خالید عەزیزی: ئەوروپا و ئەمەریكا دۆسیەیەكیان بە ناوی كوردی ئێران نەكردووەتەوە. وشە/ كاوە جەم

دوو دیموكراتەكان كۆتایان بە گفتوگۆ و دانوستانی نێوانیان بۆ یەكگرتنەوەیان هێناوە. خالید عەزیزی سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان ، باسی لە وردەكاریی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ حكوومەتی ئێران دەكات و چەند پەیامێكیش بۆ ریفۆرمخوازانی ئێران و چالاكانی كوردی ناوخۆ دەنێرێت. عەزیزی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ “وشە”، باس لە گۆڕانكارییە ناوچەییەكان دەكات و دەڵێ، “ئەوروپا و ئەمەریكا دۆسیەیەكیان بە ناوی كوردی ئێران نەكردووەتەوە”.

دوا هەوڵەكان بۆ تێكەڵبوونەوەی دوو دیموكراتەكە چی لێ هاتەوە؟ دەتوانین بڵێین ئیتر تێكەڵ نابنەوە؟

سەرەڕای چەندین دانیشتن، تا ئێستە بەئەنجامێك نەگەیشتووین. پاش ئەوەی دەفتەری سیاسیی هەردوولا راپۆرتیان بە كۆمیتەی ناوەندی خۆیان داوە، دەركەوت كە هەردوو لای دیموكرات خوێندنەوەی جیا و دووریان لە پێناسەی یەكگرتنەوە و میكانیزمەكانی هەیە. هیوادارم هەردوولامان لە كۆنگرەی داهاتووی خۆماندا چارەیەك بدۆزینەوە.

كێشەی یەك نەگرتنەوەی دیموكراتەكان، تەنیا هۆكاری ناوخۆییە یان حزبەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت یەكێتی و پارتی كاریگەرییان لەسەر هەیە؟

كێشە و لەتبوونەكانی حزبی دیموكرات لە دەیان ساڵی رابردوودا، خەتای رێبەران و كادر و ئەندامانی حزب بووە. با ئێمە خەتاكان نەخەینە سەر لایەنەكانی تر. حزبەكانی هەرێم لەو چەند ساڵەدا بە پەرۆش بوونە بۆ یەكگرتنەوەی ئێمە. دیسان هەر خەتای خۆمانە كە ناتوانین یەك بگرینەوە نەك ئەوان. بە داخەوە ئێمەی كورد فێرین ئۆباڵی شكست و سەرنەكەوتنەكانمان بخەینە سەر شانی خەڵكی تر.

دیموكرات بوو بە دوو حزب و كۆمەڵەكانیش بەسەر چەند حزبێكی تردا دابەش بوون، ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات بۆ بەو شێوەیان لێ بەسەر هاتووە؟ بۆ رۆژهەڵات لە نێو هاوكێشە ناوچەییەكاندا نییە؟

ئەوە گەورەترین پرسیارە كە رووبەڕووی هەموو حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات و رێبەرانی دەبێتەوە و گەورەترین تەنگژەیە، وەڵامی ئەو پرسیارەیە.

چەند كەسێك دووپاتیان كردووەتەوە كە شۆڕش لە رۆژهەڵاتی كوردستان نەماوە، ئایا ئەوە نیشانەكانی نین؟

ئەگەر بڕیار بێت شۆڕش تەنیا پێوەندی بە چالاكیی سەربازییەوە هەبێت، پێم وایە پێناسەیەكی باش نییە. بە بۆچوونی من خەبات فرەڕەهەند و هەمەچەشنە، ئەگەر بەو شێوەیە سەیری بكەین، لە نێوخۆی وڵاتدا ئێستەیش هەستی كاركردن بۆ شۆڕش و كوردایەتی بۆ مەسەلەكە سەرەڕای پاڵەپەستۆی زۆر و ئەشكەنجە و زیندان، بەردەوام كەم و زۆر دەچێتە پێشەوە. هەر كەسێك بڵێ خەبات و تێكۆشان لەوێ نەماوە، زۆر لە هەڵەدایە.

ئەی بۆ رۆژهەڵات لە نێو هاوكێشە ناوچەییەكاندا نییە؟

لە راستیدا دەبێ ئێران لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوە تووشی كێشە بێت و ئێمەش ببین بە فاكتۆرێك. ئەگەر لەگەڵ سێ پارچەكەی تری كوردستاندا بەراوردی بكەین، بێگومان كوردستانی ئێران ئەو بارودۆخەی نییە. سەرەڕای خەبات و تێكۆشان و بوونی بەرچاوی پێشمەرگەكانی دیموكرات و خەباتی مەدەنی خەڵك لە نێوەخۆی وڵات، دەبێ ئەو راستییە قبووڵ بكەین كە شەڕ و بەربەرەكانی لەگەڵ وڵاتێكی وەك ئێران كارێكی زۆر ئاسان نییە. ئێمەی حزبەكانی رۆژهەڵات كە لە باشووری كوردستان نیشتەجێین، بێ گیروگرفت نین و تەنگژەی خۆمان هەیە، لە یەكگرتنەوەكان سەركەوتوو نەبووینە، نەمانتوانیوە گوتارێكی یەكگرتوو دروست بكەین، نەمانتوانیوە بەیەكەوە ئەدرەسێكی باشتر بۆ مەسەلەی كوردی ئێران بە دنیا بناسێنین.

ئێوە باس لە بەردەوامی شۆڕش دەكەن، بەڵام بۆ نموونە چیتان بۆ كوردانی شیعە لە ئیلام و كرماشان كردووە بۆ ئەوەی پێناسەی خۆیان هەبێت؟

لەبەرئەوەی حزبی ئێمە بە شێوەیەكی ئاشكرا و یاسایی لە نێوخۆی وڵاتدا نییە، كاریگەرییەكانمان سنووردارن، بەڵام بەو پێیەی میدیای كوردی باس لەو ناوچانە دەكەن و ئێمەیش كار بۆ ئەو ناوچانە دەكەین، بە بەراورد لەگەڵ رابردوو پارێزگەی ئیلام زۆر گۆڕاوە. لە كرماشانیش هەرچەند ئێران دەیەوێ سوود لە كێشەی شیعە و سونە وەربگرێ و ناسیۆنالیزمی كوردی تێدا بەهێز نەبێت، مەسەلەكە هەر بەردەوامە.

پەكەكە دووپات دەكاتەوە كە چالاكی و كاریگەرییان لە كرماشان و ئیلام هەیە، لەسەر ئەو مەسەلەیە گفتوگۆی هاوبەش یان هاوئاهەنگیتان هەیە؟

ئێمە لەسەر خەباتی هاوبەش بۆ كوردستانی ئێران لەگەڵ پەكەكە هەرگیز قسەمان نەكردووە، چونكە پەكەكە حزبێكی رۆژهەڵاتی نییە و حزبێكی باكووری كوردستانە و شوێنی حزبایەتیشیان دەبێ ئەوێ بێت.

ئێوە ئەو چاوەڕوانییەتان هەیە، بەڵام ئەوان بە واقیعی بوونیان هەیە، تا كەی ئێوە دەتانەوێ لەو لێدوانە كڵێشەییانە بەردەوام بن؟

بوونی پەكەكە و جموجۆڵیان لە سنوورەكانی كوردستانی ئێران، بەو مانایە نییە كە كوردی ئێران، پەكەكە بە هی خۆیان و كوردستانی ئێران دەزانن. دەربڕینی هاوخەمی و هاونەتەوەیی كوردی ئێران لەگەڵ پارچەكانی تر بەو مانایە نییە كە كوردی رۆژهەڵات حزبی خۆیان واتە حزبی دیموكراتییان وەلا ناوە و بە دوای حزبی پارچەیەكی تردا كەوتوون.

زۆر قسە لەسەر ئەوە دەكەی كە كار لە نێو ئێراندا بكرێت، خۆت پێوەندیت لەگەڵ پەرلەمانتارە كوردەكان و چالاكانی ناوخۆدا هەیە؟

هەوڵم داوە بە گوتار و پەیامەكانی خۆم، هەم بە ریفۆرمخوازانی ئێرانی و هەم بە چالاكانی سیاسی و مەدەنیی كورد لە نێو خۆی وڵات بڵێم كە بازنەی پێوەندییان لەگەڵ یەكتردا بەهێز بێت. هەروەها لە نێوخۆی كوردستاندا كێشە و ناكۆكییەكان بەلاوە بنێن. كورد لە نێوخۆی وڵاتدا لە نێو بەرەی توندڕەودا (خامنەیی و سوپای پاسداران) ناتوانێ دۆست پەیدا بكات، بەڵام دەتوانن لەگەڵ بەرەی میانڕەو و ریفۆرمخوازاندا پێوەندییان هەبێت. لەو رووەوە هەوڵم داوە پەیامەكە بە خەڵكی نێوخۆ بگات و حزبی ئێمەیش هەوڵی داوە بە جۆرێك ئەدرەسی ئەوە بێت و پاڵپشت و یارمەتیدەری ئەو دوو جۆرە چالاكییە بێت.

بەم زووانە هیچ كۆبوونەوەیەكتان لەگەڵ ئێراندا هەبووە؟

ئەگەر مەبەستت وتوێژ لەگەڵ ئێران بێت، زیاتر لە دوو ساڵە هیچ وتوێژێك و دانوستانێك لە نێوان ئێمەدا نییە.

بۆ؟

چۆنكە حكوومەتی ئێران داوای وتوێژی لە ئێمە نەكردووەتەوە.

لەو كۆبوونەوانەدا داوای ئێوە و حكوومەتی ئێران چ بووە؟

ئەوان بە دوای لێكدانەوەی ئێمە لەسەر دۆخی ئێران و كورد و ناوچەكەدا دەگەڕان. دەیانویست بزانن ئەگەر رۆژێك خودی ئێران كێشەی كورد بە رەسمی بناسێ، چارەسەرییەكان چین. پێم وایە جێگە و پێگەی باشی هەرێمی كوردستان، خەباتی كورد و دانوستانەكانی توركیا لەگەڵ كورد، دوخی حاشاهەڵنەگری كورد لە سورین، وای كردووە كە بۆ ئێران زۆر ئاسان نەبێت بەردەوام سیاسەتی رەتكردنەوە درێژە پێ بدات.

داوای ئێوە چ بوو؟

داوای ئێمە زۆر روون بوو. ئێمە بەدوای رێگەچارەدا دەگەڕاین و بۆ ئەمەیش دەبێ شتی دیاریكراو بگوترێت. داوای یەكەممان، دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بوو. دووەمیش ئەوەبوو كە نە ئێمە ئێوەمان پێ دەڕووخێ و نە ئێوەیش دەتوانن ناچارمان بكەن لە داواكانمان پاشگەز ببینەوە، كەوایە هەردوولامان دوو ئەمری واقیعی گۆڕەپانەكەداین و دەبێ بەدوای چارەدا بگەڕێین. سێیەم، چارەسەركردنی كێشەیەكی یاسایی و مافخوازانە، لە ژوورەكانی سوپای پاسداران و ئیتڵاعاتدا جێبەجێ نابێت، بۆیە بیدەنە ژوورە مەدەنییەكانی نێو حكوومەت. چوارەم، بە گشتی كورد متمانەی بە ئێوە نییە و بۆ ئەوەی ئەوە نەمێنێ، هەنگاو بنێن و خەڵك بەو رێژە زۆرە زیندانی مەكەن، ئیعدامەكان رابگرن، گوشارە تەناهییەكان لە كوردستان كەم بكەنەوە و بە چاوی تەناهی، سەیری كوردستان مەكەن و لە پەنجەرەیەكی ترەوە سەیری بكەن كە رەنگە بە تێپەڕبوونی كات ئەو شتە دەروونییانە بڕەوێنەوە و زەمینە خۆش بكات.

كۆبوونەوەكان لەسەر داوای ئێوە بوون یان ئەوان؟

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی ئێران.

لەسەر مەسەلەی كورد، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران قسەتان كردووە؟ پێت وا نییە كێشەی داهاتووی كورد لەگەڵ ئەو ئۆپۆزسیۆنەیە؟ بەتایبەت پانئێرانیستییەكان.

عەقڵییەتی پان ئیرانیستی لە نێو هەموو لایەنەكانی ئێراندا بەهێزە. ئەوان لەوە نیگەرانن كە بە هۆی مەسەلەی كوردەوە، داهاتووی ئێران بكەوێتە مەترسییەوە. پەیامی ئێمە ئەوەبوو كە حزبی دیموكراتی كوردستان بەداوی چارەسەركردنی كێشەی كوردە لە نێو ئێراندا. كێشە لە نێو ئەو دوو خوێندنەوەیە هەیە، خوێندنەوەیەكی پانئێرانیستی و خوێندنەوەی بەشداریكردن كە لەلایەن ئێمەوەیە.

ئەو ئۆپۆزسیۆنە توانیویەتی یەكگرتوو بێت و گوشار بۆ ئێران بێنێت؟

ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی زۆر پەرتەوازەیە و سەركەوتوو نەبووە تا بەدیلێك لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامیدا دروست بكات و نەبووە بە ئەدرەس بۆ خەڵك. ئێران توانیویەتی بەرەی دژی خۆی بە تەواوی پەرتەوازە بكات. بەڵام خەبات و تێكۆشانی مەدەنی ئێستەیش كەم و زۆر لە ئێران بەردەوامە.

ئەی ئێوە بیرتان لەوە كردووەتەوە بەرەیەكی هاوبەش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی پێك بێنن؟

كاتێك دوو لای دیموكرات پێك نایەن، چۆن دەكرێ بەرەیەك بۆ كوردی ئێران دروست بكەیت. كاتێك بەرەیەكی كوردی بە گوتار و پڕۆژەی هاوبەش بوونی نەبێت، زۆر ئەستەمە بكرێ بەرەیەكی هاوبەش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران دروست بكەین.

بۆچوونی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكایی لەسەر مەسەلەی كوردی رۆژهەڵات چۆنە؟

وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمەریكا كە دێنە سەر مەسەلەی كورد لە ئێران، لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی خۆیان لەگەڵ تاران، ئاوڕ لە مەسەلەی كورد دەدەنەوە. ئێستەیش كە ئێران و ئەمەریكا رێك كەوتوون و تەنانەت ئەگەر بە رووكەشیش بێت ئێران لە بەرەی دژ بە داعشدایە، وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمەریكا لەگەڵ ئەوەی لە كێشەی كوردی ئێران ئاگادارن، بەڵام خۆیان لەو دۆخەدا نابینن كە لەسەر مەسەلەی كورد، كێشەیان لەگەڵ ئێراندا هەبێت یان گوشاری بۆ بێنن. داواكانی ئێمە دەخەنە ناو چوارچێوەی مافی مرۆڤ لە هەموو ئێراندا. ئەوان تا ئێستە دۆسیەیەكیان بە ناوی كوردی ئێران نەكردووەتەوە.

كەوایە هاتنی رووسیا بۆ نێو كێشەكانی ناوچەكە، قورسایی ئێرانی زیاتر و هاوكات پاشەكشەی بە مەسەلەی كوردی رۆژهەڵات كردووە؟

بێگومان هاتنی رووسیا لە بەرژەوەندی ئێرانە و كەس ناتوانێ رۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا لەبەرچاو نەگرێت. لانی كەم لەبەرئەوەی داهاتووی ئێران تا ئێستە نەبووەتە باس و كێشە، بۆیە زۆر ئاساییە كە مەسەلەی كوردی ئێرانی لە دەستووری كاردا نەبێت.

ئەوە بەو مانایەیە كە گۆڕانكارییە ناوچەییەكان لە بەرژەوەندیی رۆژهەڵاتی كوردستاندا نییە؟

مەسەلەی كورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئێستە زۆرتر لە پێوەندی لەگەڵ داهاتووی عێراق و سووریا و شەڕ لە دژی داعش پێناسە دەكرێت. سەركەوتنی كورد لەو بوارانەدا و لە درێژخایەندا زۆر بە قازانجی كوردی ئێرانیش دەبێت.

بەردەوام باس لە گوتاری نوێ دەكەی بۆ رۆژهەڵات، ئەو گوتارە چییە و دەتەوێ چ بكرێت؟

گرفتێكی ئێمە ئەوەیە كە ناتوانین واقعییەت بەو جۆرەی هەیە، قبووڵ بكەین. پێویستە پێداچوونەوە بە خوێندنەوەمان لە ئێران بكەین. جێگەی خۆیەتی دوای 35 ساڵ خەبات و تێكۆشان لە دژی ئێران، با بوێریمان هەبێت ئاوڕدانەوەیەك بە شێوەكار و دروشم و سیاسەتەكانی خۆماندا بدەینەوە و بزانین لە كوێ وەڵامی نەداوەتەوە و بۆ؟ وەڵامی ئەو پرسیارانەیش تەنیا لە نێو ئەندامانی حزبەكاندا نییە. دەبێ ئەو باس و پرسیارانە بخەینە ناو كۆمەڵگەی كوردیی كوردستانی ئێران و لە رەهەندێكی بەرفراوانتردا بەداوی وەڵامدا بگەڕێین. هەڵسەنگاندنێك بۆ دۆخی خۆمان بكەین. دەبێ داهاتووی خۆمان بخەینە ناو بازنەی ئاڵوگۆڕەكان لە نێوخۆی ئێراندا، بۆ گوتارێكی ئارام و مەعقوول لە نێوخۆی كوردستانی ئێراندا. دەبێ ئەو قبووڵ بكەین كە مانەوەی زۆری حزبەكان لە باشوور و دووركەوتنەوە لە ژیان و كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی كوردستان و سەرباری ئەوانەیش شوێنەواری لەتبوونەكان، زۆری زیان بە ئێمە گەیاندووە.

دەبیتەوە سكرتێر یان نا؟

بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب، هەر كەسێك بۆی هەیە دوو خول ببێتە سكرتێر، بۆیە جارێكی تر ناتوانم ببمەوە سكرتێر.

ئەی ئەگەر پەیڕەوی ناوخۆ بگۆڕن؟

ئێستە لە سەروبەندی كۆنگرە باسێكی لەو بابەتە لە نێو ئەندامانی حزب لە ئارادایە، بەڵام ئەگەر تەنیا لەبەر من بێت، هەرگیز قبووڵی ناكەم.