۆژ دا لە کۆتایی دەیەی ٦٠ی زایینی بە شکست ئەعراب و سەرکەوتنی ئیسراییل کۆتایی پێ هێنا.
کورد و کوردستان کە بە درێژایی مێژووی چەند سەت ساڵە بە دەیان و سەدان ژینۆساید و کارەساتی لە لایەن ئیمپراتۆرێکانی ئیسلامی سوننە و شیعە لە دەورانی عوسمانێکان و سەفەوێکان و دواتریش هەر چوار وڵاتی داگیرکەرەوە بە سەر هاتووە، ئێستاشی دەگەڵ بێ بەو جۆرەی مێژوو و ئەزموون دەخوازێ، نەقۆزراوەتەوە، هیچ، بەڵکوو کێشەکانی قووڵتر کردۆتەوە. یەکەم موعامیلە لە سەر کوردان لە دەورانی فەرماندەیی سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبی کە سەرکردەیەکی موسوڵمانی کورد بوو و عەرەب و ئیدۆلۆژی ئیسلام لە قودرەتی بە هێز و فەرماندەیی ئەو بۆ هەڵاییساندنی شەری سەلیبی کەڵکی لێوەرگرت و کوردیان کردە کەوا سووری پێش لەشکرێ و پاشان سەربەخۆیی زۆربەی نەتەوەکان و دەوڵەتی لێکەوتەوە جگە لە کورد…. بە واتایەک ئیسلام سەربەخۆیی و دەوڵەتی بۆ زۆربەی ئەو نەتەوانەی دەوروبەر بە حەڵاڵ زانی جگە لە کوردان و خاکی کوردان…. و سەلاحەدینیش کە کوردی بابان بوو دەگەڵ دمراستەکانی دونیای ئیسلامی عەرەب هاورا بوو و حەپەی لێنەهات.
لە دەورانی دەسەڵاتداری چەندین سەت ساڵەی شیعەی سەفەوی لە ئێران، یەکەم ژینۆسایدی کوردان دەستی پێکردوو و بە سەت هەزاران کوردیان بە هۆکاری سیاسی و نەتەوەیی یەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئارارات بۆ دەراوی ئییالەتی خوراسان و دەورووبەر گوازتەوە و لە زیدی باب و باپیرانیان دەر کردن کە هەم لە نفوز و نفوسی کورد کەم کەنەوە و هەم ئاڵووگۆر بە سەر ئەقڵی نەتەوەیی و ئایینی یان دا بێنن…. ئەمیرانی بابانی کورد هەر کامەو سەر بە دەسەڵاتێکی شیعە و سوننەی سەفەوی و عوسمانی بوون و دژی خاک و نەتەوەی خۆیان لەشکرکێشیان دەکرد…. شۆڕشەکانی یەک لە دوای یەکی شێخ رەزای درسیم و شێخ سەعیدی پیران و سمکۆی شکاک و شێخ مەحموودیش هەر کامە و بە چەندین کارەساتی بە سەرهاتوو دا بە ناکامی تێپەڕی…. تەنیا ئاسۆیەکی روون کە لە مێژووی هەمووی کوردستان دا بەری حەفتا ساڵ لەمەوبەر کە کۆمەڵەی ژێ کاف هەوێنی بوو، هەلی هەڵکەوتوو بە زانایی و لێهاتوویی رێبەری هەڵکەوتووی پێشەوای کورد قازی مەحەممەد لە میانەی شەری دووهەمی جیهانی دا، قوزترایەوەو بۆ یەکەم جار کورد بۆ ماوەی ١١مانگ و بیست رۆژ تامی سەربەخۆیی و بەختەوەری چێشت. هەر چەند پانتایی جوغرافیای کوردستانی سەربەخۆ کەم بوو بەڵام چرا و هیوایەکی گەش بوو ئەگەر مەودا درابا و سوڤیەت وەک زلهێزی مەترەحی دونیای ئەو کات پشتی بەرنەداباو لانی زۆری خان و ئاغا و سەرۆک عەشیرەتەکان پشت لە کۆمار و روویان لە دوژمن نەبا و هەر وەک بارزانێکان کە وەک دوو کۆڵەکەی بە هێزی پاراستنی کۆمار بوون، ئەوانیش بە هەموویان دوو کۆڵەکەی تری پاراستن بان، ئێستا هەر خاوەنی ئەو کیان و سەربەخۆیی یە دەبووین بە پانتایی کوردستانێکی فرە گەورەتر.
ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە، لە سایەی شەڕی کەنداوەوە و ئاڵووگۆڕەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەراست، چەندین هەلی هەڵکەوتوو بۆ کورد کە سەرزەوێکەی لەو بەشە جوغرافیایە کەوڵکەوتووە، و بەشی باشووری کوردستانە و بەقەت هەموو بەشەکانی دیکەی کوردستان بە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی نەتەوەیی کارەسات و نەهامەتی و ئەنفال و کیمیا باران و ژینۆسایدی بە سەر دا هاتووە، رەخساوە و هاتۆتە پێش زۆر بە سووک و هاسانی، کە بە داخەوە لە بەر، خۆ خۆیی و زاڵ بوونی ئەقڵییەتی شاخ بە سەر شار دا و لە داخی بنەماڵەیەکی کە لە حەقیقەت و ناوەرۆک دا سەرهەڵدانی شۆڕشی نەتەوەیی کورد و زیندوو راگرتنی کورد لە باشوور بە شاهیدی مێژوو لەوانەوە سەرچاوە دەگرێ، حازرن بە خراپترین شێوە ببنە پاشکۆی دوژمنی سەرسەخت و بە ئەزموون لە فێڵبازی، بە تایبەت دژ بە مافی کورد هەم لە بواری نەتەوەییەوە و هەم ئایینێ یەوە… حازرن هەموو دەسکەوتە لەبارەکانی کورد کە دونیای غەرب و زلهێزی دونیایە کە ئەورۆ لە سەر ئەو باوەرەن ئەو ناحەقییانەی دەرحەق بە کورد لە مێژوو دا لە لایەن ئەوانە کراوە دەبێ قەرەبوو بکرێتەوە، کەچی بەشێک بۆ سەرنەگرتنی ئەو ئامانجانەی کورد هەر روو و پرس و رایان لە وەحشی ترین و جینایەتکارترین دوژمنی نەتەوەی کورد واتە حکومەتی درێژەدەری رێچکەی سەفەوێکانی ئێرانە…. و بوونە مەدداح بۆیان کە گوایا تەنیا ناجی کورد، حکومەتی ئیسلامی ئێرانە…. ئەحزاب و رووناکبیرەکان و میدیا ئەهلی یەکان رۆڵی زۆر نیگاتیویان وەک ئوپۆزیسیون لە خۆ نیشان داوە و لە جێی ئەوەی ئۆپۆزیسیونی چارە ساز و پۆسێتیو بن، دوژمنایەتیی لایەنێک دەکەن بە بیانووی بنەماڵەیەک کە بە کردەوە تەنیا ئاڵاهەڵگری مافی نەتەوەیین و بە خاتری دژایەتیی و ناخۆشەویستیی حکومەتی شیعەی ئێران، دوژمنایەتیی ئەو هەرێمەی دەکەن کە ئەو بنەماڵە و پارتەکەیان لە سایەی خوێنی سەدان هەزار شەهید دا وەک هەموو لایەنەکانی دیکە لە بەرێوەبردنی دا بەڵام بە هەستی نەتەوەیی تێی دا بەشدارە و بە وۆشیاری و هەستیارێوە چاوەدێری دەکا…. هێزەکانی باکوور و رۆژئاواش لە هەل و هەلوومەرجەکانی پێشهاتوو، بە دەخالەتی راستەوخۆی حکومەتی شیعەی ئێران، زەرەرمەند بوون. لە سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەیان دا هێنانی ناوی کۆماری ئیسلامی بڤەیە و بە کردەوەیان را دەکەونە بەرەی ئێرانەوە. کاتێک هادەپ بە هەشتا کورسێوە سەر لە سندوقی دەنگدان دێنێتە دەر و داوای بەشداری حکومەتی لێدەکرێ بە چەند وەزیرەوە، حکومەتی ئیسلامی ئێران، راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ کە ئەوە بە مەترسێکی زۆر گەورەو سەرکەوتنێکی لە بار بۆ کوردانی باکوور دەزانێ، شوێندانەری دوژمنانەی خۆی بە هاندانی بەشێک لە رێبەرانی سەربە خۆی و ئایینی خۆی لە شاخ هان دەدا بۆ دژایەتیی هەر چەشنە ئیئتیلافێک و سازیشێک کە بێ شک لە قازانجی کوردی باکوور دەکەوتەوە…. هەروەها هێنانە گۆڕی تێز و سەفسەتەی رەد کردنەوەی ” دەوڵەت نەتەوە ” ش لە ئامانجەکانی هەر چوار دوژمنی داگیرکەری کوردە بە تایبەت حکومەتی شیعەی ئێران کە عەمەلەن هەوساری شیعەکانی دەسەڵاتداری سوریە و عێراقیشی بە دەستە…. زڵهێزی باکووری کوردستان، پێیوایە خەبات و تێکۆشانی هەموو پارچەکان دەبێ راوەستێ و لە ژێر فەرماندەیی و بیری ئەوان دا، رووی چەک و خەبات تەنیا لە دەسەڵاتدارانی تورکیە بێ!. چۆن تەنیا تورکان بە دوژمنی نەتەوەی کورد دەزانن. بەرخۆدانی رۆژئاوا لە کۆبانی و ئەو بەشە لە کوردستان وەک ئیفتیخار و شانازی و خۆراگری کورد کە بۆ یەکەم جار تەواوی دونیا بە رێزوە باسی لێدەکا و لێی ئاگادارەو یارمەتیی جەنگی داوە و خۆی بە قەرزداری دەناسێ و چووە ناو مێژووی نێونەتەوەییەوە، هاوکاری و بەشدار بوونی هەموو پارچەکانی لێکەوتەوە و بۆ یەکەم جار هێزی دەوڵەتی کوردی بە فەرمی بەشداری ئەو سەرکەوتنە بە سەر ئیسلامی وەحشی داعشی داگیر کەر دا کە دەوڵەتی تورک لە پەناوە گەورەترین یارمەتیی داعشی بە دژی کوردان داوە، لە فورسەتە هەڵکەوتوەکانی مێژوویی یە ئەگەر هێزی دەسەڵاتداری کورد لە رۆژئاوا بە سەربەخۆیی سیاسی خۆیان و لە بەرەی غەرب دا تێکۆشانی بەردەوام و هاوئاهەنگ بکا، بێ شک لە قازانجێ دا دەبن و تووشی هەرەس و داکەوتن نایەن.
هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە دوو دەیەیە بە خاتری پاراستنی بەرژەوەندی یەکانی نەتەوەیی هەرێمی باشووری کوردستان وێڕای زۆرێک ناو و ناتۆرە و بێ حورمەتی و لەشکرکێشی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چاوساغی لایەنە دۆستەکانیان لە باشوور و هەروەها تێرۆری سەدان کادر و ئەندام و لایەنگر و دانێشتووی سەر بە هێزە سیاسی یەکانی رۆژهەڵات لە مەڵبەندی پارێزگای سولەیمانیە و لە ژێر چاوەدێری هێزەکانی کوردیی دەسەڵاتداری ئەو مەڵبەندە بۆ خۆش خزمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، مایەی زۆریان لە خۆیان داناوە.
بە سرنج دان بەو هەلوومەرجە لەبار و مێژوویی یەی کە لە چەند ساڵی رابردوو دا بۆ کورد رەخساوە و گەورە زلهێزەکانی بریاردەری چارەنووسی نەتەوەکان، کە هەنووکە یارمەتیدەر و پشتیوانی کوردانن و کورد وەک تاکە نەتەوەی هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە کردەوە روحی دێمۆکراتی و مرۆڤدۆستی بە هەموو دونیا نیشان داوە، کەچی چەند لایەنێک لە کوردی باشوور و باکوور، کەوتوونە بەرەی سەفەوێکانی ئیمپراتۆریخوازی شیعەی ئێرانەوە کە ماکەی هەموو کێشە و گرفتەکانی ناوچەیی و دەرەکی یە و هۆکارن بۆ بە تەنگەژەکێشانی کێشەی کورد. تا ئێستا دەرەتانی دامەزرانی ستاتۆیەکی ستراتێژی بۆ کورد لە بەر کێشە دروست کراوەکانی نێوخۆیی بە هۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە رێگا پێ نەدراوە…. مخابن کۆی هەمووی ئەو کارەسات و نەهامەتی یانەی بە سەر کورد لە لایەن دوژمنەوە هاتووە و هەر کامەی لە جێی خۆی هۆلۆکاسێکن، ئێستاش بە کاڵی و واڵی ئەزموون دەکرێ……..
بەو هیوایەی هەموو هێز و لایەنە چارەنووس سازەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، گرینگترین هەلی مێژوویی پێکهاتووی ئەورۆ کە لە مێژووی کورد دا بە دەگمەن بووە کە گەورە زلهێزەکانی دونیا ئاوڕیان لە کوردستان داوەتەوە تا درەنگ نەبووە لە دەست نەدەن و بیقوزنەوە و بە یەک دەنگ و یەکرەنگ و یەک ئاڵا هاوکات دەگەڵ دەنگی دونیای پێشکەوتوو و مرۆڤایەتیی، خۆیان رووسووری مێژوو و نەوەکانی حەساوەی داهاتوو لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ و پێشکەوتوو و سکۆلار دا ببیننەوە……