کۆچی دوایی خاڵۆ حوسین کۆکەن (بە وتەی خۆی شۆڕەسوار) نووسینی: مەنسوور ئێراندووست

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ٥ی گەلاوێژ خاڵۆ حوسێن کۆکەن لە تەمەنی 85 ساڵی دا لە نەخۆشخانەی شاری پاوە کۆچی دوایی کرد و بە ئامێزی خاکی نیشتمان سپێردرا. خاڵۆ حوسین کۆکەن، حسین عوسمانی ناسراوبە کۆکەن لە گوندی دڕۆڵەی ناوچەی ئیمامی لە 1309/7/6 لە دایک بووە و لەگەڵ کوێرەوەری و هەژاری و نەهامەتی گەورە بوو. لە تەمەنی 20 ساڵی بە هۆی تەقینی تفەنگی ساچمەوە لە دەستی خویدا لاقێکی لە دەست دەدات، دواترلە ڕوداوگەلێکی نەخوازراو دا سێ کوڕ و هاوسەرەکەی لە دەست دەدات . خاڵۆ حسین نەهامەتی و هەژاری وکوێرەوەریەکانی دەکاتە ئەزمونی خۆڕاگری و سەربەرزی و گەل دۆستی . لە کاتی لەرزۆک بونی دەسەڵاتی پاشایەتی و ئاڵوگۆڕەکان لە ناوچەکەدا خاڵۆ حسین وەک مافخوازێکی بە هەڵویست و بەئەمەگ خۆی پێناسە دەکات کە تا دواساتەکانی تەمەنی ئەمەی بە کردەوە سەلماند وەک خۆی دەڵێت تەواوی ئێران دەیزانی کە دیموکراتە . لە سەردەمی شەڕی ئێران- ئێراق و ڕاگواستنی گوندە سنوریەکانی ناوچەکە لە لایەن دەسەڵاتدارانی دژی گەلی ئێرانەوە، خاڵۆ حوسین سەرەتا لە گوندی قشڵاق نیشتەجی دەبێ و دواتر هاوینەهەواری مەیگۆڕیی دەکاتە مەئوای هەتاهەتایی خۆی . لە ماوەی 3 دەیەدا شاکارێکی فەرهاد ئاسا دەخوڵقێنێت کە لە مێژویی سەردەمدا بێ وێنەیە . خاڵۆ حوسین لەوپەڕی هەژاری و نەهامەتی و کەم ئەندامیدا دەبێتە سیمبولی خۆڕگری و سەخاوەت و لە هەوڵێکی بێ وێنەی چەندین ساڵەی سەردەمی پیری و کەم ئەندامیدا سامانێکی گرانبەهای نەتەوەی دەخوڵقێنێت کە هەتاهەتایە مێژوو و نەتەوەکەی لە بیری نەکەن . ئەم هەژارە کەم ئەندامە ئەو کۆمەک و یارمەتیە دارایانەی کە گەشتیاران پێیان داوە هەر هەمووی تەرخان کردوە بۆ کاری خێرخوازی وەک قوتابخانە و هۆڵی پرسە و مزکەوت. بە هۆی پیری و لاوازی جەستەیەوە سێ مانگ پێش ئێستا لە شوێنی کارەکەی شەقەکانی لێ بەر دەبێتەوە و دەکەوێت لە ئاکامدا ئەو لاقەی دیکەشی دەشکێت و لەو دەمەوە لە جێگادا کەوت، دەنا بەردەوام لە هەوڵ و تێکۆشاندا بووە. خاڵۆ حوسین دیموکراتێکی نەترس و قسەلەڕوو بووە و لە هیچ سات و کاتێکدا دیموکرات بوونی خۆیی نەشاردوەتەوە و تەنانەت لە لای کاربەدەستانی پلە باڵای کۆماری ئیسلامی بە شانازیەوە خۆی بە دیموکرات ناساندوە. کۆماری ئیسلامی زۆرجار لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە هەوڵی داوە بە شێوەیەک ئەو سامانەی لێ بستێنێت و بیکاتە موڵکی خۆی،بەلام خاڵۆ حوسین نەچوتە ژێر باری ئەو داوایە و بە پێچەوانەوە مۆرکی دیموکراتی لە سەر ئاسەوارەکە داناوە و بەم شێوەیە بۆ دژایەتی و بەربەرەکانێی خۆی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ولە دیموکرات بونی خۆی پێداگرتر دەبێت
خاڵۆ حوسێن کۆکەن پێش مردنی لە وتووێژ لەگەڵ ڕووداودا باسی لەوە کرد کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە سەر ناوهێنانی دوکتور قاسملوو 12 ساڵ سزایان داوە و پاچەکەیان لێ ستاندوە. ئەو گوتی دەوڵەت بۆ خۆی دەیزانی کە من دێموکڕاتم و دەمەوێ نهۆمی سەرەوەی ماڵە بەردینەکەم بۆ ڕێبەری حیزبی دێموکڕات ساز بکەم، بەڵام نەیانهێشت.
هەرچەندە پێش مردنی وەسیەتی کردبوو کە هەر لەو گۆرە دابینێژن کە لە ئەشکەوتەکە دا بۆ خۆی هەڵکەندووە، بەڵام بە داخەوە پاش مردنی، کەس و کار و خزمانی ئەو وەسیەتەیان نە هێناوەتە جێ و لە گۆڕستانی ئاوایی مەیگۆڕیی بە خاکی نیشتمان سپێردرا.
ڕۆحی بەرزی شاد و یادی بەخێر.