کورتەیەک لە ژیانی شەهید مەولان عەبدوڵڵاخانی ناسراو بە مەولانی سوارە

شەهید مەولان عەبدوڵلاخانی ناسراو بە مەولانی سوارە ساڵی ١٩٤٩ لە باوەشی بنەماڵەیەکی مامناوەندی شاری سەردەشت لە دایک بووە، ناوبراو لەگەڵ شۆڕش و ڕاپەرینی گەلانی ئێران بۆتە ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە بنکەی کۆمیتە شارستانی سەردەشت دا دەست بە خزمەتی پێشمەرگایەتی دەکا و دواتر وێرای هێزی پێشمەرگە ڕوو لە شاخ و دۆڵەکانی کوردستان دەکا.
لەگەڵ درووست بوونی هێزی مینەشەم و کۆمیتە شارستانی ڕەبەت وەک کادر نەقڵی ئەو کۆمیتەیە دەبێ و ساڵانێکی زۆر لەو کۆمیتەیە وەک کادر خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکا و لە ساڵی ١٩٨٨ لە سەر داوای کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی نەقڵیی بنکەکانی دەفتەری سیاسی حیزب دەبێ و لە کۆمیسییۆنی ماڵی دا ئەرک وەخۆی دەگرێ و تا کاتی شەهید بوونی چەندین ئەرکی جۆراوجۆر لەو کۆمیسیۆنە دا بەرێوە دەبا.

لە ڕێکەوتی ٣- ٦ – ١٩٩٧ دا لە کاتی مەئموریەتی حیزبی دا لە ڕێگای سلێمانی بۆ کۆیە لە نزیک گوندی خەلەکان بە دەستی چەند تیرۆریست و چڵکاوخۆری سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران تیرۆر و شەهید دەکرێ و دواتر لە گۆرستانی شەهیدانی حیزب لە کۆیە بە خاک دەسپێردرێ.

شەهید مەولان لە ماوەی نزیک بە ١٨ ساڵ پێشمەرگەیاتی دا لە کۆمیتە شارەستانەکانی سەردەشت و ڕەبەت، لە زیندانی ناوەندی حیزب و لە کۆمیسیۆنی ماڵی حیزب دا وەک کادر کاری کردووە، ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناسی، دەزانن کە شەهید مەولان مرۆڤێکی ڕووح سووک و کارجوان و لە هەمان کاتدا کادری دڵسۆز و شۆرشگێری و بە ئیمانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. ئەو کەسێکی قسە خۆش و دەم بە پێکەنین و خۆش ڕەفتار بوو، هەمیشە لایەنگری لە ئاشتی و تەبایی دەکرد. هەموو لایەکی خۆش دەویستن و خەڵک و کادرو پێشمەرگەکانیش ئەویان یەکجار زۆر خۆش دەویست.

شەهید مەولان کادر و پێشمەرگەیەکی بێ ئیدیعا و لە هەمان کاتدا پڕکار و ماندوویینەناس بوو، بەردەوام بۆ گەیاندنی کەل‌وپەل و شتوومەکی پێشمەرگە لە ڕیگا دا بوو، بەدەیان جار بە هۆی متمانەیەک کە کۆمیسیۆنی ماڵی حیزب بە شەهید مەولانیان هەبوو، پووڵ و پارە و تەقەمەنی زۆریان بۆ شوێنەکانی دیکەدا پێ دا دەنارد و لە گەیاندنی نامەی جۆراوجۆر تەنانەت لە زەمانی حکوومەتی بەعسیش دا دریغی نەدەکرد و بە دەیان جار گیانی خۆی لە مەترسی خستووە بۆ ئەوە بتوانێ ئەرکی پێ ئەسپێردراوی خۆی بە باشی بەجێ بگەیێنی.

بەداخەوە تیرۆریستانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران توانیان زەفەری پێ ببەن و زۆر ناجوانمێرانە لە کاتێک دا خەریکی لێخورینی ماشێنێک پڕ لە بار بوو لە سەر ڕێگای گوندی خەلەکان بۆ کۆیە شەهیدی دەکەن و دواتر کارت و دەمانچە و کەل و پەلە شەخسی‌یەکانی لەگەڵ خۆیان دەبەن.
یاد و ناوی شەهید مەولام لە دڵان دا هەردەم زیندووە.