٧٥ ڕووداوی دیار و گرینگی مێژووی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستان

١- ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤(١٦ی ئاگۆستی ١٩٤٥)، دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری مەهاباد لەسەر بناخەی کۆمەڵەی ژ-کاف.

٢- ٢ی خەزەڵوەری ١٣٢٤، پێکهاتنی کۆنگرەی یەکەمی حیزب. نوێنەران لە ئاگرییەوە هەتا بۆکان لەم کۆنگرەیەدا بەشدار بوون.

٣- ٢٦ سەرماوەزی ١٣٢٤، هەڵکرانی ئاڵای کوردستان لە مەهاباد،

٤- ٢ی ڕێبەندانی١٣٢٤ (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦) ، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە میتینگێکی گەورەدا بە بەشداریی نوێنەرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد. قازی محەممە،د پێشەوای حیزب هەر لەو میتینگە‌دا بە سەرکۆمار دیاری کرا.

٥- ٣ی بانەمەڕی ١٣٢٥، ئیمزاکرانی پەیمانی دۆستایەتی و هاوکاری لە نێوان کۆماری کوردستان و حکوومەتی میللیی ئازەربایجاندا.

٦- ٢٦ سەرماوەزی ١٣٢٥، لەشکەرکێشیی شا بۆ مەهاباد و کۆتایی‌هاتن بە تەمەنی کۆماری کوردستان. لەشکری تاران پاش تەسلیم‌بوونی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، لە ٢١ی سەرماوەزدا شاری تەورێزی گرتبۆوە.

٧- ٢ی ڕەشەمەی ١٣٢٥، ئێعدامی ١١ کەس لە تێکۆشەرانی دێموکرات لە سەرۆک عەشیرەتەکانی فەیزولڵابەگی و گەورەک لە شاری سەقز و ئێعدامی عەلی بەگی شێرزاد، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی بۆکان لە شاری بۆکان.

٨- ١٠ی خاکەلێوە ١٣٢٦، لە سێدارەدرانی قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد و، چەند ڕۆژ دواتر، ئێعدامی چوار ئەفسەری سوپای میللیی کوردستان لە عێڕاق.

٩- زستانی ساڵی ١٣٣١، سەرکەوتنی بەرچاوی کاندیدای حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد، لە هەڵبژاردنی دەورەی ١٧ی مەجلیسی شوڕادا. ئەم هەڵبژاردنە لە لایەن دەوڵەتەوە هەڵوەشایەوە و ئیمام جومعەی تاران وەک نوێنەری مەهاباد لە مەجلیس دیاری کرا، بێ‌ئەوەی کەس لە مەهاباد بیناسێ.

١٠- زستانی ساڵی ١٣٣١، ڕاپەڕینی جووتیارانی ناوچەی موکریان بەدژی زوڵم و زۆریی ئاغا و دەرەبەگەکان لە پێوەندی لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا. ئەو ڕاپەڕینە لە لایەن دەرەبەگەکانەوە بە هاوکاریی لەشکری شا سەرکوت‌ کرا.

١١- ٢٥ گەلاوێژی ١٣٣٢، پێکهێنانی کۆبوونەوەی گشتیی خەڵک لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە لە شاری مەهاباد بۆ پشتیوانی لە لابردنی شا کە هەڵاتبوو بۆ بەغدا. ٣ ڕۆژ دواتر لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢دا، شا بە دوای سەرکەوتنی کودیتای نیزامی بە دژی “موسەدیق”دا گەڕایەوە بۆ ئێران.

١٢- جۆزەردانی ساڵی ١٣٣٤، پێکهێنانی یەکەم کۆنفڕانسی حیزب. لەم کۆنفڕانسەدا بڕیار درا حیزبی دێموکرات پێوەندیی تەشکیلاتیی خۆی لەگەڵ حیزبی توودە بپسێنێ.

١٣- خەزەڵوەری ساڵی ١٣٣٨، هێرشی بەربڵاوی ساواک بۆ سەر ڕێکخراوەکانی حیزب، لەم هێرشەدا نزیک بە ٢٥٠ کەس لە تێکۆشەرانی حیزب لە سەرانسەری کوردستانی ئێران گیران.

١٤- سەرماوەزی ساڵی ١٣٤٣، پێکهێنانی کۆنگرەی دووهەمی حیزب، ئەم کۆنگرەیە جۆرێک لادان لە ڕێبازی دروستی سەربەخۆیی حیزب بوو.

١٥- ساڵەکانی ٤٦_٤٧/ ڕاپەڕینی چەکدارانە لە لایەن هێندێک لە کادرەکانی حیزب کە کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبیان پێک هێنابوو. ئەم ڕاپەڕینە خوێناوییە ١٨ مانگی خایاند و لە لایەن ڕێژیمی شاوە سەرکوت‌کرا و بەشی زۆری بەڕێوەبەرانی شەهید کران.

١٦- پووشپەڕی ١٣٤٨، کۆنفڕانسی دووهەمی حیزب.

١٧- ڕێبەندانی ساڵی ١٣٤٩، دەرچوونی یەکەم ژمارەی دەورەی ئێستای “کوردستان”، ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب. لەو کاتەوە تا ئێستا “کوردستان” ٧٨٠ ژمارەی بە دوو زمانی کوردی و فارسی بڵاو بۆتەوە.

١٨- جۆزەردانی ١٣٥٠، پێکهاتنی کۆنفرانسی سێهەمی حیزب. ئەم کۆنفڕانسە کۆنفڕانسی یەکگرتنەوە و گەڕانەوەی حیزب بۆ سەر ڕێبازی ئووسولیی خۆی بوو.

١٩- ڕەزبەری ساڵی ١٣٥٢، پێکهاتنی کۆنگرەی سێهەمی حیزب، پەسندکرانی پێڕەوی نێوخۆی تازەی حیزب و هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی.

٢٠- ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧، خۆپیشاندانی گەورە لە مەهاباد بەبۆنەی سێ ڕوژانەی ناشتنی تەرمی کاک عەزیز یوسفی. ئەم خۆپیشاندانە سەرەتای دەست‌پێکردنی زنجیرە خۆپیشاندانەکانی دواتری خەڵکی کوردستان بەدژی ڕێژیمی شا لە کوردستان بوو.

٢١- پاییزی ١٣٥٧، گەڕانەوەی بەشێک لە ڕێبەڕایەتیی حیزب بۆ نێو وڵات.

٢٢- ٣٠ ڕێبەندانی ٥٧، گرتنی پادگانی مەهاباد لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە بە یارمەتیی ئەڕتەشییە شۆڕشگێڕەکان، ٨ ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران.

٢٣- ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧، خۆپیشاندانی سەدهەزار کەسی لە ستادیۆمی وەرزیشیی مەهاباد. لەم خۆپیشاندانەدا حیزب تێکۆشانی ئاشکرای خۆی بەڕەسمی ڕاگەیاند.

٢٤- نەورۆزی ١٣٥٨، سازبوونی شەڕ لە سنە لە لایەن بەکرێگیراوانی کۆنەپەرستەوە. ئەوە یەکەم شەڕی ڕێژیمی تازە، دژی گەلی کورد و داخوازەکانی بوو.

٢٥- ٣١ی خاکەلێوی ١٣٥٨، تەقەکران لە کۆبوونەوەی حیزبی دێموکرات لە نەغەدە و سازبوونی شەڕێکی خوێناوی.

٢٦ – ٢٨ی گەلاوێژ ١٣٥٨، ڕاگەیاندرانی فەرمانی جیهادی خومەینی دژی گەلی کورد بە دوای شەڕ لە پاوەدا، قەدغەکرانی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و دەست‌پێکردنی شەڕێکی سەرانسەری لە کوردستان کە بە شەڕی سێ مانگە ناوی دەرکردوە.

٢٧- ٢٦ی خەزەڵوەری ٥٨، دەرچوونی پەیامی خومەینی لەسەر کوردستان، ئەو پەمامە بەکردوە بە مانای دانپێدانانی ڕێژیم بە شکستی خۆی و کۆتایی هاتنی شەڕی سێ مانگە بوو.

٢٨- ٢٨ ڕێبەندانی ١٣٥٨، پێکهاتنی کۆنگرەی چوارەمی حیزب بەشداریی ٣١٠ نوێنەر لە مەهاباد. ئەم کۆنگرەیە پاش ٣٤ ساڵ یەکەم کۆنگرەی ئاشکرای حیزب بوو.

٢٩- ڕەشەمەی ١٣٥٨، دەستپێکرانی شەڕ لە کامیاران و شارەکانی دیکەی کوردستان کە بوو بە شەڕێکی سەرانسەری دژی گەلی کورد، شەڕێک کە ئێستاش درێژەی هەیە.

٣٠- ڕەشەمەی ١٣٥٨، سەرکەوتنی زۆربەی کاندیداکانی حیزبی دێموکرات بۆ مەجلیسی شوڕای میللی لەو شوێنانەی کوردستان کە هەڵبژاردن بەڕیوە چوون.

٣١- ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٥٩، جیابوونەوەی تاقمی ٧ کەسی لە حیزب (کە٦ کەسیان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون)، بە هاندانی حیزبی توودە.

٣٢- ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٥٩، دەست بەکارکردنی ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران.

٣٣- ١٦ی سەرماوەزی ١٣٦٠، پێکهاتنی کۆنگرەی پێنجەمی حیزب. ئەم کۆنگرەیە دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی پەسند کرد.

٣٤- جۆزەردانی ١٣٦٢، ئیعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباد لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە.

٣٥- ٢ی ڕێبەندان ١٣٦٢، پێکهاتنی کۆنگرەی شەشەمی حیزب و پەسندکردنی سۆسیالیزمی دێموکراتیک وەک ئامانجی دواڕۆژ.

٣٦- ٣٠- ٢٦ی سەرماوەز ١٣٦٤، پێکهاتنی کۆنگرەی حەوتەم.

٣٧- ٢٥ی گەلاوێژ ١٣٦٦، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبدا لە سەر یەک چەند سەعات بنکەی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان بە توندترین شێوە بە تۆپ و کاتیوشا کوتا. لەم ئاگربارانەدا ڕێژیم لە تۆپی شیمیایی کەلکی وەرگرت.

٣٨- ٢٨ بەفرانباری ١٣٦٦، پێکهاتنی کۆنگرەی هەشتەم.

٣٩- ٢٣ تا ٢٩ی ڕەشەمەی ١٣٦٦، زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و بنەماڵەکانیان کە لە ناوچە سنوورییەکانی هەڵەبجە و سەیدسادق و خورماڵدا لەگەڵ بۆمبارانی شیمیایی لەلایەک و هێرشی بەربڵاوی نیزامی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستانی عێراق لە لایەکی دیکەوە بەڕەوڕوو ببوون، بە ڕێپێوانێکی مێژوویی ڕزگار بوون.

٤٠- ١ی خاکەلێوەی ١٣٦٧، جیابوونەوەی بەشێکی بەرچاو لە کادرەکان و پێشمەرگەکانی حیزب و ڕاگەیاندنی مەوجوودییەتی خۆیان لە ژێر ناوی” حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ”دا.

٤١- خەرمانانی ١٣٦٧ کوشتاری کەم‌وێنەی زیندانییە سیاسییەکانی ئێران بە دوای ڕاگیرانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق‌دا. لەم کوشتارەدا هەزاران زیندانی سیاسی لە سەرانسەری ئێران کوژران کە لە نێویاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە تێکۆشەرانی کورد دەبینران.

٤٢- ٢٢ی پووشپەری١٣٦٨، (١٣ی ژوئیەی١٩٨٩) تیرۆری سکرتێری گشتیی حیزب، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەن بە دەستی دیپلومات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر مێزی وتووێژ.

٤٣- ٢٢ و ٢٣ ڕەزبەری ١٣٦٨(١٤و ١٥ ئوکتوبری ١٩٨٩)، پێکهاتنی یەکەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی لەسەر مەسەلەی کورد لە پاریس بە دەسپێشخەریی فڕانس لیبرتێ و ئەنستیتۆی کورد لە پاریس. ئەو کۆنفڕانسە بەبۆنەی تێکۆشانی زۆری دوکتور قاسملوو بۆ ناساندنی کێشەی کورد بە دنیا و هەوڵە بەنرخەکانی ئەو نەمرە بۆ پێکهێنانی کونفڕانسی ناوبراو، پێشکێش بە یادی ئەو شەهیدە گەورەیە کرا.

٤٤- ٩ی خەزەڵوەری ١٣٦٨ (٣١ ئۆکتۆبری ١٩٨٩)، ئەنجومەنی دۆستانی گەلی کورد لە ئۆتریش لە کۆبوونەوی خۆیدا بە تێکڕای دەنگی بڕیاری دا ڕێبەری شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو بە ناوی کاندیدا بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساڵی ١٩٩٠، بە کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتی بۆبێل بناسێنێ. چەندین شەخسییەتی خاوەن سەڵاحییەتی ئورووپایی بریتی لە ژمارەیەک پڕۆفیسۆر، سەناتۆر و پارلمانتێر پشتیوانیی خۆیان لەو پێشنیارە ڕاگەیاند. ئەگەرچی خەڵاتی ئەو ساڵە بەر گورباچۆف کەوت، بەڵام هەر ئەوە کە دوکتور قاسلموو یەکەمین کورد بوو بۆ ئەو خەڵاتە جیهانییە کاندیدا کرا و بە ڕاستییش شایانی بوو؛ بۆ حیزبی دێموکرات، گەلی کورد و خەڵکی ئێران جێگای شانازی بوو.

٤٥- ١ی بەفرانباری ١٣٧٠، پێکهاتنی کۆنگرەی نۆهەم (کۆنگرەی قاسملوو).

٤٧- ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ (١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢)، تێرۆری مێکونووس. لەم پەلامارە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا د. سادق شەرەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزب، کاک فەتاح عەبدولی نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات، هومایون ئەڕدەڵان، نوێنەری حیزب لە وڵاتی ئەڵمان و نووری دێهکوردی، چالاکی سیاسی و دۆستی حیزب بە دەستی تێرۆریستە نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران شەهید کران

٤٧- ٢٣ی ڕەشەمە ١٣٧١، بۆمبارانی بنکەی دەفتەری سیاسی و نەخۆشخانە ئازادی و ماڵ و مووچەی خەڵکی دەورووبەر لە بناری قەندیل لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کە شەهیدبوونی چوار تیکۆشەری حیزبی بەدواوە بوو. ئەو بۆمبارانە سەرەتای هێرشی ئاشکرای نیزامیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و دەستێوەردانی بێ‌پەردەی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری ئەو بەشەی کوردستاندا بوو.

٤٨- ٢٣ تا ٣٠ خاکەلێوەی ٧٤، پێکهاتنی کۆنگرەی دەهەمی حیزب (کۆنگرەی پەنجا ساڵەی حیزب). ئەم کۆنگرەیە ڕێگای بۆ کەوتنەوەسەریەکی ڕیزەکانی حیزب خۆش کرد.

٤٩- ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٧٤، یووبێلی زێڕینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەڕێوەچوونی زۆر ڕێوڕەسمی تایبەتی لە کوردستان و دەرەوی وڵات بەبۆنەی ٥٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەمان.

٥٠- ٧ی گەلاوێژی ١٣٧٥، هاتنی هێزێکی دووهەزار کەسیی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە نیزیک شاری کۆیە. ئەو هێزانە بۆ ماوەی ١٢ ساعەت بێ‌پسانەوە بە تۆپ وکاتیوشا و مووشک بنکەو ماڵەوکانی تێکۆشەرانی دێموکراتیان ئاگرباران کرد. کۆماری ئیسلامی بەو هێرش و دەستدرێژییە ئاشکرایە نەک هەر بە مەبەستەکانی کە لە نێوبردن و گرتنی تێکۆشەرانی حیزب، یان لانی‌کەم وەدەرنانیان لەو ناوچەیە بوو، نەگەیشت، بەڵکوو ڕیسواییەکی تەواوی بۆخۆی لە ئاستی ناوچەکە و دنیادا، کڕی.

٥١- ١٩_٢١ی خەرمانانی ١٣٧٥( ٩، ١٠، ١١ ی سیپتامبری ١٩٩٦) بیستەمین کۆنگرەی ئەنتیرناسیۆناڵی سوسیالیست لە ساڵۆنی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویورک کە لەودا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە ئەندامی چاودێری خۆی هەڵبژێرارد.

٥٢- ٢٩ی ڕەزبەری ١٣٧٥ (٢٠/١٠/ ١٩٩٦) ڕێکخراوی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بۆ خۆشخزمەتی بە ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی، ٧ تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕانەوە، لە نیزیک شاری هەڵەبجە گرت و بە دەست و پێ بەستراوی تەحویلی ئەو ڕێژیمەیان دانەوە. سەرەئەنجام لەژێر فشاری بیروڕای گشتی جیهانی و لایەنگرانی مافی مرۆڤدا کۆماری ئیسلامی دوای نیزیک بە ٨ ساڵ بێدەنگی کردن لە چارەنووسی ئەو گیراوانە، دانی بەوە دانا کە ٦ کەس لەوانی دوای تەحویل وەرگرتنەوە و دوای چەندین حەوتوو ئەشکەنجە و ئازاری لەشی و گیانی، ئێعدام کردوون.

٥٣- ١٩ی بەفرانباری ١٣٧٥، وەسەریەک کەوتنەوەی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات. پاش ٩ ساڵ جیایی و لێکدابڕان، ڕیزەکانی حیزب یەکیان گرتەوە.

٥٤- ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٧٦ (١٠ی ئاوڕیلی ١٩٩٧)، دادگای بێرلین پاش سێ ساڵ لێکۆڵینەوە و موحاکەمە کردنی تاوانبارانی تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی، سکرتێری حیزب و هاوڕێیانی لە ڕێستووڕانی میکۆنووس، دوابڕیاری خۆی ڕاگەیاند. دادگا لەو بڕیارە مێژووییەدا وێڕای بڕینەوەی سزا بۆ عامیلانی تیرۆرەکە، ڕێبەڕانی پایە یەکی کۆماری ئیسلامیی بە سەرچاوەی تیرۆرەکان و وەک تاوانبار ناسی. بە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگادا زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا، سەفیرەکانی خۆیان لە ئێران بانگ کردەوە و کۆماری ئیسلامی لە ئاستی دونیادا لەگەڵ ڕیسواییەکی بێ وێنە بەرەوڕوو بوو.

٥٥- ١ تا ٥ی بەفرانباری ١٣٧٦، پێکهاتنی کۆنگرەی یازدەهەمی حیزب (کۆنگرەی خەباتگێڕانی خۆڕاگر). ئەوە یەکەمین کۆنگرە بوو کە بەدوای یەکبوونەوەی ڕیزەکان حیزبدا پێک دەهات.

٥٦- ٤ تا ٦ سەرماوەزی ١٣٧٩ (٢٦-٢٤ نوامبری ٢٠٠٠ )، پێکهاتنی کۆنگرەی دوازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

٥٧- ١ی خەزەڵوەری ١٣٨١ (٢٣ی ئوکتۆبری ٢٠٠٢)، بە بەشداریی ڕێبەڕان و نوێنەرانی چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵە و ئەنجومەنی مرۆڤ دۆستی فەڕانسەیی و ئورووپایی، هەروەها بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەیان حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی کورد و ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی کورد، ئێرانی و ڕۆژئاوایی، لە ساڵۆنی “مارس”ی پارڵمانی فەڕانسە، ڕێوڕەسمی ١٠ ساڵەی تیرۆرکردنی دوکتور شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی بەڕێوەچوو.

٥٨- ١ی بانەمەڕی ١٣٨٣ (٢٠ی ئاوریلی ٢٠٠٤) بە بەشداری نیزیکەی هەزار کەس لە کورد و ئێرانییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسە ناوچەییەکانی بێرلین و کەسایەتییەکان نیشتمانییەکان، پەردە لەسەر هێما (لەوح) بیرەوەریی شەهیدانی تیرۆری میکنووس لادرا. ئەم هێمایە لەسەر بڕیاری شارەداری ناوچەی “شارلاتن بورگ” لە شوێنی تیرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی دانرا.

٥٩- ١٣_ ١٧ پووشپەری ١٣٨٣ (٣_٧ جولای ٢٠٠٤ ) پێکهێناتنی کۆنگرەی سێزدەهەمی حیزب لە کۆیە. لەم کۆنگرەیەدا دروشمی بنەڕەتی حیزب لە “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاریی بۆ کوردوستان”ەوە گۆڕا و بوو بە “دابین‌کردنی مافە نەتەوەیییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵ‌دا”.

٦٠- لە ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕی ١٣٨٤ەوە کە خەڵکی مەهاباد بە دوای کوژرانی “شوانە سەید قادر” بە دڵتەزێنترین شێوە بەدەستی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، ڕژانە شەقامەکان، زنجیرەیەک خۆپیشاندانی جەماوەری لە پێش‌دا لە مەهاباد دواتر لە شارەکانی پیرانشار، سەردەشت، شنۆ، مەریوان، دیواندەرە ، بانە، سەقز و جوانڕۆ، بۆ ناڕەزایەتی دەڕبڕین دژی ڕەفتار و جینایەتەکانی ڕێژیم و هێنانە گۆڕێ ویست و داخوازەکانی خەڵکی کوردستان بەڕێوەچوو. دروشمی سەرەکیی خۆپێشاندەران “قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە” و پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات بوو. ئەم خۆپیشاندانانە لەگەڵ پەلامار و سەرکوتی دڕندانەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوون و دەیان شەهید سەدان برینداریان لێ کەوتەوە و ژمارەیەکی زۆریش لە خەڵک کەوتنە زیندان.

٦١- لە ٢٢ پووشپەڕی ١٣٨٥دا و بەبۆنەی حەڤدەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نیشاندانی ئەمەگناسییان بەرامبەر بەو ڕێبەرە شەهیدە و هەروەها دەڕبڕینی نەفرەت و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دوکان و بازاڕەکانیان داخست. مانگرتنی گشتیی سەرانسەری لە ساڵڕۆژی تێرۆری ڕێبەری شەهید د.قاسملوودا، وەک شێوەیەک لە نارەزایەتیدەربڕین، ساڵانی دواتر، چەند جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات بۆوە.

٦٢- ١٥ی سەرماوەزی ١٣٨٥ لەتبوونی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. لەم ڕۆژەدا حیزبی دێموکرات بەهۆی پاوانخوازیی زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندی لە ئیدارەی تەشکیلاتیی حیزب و بێ‌ئاکام هێشتنەوەی هەوڵەکان بۆ چاکسازی تووشی لێکترازان هات.

٦٣- ١٦ی گەلاوێژی ١٣٨٦، دامەزرانی تەلەڤیزیۆنی کوردکاناڵ. دەست‌بەکاربوونی کوردکاناڵ شوێنی گرینگی لەسەر پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕوونکردنەوەی سیاسەتەکانی حیزب لە دوای لەتبوونی حیزبی دێموکراتەوە هەبوو.

٦٤- ١٦_٢٤ی ڕەشەمەی ١٣٨٦، پێکهاتنی کۆنگرەی ١٤ی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قەڵای دێموکرات.

٦٥- ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٨٧، شەهید بوونی پۆلێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت. چوونەوەی ئەو دەستە پێشمەرگەیە بۆ نێوخۆی وڵات دەستپێکی قۆناغی نوێی چالاکیی پێشمەرگانەی حیزبی دێموکرات دوای زیاتر لە یەک دەیە ڕاگیرانی ئەو چەشنە جموجۆڵە نیزامییانە لەو فۆڕمەدا بوو.

٦٦- ٢٣ی بانەمەڕی ١٣٨٩، مانگرتنی سەراسەری لە کوردستان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە ئێعدامی ٥ تێکۆشەری سیاسیی کورد کە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕ لەدار درابوون. ئەم مانگرتنە لەسەر داوای سەرجەم حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خەڵکی کوردستان بە سەرکەوتنەوە بەڕێوە چوو.

٦٧- ٢_٨ی جۆزەردانی ١٣٩٠، پێکهاتنی کۆنگرەی ١٥ی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

٦٨- ٧ی سەرماوەزی ١٣٩٤ (٢٧-٢٨ی نۆڤەمبری ٢٠١٥) وەرگیرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەندامەتیی ئەسڵیی ڕێکخراوی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست. ئەم کۆبوونەوەیەی شوڕای ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست لە لواندا، پێتەختی ئانگۆلا گیرا.

٦٩- شەوزستان (یەلدای خوێناوی)ـی ١٣٩٤، تەقینەوەیەک لەبەردەم بارەگای دەفتەری سیاسی لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا، ٨٦ ساڵەی لەدایکبوونی د. قاسملوودا ڕووی دا. لەم ڕووداوە تێرۆریستییەدا ٥ کادر و پێشمەرگەی حیزب و دوو پێشمەرگەی ئاسایشی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان شەهید بوون.

٧٠- ١٧_٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٤، پێکهاتنی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان.

٧١- ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦، کۆبوونەوەی پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان. ئەم کۆبوونەوەیە بووە بەردی بناغەی پێکهاتنی”ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران”.

٧٢- ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧. پەلاماری مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان. لەم پەلامارە تێرۆریستییەدا ١٦ کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون کە ٦ لەوان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوون. لەم ڕووداوەدا زیاتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون.

٧٣- ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧، مانگرتنی بەشکۆ و سەراسەریی کوردستان لەسەر بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم مانگرتنە بۆ مەحکوم‌کردنی پەلامارە مووشەکییەکەی ١٧ی خەرمانانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر قەڵای دێموکرات و ئێعدامی پۆلێک تێکۆشەری سیاسیی کورد لە لایەن ڕێژیمەوە، بەڕێوە چوو.

٧٤- ٢٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ (٢٠ی سێپتامبری ٢٠١٨). نیکی هیلی، نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرەتووەکان لە کۆبوونەوەی شوڕای ئەمنیەتیدا ڕووداوی مووشەک‌بارانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی هێنایە بەر باس و داوای پێشگرتن بە سەرەڕۆییەکانی ئێرانی کرد.

٧٥- ١٩_٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٨، کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان.