یادی گەورە ژنی کورد تەڵا خانم لە رۆژی جیهانی ژناندا. پەخشانی ئەحمەدی

هەموو ساڵێک بەبۆنەی ٨ ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان، کۆرو کۆمەڵی جۆراوجۆر پێک دێت، ژنان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان یەکدەنگ دێنە شەقامەکان و لەسەر ویستو داواکانیان دەدوێن.

لەو ڕۆژەدا بەجێیە یادو بیرکردنەوە لەو ژنە تێکۆشەرانەی کە لە ناوماندا نەماون. ئەو ژنانەی کە تێکۆشان بۆ مافی هەموو کۆمەڵگەی ئینسانی، ئەو ژنانەی کە نەترسانە ڕچەشکێن بوون.
من لەم ڕۆژرەدا یادی خانمێک دەکەم کە ئێستا لە ناوماندا نەماوە، خانمێکی زانا، ڕووخۆش، لێبوردوو بەخشەندە، خانمێک کە هەمیشە بە دەم هاوارو بانگی هەژاران و لێ قەوماوانەوە بوو. یادی تەڵا خانمی ئەحمەدی.
لە کاتێکدا دنیا لە گێژاوی کێشەکانی پێش شەری جیهانی دووهەمدا بوو، دەوڵەتی رەزا شای ئێران دەسەڵاتی زۆری بە سەر کوردستاندا نەمابوو. تەلا خانم ساڵی ١٩٣٧ی زایینی لە گوندی کیوەرۆ نزیک شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوو. دایکی شاناز خانم بوو، باوکی سەلیم خان، یەکێک لە دەسەلاتدارن و حاکمانی شاری بانە بوو. ساڵانی منداڵی و لاویەتی خۆی لەناو بنەماڵەێکی گەورەو خێزانداردا بەسەربرد.
لە گەرمەی شەری جیهانی دووهەمدا شێخ لەتیفی شێخ مەحمودی حەفید مەلیکی کوردستان، لەگەڵ هاورێ و هاوفکرەکانی دێنە بانە و لەلایەن سەلیم خانەوە بەگەرمی پێشوازییان لێدەکرێت. پاشان سەلیم خان بەڕاوێژ و ڕەزامەندی هۆزەکانی سەردەشت ، شێخ لەتیف دەباتە سەردەشت و دەیکاتە حاکمی ئەو شارە. پاش نزیک بە ساڵێک حاکمییەتی شێخ لەتیف لە سەردەشت، بابە عەلی شێخ ڕەئوف دێت بە دوای شێخ لەتیف دا و دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی. سەلیم خان ساڵی ١٩٤٥ ی زاینی بە هۆی نەخۆشیێکی گوماناوی کۆچی دوایکرد. سوپای دەوڵەتی کە ئەوکات محەممەد شای کوڕی ڕەزا شا دەبێت، هێرش دەکاتە سەقز و بانە و ناوچەکە ئەگرێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. ئەمجارەیان شێخ لەتیف بە یارمەتی بنەماڵەی سەلیم خانەوە دێت و دەیانباتە ماڵی خۆی لە کەناروی.
دوای ئەوەی کە بنەمالەی سەلیم خان دەگەرینەوە بۆ شوێنی خۆیان لە ناوچەی بانە، تەڵا خانم پێوەندی هاوسەرگیری لەگەڵ شێخ لەتیف دەگرێت. بەرهەمی ئەو ژیانە هاوبەشیە سێ کچ بوو بە ناوەکانی مهاباد، شنۆ و نژۆ. ئەوە بۆ یەکەم جار بوو کچێک ناو دەنرا مهاباد. لە ڕاستی دا تەڵا خانم و شێخ لەتیف لە خۆشەویستی کۆماری مهاباد ئەو ناوەیان هەڵبژاردبوو.
کاتی شۆرشی کورد لە باکوری کوردستان ساڵی ١٩٥٨ تەڵاخانم شان بە شانی هاورێیانی، مامۆستا بهیە معروف، منیرە قفطاف، شفیقە سعید، اجنم زهدی و درخشان حفید لە یەکیەتی ژنانی کورد کاری دەکرد. وەکو ئەندامێکی چالاک زۆربەی کۆبوونەوەکان لە ماڵی ئەودا دەکران و پلان و بەرنامەی کار دادەڕێژرا. زۆر جاران ئەو ژنانەی کە لەدەست توندووتیژی بنەماڵەیان هەڵدەهاتن، دەچونە ماڵی تەڵاخانم. ئەو لەبەرامبەر کەسوکاری یاندا ڕادەوەستاو پارێزگاری لێ درکردن، خەڵکیش لە قسەی ئەو دەرنەدەچوون و ڕێزیان لە بریارەکانی دەگرت. بەو شێوەیە زۆر ژنی لە کوشتن بەدەستی کەسوکاریان ڕزگار کرد. ئێستا بە خۆشییەوە لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا شوێنی تەیبەتیان هەیە بۆ یارمەتی بە کەسانی لێ قەوماو، ژن و مندالی هەژار.
تەڵا خانم ژنێکی شۆرشگیر و چالاک و پارێزەری مافی ژن بوو. پاش ئەوەی چەند جار ماڵیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تاڵان کرا، ساڵی ١٩٧٤ خۆی و بنەماڵەکەی لە ژێر فشاری ڕژێمی بەعسی دا، سلێمانیان بەجێهێشت وئاوارەی ناوچەی پێنجوێن و مەریوان بوون. ماڵی ئێمە، دایکم، باوکم کە ڕەشیدی ئەحمەدی یە لە گەڵ خوشکو براکانم چووین بۆ سەردانیان لە مەریوان. ئەوکات من لە پۆلی چوارمی سەرەتای دەمخوێند. ئەوە یەکەمجاربوو کە من تەڵاخانمم لە نزیکەوە بینی. ئەو خانمێکی باڵا بەرز و جوان و میهرەبان بوو. ژنێکی زۆر لە سەرخۆ، لێوەشاوە، نەترس و بەهەڵوێست. بیرو باوەری شۆرشگێڕانە و ڕەفتار و هەڵسو کەوتی گارگێریێکی زۆری لە سەر دانام.
کاتێک ئەوان گەڕانەوە بۆ سلێمانی لەگەڵ هاورێکانی رێکخراوێکیان دامەزراند بۆ یارمەتیکردنی بنەماڵەی شەهیدان، بنەماڵەی پێشمەرگە و قوتابیانی هەژار کە بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن. ئەو یارمەتییانە هەرچەند بچوکیش بوایە بۆ ئەو کەسانە جێگەی خۆی دەگرت و لە کێشەکە رزگارییان دەبوو.
تەڵا خانم لە تەمنێکی زۆر لاویەتی دا هاوسەری خۆی لەدەستدا، لە کۆمەڵگای سوننەتی کوردەواریدا کە زۆر زەحمەت بوو ژنێک بە بێ پیاو بتوانێ بە ژیانی خۆیدا ڕابگات، تەڵاخانم توانی بە پشت بەستن بە خۆی ئەرکی سەرپەرەستی وپاراستنی بنەماڵەیەکی گەورە بە باشترین شێوە بە ئەستۆ بگرێت. لە ژێر سەپەرەستی و چاوەدێری ئەودا هەر سێک کچەکانی توانیان بە پەلەی بەرزی ئاکادمیک بگەن وە لە هەمان کاتدا توانی یارمەتی زۆر کەسانی تریش بکات و هەڵوێست وکاریگەری لە کۆمەڵەگەی خۆیدا هەبێت. وا بکات کە وەک کەسایەتیێک حیسابی بۆ بکرێت و ڕێز لە بریارەکانی بگیرێت.
ئەوخاتونە کەم وێنەیەی کورد بۆ یارمەتی هەژاران ودەربەدەران لە هیچ شتێک درێغی نەدەکرد. دەگێرنەوە لە سەرەتای حەفتاکاندا لە سلێمانی بەفرێکی زۆر دەبارێت بە چەشنێک کە ڕێگای هاتووچۆ لە خەڵک دەگیرێت. ئەوساڵانەش یارمەتی حکومی بۆ خەڵکی نەبوو بەڵکو خەڵک دەبوو خۆیان بە یارمەتی یەکترییەوە بڕۆن. تەڵا خانم دەبینێ منداڵی مەدرەسەی گەڕەکەکەیان لە وێدا ماونەتەوە و ڕێگەی گەڕانەوە بۆ ماڵی یان نییە. ئەویش ئەچێ ئەوەندەی لە توانایدابێت بە کۆڵ دەیان هێنێتە ماڵی خۆی، گەرمی یان دەکاتەوە و ئاگای لێیان دەبێت، هەتاکو کەسوکارییان دێن.
لە کاتی شەری نێوان ئێران و عێراق (١٩٨٠/١٩٨٨)، سلێمانی لە ژێر بۆمب بارانی ڕژێمی ئێراندا بوو. ئەو ژێرزەمینی ماڵی خۆی کرد بە پەناگای خەڵکی ناوچەکە. چەندەها خێزان بە درێژای ئەو شەرە، شەو ڕۆژ لە وێدا ئەحەوانەوە، ئەویش بەوپەڕی خۆشییەوە خزمەتی یان دەکات. لە ڕاستیدا ئەو هەمیشە ماڵەکەی پەناگای لیقەوماو ودەربەدەرانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان بووە، کەم کەسایەتی و دەربەدەری کورد هەیە، پەریوەی سلێمانی و دەوروبەری بۆبێت و لەماڵی ئەو ماندویەتی نەحەساندبێتەوەو بە باشترین شیوەی ممکن یارمەتی نەکرابي. پاش ڕوخانی کۆماری ساوای مهاباد، ساڵانێکی زۆر خزمەتی ئەو سەرکردەکانی کرد کە لەدەست رژێمی شای ئێران هەڵاتبوون.
دووهەم جار کاتێک من لە نزیکەوە تەڵاخانمم بینی، ساڵی ١٩٨٣ بوو. ئێمە وەکوو بنەماڵەێکی پێشمەرگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتی نەخۆشیدا هیچ چەشنە مەودایکمان نەبوو. دیارە من پێشمەرگەی چەکدار نەبووم بەڵکو وەکو مامۆستای شۆڕش لە دێی چۆمان لە گەڵ خوشکم گەلاوێژ خزمەتمان بە خەڵکی ناوچەکە دەکرد. باوکم پاش ساڵانێکی زۆر ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی، زۆر نەخۆش بوو. کات زستان بوو، بەفرێکی زۆر کوێستانەکانی داپۆشی بوو. لەگەڵ باوکم و برای بچوکم مەجید، بەرەو باسنێ ڕۆیشتین و پاشان چوینە سلێمانی بۆ ماڵی تەڵاخانم.
ئەو بە باوەشێکی گەرمەوە وەریگرتین. زۆر بە خێرای کاروباری دکتۆروبیمارستانی بۆ باوکمی رێک کرد. بۆ منی لاو کە لە کەژو کێوەوە هاتبووم، سلێمانی شارێکی جوان و ڕازاوە بوو. کچەکانی بە جلوبەرگی زۆر شیکەوە دەهاتنە دەرەوە، من هەر بە جلی پێشمەرگایەتییەوە دەگەرام، هەر ئەوەش سرنجی خەڵکی لە ناو بازارەکان بەرەو من ڕادەکێشا. بەڵام تاڵا خانم ئەی گوت بەقوربانی جلە پێشمەرگایەتی یەکەشت بم. ئەو بە و پەڕی شانازییەوە منی بە هارێیانی خۆی ناساند. ڕۆژێک هاوڕێ لەگەڵ شنۆی کچی کە ئەو کات لە زانکۆی سلێمانی ئەندازیاری دەخوێند چومە زانکۆ. دانیشتن لە پۆلەکاندا و دیتن و قسەکردن لەگەڵ ئەو هەموو کچو کورە جوانو ژیرانە بۆ من زۆر خۆش و سەرنج ڕاکێش بوو. جیاوازیێکی زۆری هەبوو لە گەڵ ئەو دنیایەی کە منی لێوە هاتبووم. مەبەستی من لە گێڕانەوە ئەم چەند دێرە ئەوەیە کە پەنجە بخەمە سەر خوو و ڕەوشتی ئەو خانمە کە دۆست و هاورێی خەباتکاری کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بوو. کەسایەتیێکی وابوو کە لە گەڵ ئەو هەموو دڵسۆزی و خزمەتگوزاریەی کە بۆ میلەتی خۆی دەکرد قەت ناوی لێ نەدەهیناو هیچ ئیدعایەکی نەبوو.
سەرەنجام ئەو خاتونە گەورەیە پاش ململانێکی زۆر لە گەڵ نەخۆشیدا لە ئێوارەی ١٧/١/٢٠١٦ بۆ دوا جار ماڵاوای لە کوردستان و بنەماڵەی خۆی کرد. یادی و بیرەوەرییەکانی هەمیشە زیندووە!
پەخشانی ئەحمەدی – ئۆسلۆ ١/٣/٢٠١٦
١- سەرچاوەکان: کتێبی ” چەند لەپەڕەیەک لە ژیانم” ٢٠٠٩، نووسینی ڕەشید ئەحمەدی
٢- وتووێژ لە گەڵ مهاباد شێخ لەتیف حەفید