بەیاننامەی کۆمەڵەی منداڵانی کورد ـ لە نەرویج . پرۆتستۆی هێڕشەکانی تورکیای رەگەزپەرست دەکەین

وا چەند هەفتەیکە و تائەمڕۆش درێژەی هەیە .. زیاتر لە دە هەزار سەربازی سوپای تورکیا، بە قورسترین چەک، بە تۆپ و دۆشکە و زرێپۆش و تانک، جگە لە هەزاران پولیس و میتی بێڕەوشتی تورکیا .. گەمارووی شارەکانی باکووری کوردستانیان داوە و بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانە .. هێڕش دەکەنە سەر رۆڵەکانی گەلی کوردمان تەنانەت دەست لە منداڵی ناو لانکیشمان ناپارێزن .. تا ئەمڕۆ بە دەیان کوردیان شەهید کردوون .. بە دەیان بریندارمان هەیە .. بە سەدانیش لاوی کوردیان گرتوون .. لە ناو شەهیدەکاندا ژمارەیەک منداڵ هەن .. گەورە تیرۆریست ئۆردوگان، هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە درێژە بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان دەدەن .. با ئۆردوگانی تاوانبار و ئەحمەد داود ئۆغڵوی هاوخوێنڕێژی .. باش ئەوە بزانن، گەر نیازیان ئەوە بێت کە بە هەڕەشە و تۆقاندن و دڕندەیی و کوشتن و گرتن و برسی کردن چۆک بە گەلی کوردمان دادەن .. زۆر گەمژەن، دەبێت ئەو نیازە گڵاوەیان بەرنە ژێر خاکەوە .. ئەوش ئەستەمە کە بتوانن خولانەوەی پێچکەکانی رەوڕەوەی بۆ پێشەوەچوونی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بوەستێنن .. هێچ داگیرکەر و دڕندەیەکیش، ناتوانێت هەرەس بە ئیرادەیی پۆڵایی و بە خەباتی بێوچان و بە بەرگری و خۆڕاگرتنی گەلە دلێر و قارەمانەکەمان بهێنن .. بێگومان چارەنووسی ئۆردوگانیش لە چارەنووسی سەدامی گۆڕبەگۆر باشتر نابێت .. تا گەلی کوردمان بە مافەکانی خۆی نەگات و رزگاری نەبێت، گەلی تورکیش ناحەسێنەوە .
ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر شارەکانی کوردستان و، هێڕشەکانی فرۆکەکانی تورکیا بو سەر گوندەکانی بناری قەندیل ـ بە بیانووی بوونی بارەگاکانی گەریلاکانی باکووری کوردستان ــ کە بە سەدان خێزانی بێدەرەتانی کوردمان لە ترساندا گوندەکان و ماڵ و موڵکیان جێهێشتوون ــ ئەم ئۆپراسیۆنە و بۆردوومانەکانی تورکیا .. یەکخستن و هاوپیلان و رێکەوتنە، لەگەڵ هێڕشەکانی داعشی هاوپەیمانیان کە هەفتەی رابردوودا .. بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەکان لە باشووری کوردستاندا کردیان . سوپا دڕندەکەی ئۆروگان گەمارۆیەکی راگەیاندنیشیان خستۆتە سەر شارەکانی باکووری کوردستان .. رێ بە رۆژنامەنووسان و بە راپۆرتنێرەکانی کەناڵەکان نادەن کە بچنە ناو شارەکان و تاوانەکانیان روماڵ بکەن . بەڵام ناتوانن دەستە خوێناوییەکانیان بشاڕنەوە .
ئیمەی سەرجەم ئەندامانی ( کۆمـەڵەی منـداڵانی کـورد . لە نەرویـج ) زۆر بە توندی پرۆتستۆی هێڕشەکانی سوپای دڕندەی تورکیا دەکەین بۆ سەر خەڵکی سڤیلی کوردمان لە باکووری کوردستاندا .. دوا لە رژێمی رەگەزپەرستی تورکیا دەکەین کە دەست لەم نامەردی و تاوانانەیان هەڵبگرن .. ئەگینا زیاتر رق ئەستوور دەبین و، بێدەنگ نابین و هەڵوێست و کاردانەوەی توندترمان دەبێت .
داواش لە جەماوەری کوردمان دەکەین، لە نووسەران و رۆشنبیران رۆژنامەنووسان و لاوان و هەموو چین و توێژەکانی گەلی کوردمان، لە هەموو شارەکانی کوردستان و هەندەراندا .. بێدەنگ نەبن و هەڵوێست بنوێنن .. رێپێوانی رق و توڕەیی و ناڕەزایی سازبکەن و .. بچنە بەردەم باڵیۆزخانەکانی تورکیا و .. نامەی ناڕەزایی و رق و تووڕەبوونیان بدەنێ .. شەرمەزاری تاوانەکانی تورکیای داگیرکەری کوردستان بکەن .
بێغیرەتی و شەرمەزاریشە بۆ حکوومەتی باشووری کوردستان کە چاو و گوێ و دەمی خۆیان لە ئاستی ئەم تاوانانەی تورکیا گرتوون و.. هێچ هەڵوێستێکی فەرمیان نییە .
داواش لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هیومان رایتش ۆوچ و هەموو ویژدانێکی زیندوو لە جیهاندا دەکەین .. کە لە ئاستی تاوانەکانی تورکیای رەگەزپەرست بێدەنگ نەبن و داوا لە رژێمی تورکیا بکەن کە دەست لە تاوانەکانیان دەرهەق بە گەلی ئازادی و ئاشتیخوازی کورمان هەڵبگردن .
مردن و رسوایی و رووڕەشی بۆ رژێمی تورکیای فاشستی .
بژی کورد .. بژی کوردستان .
رەزا شوان / سەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد / لە نەرویج