تابلۆی زمزیران دیاری هونەرمەندی دەست ڕەنگین و نیگارکێشی بە توانا کاک ناسر قازی‌زادە

ئەوانەی لە نزیکەوە کاک ناسر قازی‌زادە دەناسن شاهیدی بۆ کوردبوون و نەتەوەیی بوونی وەک کورد دەدەن. مامۆستا ناسر ئەگەرچی هیچ کات چەکی پێشمەرگایەتی لە شان نەکرد، بەڵام هەمیشە پێشمەرگەئاسا کاری بۆ گەلەکەی کردوە.

ئەگەر لە لایەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوی بەرز و پیرۆزی پێشمەرگە، شوێنی پێشمەرگە، ئاڵای دەستی پێشمەرگە و ئامانجەکانی پێشمەرگە، هەیبەت و هەڵمەتی پێشمەرگە ببوونە ئارەزوو و خەونی ئازادیخوازان و شاییان لە دڵ دا دەگەڕا، لە لایەکی‌ترەو کۆماری ئیسلامی زەندەقی لە هەیبەت و ناوی پێشمەرگە چوو بوو، هەر کەس بۆن و ڕەنگی پێشمەرگەی لێ هاتبایە و هەرچی هێمای پێشمەرگەی نیشان دابایە، ئەوە لە لایەن رژێمەوە ڕاپێچی گرتووخانەکان دەکرا و بە تووندترین شێوە ئەشکەنجە دەکرا و زۆرجاریش بە ناحەق و نارەوا ئێعدام و شەهید دەکرا.
دوژمن بۆ ئەوەی ناو و ناوبانگی پێشمەرگەی کوردستان لە نێو خەڵکدا بەدناو بکا، دەستی لە هیچ شتێک نەپاراست و بە هەزاران پیلانی جۆراوجۆری داڕشت بۆ ئەوەی ئەو ناوە خەڵک پەسەندە خەوشدار بکات، ڕژێم لەگەڵ ئەوە هەوڵی زۆری دا، بۆ بەدناوکردنی پێشمەرگە، بەڵام بە خۆشیەوە تاکوو ئێستاش نەیتوانیوە ئەو ناوە بەرزە کەم ڕەنگ بکاتەوە و لە دڵی خەڵکی کوردستانی دەر بێنێ.
ئەو کاتانەی دوژمن بە خەیاڵی خۆی هەموو شتێکی کۆنترۆڵ دەکرد، ئەوە بەشێک لە خەڵکی کوردستان، ” شاعیران شێعریان بۆ باڵای پێشمەرگە دەهۆنیەوە، نووسەران وتاریان لە سەر بەرزی ناوی پێشمەرگە دەنووسی، گۆرانی‌بێژان گۆرانی و سروودیان بۆ دەچرین و ئەوانەی دەست ڕەنگین بوون پەیکەر و تابڵۆیان لە پێشمەرگە درووست دەکرد”.
یەکێک لەو هونەرمەندە دەست ڕەنگینانەی کورد کاک ناسر قازی‌زادەیە کە بە دەستی بە توانای خۆی چەندین تابلۆی لە سەر بەرزی ناوی پێشمەرگە و خۆشەویستی پێشمەرگە بە جوانترین شێوە درووست کردوون و ئەوانەی شارەزایان لە هونەری نیگارکێشی دا هەیە هەموویان شاهیدی بۆ بەرزی و جوانی کارەکانی مامۆستا ناسر دەدەن. ئەو هونەرمەندە دەست ڕەنگینە نەک تەنیا لە سەر پێشمەرگە بەڵکوو لە سەر سرووشتی کوردستان، لە سەر خەباتی ژنان و زیندانیانی سیاسی و لە سەر سەرکردە و ڕێبەرە گەورەکانی کورد وەک پێشەوا قازی و چەندین کەسایەتی دیکە و هەروەها کارە چەوت و ناحەزەکانی دوژمنان و دواتریش لە سەر ئاڵای بەرزی کوردستان و نەورۆز و داب و نەریتە ڕەسەنە کوردی‌یەکان بە دەیان تابلۆی جوانی نەخشاندوون.
یەکێک لە تابلۆکانی مامۆستا ناسر قازی‌زادە کە لە مێژە سرنجی زۆر خەڵکی و یەک لەوان منی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە تابلۆی گەردەنەی زمزیرانە. ئەوانەی خەڵکی ئەو ناوچەیەن دەزانن ئەو تابلۆیە چەندە لەگەڵ سرووشتی گەردەنەی زمزیران وەک یەک دەچن. لە وێنەکە دا جادەی نێوان سەردەشت بۆ مەهاباد وەک مارێکی راکشاو لە نێو خڕو دۆڵ و چیای گەردەنەی زمزیران دا بە چەند پێچی جادەوە دیارە، لە نێو ئەو خڕو دۆڵەدا دەستەیەک پێشمەرگە لە خەتێکی دوور و درێژ دا بەرەو گەردەنە و لووتکەی چیای زمزیران هەڵدەکشێن و لە نێو ئەوانیش دا ئاڵایەک کە ئاڵای کوردستانە بە دەست پێشمەرگەوە لە نێوبەندی سەفی پێشمەرگەدا بەرز کراوەتەوە.
مەبەستی نووسینەکەم، ڕاست ئەو ئاڵایە و ئەو پێشمەرگانەن کە کاک ناسر لە شوێنێکی زۆر ئەستەم و هەستیار دا وەک نیگار کردوونی بە تابڵۆیەکی جوان و پڕمانا، هەستی کاک ناسر و خۆشەویستی بەرێزیان بۆ پێشمەرگەی کوردستان وای لە بەرێز مامۆستا ناسر کردووە بە فڵچە و ڕەنگی دەستی و بە بیرو هزر و خۆشەویستی خۆی بچێتەوە شوێنێک کە مەڵبەندی خۆراگری و مەڵبەندی بووژانەوەی شۆڕش و کوردایەتی‌یە.

ماملێ گوتەنی:
دەنگی قورینگان دێ لە هەوای دەڵێن کوێستان چین دێنەوە
شەو دەعوتیان تێکرا دەکرد لالە بەدەستان
گەردەنەی زمزیران بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزی زمزیران بە تایبەتی وەبیرهێنەرەوەی دەیان و بگرە سەدان حەماسەی گەورە و لەبیر نەکراون، ئەو حەماسە و عەمەلیاتانەی پێشمەرگە لەو خڕو دۆڵ و چیا گەردەن‌کەشە دا دەنگیان دابۆوە. هەموو ڕۆژێک بە دەیان کەس لە هێزە ترسنۆکەکانی ئەو رژێمە بە دەست و چەکی پێشمەرگە جەندەکیان دەکەوتە سەر عەرز. عەمەلیاتی پێشمەرگە و کوژراوەکانی دوژمن وای لە کاربەدەستانی رژێم کرد بوو، کە لە ڕۆژی ڕووناک دا تەنیا چەند کاتژمێرێکی تایبەت هاتووچۆ بکەن و ئەگەریش هاتووچۆیان کردبا ئەوە بە هێزێکی زۆرەوە بەو ناوچەیەدا هاتووچۆیان دەکرد. بیرەوەری ئەو ڕۆژانە بۆ دوژمن بیرەوەری تاڵ و ناخۆشە. لە کاردانەوەیەکی رژێم دا لە سەر ئەو خڕو دۆڵە، رژێمی کۆماری ئیسلامی و دام و دەزگای سوپای پاسداران ئەو خڕو دۆڵەی بە ناوی ” درە شیطان” واتە دۆڵی شەیتان ناودێر کردبوو. ناودێر کردنی دۆڵی شەیتان بۆ ئەو ناوچەیە لە لایەن رژێمەوە وای لە هێزەکانی خۆی کرد بوو کە هەمیشە ترسیان هەبێ و بە چەشنێک کە ئەگەر لە بنکە و مۆڵگەکانی خۆیان لەگەڵ یەکتر شەڕ و کێشەیان هەبایە ئەوە بە یەکتریان دەگووت ئەگەر پیاوی لێرە قسان مەکە و بڕۆ بۆ دۆڵی شەیتان و لەوێ لەو قسانە بکە.
لێرە نامهەوێ باسی هیچ چالاکی و عەمەلیاتێکی پێسمەرگە بکەم، بەڵام ئەوەی دەمهەوێ لە کۆتایی دا باسی بکەم ئەوەیە کە ئەگەرچی کاک ناسر هیچکات لە سەفی پێشمەرگایەتی دا بەو خڕ و دۆڵەدا هاتووچۆی نەکردووە، بەڵام وەک ئەوە دەچێ بۆ خۆی پێشرەوی هەموو هاتووچۆکان بوو بێ، ئاخر ئەو وێنەیەی کاک ناسر و سەفی پێشمەرگەکان و ئاڵای دەستی پێشمەرگە ڕێک وەک ئەوە دەچێ کە بۆ خۆی پێشرەوی ئەو ریزە پێشمەرگەیە بێ. مامۆستا ناسر بە چەکی بیرو هزر و فڵچە و ڕەنگی دەستی پێشمەرگە بووە و دەست ڕەنگینی و خۆشەویستی بەرێزیان بۆ پێشمەرگە ئەو تابڵۆیە و دەیان تابڵۆی دیکە نەخشاندوون.
بۆیە لەم ڕۆژەدا و لە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ڕۆژی ٢٦ ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان دا جوانترین پیرۆزبایی لە مامۆستا ناسر و هەموو ئەو کەسانەی کە وەک کاک ناسر جوانی پێشمەرگەیان بە نووسین، بە پەخشان و شێعر و سروود و گۆرانی و بە تابڵۆ نەخشاندوە پیرۆزبایی دەکەم و هیوادارم کە نموونەیان زۆر بێ.
پێشمەرگەی کوردستانیش ئێوە و هەست و خۆشەویستی گەلەکەمان دەبینێ بۆیە سینگی خۆی کردۆتە قەڵغانی بەرگری لە کوردستان.
بژی پێشمەرگە باسکی بە هێزی گەل
سڵاو لە خەڵکی کوردستان پشتیوانی ڕاستەقینەی پێشمەرگە
حەمەڕەسووڵ کەریمی

پەیجی مامۆستا ناسر لە فەیسبووک

https://www.facebook.com/GHAZI1234