چەند پەیڤێک بۆ تێکۆشەر و نەمر ، فەرماندەی چاونەترس خاڵە مەحموود خاس! حەمەرەسووڵ کەریمی

کە باس لە مردن و ژیان دەکەیەوە، مرۆڤ دەبێ ڕۆژێک دوای لە دایکبوونی چاوەروانی ڕۆژی مردنیش بکات، ئەوەی بۆ مرۆڤ گرینگە ئەوەیە کە چۆن خزمەت دەکا و لە کاتی بەجێ هێشتنی دونیا دا چی لە پاش خۆی بە جێ دێڵێ و یا هەڵس و کەوتەکانی چەندەیان دەبنە ئاوێتەی ژیانی کەسەکانی دیکە.
بە بیستنی هەواڵی کوژران و نەمانی کاک مەحموود خاس هاورێ و فەرماندەی دەورانی پێشمەرگایەتیم بۆ ساتێک تاسام، چەند ڕۆژ پێشتر بیستم کە دەگەرێتەوە کوردستان و هەر کە هەواڵی ڕووداوەکەم بیست، یەکراست بیرم چۆ لای گەرانەوەی بۆ کوردستان و بە گشتی پێم وابوو کە لە کوردستان شەهید کراوە، بەڵام کاتێک بەدواداچوونم کرد هەواڵەکە زیاتر ڕوون بۆوە کە هەر لە نۆروێژ و لە ماڵی خۆی دا کوژراوە، ئەم هەواڵە زیاتر لە پێشوو تاساندمی و بۆ ساتێک، تووشی شۆک و ڕاوەستان بووم، بەڵام لەگەڵ ڕووداو و کارەساتی ناخۆش هیچ ناکرێ و تەنیا دەبێ دڵت گەورە بێ و ڕووداوەکە چۆنە وای قەبووڵ بکەی و هەوڵ بدەی لە داهاتوو دا ئەزموون لە ڕووداوەکە بە قازانجی گشتی وەر بگری، بۆ ئەوەی دووپات نەکرێتەوە، تا ئێرەش نە پۆلیس و نە بنەماڵەکەی لێدوانی تایبەتیان لە سەر ڕووداوەکە و یا چۆنیەتی ڕووداوەکە و بکووژانی رووداوەکە بلاو نەکردۆتەوە و ئەوەش بۆ هەموو لایەک جێگای داخ و پەژارەیە.
لە مێژ ساڵە لە نیزیکەوە کاک مەحموود خاس دەناسم، ناسینەکەمان دەگەرێتەوە بۆ پێش ئەوەی ببمە پێشمەرگە، ئەو کات کاک مەحموود وەک گەنجێکی خوێن گەرم و بە هەیبەت هاتووچۆی سەردەشتی دەکرد و لە ڕێگای دوکانی ماممەوە دەمناسی، دواتریش لە پێشمەرگایەتی دا وەک کەسێکی هەڵسوور و بە ورە و پێشەنگی تیمەکانی پێشمەرگە زیاترم ناسی و کاتێکش بە یەکەوە بۆ کاری حیزبی دەچوینەوە ناوچە چاکترم ناسی.
کاک مەحموود کەسێکی تێکەڵ و کۆمەڵایەتی بوو، پێشمەرگە و فەرماندەیەکی لێزان و هەروەها کەسێکی شارەزا بە سرووشتی ناوچە و هەموو شوێنەکانی ئەم دەڤەرە و بەشێک لە ناوچەکانی دیکە بوو، چاوساخ و بە دەست و بورد و هاوکاتیش پێشمەرگەیەکی بە ئیمان و ورە و فەرماندەیەکی چاونەترس و بە تەرح و بەرنامە بوو.
ئەو کاتانەی کەس نەیدەتوانی سنووری نێوان باشوور و رۆژهەڵات لە بەر کەمینی دوو دەوڵەتی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و هەروەها لە بەر بوونی مین و بۆمبی چێندراو ببڕێ، ئەوە خاڵ مەحموود وەک پێشەنگ و پێشرەو و شارەزا لەگەڵ چەند کەس لە پێشمەرگەکانی دەستەکەی، خۆیان دەکردە قەڵغان و پێشمەرگەیان دەگەیاندە شوێنی مەبەست و دیاری کراو.
ئەو کاتانەی کە پێشمەرگەیەکی بریندار هەموو ڕێگا و بانی لێدەگیرا و مەترسی گیران و لە کەمین کەوتنی لە سەر بوو، ئەوە مەحموود خاس وەک کەسێکی بە مشوور و خەمخۆر، وەک هەڵۆ دەگەیشتە پێش تیمی پێشمەرگەی بریندارهەڵگر و دیسان بە لێزانی خۆیی دەیگەیاندەوە بنکەی پێشمەرگەکان و لەوێشەوە ڕەوانە نەخۆشخانە دەکرا.
ئەو کاتانەی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات پێویستی بە چەک و تەقەمەنی زیاتر دەبوو، ئەوە دیسان خاڵ مەحموود و تیمەکەی دەیان بار تەقەمەنیان بە وەڵاغ دەگەیاندە شوێنی مەبەست و دواتریش دەستیان بە جەولە و حەرەکەتی تایبەت بە خۆیان دەکرد.
لێزانی و شارەزایی و هەڵسوورانی وەک پارتیزانێک، مانەوە و خۆ حەشاردان و شاردنەوەی تیمی گەورە و بچووک لە نێو سەدان موڵگە و پایەگا و گوردان و پادگانی جۆراوجۆر دا بۆ کاک مەحموود زۆر ئاسان و سادە بوو. شارەزایی لە ڕێگا و بان دا، خەڵک ناسی و تێکەڵبوونی لەگەڵ خەڵک و دواتریش زەربە لێدان و شناسایی مۆڵگە و هێزەکانی ڕژێم، کاک مەحموودی زیاتر لە پێشمەرگەکانی دیکە لە نێو هێز و کۆمیتە شارستان و خەڵک دا خۆشەویستتر کردبوو و ئەوانەش وایکرد بوو کە ڕژێم حیسابی تایبەتی بۆ بکات و هەمیشە بۆی لە پیلان دابێ.
ئەو کاتانەی کە دەبوو ببێتە پێشەنگ، ئەوە فەرماندەی نیزامی هێزی پێشمەرگەش لە بەرامبەر دەستوورەکانی خاڵ مەحموود دا هیچ قسەیەکی بۆ گوتن نەبوو و بە دوای هەنگاوەکانی تیمی پێشەنگ دا ملی ڕێگەیان دەگرت و هەوراز و نشێوەکانی نێوان شوێنی وەرێ کەوتن و گەیشتنیان بە بێ پرسیار کردن دەبڕێ، هەموو لایەک دەیانزانی کە شارەزایی و لێزانی کاک مەحموود بە رادەیەکە کە جێگای پرسیار و تێ‌بینی بۆ کەس ناهێڵێتەوە.
کەسێکی ورد و بە مشوور و ساحەب ئێختیار لە کاری پێشمەرگایەتی دا، بوێری، چاونەترسی و خۆ نەدۆڕانی لە کاتی تەنگانەدا ، کاک مەحموودی لە گشت پێشمەرگەکان جیا دەکردەوە، لە سەر ئەرکی حیزبی زۆرجار کەس و کاری و هەروەها دایکی خاڵ مەحموود “پوورە خاس” لە لایەن رژێمەوە گیران و بێ حورمەتیان پێکرا، بەڵام هیچ هەڕەشەیەک نەیتوانی چۆک بە کاک مەحموود دابدا و بەڵکوو زیاتر لە پێشوو بە ئەرکە حیزبی‌یەکانی خۆی هەڵدەستا و چاونەترسانە بە گژ هەموو هەڕەشە و کەند و کۆسپەکان دا دەچۆوە.
کاتێک هەواڵی شەهید بوونی هاورێیەکی دەبیست ئەوە خەم میوانی دەبوو و هەوڵی دەدا لە یەکەم دەرفەت دا سەردانی بنەماڵەکەی بکات و لە ڕێگای پێشمەرگایەتی دا تۆڵەی هاورێیەکەی بستێنێتەوە.

زۆر پێش ئەوەی کە نێوانی دوو لایەنی دیموکرات واتە حدکا و حدکا ڕ. ش بگاتە تێکەڵ بوونەوە و پێش کۆنگرەی ١٠ی حیزب کاک مەحموود بە حەق لەگەڵ چەند هاورێی نزیک بە خۆی هەوڵی زۆری دەدا بۆ ئەوەی لە ڕێگای دڵسۆزانەوە خواستی یەکگرتنەوە کە خواستی خەڵکی کوردفستان بوو، باس بکات و هەوڵی بێ وچانی بۆ بدات، کە بە خۆشیەوە کاک مەحموود بە هەوڵ و هیممەتی خۆی و هاورێیانی توانی بە ئامانجی سەرەکی کە یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دیموکرات بوو بگات.
کاک مەحموود لەگەڵ ئەوەدا چەندین منداڵی ورد و بچووکی هەبوون، هەمیشە بۆ هەموو کارێک و بۆ هەموو مەئموریەتێک ئامادەگی خۆی دەر دەبڕی و بنەماڵەکەشی بە دڵسۆزیەوە یارمەتیدەری بوون بۆ سەرکەوتنی کارەکانی و ئەم پشتگیرییەش زیاتر کاک مەحموودی دڵنیا دەکردەوە بۆ بەرێوەبردنی کار و ئەرکەکانی لە بنکە و بارەگا و هەروەها لە جەولە و مەئموریەتەکانی حیزبی لە نێوخۆی وڵاتدا، بێ شک بەشێکی بەرچاو لە سەرکەوتنەکانی کاک مەحموود هاوکاری هاوژین و هاوسەری ژیانی لەگەڵ بووە کە ئەو بەشە لە ژیانی شۆرشگێرێک دا زۆر گرینگە.
لەگەڵ ئەوە دا مرۆڤ دەتوانێ خۆی بکاتە پێشەنگ و هەروەها کەسێکی دیار و بەرچاو، لە هەمان کاتدا وەک مرۆڤیش ناتوانێ بێ کەم و کوڕی بێ و بێ‌شک کاک مەحمودیش لە ژیانی دا بێ کەم و کوڕی نەبووە، بەڵام کارەکانی و هەڵس و کەوتە بەهێز و باشەکانی ئەوەندە زۆرن کە دەتواندرێ بڵێین کە بە حەق کاک مەحموود لە ئەرکی پێشمەرگایەتی و دۆستایەتی دا مرۆڤێکی سەرکەتوو و تا بڵێی جێکەوتوو بوو. کاک مەحموود لە دەرەوەی وڵاتیش بە هەموو جۆرێک یارمەتی‌یەکانی خۆی دەگەیاندە هاورێیانی و لە وڵاتی نۆروێژیش یەکێک لە ئەندامە هەڵسوورەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.
دوای واز هێنانی لە پێشمەرگایەتی دا و چوونی بۆ وڵاتی نۆروێژ، هەمیشە حەسرەتی دەخوارد کە بۆچی وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە و بۆچی لە زێد و نیشتمانی خۆی دوور کەوتۆتەوە، ئەو مەسەلەیە هەمیشە ئازاری ڕووحی و دەروونی دەدا و لە قسە کردن و لە هەڵس و کەوتی دا بە جوانی دەر دەکەوت کە کاک مەحموود تەنیا بە جەستە لە وڵاتی نۆروێژ دەژیا و ڕووح و ڕەوانی هەر لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوو، ئەو پرسە ڕەنگ بێ تەنیا ڕووی لە کاک مەحموود نەبێ و بەڵکوو هەمو ئەو کەسانەی وەک کاک مەحموود بۆ گەلەکەیان خەباتیان کردووە و ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژین وەک جەستە لە دەرەوەی وڵاتن و هەموویان هەست بەوە دەکەن کە جێگایان هەر نێوخۆی وڵاتە و هەر دەبێ لە نیوخۆی وڵاتیش خەبات بکەن و ڕۆژێک دەبێ بگەرێنەوە زێد و نیشتمانی خۆیان.
ئەو چەند دێرەم تەنیا وەک ئەمەگ بۆ هاورێیەتی و بۆ ئەو هەموو تێکۆشانەی کاک مەحموود نووسیوە و ئەوەش قەترەیەک لە دەریای بێ سنووری هەڵسووران و پێشمەرگایەتی کاک مەحموود خاسە و لە ڕیگای ئەم کورتە نووسینەشەوە سەرەخۆشی لە ئەندامانی بنەماڵەی کاک مەحموود بە گشتی لە نۆروێژ و لە نێوخۆی کوردستان و بە تایبەت خزمان و دانیشتوانی گوندی گڕژاڵی پێشمەرگەپەروەر دەکەم و ئاواتەخوازم کە ئەم ڕووداوە دوایین ڕوودای ناخۆش بێ بۆ هەموو خۆشەویستان و دۆستان و ئەندامانی بنەماڵەی کاک مەحموود.
ڕووحی شاد بێ و هیوای تەمەن درێژی بۆ منداڵە چاوگەشەکانی بە ئاوات دەخوازم.
حەمەرەسووڵ کەریمی