راگەیاندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حدک سەبارەت بە کۆچی دوایی هاوڕێ مەهدی شەفیعی پێشمەرگەی حدک

راگەیاندراوی کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە کۆچی دوایی هاوڕێ مەهدی شەفیعی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
کادر و پێشمەرگە و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
بە داخ و کەسەرەوە ڕادەگەیینین، هاوڕێ مەهدی شەفیعی ناسراو بە مەهدی بامناوایی، کادر و پێشمەرگەی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرلەبەیانیی ئەوڕۆ دووشەممە ٣ی خەرمانان، بە هۆی نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
هاوڕێمان کاک مەهدی شەفیعی ساڵی ١٣٤٣ لە ئاوایی بامناوا لە ناوچەی لەیلاخ لە بنەماڵەیەکی خۆشناوی ئەو ناوچەیە لە دایک بووە. دواتر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا دەچێتە مەدرەسە و تا پۆلی پێنجی سەرەتایی دەرس دەخوێنێ کە بەرەبەرە شۆڕشی گەلانی ئێران دەست پێ دەکا. پاش رووخانی حکوومەتی پاشایەتی لە ئێران و دەستپێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، کاک مەهدی لە بەرهۆگری بە پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتی کوردستان دەست بە هاوکاریی پێشمەرگەکانی حیزب لەو ناوچەیە دەکا و ساڵی ١٣٥٩ دەبێتە ئەندامی حیزبی دێموکرات. ساڵێک دواترواتە ساڵی ١٣٦٠ بەڕەسمی دەبێتە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لەو کاتەوە تا ئەوڕۆ رێک چل ساڵ لە ریزی پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە درێژەی بە تێکۆشان داوە و خزمەتی گەل و وڵاتەکەی کردوە.
هاوڕێ مەهدی شەفیعی ساڵی شەست لە هێزی شەریف زادە لە ناوچەی سنە وەکوو پیشمەرگە سازمان دەدرێ و تا ساڵی شەست و پێنج و لە گەرمەی بەرگری چەکدارانەی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سنە درێژە بە خەبات دەدا. دواتر ساڵی ٦٥ تا ٧٧ لە مەڵبەندی یەکی کوردستان و کۆمیتەی شارستانی سنە تێکۆشانی پێشمەرگانەی خۆی درێژە پێ دەدا و لەو ماوەیەدا چەندین بەرپرسایەتی وەئەستۆ دەگرێ.
کاک مەهدی لەو ماوەیەدا و لە جەریانی بەرگری چەکدارانەی هێزی پێشمەرگەدا چەند جارێک بریندار دەبێ کە لە یەکێک لەوانەدا ساڵی ١٣٦٩لە شەڕێکدا لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بریندار دەبێ و لە بەر قورسی برینەکەی لە ناوچەی ژاوەرۆ دەمێنێتە و پاش رزگار کردنی گیانی لە لایەن بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری ئەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە ناو کۆڕی هاوڕێیانی و درێژە بە خەباتی خۆی دەدا.
کاک مەهدی دواتر لە ساڵی ١٣٧٦ لە کردەوەیەکی تیرۆریستانە لە لایەن بەکرێگیراوانی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگەی ناوەندی یەک لە بنکەی حیزب لە دەربەندی بازیان دەرمانداو دەکرێ کە دواتر لەو رووداوەش دوای هەوڵی زۆری حیزب و چارەسەریی پزیشکی گیانی لە مردن رزگار دەبێ و دوبارە دەگەڕێتەوە ناو ریزی هاوڕێیانی لە حیزبی دێموکرات.
کاک مەهدی شەفیعی لە ماوەی چل ساڵ پێشمەرگایەتییدا چەندین پلەی بەرپرسایەتیی وەکوو جێگری پەل، سەرپەل، سەرلک ، فەرماندەی دەستەی کۆماندۆ و ئەندامی کۆمیتەی شارستانی سنەی پێ سپێردراوە و، لە بەشی ئەمنیەت و تەشکیلاتی حیزبدا کار و ئەرکی بەڕێوە بردوە.
بەداخەوە پاش چل ساڵ خەبات و پێشمەرگایەتی مەرگ مەودای نەدا کە کاک مەهدی رزگاری وڵاتەکەی بە چاو ببینێ و بەو ئاواتەوە کە ساڵەها خەباتی بۆ کردبوو ئەوڕۆ دووشەممە کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لێکردین.
بەو بۆنە خەمناکەوە کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکرات دەکا.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی هاوڕێ مەهدی شەفیعی و بە هیوای وەدی هاتنی ئاوات و ئامانجەکانی.
کۆمیسیۆنی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان
٣ی خەرمانانی ١٣٩٩