پەیامی سەرەخۆشی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی دەرەوەی وڵات

پەیامی سەرەخۆشی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆمیتەی دەرەوەی وڵات بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری ناسراو و دێرێن تەیفوور بەتحایی

زۆر بەداخەوە خەباتکاری دێرین و ناسراو ، تەیفوور بەتحایی، پاش نیوەڕۆی پێنج شەممە،٢٠ی خەرمانان(١٠ی سێپتەمبری ٢٠٢٠)، دوای تەمەنێک خەبات لە پێناوی ڕزگاریی نەتەوەکەی و ئامانجە بەرزەکانی دیکەی‌دا، دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە وڵاتی سوئێد ـ لە دوورە وڵاتی ـ لە لێدان کەوت.
تەیفووری بەتحایی کە وەک سینەماکار، نووسەر و تێکۆشەرێکی چەپ و نەتەوەیی ناسراو بوو، ساڵی ١٣٢٦ (١٩٤٧) لە شاری سنە لە دایکبووە و گەورە بووی گەڕەکی هەژار نشینی “جەوراوا”ی سنە بوو. هەر بۆیەش بوو بە هەڵگری خەم و مەینەتییەکانی هەژاران و هەر زوو رێگای تێکۆشان و خەبات دژی دیکتاتۆریی ڕێژیمی شایەتی و ستەم وچەوسانەوەی جۆراوجۆری هەڵبژارد. کاک تەیفوور لە سەردەمی دەسەڵاتی حەمەڕەزاشادا، بەهۆی چالاکیی سیاسی و دژایەتی کردنی ستەم و زۆردارییەوە، لە ساڵی ١٣٥٢ (١٩٧٣) لەگەڵ چەند ناوی ناسراوی ئەو سەردەمە، وەک خوسرەو گوڵسورخی، کەرامەت دانشیان و… دەستبەسەر دەکرێن. سەرەتا بڕیاری لە سێدارەدان و دواتر زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێنرێ.
پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، تەیفوور بەتحایی وەک ناوێکی دیار، ڕووی لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات کرد و بوو بە کۆڵەکەیەکی ئەدەبیات و هونەری بەرگریی کورد لە دژی رێژێمی کۆنەپەرست و تازە بە دەسەڵات گەیشتووی خومەینی. بەتحایی لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبی دێموکرات کە سەرماوەزی ١٣٦٠ (دێسامبری ١٩٨١) بەڕێوەچوو، وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرا. لە ماوەی تێکۆشانی پڕ بەرهەمی لە ڕیزی ڕێبەریی حیزبی دیموکرات‌دا، زیاتر لە چوار فیلمی لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان و بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەم هێنا کە دیارترینیان فیلمی “نان و ئازادی” یە.
تەیفوور بەتحایی، جیا لە بواری سینەما و وێنەگری، لە بواری وەرگێران، نووسین و بەرهەمهێنانی دەقیش‌دا کاری بە نرخی کرد. ئەو یەکێک لەو نووسەرانەیە کە جێ‌پەنجەیان بە سینەما و ئەدەبیاتی بەرگری و بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەمێنێ. کتێبەکانی “ژیان بەدەم زریانەوە”، “چوار ریوایەت”، سەفەری خەیاڵ”، “ژیان وەکوو خۆی”، مافی ژن لە کۆمەڵی کوردەواریدا” ، “دارا و نەدار لە دونیادا” و… چەند نموونە لەخەرمانی بەرهەمەکانی تەیفوور بەتحایین.
تەیفووری بەتحایی کە بەهۆی تێکۆشانی سیاسی ، لەمێژ ساڵ بوو لە وڵاتی سوئێد گیرسابووەوە، تا دوا ساتەکانی ژیانی لە خەبات لە پێناو مافە رەواکانی نەتەوەکەیدا شێلگیرانە بەردەوام بوو و پێوەندیی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکرات و هاوڕێیانی نەپچڕاند و هەر دەم هاوکار، هاوبیر و هاوخەمیان بوو.
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، لەدەستدانی کاک تەیفوور بەتحایی بە خەسارەتێک بۆ بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێ و بە چاوی رێزەوە دەڕوانێتە خەبات و تێکۆشانی چەندین ساڵەی ناوبرا. هەر بۆیە لە لایەن کۆمیتەی دەروەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان پێشکەشی بنەماڵە، کەسوکار و ئازیزانی کاک تەیفوور، خەڵکی کوردستان و بە تایبەت شاری سنەی قارەمان و سەرجەم تێکۆشەرانی کورد و هەروەها هۆگرانی سینەما و ئەدەبیاتی بەرگری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین.
گیانی کاک تەیفوور شاد و یاد و ناوی بەرز و بەڕێز بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات
١٠/٩/٢٠٢٠