پەیامی ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بەبۆنەی دووهەمین ساڵیادی تاوانەكانی 17ی خەرمانان

خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان!
حیزب‌و لایەنە سیاسیییەكانی كوردستان‌و ئێران!

دوو ساڵ لەوەپێش و له وه‌ها ڕۆژێکدا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیان له قه‌ڵای دێموکڕات کرده ئامانجی مووشه‌که بالیستیکه‌کانی خۆی. له ئاکامی ئه‌و هێرشه‌ سامناکەدا وێڕای برینداربوونی ده‌یان که‌س له تێکۆشه‌رانی حیزبی دێموکڕات که له‌نێوانیاندا ژماره‌یه‌ک ژن و منداڵ ده‌بینران، چواردە ‌که‌س له ئه‌ندامانی ڕێبه‌رایه‌تی و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان شه‌هید بوون. هەرلەئاکامی ئه‌و مووشه‌کبارانه‌دا دوو مامۆستای فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانیش شه‌هید بوون. هەر لەو رۆژەدا سێ زیندانیی سیاسی كۆمەڵە بە ناوەكانی “رامین حوسەین پەناهی، لوقمان مورادی ‌و زانیار مورادی” لەلایەن جەلادەكانی كۆماری ئیسلامی لە زیندان لەسێدارەدران.
كردەوەی تیرۆریستی‌و سەركوتی بیرجیاوازان لە سیاسەتی كۆماری ئیسلامیدا بابەتێكی نوێ‌و نامۆ نیە‌ و، لەماوەی 4 دەیەی دەسەڵاتی رەشی خۆی بە سەر ئێران‌و كوردستان یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی پاراستن‌و شەرعییەت پێدان بە دەسەڵاتی رژیم بووە، هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بنكەكانی حیزبی دێموكرات‌ و لەسێدارەدانی سێ زیندانی سیاسی كورد لە رۆژێكدا لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە هەر بە ئاراستەی ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە‌و بە ئامانجی چاوترساندنی خەڵكی كوردستان‌و نمایشی هێزی سەربازیی سوپای تیرۆریستی پاسداران ئەنجامدرا، بەڵام ئەوەی بەرپرسانی رژیم چاوەڕوانیان نەدەكرد، دەنگی بەرینی ناڕەزایی خەڵكی لە كورستان بوو بەرامبەر بەم تاوانە.
بەدوای ئەو تاوانە تیرۆریستییە، لەسەر داوای ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران رۆژی 21ی خەرمانانی 1397، مانگرتنێكی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی كوردستان راگەیەندرا‌ و خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان بەدەم داوای حیزبەكانی خۆیانەوە هاتن‌ و بۆ جارێكی دیكە تاوانەكانی كۆماری ئیسلامییان مەحكوم كرد.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە دووهەمین ساڵیادی تاوانی 17ی خەرمانان دا سڵاو دەنێرێت بۆ گیانی پاكی گیانبەختكردوانی ئەو رۆژە و هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵە‌و هاوسەنگەرانی ئەو شەهیدانە دووپات دەكاتەوە. بۆ جارێكی دیكەش ئەو تاوانەی كۆماری ئیسلامی مەحكوم دەكەین‌و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خەڵكی وشیار‌ و خەباتكاری كوردستانی رۆژهەڵات دەكەین كە هەمیشە خاوەندارێتی رۆڵەكانی خۆیان كردوە‌ و دژی داگیركاریی‌ و سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی تێكۆشاون‌ و قوربانییان داوە.
جارێكی دیكە یادی شەهیدانی رۆژی 17ی خەرمانانی 1397‌و سەرجەم گیانبەختكردوانی بزووتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان بەرز رادەگرین‌ و پەیمان تازە دەكەینەوە كە درێژە دەری رێگای پڕ لەشانازییان دەبین.

ناوەندیی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
16ی خەرمانانی 1399ی هەتاوی
6ی سێپتامبری 2020ی زایینی