سپاسنامەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات کاک خالید عەزیزی

سپاسنامەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە شەپۆلێک لە هاوخەمی بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانی
لە کاتێک‌دا تێکۆشەرانی دێموکرات لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژدا بە بۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبەکەیان، حیزبی دێموکراتی کوردستان خۆیان بۆ چۆنیەتی بەرزڕاگرتنی ئەم یادە ئامادە دەکرد، بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتیی دیاری بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و تێکۆشەری دێرین و سیمای ناسراوی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک جەلیل گادانی هەموومانی خەمبار کرد. هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە کاک جەلیلیان دەناسی و ئاشنا بە ڕۆڵ و پێگەی ئەم کەسایەتییە لە بزووتنەوەی گەلەکەمان و حیزبی دێموکرات‌‌دا بوون، دەزانن کە لەدەستدانی نەمریان بۆ بزووتنەوە و حیزبی ئێمە چ خەسارێکی گەورە بوو. بەڵام هەر دوای چەند کاتژمێر تێپەڕین بە سەر بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم کۆستە گەورەیەدا، هەستێکی پڕ لە غورور و شانازی بە نێو کۆڕی هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی کاک جەلیل‌دا بڵاو بوویەوە کە دەرخەری بەرزیی و گەورەیی کەسایەتیی ئەم ئینسانە لە نێو دڵی خەڵک‌دا بوو.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی کاک جەلیل‌ لە ماوەی کەمتر لە سێ ڕۆژدا، شەپۆلێکی بەرین لە پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمیی ڕووی لە ڕێبەری و ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزب کرد. بە دەیان پەیامی ڕەسمی لە لایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستانەوە بۆ ڕێبەرایەتیی حیزب نێردران، بە سەدان کەس لە کەسایەتییە کوردستانی و ئێرانییەکان بە ناردنی برووسکە و بە تەلەفوون و پێوەندیی ڕاستەوخۆ وێڕای دەربڕینی ئەمەگناسی و وەفاداریی خۆیان بۆ کاک جەلیل سەرەخۆشییان لە حیزب و بنەماڵەکەی کرد و بە هەزاران کەس لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە ڕێگای ئۆرگانەکانی حیزبەوە پەیامی وەفاداری و هاوخەمییان بۆ ناردین.
بۆ ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بە خۆشییەوە چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا لە حوزور و بەشداریی کەسایەتیی‌یە بەرز و ناودارەکانی کورد لە ڕیزەکانما‌ن‌دا دەوڵەمەندین و نەمر کاک جەلیل گادانی یەکێک لەو کەسایەتی‌یە دیارانە بوو، ئەم شەپۆلە لە سەرەخۆشی و هاوخەمی‌یە بە سەرمایەیەکی بەرزی مەعنەوی خۆمان دەزانین. بۆیە بە ناوی سەرجەم هاوڕێیانمەوە سپاس و پێزانینمان پێشکەش بە؛ کەسایەتییە حکوومی و حیزبی‌یەکانی هەرێمی کوردستان، هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان، هێز و کەسایەتییە ئێرانی‌یەکان، کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە هەموو بەشەکانی نیشتمان، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، میدیا و میدیاکارانی کوردستان دەکەین.
بەداخەوە بە هۆی زاڵبوونی دۆخێکی تایبەتی تەندروستی کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەسەر ئێمە و هەموو دنیای‌دا سەپاندووە، وەک پێویست و شیاوی کاک جەلیل بوو، نەکرا وەک پێویست کۆڕی پرسە و ڕێزگرتن لە نەمریان بەڕێوە بەرین و هیوادارین لە داهاتوو‌دا بتوانین یادی ئەم گەورە تێکۆشەرە، بە شکۆوە بەڕێوە ببەین.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
خالید عەزیزی
١٩ی گەلاوێژی ١٣٩٩
٩ی ئووتی ٢٠٢٠