سپاسنامەی کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان

خەڵکی بە هەڵوێستی کوردستان!
ئەندامان، لایەنگران و دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
ئەوساڵ حیزبەکەمان و حیزبەکەتان، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەلومەرجێکدا یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی خۆی جێژن گرت و یۆبیلی ئەڵماسی لە بەرۆکی خۆی دا کە بەداخەوە لە بەر پەتای کۆرۆنا ئەو جۆرەی کە بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو، جێژن و رێوڕەسمەکان بەڕێوە نەچوون و بەو جۆرەی کە شیاوی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە نەکرا بە شێوەی پێویست ئەم یادە مەزنە پڕشکۆتر بکەین بە جێژن.
پەتای کۆرۆنا لە لایەک و پەتای کۆماری ئیسلامی لە لایەکی‌ترەوە و، خوڵقاندنی کەش‌وهەوای ئەمنیەتیی زاڵ بە سەر نیشتمانەکەمان‌دا، دوو کێشەی بەردەم ئەم یادە گەورەیە بوون. بەڵام ئێوەی دڵسۆز و خاوەن ئیرادە، رێگەتان نەدا هیچ‌کام لەو بەڵایانە پێش بە چالاکی‌یەکانتان بگرن و ئەوەی لە دەستتان هات کردتان و بە شێوەی جۆراوجۆر ڕێزتان لە نزیکەی هەشت دەیە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان گرت. ئافەرین بۆ ورەی بەرز و وەفاداریتان بە ڕێبازی حیزب و شەهیدان.

خۆشەویستان!
ئەگەر لە سەرەتای دامەزرانی حیزبی دێموکرات‌ی کوردستان‌دا لە بەر هۆکاری سیاسیی ئەو کات ئەو مەجالە بەم حیزبە نەدرا کە پەل بۆ سەرانسەری کوردستان بهاوێ و چالاکی‌یەکانی زیاتر لە ناوچەی موکریان بەڕێوە دەچوون، بەخۆشی‌یەوە ئەوا ئێستا پەیامی ڕزگاریی نەتەوەیی سەرانسەری نیشتمانەکەمانی هەر لە لوڕستانەوە تا ماکۆ گرتۆتەوە کە بێگومان ئەوەیان ئەگەر لە لایەک نیشانەی بەرەوژوور هەڵکشانی هەست و شعووری نەتەوەیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، لە لایەکی دیکەشەوە بەرهەمی هەڵسووڕان و چالاکیی بەردەوامی ئێوەیە.
ئەوساڵ پانتایی چالاکی‌یەکانی ئێوەی ئەرک‌وەخۆگری ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان، بە هەموو لایەکی نیشان دا کە حیزبێک کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی خۆی بێ، هیچ جۆرە بەربەست و پیلانگێڕییەکی دوژمنان ناتوانێ نە لە کۆمەڵگەی خۆی داببڕێ و نە پێش بە بڵاوبوونەوەی پەیامی ڕزگاریخوازانەی بگرن. بەو تایبەتمەندییەوە کە باس کرا هەر دەبێ درەنگ یا زوو حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەم ڕەسالەتەی، واتە رزگاریی خەڵک و نیشتمانەکەی بەجێ بگەیینێت.

ئەندامان و لایەنگران و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
ئێوە لەم ماوەیەدا سەرەڕای فشارە ئەمنیەتی‌یەکانی دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، بە شێوازی جۆراوجۆری وەک؛ نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراک، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، سەردانی بنەماڵەی شەهیدان، نووسینی بابەتی تایبەت بەم یادە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ناردنی گرتە ویدئۆ و پەیامی پیرۆزبایی ئەرکی خۆتان بە باشترین شێوە بەڕێوە برد.
بۆیە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە بە ئەرکی خۆی دەزانێ، وێڕای ئافەرین پێ‌گوتنتان، سپاس و پێزانینی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانتان پێ ڕابگەیەنێ. بەو هیوایەی هەرچی زووتر سێبەری ڕەشی دیکتاتۆری لە سەر ئاسمانی وڵاتەکەمان لابچێ و پێکەوە لە شاربە شار و گوند بە گوندی وڵاتەکەمان ئەم جێژنە و جێژنی ڕزگاریی نیشتمانەکەمان لە ژێردەستی، بگرین.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٢٧ی گەلاوێژی ١٣٩٩