خواستی سیاسی کورد، پەیوەندی بە کولتوری ڕۆشنبیرییەکەیەوە هەیە! محەممەد سلێمانی

جووڵانەوەی سیاسی گەلی کورد لە هەرچواربەشی کوردستاندا، پێناوەتە قۆناخێکی نوێ و گەش و هەرگیز پرسی نەتەوەی بەڕادەی ئەو یەك دوو دەیەی ڕابردوو لە ئاستی نێوخۆ و دەرەوەدا دەنگدانەوەی نەبووە و ڕۆژگارێك هەرتاکێکی کوردستان ئومێدی بۆ ئەوە دەخواست، کێشە کەیان بە نێونەتەوەی بکرێت و سنووری ئەو وڵاتانە ببڕێت کە کوردستانیان بەسەرخۆیاندا، دابەشکردوە. رزگاری و بەدی هێنانی سەرجەمی ماف و ئازادیە سیاسی و نەتەوایەتیەکان کاتێك لە کوردستان دەستەبەر دەکرێت کە، کورد لە نێوخۆیدا یەك دەنگ ویەك هەڵوێست بێ و، لەسەرئەساسی بنەمای لێك تێگەیشتن و بەرفراوانی “خواستی سیاسی و کولتوری ڕۆشنبیری نەتەوەی و کۆدەنگی نشتیمانی” دا، داواکاریەکانی بێنێتە ئاراوە و خۆی سەرقاڵی بابەتی لاوەکی ودژبەیەك نەکات و هەلەومەرجی ڕەخساولە کیسنەدرێت. جووڵانەوەی نوێی ڕزگاریخوازی لە کوردستاندا، پێویستە سەرەتایەك بێت بۆ ڕیفۆرمی سیاسی و ڕێکخراوەی لە نێو خۆی بزووتنەوە سیاسی و جەماوەریەکانی کوردستاندا و لە زاوییەی بیری حیزبی و بنەماڵە و بەرژەوەندی گروپی سەیری داهاتووی سیاسی و بزووتنەوەی نەتەوەی گەلی کورد نەکرێت و هەموولایەك شانازی بەو ڕێبەر و تێکۆشەرانەی کوردەوە بکەن کە هەوڵی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردیان کردۆتە جەوهەری ڕێچکەی نوێی خەبات. ڕاستە زۆربەی زۆری هێزە سیاسی و نیشتیمانیەکانی کوردستان لە بەرنامەی سیاسییاندا، پرسی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان گونجاندەوە و بەو پێیەبێت، دەبێ هەوڵی لە پێناودا بدرێت. بەڵام ” شوعار” ئەگەر کردار و هەڵویستی سیاسی لە پشت نەبێت و کولتوری نەتەوەی لە سەر بنەمای جیهان بینی و تێڕوانینی نوێ زەمینەی بۆ نەرەخسابێ و هەر وەك جاری جاران لە سەر ئەساسی مێتۆدی سونەتی و بنەماڵەی و خێلایەتی سەیری داهاتووی سیاسی کوردستان بکرێ و، بەرویەکەیتریشدا بەهۆی بەستراوەی سیاسی و تەشکیلاتی حیزبی بەرەو ئەو ڕۆشنبیریە دەچێن کە دەمێکە زیان بە خەباتی ڕەوای گەلی کورد دەگەیەنێت و، خاڵ و برگەی پەیوەندیدار تەنیا وەك مەرەکەبی سەرکاغەز دەمێنەوە و هیچ خێرێك بە ماڵی خۆی ناگەیەنێت. زۆر جار جیاوازی خوێندنەوە و تێروانینی سیاسی و نەتەوەی لە کوردستان گەورەترین کێشەیان لە بەردەمی پرسە ئەساسی و جەوهەریەکانی خەباتی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان دروست کردوە و خۆبەزلزانی و براگەورەی بەئێستایشەوە دژوارترین و ڕەقترین کۆسپن لە بەردەمی یەكدەنگی و هەڵوێستی سیاسی و نیشتیمانی گەلی کورد لە هەرچوار بەشی کوردستاندا.” چڵێسی دەسەڵات و بەرژەوەندی ئابووری” وەك ژەهرێك خەریکە بەنێو جووڵانەوەی سیاسی کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە و ژمارەیەك مرۆڤی سیاسی و بەڕابردووی شۆڕش لە ئێستادا هەوڵدەدەن لە سەرحیسابی ژیان و گۆزەرانی خەڵك و شۆرش خۆیان بەهێزبکەن و دەسکەوتی هێڵەگشتیەکانی خەباتی سیاسی و نەتەوەی لە پێشچاودا بزرکردوون و لە جیاتی خەیاڵ و بیریان لەلای سەربەخۆی کوردستان بێت، چاویان بڕیوەتە بەدەست خستنی کۆمەڵێك دەسکەوتی ماددی. بەلای زۆربەی سیاسی و رۆشنبیرانی کوردستانەوە شتێکی شیاوە کە لە سەر مەسەلە ئەساسی و بنەڕەتیەکانی خەباتی هاوبەشی سیاسی و دیپڵۆماسی کورد، بە بیرو ڕای جیاواز کە ڕەنگدانەوەی فرەڕەنگی فیکر و هزری هەر لایەنێك و تاکێکی کۆمەڵگای کوردستانە، هەبوونی هەبێت و گەشەی دێمۆکراتێکی پێبدرێت.
بەمەرجێك ئەو جیاوازیانە بەورادەیەنەبێت کە بە دژی یەكتری ‌هەڵوێستی ناشیاو و زیان بەخسش بگیرێتەبەر. کورد یەك نەتەوەیە و کێشەیەکی لە مێژینە و مێژووی دێرینی لە گەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە کە خاكی کوردستانیان بە بێڕەزامەندی کورد بەسەرخۆیاندا دابەشکردوە. دیارە رووداوی هاوشێوە لە زۆر شوێنی دونیادا روویانداوە و نەتەوەیەك بەهۆی هێز و باڵادەستی زوڵمی لە بەرانبەرەکەی کردوە و هەوڵیدوە بابەتە ئەساسی و نەتەوەیەکانی بسرێتەوە، دەوڵەتی تورك و فارس و عەڕەب لەو پیلانەیاندا سەرنەکەوتن و نەیانتوانی پێش بەرەورەوەی مێژووی بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی سیاسی و نیشتیمانی گەلی کورد لە وڵاتەکانیاندا بگرن. بەڵام مەسەلە ئەساسی و جەوهەریەکە ئەوەیە کە بەداخەوە کورد” خۆی بەشێکی ئەو خۆ بەدەستەوەدانە بووە ” و وەك پێویست هەوڵی ڕزگاریخۆیان نەداوە. مێژووی کورد ڕاستی ئەو دید و بیرکردنەوەیەمان بۆ دەسەلمێنن،بەڵام ئێستا دەبێت دەرس و ئەزموونی باش لە هۆکاری شکەست و پاشەکشەکردنی خەباتی ئازادیخوازی وەربگرین و ئەو رووداوە تاڵ و زیانبەخشانە نەهێلێن دووبارە بنەوە و هێزو لایەنەکانی کوردستان هەوڵبدەن ئاستی هاوکاری و پەیوەندیەکانیان بە باشی ڕیکبخەنەوە و چیتر بەدژی یەك سەنگەر نەگرن. گەلی کورد دەبێت بەدژی ئەو دوژمنە هاوبەشانەیان خۆی بەهێزبکا و لە سەنگەرێكدا خەبات بکات کە هەموو کارەساتێکی بەسەردا هێناوین و وەك دوژمنی “خاك و خوێن” مامەلەیان لەگەڵدا بکەین و ئەو وڵاتانە هەرگیزنابنە دۆست و هاوپەیمانی ڕاستەقینەی کورد وخەباتەکەی. شۆڕشەکانی کوردستان کە بەشێکیان داوای سەربەخۆی سیاسی و نەتەوەی گەلی کوردیان دەکرد لە کوردستاندا، بەداخەوە هەرخۆیان هۆکاری بەشێکی خۆبەدەستەوەدان و شکەست هێنان بوونە و” ئەگەر ئەو دەرفەتە نوێیە لە کیس کورد بچێت، دەبێت نزیك بە نێوسەدە تێکۆشان بکرێت هەتا بارودۆخێکی ئەو تۆی زێرین بێتەوە پێشەوە کە تێیدا داواڕەوەکانمان بەرزبکەینەوە”. کەچی خەریکن بەهەموویان لە دەستی خۆیانی دەردێن ولە جیاتی بیرکردنەوە لە رەخساندنی بیری دەوڵەت سازی و حوکمڕانی سەربەخۆ، هەرلایەك خۆی بەدوژمنێکەوە گرێداوە و بۆتە دۆستی. بەداخەوە ئەو ڕێچکە فیکریە تاڕادەیەك لە نێو کورددا بوونی هەیە و ئەوەتا دەبینین لە کورستان کە هێزە تێکۆشەرەکانی خۆیان بە نوێنەری ئیرادەی سیاسی و نەتەوەی گەل دەزانن، چەندە ناکۆك و دژبەیەك دەجووڵێنەوە و لە خۆوە، ئیرەی سیاسی بەیەکتری دەبن و هەتا پرسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانیش خەریکە فیدای ئەو ململانەیە دەکڕێ لە کوردستان و لەو بارەوە وەك پێویست کۆدەنگی سیاسی سەبارەت بەو پرسە گرینگ و هەستیارە بەدی ناکرێت. کورد لەو ئاستەدایە کە بتوانێت لە هەموو روویەکەوە وڵاتی خۆی ئیدارەبکات و ئەزموونێکی باش و سەرکەوتووی حوکمرانی پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات و ئەزموونی بەڕێوەبردنی” باشور” ی کوردستان نموونەیەکی دیار و بژاردەیەکی زۆر سەرکەوتوویە. سەرەرای کەموکورتیەکانی حوکمڕانی، بەڵام هەموو تاکێكی کوردستان بەشانازییەوە سەیری ئاکام و گەشەکردنەکانی ئیدارەدانی ئازاد و دێمۆکڕاتیک لە هەرێمی کوردستان دەکا و بەتاسەوە دەبێت بڵێین کەمیشنین ئەوانەی پێچەوانەی ئەو فیکرە بیردەکەنەوە. بەڵام لە هەمووی ئەوانە دیارتر و هەستیارتر ئەوەیە کە کورد و هێزەسیاسیەکانی دەتوانن لە ئەزموونی خۆ بەڕێوەبردندا زۆر بەچاكی سەربکەون، بەمەرجێك کۆدەنگی و هەمەڕەنگی لە پشتبێت و ڕۆڵەکانی کورد نەیاری ئەرکەکانی خۆیان نەوەستنەوە و زۆر بە بەرچاو روونی بەشداری پرۆسەی حکوومەتداری بکرێت و چاومان لە ئاستی هەڵە و کەموکرتیەکاندا نەنووقێنین و بە دڵسۆزیەوە دەست نیشانی لاوازیەکان بکەین.
محمد سلێمانی