بۆ مەحمود خاس رۆڵەی بە ئەمەگی گیارەنگ و زمزیران. وەستا ڕەحمان

دەمهەوێ کەمێک لە تەک هاوڕێ مەحمود خاس پارتیزان و فەرماندەی بەوەجی سەر دوندی چیا و شاخ و بەندەنەکانی نیشتیمانی داگیرکراومدا بدوێم. ئەو پێشمەرگە ئازایەی دوژمن لە ناوی تۆقیبوو بەڵام لە باوەشی چیا و دەشت و لێرەوارەکانی نیشتمانی خۆیدا هیچکات نەیتوانی زەفەری پێ بەرێ .
هاوڕێم تۆ کاتێک باشترین ساتەکانی تەمەنی خۆت بۆ رزگاری گەل و وەڵات تەرخان کردبوو، تۆ کە دەتگوت دێموکرات ماڵمە قیبلەگاهی منە ، تۆ کە ببویە هەڵۆی تیژباڵی ئاسمانی نیشتیمانت ، تۆ کە ببویە پێشرەو و چاوساغی پێشمەرگەکانی دێموکرات ، زۆر حەیف بوو بە جێ بێڵی نیشتیمانت ، پێم ناڵێی چ بوو بەهۆی ئەوە لە ئوروپا نیشتەجێ بی ، تۆ کاتێک پارێزەرێکی گیان لە سەر دەستی گەلەکەت بووی و داگیرکەرانی خاکت لێت دەترسان ، تۆ کاتێک سێبەرت بە سەر قەندیل و زمزیران، گیارەنگ و ئاربابا، هومل و سەری گۆمێ ، ئالان و کەڵوێ دا دەکێشا و ئارامی و ئاوەدانیت پێ دەبەخشین بۆ درێژەدان بە ژیان ، ئاخۆ چ هۆکاریک بوو بە هۆی ئەوەی شێرە کوری کوێستانانم ئاوا بە غەدر لێکراوی و دوور لە زێدی باب و باپیران و لەو خاکەی کە خۆشیدەویست گۆر غەریب بێ .
ئاخر چلۆن باوەر بە مەرگت بکەم کاتێک تۆ لەو هەموو شەرە سەختانە هەڵۆ ئاسا بە سەر داگیرکەران و جاشەکاندا سەردەکەوتی و مژدەی سرنج بدەی سەرکەوتنت دەگەیاندە رادیۆ دەنگی کوردستان، بەڵام مخابن لە وەڵاتێکدا گێان لە دەست بدەی کە خاکی تۆ نییە و پێی غەریب بووی. بەڵێ هاوڕێ خاڵ مەحمود، تۆ گەورە بووی ، تۆ کەرامەتت بە قەد قەندیل بەرز بوو ، راوچی کویستانان بوی ، تۆ مامە ریشەی رۆژهەڵات بووی ، هەڵۆی چیا و سوارچاکێکی چوست و چالاکی لێرەوارەکانی سەردەشت و رەبەت بووی ، ئاخر کوا ئورپا بۆ تۆ دەبوو ، ئیستاش داگیرکەرانی ئێرانی لە ناوی بەرزی مەحمود خاس سڵ دەکەنەوە.
دوژمنانی کورد و کوردستان پێت نەوێران بۆیە هەمیشە بۆت لە کەمین دابوون لە پشتەوەرا لە عەرزت دەن ، تۆ بەڵێنت دابوو جارێکیتر خۆت لە سەفی پێشمەرگەکاندا ببینیەوە و وێرای هاوسەنگەرانت ببیەوە راوچی کوێستانان ، بۆیە ئیستاش پێشمەرگەکان چاوەرێتن بگەرێیەوە و پێشیان کەوی، بریندارەکان چاوەرێتن دەربازیان کەی ،شەهیدانی قۆناغی نوێ خەبات چاوەرێتن بۆ تۆلە ….
هاوڕێکەم! تۆ کە هەمیشە حەسرەتی دووربوونەوە لە پێشمەرگایەتی و زێد و نیشتمانی خۆت دەخوارد و ئازاری دەدای تۆ کە ڕووح و رەوانت هەر لە گەڵ حیزب و پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوو ، تۆ کە دەبوو لە مەیدانی نەبەردیدا بە پێوە سەر بنێیەوە ، ئاخر کفر نییە دوور لە نیشتیمان بەو شێوەیە ئاوا بە غەدر لێکراوی بە جێمان بێڵی؟ دەزانم ئاسودە نی و دڵنیام ئارام ناگری!
بەڵام هاوڕێم خاڵ مەحمود شۆرە لاوی چەک بەدەستی کوێستانانم!
دڵنیا بە و ئاسودە بنوو چونکە ڕێبوارنی رێگای پیرۆزی پڕ لە سەروەریت زۆر لە مێژە بریاریان داوە و بەڵێنیان بەو شەهیدانەی کە تۆ خۆشت دەویستن داوە کە تا وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی شەهیدانی سەربەرز و سەرکەوتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو حیزبەی پڕ بە دڵ شانازیت پێوە دەکرد بۆ یەک ساتیش لە خەبات و تێکۆشان نەوەستن .
فینلاند – وەستا رەحمان