ئاگاداری بنەماڵەی نەمر کاک مەحموود خاس بۆ هەموو دۆستان و ئاشنایان و خزمان!

وەک ئاگادارن دوای ئەوە کە هەواڵی جەرگبری باوکمان ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ – ٠٢ – ٢٠١٦ لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتی‌یەکان دا بڵاو بۆوە، دۆست و ئاشنا و خزمان لە نێوخۆی وڵات بە گشتی و دەرەوەی وڵات و نۆروێژ بە تایبەتی لە ڕیگای جۆراوجۆرەوە هاوخەمی خۆیان دەربریوە و هاوکاتیش پەیوەندیان پێوە گرتووین، کە ئەوە نیشانەی گەورەیی باوکی نەمرمانە و بە پەیوەندی‌یەکانتان باری قورسی سەر شانتان سووکتر کردووین، هەر بۆیە لە ڕێگای ئەم نووسینەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە سرنج بدەنە داواکاری ئێمە کە لەو چەند دێرەی خوارەوەدا ئاماژەمان پێداوە.

هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانی بابی خۆشه‌ویستمان!
دۆستان و خۆشه‌ویستان‌!
ئێمه‌ ئێستا روبه‌روی کاره‌ساتێکی دڵته‌زێن بووینه‌وه‌، هیچ زانیاریمان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌و کاره‌ساته‌ جەرگبڕە نییە، هەر بۆیە ده‌بێ سه‌بر بگرین و چاوەروان بین، تا ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی وەک پۆلیس لێکۆلینه‌وەکە‌ ته‌واو ده‌کات.
ئێمه‌ وەک ئەندامانی بنەماڵەی نەمر کاک مەحموود خاس، دڵنیاین له‌ بێتاوانی بنه‌ماڵه‌که‌مان و هەروەها باوه‌ڕی ته‌واومان به‌ دادگا و پۆلیس و ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانی دیکەی وڵاتی نۆروێژ هه‌یه‌ و هەر بۆیە هیوادارین به‌ زوترین کات بکوژ یا بکوژانی بابمان لە ڕێگای یاسا و لێکۆلینەوەی گشتی دا ئاشکرا بکرێت.
خۆشه‌ویستان!
هۆی بێده‌نگی ئێمه‌ منداڵەکانی کاک مەحموود تەنیا دووری لەیەکتر بووە. ئێمه‌ له‌ کاتی گونجاو دا و دوای تەواوبوونی دۆسیە و لێکۆلینەوەکان هەوڵ دەدەین پرسه‌یه‌ک که‌ شایسته‌ی که‌سایه‌تی و خۆشه‌ویستی باوکمان بێت داده‌نێین و به‌ هه‌موو لایه‌کی راده‌گه‌یێنین.
رێز و حورمه‌ت بۆ هاوده‌ردیتان
ئەندامانی بنەماڵەی نەمر مەحموود خاس
٢٨ – ٠٢ – ٢٠١٦