تێزە شوڤێنیەکەی ئاخوندەکان، ” ئیمە هەموومان ئێرانین و موسوڵمانین”، روحانی گەیاندە مەهاباد! محەممەد سلێمانی

هەروەك پێشبینیدەکرا سەردانەکەی روحانی بۆ پارێزگای ورمێ و پاشان گەیشتنی بەشاری مەهاباد و پێشکەشکردنی وتار لە مەیدانی ” ئابیاری” دا، کە تێیدا ئاماژەی بەکۆمەڵێك پرس و باسی جۆر بەجۆر دا و لە درێژەی قسەکانیدا هەروەك پێشەی ڕۆژانەی سیاسەتی حومکڕانیان بەسەر گەلانی ئێراندا، کۆمەڵێك قەول و بەڵێنی بە خەڵکی ئەو شارەدا. ئەوەش لە کاتێكدایە کە رۆژنیە ڕۆڵەکانی گەلی کورد بەهۆی داواکاری سەرەتای ژیان و ماف و ئازادیەکانیان دەخرێنەزیندان یان ئەوەتا بەداردادەکرێن، بەتاوان هەڵبەستن بۆیان هەتا بەشتر بتوانن پلانەکانیان بەدژی ڕۆڵەکانی گەلی کورد ئەنجامبدەن. سەرۆك کۆماری حکوومەتی ئاخوندی باسی لە کۆمەڵێك خاڵی گەلێك هەستیار و گرینگدا کە ئەگەر بێت و بەکردەوە و بە گوێرەی دەستووری وڵات ئەنجامبدرێن، ڕەنگە خێرێکیان بۆ گەلانی بندەستی وڵات لێبکەوێتەوە. لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت نابێت پێدانی کار و پێشەی ئیداری لە ئێران و پارێزگای ورمێ لەسەر بنەمای هەڵاواردنی نەتەوەی بێ و بەڵکوو پێویستە لەسەر ئەساسی لێوەشاوەی و لێهاتووی زانستیبێت. بەڵام ئەوەی هەتا ئێرە لە ئێراندا بەکردەوە ئەنجامدراوە و دابەشکردنی پۆستە گرینگە ئیداری و حکوومەتداریەکان لە سەر بنەمای ئاین و نەتەوەی دابەشکراون و ئەو پۆستانەی کە جوومگەکانی دەسەلاتیان لەسەر وەستاوە، هەرگیز بەکوردیان رەوا نەبینراون و کاتێك سەیری تەرکیبی ئیداری و ئاوەدانی و کەرتی گەشتیاری و پێشەسازی کوردستان دەکەین، ڕەنگە ئەوکات باشتر لە نێوەرۆك و ئامانجی سەردانەکەی ڕوحانی و هاوفیکرەکانی بۆ شارەکوردیەکان نەتیجە وەربگرین. روحانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دەڵێت: قبوڵ ناکات کردارە ئیداری و خزمەتگوزاریە مەدەنیەکان لەسەر بنەمای هەڵاوارنی نەتەوەی لە وڵاتدا جێ بە جێبکرێن و خەڵکی شایستە و لێهاتوو بکەونە ژێر تەوژمی هەستی نەتەوەی و رەگەزپەرستیەوە. دیارە نێوەرۆکی قسەکانی بۆ گەوجاندن و بەلارێدا بردنی بیرورای خەڵکی شارەکورردیەکان، هەتابڵێێ قسەی جوان و بەپێز و نایاببوون. بەڵام ئەوەی ڕۆژانە و بە بەرچاوی کاربەدەستانی حکوومەتکەی روحانی یەوە لە پێناوی بژی پەیداکردن لە سەرسنورەکوردیەکاندا بە دەستی پیاوکوژانی ڕێژێمەکەی دەکوژڕین، هەرهەموویان کوردن و خەڵکی ئەو شارەکوردستانیانەن کە قەولوبەڵێنی باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان پێدەدات. ئەگەر بەراستی ئەوەندە بەپەرۆشی ئەو خەڵکیە، چۆنە نەیانتوانیوە ڕێژەی هەژاری و بێکاری کەمبکاتەوە یان هەنگاوی جدی بۆ نەهێشتنی جیاوازیە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بهاوێژن. کورد گووتنی: قسەی لوس و جوان بەهەموو کەس دەکرێ و گرینگ ئەوەیە چۆن بەکردەوە ئەو گفت و بەڵێنیە دراوانەی کە بەخەڵکی شارەکانیدەدات، لە دەسەڵاتی حکوومەتەکەی دایە ئەنجامیانبدات. خەڵکی کوردستان بەدرێژای مێژووی ئەو حکوومەتە لە هیچ روویەکەوە پێشوویەكی بەئاسودەی هەڵنەکێشاوە و هەتا ئەو نیزامە حوکمڕەوای بەسەر وڵاتدا بکات، ژیان و گوزەرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری خەڵك لەوەی کە هەیە باشتر نابێت.

دیارە ئامانجی قسەکانی کە نێوەرۆکی باسو لێکدانەوەی وتارەکەی لەسەر پێك هاتبوو و، بۆ جارێکی دیکە ئەوەی بیر خەڵکی کوردستان و گەلانیتری وڵات هێنایەوە و بەو قەوانەکۆنەوە دیسان قسەیکرد کە بە هۆی ئەو تێزە ئاینی و شۆفینیستیەوە بڕیاری قەڵت و عامی کورد لە ٢٨ی گەڵاوێژی ساڵی 1358ی هەتاوی لەلایەن ڕێبەری روحی ئەوسای نیزامەوە، “خومێینی” بەدژی گەلی کورد دەرکرا. ئەو کاتیش بە هەمەن شێوە و بۆ ئەوەی خۆیان لە پرسی سیاسی و فرەنەتەوەی بوونی ئێران ببوێرن، لە ژێرناوی ئێمە هەموومان” ئێرانین و موسوڵمانین و لە سایەی حکوومەتی ئیسلامیدا کۆبووینەتەوە و شانازی پێکەوە ژیانمان هەیە” ، خەتێکی سوریان بەسەر مەسەلەی نەتەوایەتی داکێشاو قەیرانە گەورەکان بەوجۆرە بە هەڵپەسێردروای مانەوە و بەردەوام نیکۆڵی لە مەسەلەی نەتەوایەتی بە مەفهۆمە ڕاستەقینەکەی دەکەن و ئامادەی ئەوەیان تێدا بەدیناکرێت لە بەرژەوەندی پێك هاتە نەتەوەی و ئاینیەکاندا، هەمواری دەستوری وڵات بکەنەوە و بەفەرمی مافی گەلانی وڵات دابین بکەن. ئاکامی سەردانی روحانی ناتوانێت ژیان و گوزەرانی خەڵك باشتر بکات و هەلومەرجی شێاوتری ژیان بۆ گەلی کورد دابین بکات. ئەو ڕێژیمە وەك هەرێمێکی بەتەواوی نیزامی و میلیتاریزەکراو، سەیری کوردستان دەکات و ئێستا بەهەزاران لە هێزەکانی لە کوردستاندا و لە شار و ناوچە ستڕاتیژی و گرینگەکاندا کۆکردۆتەوە، چوونکی لە ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیان کە بەزۆر خۆیان بەسەر ئیرادەی خەڵكدا فەرزکردوە دەترسن و نیگەرانی داهاتووی خۆیان و حکوومەتەکەیانن.
محمد سلێمانی