بانگەوازێک بۆ دامەزرانی ناوەند یان ستاتۆیەک بۆ ستراتێژی کورد…. حەسەن ئەهوەن

هەموو نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت و یاسا، ناوەند و ستاتۆیەکیان بە هەر ناو و نیشانێک وێڕای سومبولێک بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان دامەزراندووە و لە سەری کۆکن. کوردستانی بەش بەش کراوی ئێمە وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت و پڕ کێشەترین گرفتی سیاسی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست، دەگەڵ ئەوەی زیاتر لە سەدەیەکە بە شێوازی جیاواز بە خەباتی جەماوەری و چەکدارێوە لە مەیدانی تێکۆشانی بێ ووچان دایە و سەدان ئەزموونی لە سەرکەوتنە کاتێکان و داکەوتنەکان لە بەرچاوە، ئێستاشی دەگەڵ بێ زۆرتر سەلیقە و بۆچوونی حیزبایەتیی بە سەر دا زاڵە و زل هێزەکانمان پێیانوایە ئاگایان لە عەرش و قورشە و سیاسەتیان ئاو نایپاڵێوێ. لە ناسینی دوژمنەکانمان دا زۆر لاوازن و گەلێک جار کەوتوونە ژێر هێژمۆنی سیاسی وڵاتانی ئیقلیمێوە. رووناکبیران و بیرمەندانی ناوخۆیی یان کەوتوونە ژێر باڵی حیزبایەتێوە یان هەر کامەو بە سەلیقەی خۆی نەزەردەدا. بەرهەمی شۆڕشێکی پڕ لە کارەسات و نەهامەتی, هەرێمێکی لێکەوتۆتەوە لە جیاتی ئەوەی بیپارێزن، هەر ئەوانەی تا دوێنێ لە شاخ خوێن و قوربانی یان بۆ دەدا ئەورۆ دە حەولەوەلای فاتیحەخوێندنی دان. ئەو رووناکبیرەی تا دوێنێ لە دێکۆمێنت دەگەڕا بۆ سەلماندنی حەقانییەتی نەتەوەکەی، ئەورۆ یان ئاوڕی لێنادرێتەوە یان کەوتۆتە خانەی بێ تەفاوەتێوە….. دەوڵەتانی هەرێمی هەر چەند دەگەڵ یەک ناکۆک بن، لە سەر کێشەی کورد و ئاڵۆز کردنی کێشەی کورد یەکدەنگ و هاوران. بەتایبەت کۆماری ئیسلامی شیعەی ئێران کە بە کردەوە دەسەڵات و هێژمۆنی بە سەر دوو دەوڵەتی سوریە و عێراقی بە زۆربە شیعە دا جگە لە ئێران هەیە، وەک ماکە و دوژمنی سەرەکی کورد، بۆ هێندێک لە زل هێزەکانی کورد لە باکوور و باشوو و رۆژئاوا بۆتە دۆست و وا دەنواڕن کە کورد لە بەشی رۆژهەڵات لە سایەی کۆماری ئیسلامێوە کەم کێشەترین هەرێمە و تەنیا دەوڵەتی تورکە کە نەیاری کورد و کوردستانە. زلهێزی کوردی باکوور کە رۆژئاواشی لە ژێر هێژمۆنی حیزبی خۆی دا گرتووە، پێێ وایە دەبێ شۆڕش و خەبات لە هەموو پارچەکانی کوردستان راوەستێ و رووی چەکەکان دە دەوڵەتی تورک کرێ. ئێستاشی دەگەڵ بێ روون نیە خاوەنی چ ستراتیژێکە بۆ دوارۆژ و لە سەرەتاوە تا نیوەی رێگا بە دروشمی زۆر قەبە و گەورەوە هاتنە مەیدان و بەرەبەرە لە پاشەکشەیان داوە و مەعلوم نیە خوازیاری چ فۆرمێکی نەتەوەیین. فورسەت و هەلوومەرجەکانی ناوچەیی و هەرێمی و یارمەتییەکانی نێو نەتەوەیی بۆ کورد لە جیاتی قوازتنەوەیان بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی لانیکەم بۆ هەر پارچەیەک، بە کزی و لاوازێوە وەردەگیرێ و لە ئاڵووگۆرەکانی چەند ساڵی دوایی دا کە کورد لە چەند بەشان لە لایەن زلهێزەکانی دونیاوە دەکەوێتە نێو پێوانەکانی سیاسێوە، دیپلۆماسی کورد دەکەوێتە خانەی بەرژەوەندی ئێرانەوە. ئەوانە و دەیان دەردی گەورە و گران ئەورۆ بە کۆڵی کوردەوەیە دەگەڵ ئەوەی لە باشترین هەل و مەرجی ددەسکەوتی مێژوویی دایە. کوردایەتیی وەک هەست هەیەو بە هێزە بەڵام وەک تێگەیشتن و پێگەیشتن، کانالیزە نەکراوە….
رووناکبیران و کەسایەتی یە پسپۆرەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتیی، زانستی ئەتۆمیی و… ئێرانی دەرەوەی وڵات بە چەپ و راست و دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بە شێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بوونە ستاتۆ و مینبەر و راوێژکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت لەو کاتانەی کۆماری ئیسلامی تووشی تەنگەژەی سەخت و قەیران دەبێتەوە و پەیتا پەیتا خەریکی وریا کردنەوەی کۆماری ئیسلامی و دانی خەت و باشترین راوێژەکانن. بە تایبەت بۆ هێنانە سەرکاری روحانی بۆ لەمپەرراگرتنی نیزام و لە میانەی وتووێژەکانی کێشەی پیتاندنی ئەتۆمیی ئێران دەگەڵ وڵاتانی 5 ی دەگەڵ یەک، کێشە حەستەمە سیاسی یەکان و ئابوورێکان، لە سەر پاراستنی تەواوییەتیی بە قەولەن ئەرزی ئێران و خەتەری جووڵانەوەکانی نێوخۆیی بە تایبەت ئێمەی کورد، شەو و رۆژ تلویزیونەکانی دەنگی ئەمریکا و بی بی سی و رادیو فردا و زۆربەی میدیا فارسی زمانەکان، بوونە بڵیندگۆ و ناوەندی گەیاندنی راوێژکاری پسپۆرانی شارەزای ئێرانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. نەقش و گرینگی ئەو ستاتۆ خۆرستەی ئێرانێکان لە دەرەوەی وڵات، گەلێک جار نیزامی ئیسلامیان لە لێواری هەڵداشتن گەراندۆتەوە. لە سەر سەرکوتی هەرچەشنە دەنگێکی حەقخوازی نەتەوەکانی غەیرەفارس لە ئێران دا، هاودەنگ و هاورای کۆماری ئیسلامی دەبن.
کەچی مخابن زۆربەی رووناکبیرانی کوردی ئاسیمیلەکراوی فیکری سەربە جەرەیانەکانی باکوور و باشوور و رۆژهەڵات، لە ناوخۆ و دەرەوە، تەنانەت بەشێک لە رێبەر و سەرکردەکانی ئەحزابی کوردیش لە جیاتی کانالیزەکردنی هەستی نەتەوەیی و پێشنیار و کار بۆ باشترین رێکارەکانی گەشە و پێگەیاندن و پشتیوانی نەتەوەیی وەک ناوەندێکی راوێژ بۆ بەشداری و دامەزرانی ستاتۆیەک لە مەر ستراتێژی کوردستان بە گشتیی و هەر پارچەیەک بە پێی تایبەتمەندی هەڵکەوتەیی و فەرهەنگیی و چەندی و چۆنی فاکتۆرەکانی کورد و شێوەی دیپلۆماسی کورد لە ناوچە دەگەڵ وڵاتانی هەرێمی و نێونەتەوەیی و زلهێزەکان و دەیان فاکتۆری تر….، مەیدانی کێ بەرکێی ناسالم و خۆمە خۆمە و چەند سومبولی هەر هەرێمەو دابەش بوون و کەوتنە داوی دوو بەرەی سەفەوی و عوسمانی، جگە لە دوور خستنەوەی ئامانجی کوردو دوڕدۆنگی نێوان ئەحزاب و لە کۆتاییدا تووش بە شەرمەزاربوون لە ئاست نەتەوە کەمانی لێدەکەوێتەوە….
بە لەبەر چاو گرتنی ئەو واقعییەتە تاڵ و جەرگ بڕانە، ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوەیی وا حوکممان پێدەکا کە، دڵسۆزان، تێکۆشەران، هەموو لایەنە شۆڕشگێرەکان، رووناکبیران، پسپۆڕان و سیاسەت وانانی کوردی هەموو بەشەکانی داگیرکراو بە گشتیی بە خۆمان دابێینەوە و لە فکری دامەزرانی ناوەند و ستاتۆیەکی بەهێزی نەتەوەیی دا بین و کورد لە کام بەش هەنگاوی بەرەو رزگاری زیاترە و هەل و مەرجی پێگەیشتنی نەتەوەیی لە کام بەشی کوردستان لەبارترە، پشتیوانی بین و بە هێزتری کەین…..
بەو ئاواتەی لە ساڵی نوێی زایینی دا ئەم بانگەوازە بکەوێتە بەر دیدە و سرنجی هەر ئەندامێکی دڵسۆزی کورد و بە تایبەت رووناکبیران و پسپۆڕان و شارەزایانی ناوەوە و دەرەوە و هەموومان سکۆیەکی باش بین بۆ بەرژەوەندی یەکانی نەتەوەیی کورد….