لە پەراوێزی لابردنی وێنەی کچان لەسەر ڕووبەرگی کتێبی بیرکاری لە ئێراندا…

ژنان لە پەروەردەی ئێراندا
شەونم هەمزەیی
لە ڕۆژانی ڕابردوودا سیستمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵێکی دیکەی خۆیدا –لە درێژەی سانسۆر و سڕینەوە-، گەڵاڵەی ڕووبەرگی کتێبی بیرکاریی پۆلی سێی سەرەتایی کە پێش‌تر بە وێنەی شەش کچ و کوڕ ڕازابۆوە، دەسکاری کرد و منداڵە کچەکانی لەم وێنەیە سڕیەوە. ئەم کردارە دەنگ‌دانەوەیەکی زۆری لێ دروست بوو و زۆر کەسایەتی و لایەنی جیاوازیش ناڕەزایەتیی خۆیان لەم بارەیەوە دەر بڕی. لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم ئەم ڕووداوە بکەمە بیانوویەک بۆ ئەوەی باسێک لە سیستمی پەروەردەی ئێران، جیاوازییەکانی لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان، سانسۆر و بە گشتی کەم‌ڕەنگ نواندنی ژنان و ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا بکەم.
شۆڕشی کولتووری:
ناکرێ باس لەم بابەتە بکەین و ئاوڕێکی هەر چەند کورتیش بێ لە مێژووی هاوچەرخی ئێران نەدەینەوە. وەک دەزانین لە دژایەتی‌کردن لەگەڵ دەسەڵاتی پەهلەوییدا، خوێندکاران و کۆمەڵگەی زانستی و ڕووناک‌بیریی ئەم وڵاتە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە ڕووخانی ئەم سیستمەدا هەبوو.
لە ئاکامی شۆڕش کە شۆڕشێکی بنەڕەتی بوو و هەموو جومگە سیاسی و کولتووری و ئابوورییەکانی ئێرانی گرتەوە، ئاساییە کە دەسەڵاتی نوێ، خوازیاری دەست بەسەردا گرتنی هەموو ئەم جومگانە دەبێ. ئەوان کە بۆ خۆشیان لە ڕەوتی شۆڕشدا بەشدار بوون و بە لایەنێکی شۆڕشگێڕ لە قەڵەم دەدران، بە باشی ئاگاداری ڕۆڵی زانستگە لە ئاراستە پێ‌دان بە چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵدا بوون. هەر بۆیە دوای بە دەسەڵات گەیشتنیان هەوڵیان دا ئەم ناوەندانە بخەنە ژێر چاودێریی خۆیانەوە.
لە پێشدا خومەینی ڕێگەی خۆش کرد و لە وتار و سوخەن‌ڕانییەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە زانستگە ماکەی “گەندەڵییە” و شوێنێکە کە لەوێدا مێشک و هزری لاوانی وڵات “دەشێوێندرێ”، ئەم وتانە دواتر بە فەرمان کران و دەستوور درا و شۆڕای شۆڕشی کولتووری (انقلاب فرهنگی) بۆ ئەم مەبەستە دامەزرا. کەسانی وەک عەبدولکەریم سرووش و بەنی‌سەدر و … لە بەرەی داکۆکی لەم شۆڕشە کولتوورییەدا بوون. لە ئەنجامی ئەم هەوڵانە کە بە مەبەستی سڕینەوەی کەشی زانستگە لە هزری سۆسیالیستی و بنەما لیبێرالییەکان و هەروەها ئیسلامیزە کردنیان بوو؛ بە سەدان مامۆستا و هەزاران خوێندکار دەر کران و زیندانی کران و زۆریەک لەوانیش بە ناچار وڵاتیان بەجێ هێشت و ڕوویان لە هەندەران کرد.
ئەوەی کە بە کورتی باس کرا، فەزای کولتووریی دوای شۆڕش بوو کە بە پەیڕەوی لە گۆڕان‌کارییە بنەڕەتییە سیاسییەکان بوو؛ ئەم دۆخە نزیک بە سێ ساڵ درێژەی کێشا.
لە هەنگاوی دوای سڕینەوەی زانستگەکان لە بژاردە موخالیفەکانی کۆماری ئیسلامی، هەر ئەو ناوەندە پێوەندیی‌دارانە دەستیان بە گۆڕانی نێوەرۆکی کتێبەکان -لە ئاستی سەرەتاییەوە هەتا ئاستی باڵای خوێندن- کرد.
لە بواری مێژووییدا کەسایەتییە ئیسلامییەکان جێگەی هێماکانی وەک ئارەشی کەمان‌گیر و زۆریەک لەو پاڵەوانە ئەفسانەییانەیان گرتەوە، کەسایەتیی وەک یاسر عەرەفات و خالید ئیسلامبولی زەق کرانەوە و تەنانەت قوتابخانە بە ناویانەوە کرا.
وتەکانی شەریعەتی جێگای تێئۆرییەکانی مارکس و کەسانی بیرمەندی ڕۆژاوایی گرتەوە. وێنەی کچە منداڵەکانی نێو کتێبەکان لەچکیان بە سەردا درا و چەندین گۆڕانی دوا بە دوای یەک و بنەڕەتی لەم پێوەندییەدا کرا. ئامانجی سەرەکی لە گەم گۆڕانانە پەرەدان بە “بنەما و پەروەردەی ئیسلامی” بوو.
کەواتە لە پێشدا سڕینەوە بوو و دواتریش پڕ کردنەوەی بۆشاییەک کە لە ئاکامی ئەو سڕینەوانەدا دروست ببوون. دەسەڵاتێکی سیاسیی ئیدئۆلۆگی وەک کۆماری ئیسلامی بنەمای بەکار گرتن و دامەزرانی مامۆستایان و کارمەندانی لە لێ‌زانییەوە کردە پێ‌بەندی و دەروەست‌بوون بەو ڕێژیمە.
کۆی ئەم هەوڵ و کردارانە بە جۆرێک بوو کە لە گۆڕینی کتێبە دەرسییەکاندا ڕەنگی دایەوە. لەگەڵ ڕۆژنامە و بڵاڤۆک و ڕاگەیەنە گشتییەکان، کتێبی دەرسی -یەکێک لە گرینگ‌ترین سەرچاوەکانی ڕاگەیاندن و خوێندنەوە- کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشێکی هەرە زۆر لە کۆمەڵگە دەکاتە بەردەنگی خۆی، کەوتە بەر هێرشی گۆڕان و دەست تێ‌وەردانەکان. لە حاڵێکدا ئەم گۆڕان‌کارییانە بە دوور بوون لە بنەمای زانستی و پەیڕەوییان لە ڕوانین و خوێندنەویەکی ئایینیی ڕووت دەکرد. هەر وەک باس کرا کتێبە دەرسییەکان دەتوانین کاریگەریی زۆر و قووڵیان هەبێ لەسەر چۆنیەتیی بیرکردنەوەی خەڵکەوە، ئەو منداڵەی کە لە قوتابخانە دەخوێنێ ئۆتۆماتیک دایک و باب و کەسانی دەوروبەریشی لە خوێندنەوەی کتێبە دەرسییەکانەوە دەگلێنێ. بۆیە کۆماری ئیسلامی و سیستمی پەروەردەی ئەم ڕێژیمە بە ئاگاداری لە ئاستی کاریگەریی ئەم کتێبانە، هەوڵ دەدا بنەما فکرییەکانی خۆیی تێدا بڵاو بکاتەوە.
ئامانجەکەش دیارە نەهێشتنی زانستی ڕۆژاوایی و ئۆمانیستییە و لەو لاشەوە گرێ دانی مێشکی کۆمەڵگە بە بنەما هزرییە ئیسلامییەکانی شیعەوە.
شۆڕشی کولتووریی دووەم:
لە بەشی دووەمدا و بە دەسپێکی شۆڕشی کولتووریی دووەم کە لە سەردەمی سەرکۆماریی ئەحمەدی‌نژادەوە بوو و، پشتیوانیی ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانەی خامنەییشی لە پشت بوو؛ ئەم هەوڵانە چووە قۆناغێکی نوێ‌تر و خەست‌ترەوە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێ کە خامنەیی لە یادی چل ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییدا باسی لە دەسپێکی هەنگاوی دووەمی شۆڕش کرد. لەم بەشەشدا کە پێش‌تریش لە سیستمی پەروەردەدا بواری بۆ خۆش کرابوو، ئەم جارە ئامانج ئەوە بوو هەر چی زیاتر ئەدەبیاتی “پایداری” (خۆڕاگری) و بیرەوەریی شەڕی ئێران و عێراق و بەسەرهاتی کوژراوانی ئەو شەڕە و لەم دواییانەشدا شەڕی سووریە، جێ بە ئەدەبیاتی دەوڵەمەندی فارسی -لە بواری شێعرییەوە- لێژ بکا.
لەم قۆناغەدا کەسانی وەک هووشەنگ ئێبتێهاج، موحسین مەخمەڵباف –کە ناوی وەک سینەماکارێکی سەرکەوتوو هاتبوو، نیما یووشیج، سیمین دانشوەر و … بە شێعر و دەقە ئەدەبییەکانیان و هەروەها بیری نوێیان جێ ‌پەنجەیان بە سەر ئەدەبیات و سینەمای ئەم وڵاتە بوو سڕدراوە و لە جیات ئەم ناوانە، ناوی نەناسراوی وەک مووسەویی گەرماروودی و هەراتی و ئاوینی و … هاتنە نێو کتێبەکانەوە. ئەمە بێجگە لەوەیە کە کەسانی وەک شاملوو، فرووغ فەرروخ‌زاد، سادق هیدایەت، سیاوەش کەسرایی، غوڵام‌حوسێن ساعدی و … سەرەڕای هەموو کاریگەریی بەربڵاویان لەسەر وێژە و ئەدەبیاتی ئێران و ناساندنی بە دنیای دەرەوە؛ وەک نەبووبێتن وایە.
لە دنیای سیاسەتیشدا ئەم شێوە تۆڵەکردنەوانە هەر هەیە، بۆ نموونە ناو و وێنەی میرحوسێن مووسەوی، ئەبولحەسەن بەنی‌سەدر، ڕەفسەنجانی و … لە کتێبە مێژووییەکاندا سانسۆر کراون.
لەم دواییانەشدا وانەیەک بۆ ناساندنی موحسین حوجەجی کە لە سووریە کوژراوە، لە سەعدی و حافز، شاعیرانی بەناوبانگ گرینگ‌تر زانراوە. تەنانەت لە دەرسێکی وەک بیرکارییشدا نموونەکان بە هێنانی ناوی قاسم سلێمانی ڕازێندراوەتەوە! بەدەر لەوەش ئەوەی کە خامنەیی پێ‌داگریی لەسەر دەکا کە دەستە بەربوونی “بەڵگەی ئاڵ‌وگۆڕی بنەڕەتیی سیستمی پەروەردە”یە، ڕێک لە خزمەت فکریەتی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئێران‌دایە. خامنەیی بە دانانی “علی ذوعلم” لە پۆستی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی توێژینەوە و بەرنامەڕێژی سیستمی پەروەردەدا، زیاتر لە جاران بە دوای وەدی‌هێنانی ئامانجە لەمێژینەکەیەتی. یەکێک لەو وانانەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی پێ‌داگرە لەسەری و دەی‌هەوێ لە کتێبەکان زیاد بکرێ وانەیەکە بە ناوی “جەنایەتەکانی ئەمریکا”. لەگەڵ ئەوەش دەیان‌هەوێ لە ساڵی نوێی خوێندندا دەرسێک تەرخان بکەن بۆ ناساندنی قاسم سلێمانی و … کۆی ئەمانە ئەوە دەگەیەنێ کە هەوڵەکە لە چوارچێوەی بە نێرینەکردنە و لە پەسنی شەڕ و خۆ بە کوشت‌ دانە، کە ئەویش لە هزری کۆماری ئیسلامییدا ئاکارێکی پیاوانەیە.
پێگەی ژنان لەم سیستمی پەروەردەدا:
ژن لە سیستمی پەروەردەی ئەم ڕێژیمەدا کەم‌ترین بایەخی نەدراوەتێ و هیچ ناوێک لە ژنانی ئازای قۆناغە جیاوازە مێژووییەکانی ئەم وڵاتە نەهاتوە. لەم دواییانەشدا و بە لابردنی وێنەی ئەو کچانە، درێژەیان بە بیری سانسۆر و هەڵاواردنی ڕەگەزیی دەیان ساڵەی خۆیان داوە. نەسیم بەهاری وێنەکێشی ئەو وێنەیە دەڵێ هەر لە سەرەتادا لەگەڵ گەڵاڵەی وێنەکە کێشەیان هەبوو، لەبەر ئەوەی لە گەڵاڵە سەرەتاییەکەیدا کچێک لە سەر دارەکە بوو، کە دەتوانێ سەمبولی هەڵ‌کشانی کچ و ژن بێ بەرەو لووتکە. هەر بۆیە دژایەتییەکی قووڵیان لەگەڵ کرد و پێیان گۆڕی‌بوو. لە دواییشدا بە بیانووی قەرەباڵغیی وێنەکە، کچەکانیان سڕییەوە و کوڕەکان بەبێ دەسکاری مانەوە. لەم وڵاتە و لەژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا هەر جۆرە دەرکەوتنێکی کچان و ژنان و دیاربوونیان لە کۆمەڵگەدا، بەزاندنی هێڵی سوورە، جا بۆیە بە هەر شێوازێک کە بۆیان بلوێ لەمپەریان لە بەردەم دادەنێن.
ژنان و کچان لە کولتووری ئایینیی کۆماری ئیسلامییدا جێگەیان بۆ دیاری کراوە و دەبێ لە ماڵدا بمێننەوە، ئەوان بۆیان نییە لە دەرەوەی ماڵ دیار بن، بچنە ستادیۆم، بە دڵی خۆیان بابەتەکانی خوێندن و شوێنی کار هەڵ‌بژێرن، لە کەیسە قانوونییەکاندا کەم‌ترین پشتیوانییان لێ دەکرێ و زۆر حاڵەتی تریش کە سیستمی پەروەردە ڕێک لە ڕاستای خزمەت‌کردن بەو هزرە چەوسێنەرەیە و ئەوە هیچ کە هەوڵێک بۆ ئاگادار کردنەوەی کچان و ژنان نادا، بەڵکوو ڕێک بە پێچەوانەوە ژنانی کۆیلە بار دێنێ و ئەم کۆیلەتییەش به بایەخێکی ئەخلاقی لە قەڵەم دەدا.
جیاوازیی سیستمی پەروەردەی ئێران لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکان:
ئەمانەی کە بە کورتی باس کرا نموونەیەکی بچووک بوون لەو کێشە و ئارێشانەی کە دەسەڵات لە بەردەم خەڵکی ئێران بە گشتی ژنان و کچان بە تایبەتی دای‌دەنێ. لێرەدا بە کورتییش بووبێ دەم‌هەوێ بەراوردێک بکەم لە نێوان سیستمی پەروەردەی ئێران و پەروەردەیەکی ستاندارد و هەروەها بنەما گشت‌گیرە جیهانییەکان لەم پێوەندییەدا.
مافی پەروەردە و فێرکردن کە یەکێکە لە مافە سەرەکییەکانی هەر تاکێک و جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤیش بەندی ٢٦ـی بۆ ئەم مەبەستە دیاری کردوە، وەک مافێکی ڕۆشنبیری و ئابووری و کۆمەڵایەتی دێتە ئەژمار و جیا لەوانەش دەکرێ بە مافێکی شارستانی و ئابووری دابنرێ، چونکە کاریگەریی لەسەر هەموو جومگەکانی ژیانی مرۆڤ هەیە.
بە پێی ئەمە پێویستە دەزگا و ناوەند و بەرنامەکانی خوێندن بە شێوەیەکی ڕێک‌وپێک دابنرێن و بخرێنە بەردەست، پێویستە دانەرانی بەرنامەی خوێندن ڕەچاوی تایبەتمەندیی ڕۆشنبیری بکەن و شێوە و نێوەرۆکی کتێبە دەرسییەکان و شێوازی وتنەوەی وانەکان زانستییانە بێ و دوور بێ لە هەر چەشنە توندوتیژی و هەڵاواردن و بە لاڕێدا بردنی قوتابییان، واتە هەموو لایەنێکی پەروەردەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتیی تێدا ڕەچاو کرابێ، کە کاریگەریی خراپ و نەرێنیی لەسەر قوتابی جێ نەهێڵێ. دەبێ ئامانجی پەروەردە و خوێندن، پێگەیاندنی کەسایەتیی مرۆڤ و پتەوکردن و ڕەچاو کردنی مافەکانی مرۆڤ و دۆستایەتی لە نێوان هەموو گەلان، ڕەگەز و ئایینە جیاوازەکان بێ، بەڵام بە پێچەوانەوە بابەت و وانەکانی خوێندن لە ئێراندا بە دوورن لەو بنەما سەرەکییانە.
ئەگەر سەیرێکی ئەو تێئۆرییە هاوچەرخانە بکەین کە لە بارەی پەروەردەوەن؛ پسپۆڕانی بواری پەروەردە زۆرێکیان لەسەر ئەوە کۆکن کە قوتابخانەکان پێویستە تێکەڵ بن و وانە و بابەتە دەرسییەکان بێ‌هەڵاواردنی ڕەگەزی دابڕێژرێن.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەم جۆرە تێکەڵاوییە کەشێکی ئارام و پۆلێکی تەندروست لە هەموو ڕەهەندەکانەوە دروست دەکا. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم جۆرە قوتابخانانە دوورن لە کێشە و ئارێشە، بەڵام لێکەوتە خراپەکانی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە کەم‌تر دەبێ.
بە جۆرێک نەبوونی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە نێو قوتابییان، هەستی باوەڕ بە خۆبوون لە نێو هەردوو ڕەگەز زیاتر دەکا، قوتابی لە سەر ئەمە ڕا دەهێنێ کە فێری ئەوە بێ چۆن بتوانێ لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەری مامەڵە بکات. ئەمەش وا دەکا کە هەر دوو ڕەگەزەکە لە یەک نزیک بن و شان بە شانی یەکتر لە کۆمەڵگە بێ‌سڵەمینەوە بەشدار بن. ئەمەش پێچەوانەی ئەو کەسانەیە کە هەرگیز تێکەڵاوییان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر نەبووە، هەر بۆیە دواتر کە دێنە نێو واقعی کۆمەڵگەوە، لەبەر نائاگایی لە مەڕ چۆنیەتیی هەڵس‌وکەوت لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر تووشی کێشەی زۆر دەبنەوە.
ئەمەش وا دەکا کە ئەم دوو ڕەگەزە زیاتر و زیاتر لێک دوور بکەونەوە و هەر لایەکیان بە دید و ڕوانینێکی تەنیا جنسی سەیری یەکتر بکەن، کە تەنانەت زۆربەی کات دوای پێک‌هێنانی خێزانیش کێشەی لە یەک نەگەیشتن قووڵ‌تر دەبێتەوە و دەرەنجامی خراپتری لێ دەکەوێتەوە.
کۆسپەکانی بەردەم خوێندن لە ئێراندا:
لە ئێراندا کۆمەڵێک کێشە لە بەردەم خوێندن و سیستمی پەروەردەدا هەیە کە گرینگ‌ترینیان ڕوانگەی دوگمی دەسەڵاتە، ئەم ڕوانگەیە زیاترین کاریگەریی خراپی لەسەر خەڵک بە تایبەتی ژنان و کچان هەبووە.
کەمیی پێداویستیی قوتابخانەکان بە تایبەتی لە بواری ژێرساختەوە، گرانیی تێچووی خوێندن کە بە پێچەوانەی ئەسڵی ۳۰ـی یاسای بنەڕەتی -کە لە ئەستۆی حکوومەتە و دەبێ بە خۆڕایی بێ، تووشی دووانەیی شوناس بوون بە تایبەت بۆ کچان کە لە ماڵەوە جۆرێک لە پەروەردە ئەزموون دەکەن و لە مەدرەسەش جۆرێکی تر، نەبوونی هیوا بە دابین‌بوونی داهاتووی کاری لە سۆنگەی خوێندنەوە، هەژاریی لە ڕادە بەدەر، منداڵ هاوسەری و … لەو هۆکارانەن کە منداڵان دەست لە خوێندن دەکێشنەوە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەبنە منداڵانی کار کە بە پێی ئامارەکان سێ بۆ حەوت میلیۆن منداڵی کار لە ئێراندا هەیە و ئەمەش زیاتر لەسەر کچان شوێن‌دانەریی هەیە و کاریگەرییە خراپەکانی لە داهاتوودا دەمێنێتەوە.
هەر وەک هەموومان ئاگادارین یەکەم مامۆستای هەر منداڵێک، دایکیەتی. بە پێی وتەی کارناسانی کۆمەڵایەتی دایکانی خوێندەوار منداڵانی ژیر و پێگەیشتوو و تەندروست بار دێنن. لە ئێران دوو لەسەر سێی ژنان نەخوێندەوار یا کەم‌خوێندەوارن. هەر بۆیە ئەم سیکلە نەخۆشە بەردەوام لە حاڵی دووپات ‌بوونەوەدایە.
بێجگە لەمانەش سەنەدی ۲۰۳۰ کە تایبەت بە پەروەردەیە و جەختی زۆر لەسەر نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەکاتەوە و لە لایەن کۆماری ئیسلامی ڕەد دەکرێتەوە و بە کار ناهێندرێ، شایەدێکی ترە لە سەر کێشە و ئارێشەکانی خوێندن و پەروەردە لە ئێراندا.
لەم ڕۆژانەدا کە ڕۆژی جیهانیی خوێندەواری بوو (٨ـی سێپتامبر) دروشمی ئەمساڵیان “خوێندەواری و زانینی چەند زمان” بوو، ئەمە لە کاتێک‌دایە کە لە ئێراندا تەنیا زمانی فارسی دەخوێندرێ و تەنانەت زمانەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئەم وڵاتە هیچ بایەخێکی پێ نادرێ. لەو لاشەوە زمانی ئینگلیسی کە یەکێک لە گرینگ‌ترین زمانەکانی سەردەمە لە لایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەی لابردنی لە سەرە و بە هیوان -لانی‌کەم بە قسەش بووبێ- زمانی چینی بخەنە جێی.
لێرەدا پێویستە بگوتری ئەم هەڵاواردنانە هەموو ڕەهەند و لایەنە جیاوازەکان لە بەرنامە و پەروەردە و خوێندنی ئێراندا دەگرێتەوە.
لێکەوتەکانی دیکەی ئەم شێوە پەروەردەیە لە سەر ژنان:
بە شێوەیەکی گشتی سڕینەوەی وێنەی کچان لەسەر ڕووبەرگی کتێبێک تەنیا سڕینەوە نییە لەسەر ئەو کتێبە، بەڵکوو سڕینەوەی ژنانە لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگەدا. ئێمە لە ڕووی وێنەی ژنان لە کتێبەکانی سیستمی پەروەردە لە ئێراندا بۆمان دەر دەکەوێ کە ژنان چۆن پێناسە کراون.
-ژن لە ماڵدا و وەک دایک و هاوسەرێکی باش ڕۆڵی ماڵ‌داری و پەرستاری لە بنەماڵە دەگێڕێ.
-لە کۆمەڵگە بە دوورە و لەشوێنێکی ئەمن و لەژێر میچی ماڵی مێرددایە.
-خاوەنی کەسایەتییەکی ناسیاسییە و لە بەڕێوەبەرییدا لاوازە.
-چالاکییەکانیانی نێو ماڵیان نیشان‌دەری ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەدا ناتوانن خاوەن جێگە و پێگە بن.
-ژنان تەنیا دەتوانن ڕەشایی ڕێ‌پێوان و هەڵ‌بژاردنە حکوومەتییەکان پڕ بکەنەوە.
-وێنەی ژنان لەم کتێبانەدا کەسێک نیشان دەدا کە چاوەڕێی یارمەتی و دەست‌گرتنە.
-ژنان ناتوانن بەرپرسیارەتیی گرینگ وەئەستۆ بگرن و تەنیا دەبێ لە ماڵ بمێننەوە.
ئەمە ئەو سیمایەیە کە لە ژنانی ئێران لە کتێبەکاندا نیشان دەدرێ.
ڕۆڵی ئێمەی ژن:
ئەوەی لە کۆتاییدا گرینگە ئاماژەی پێ بکرێ، ڕۆڵی خودی ژنانە لە نەهێشتنی ئەم هەڵاواردنانەدا کە بە داخەوە لە ئێران و کوردستان، ئەستەم‌ترە لە زۆربەی شوێنەکانی تری دنیا. ژنان لەم وڵاتەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک دەچەوسێنەوە، بەڵام ئەم کۆتایی ژیان نییە و پێویستە هەر ژنێک لە ڕێگەی توانایی و ئیرادەی خۆیەوە بەبێ گوێ دان بە دژوارییەکان لە سەر مافەکانی خۆی سوور بێ. ئەگەر ئەمڕۆ دوژمنانی ئازادی بە لابردنی وێنەی کچە مەدرەسەییەک دەیان‌هەوێ ئەو پەیامە بگوازنەوە بۆ ئێمە کە لە ماڵەکانماندا بمێنین و لە گۆڕەپانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەر نەکەوین، ئێمە بە پشت بەستن بە تواناکانمان و بە یەکیەتیی خۆمان دەتوانین بەرپەرچی هەموو پیلانە دژەژنەکان بدەینەوە و، تا گەیشتن بە یەکسانی و عەداڵەت لە نێوان ئەم دوو ڕەگەزەدا دەست‌هەڵگری خەباتمان نەبین.