وانەکانی هەرگیز لە بیر ناچن. مستەفا شەڵماشی
به بۆنه‌ی كۆچی دوایی هاوڕێی سه‌ركرده كاك جه‌لیلی گادانی ، له بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی گادانی، له حیزبی دێموكڕاتی كوردستان، له بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموكڕات ، له هه‌مو دۆست و ئاشنایانی هاوڕێی تێكۆشه‌رمان كاك جه‌لیل و له هه‌مو گه‌لی كورد به تێكڕایی سه‌ره‌خۆشی ده‌كه‌م. هیوادارم به هاتنه دی ئه‌و ئامانجه پیرۆزانه‌ی كه كاك جه‌لیلی ماندوویی نه‌ناس، له ماوه‌ی زیاتر له حه‌فتا ساڵدا به هه‌ر ڕێگایه‌كی مومكین دا هه‌وڵی بۆ ده‌دا، ڕوحی گه‌وره‌ی كاك جه‌لیل و هه‌مو تێكۆشه‌رانی كۆچكردووی ئه‌و ڕێگایه شاد بێ.
قسه كردن له سه‌ر ڕابردووی كه‌سێك كه ته‌واوی ته‌مه‌نی خۆی به شێوه‌یه‌كی سادقانه و راستگۆیانه خستبێته سه‌ر ته‌به‌قی ئیخلاس بۆ خزمه‌تكردن به دۆزی ڕه‌وای نه‌ته‌وه‌كه‌ی كارێكی ئاسان نییه. له‌وه‌ش گرنگترباس كردن له ڕابردووی كه‌سێك كه له هه‌مو كه‌لێن و قوژبنێكی نیشتمانه‌كه‌ی دا جێ په‌نجه‌ی دیار بێ و له لایه‌ن كۆمه‌ڵانی میلیۆنی خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌یه وه ناسرابێ دیسان ئه‌ركێكی قورس‌تر ده‌خاته سه‌رشانی مرۆڤ. به‌و حاڵه‌شه‌وه كاك جه‌لیلی نه‌مر ئه‌وه‌نده تایبه‌تمه‌ندی باش و جێگای په‌سندی هه‌بون وژیانه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌مه‌ند بو به تایبه‌تمه‌ندیی جێگای شانازیه‌وه، كه هه‌ركه‌س ده‌توانێ له و ده‌ریا بێ بڕانه‌وه‌یه هێندێك به‌هره هه‌ڵێنجێ و به پێی توانای خۆی چیرۆكێكی شۆڕشگێڕیان لێ ساز بكا كه به‌سه‌ر بڵیندیه‌وه بۆ ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌كه ی بخوێنێته‌وه.
منیش یه‌كێك له‌و كه‌سانه بوم كه شانازی ئه‌وه‌م هه‌بوه له ته‌مه‌نی لاویمه‌وه، واته له دوای گۆنگره‌ی سێی حیزبه‌كه‌مانه‌وه، گوێم به ناوی ئه‌و پیاوه مه‌زنه‌ی گه‌له‌كه‌مان ئاشنا بێ و له دوای كۆنگره‌ی چواری حیزبه‌كه‌مانه‌وه له رێبه‌ریی حیزب دا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ شان به‌شانی ئه‌و تێكۆشه‌ره ماندوویی نه‌ناسه خه‌بات بكه‌م. له بۆچونه به‌نرخه‌كانی به‌هره‌مه‌ند بم و به هه‌ڵس و كه‌وته شۆڕشگێڕانه‌كه‌ی ووره بۆ خه‌بات كۆ كه‌مه‌وه‌و له ئامۆژگاریه به نرخه‌كانی كه‌ڵك وه‌ربگرم. زێده‌ڕۆییم نه‌كردوه ئه‌گه‌ر بڵێم كاك جه‌لیل جوانترین وێنای ڕێبه‌رێكی به ئه‌خلاقی سیاسی، ده‌ست و داوێن پاك، بێ ئالایش، دڵسۆز، ماندوویی نه‌ناس و ئیدامه‌كار بو. له باری بۆچونه‌وه خاوه‌ن ئیراده و هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆی بو. له باری ئیمانه‌وه نا ئومێدی نه‌ده‌ناسی و له دژوارترین هه‌ل و مه‌رجه‌كان دا هه‌ر به گوڕ و تینی سه‌رده‌می سه‌ركه‌وتن درێژه‌ی به خه‌بات ده‌دا.
گه‌وره‌ترین تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی كاك جه‌لیل ئه‌وه‌بو كه له هیچ هه‌ل و مه‌رجێك دا له خه‌بات شل نه‌ده‌بۆوه. هه‌ربۆیه توانیویه‌تی مێژوویه‌كی خه‌بات و تێكۆشان دروست بكا كه له قۆناغی جۆراوجۆری ژیانی دا و له تێشكان و هه‌ستانه‌وه دا جێ په‌نجه‌ی دیار بێ. شۆڕشگێڕی ماندوویی نه‌ناس كاك جه‌لیلی گادانی ده‌توانین بڵێین هه‌ر له سه‌ر میزی قوتانخانه‌ی سه‌ره‌تاییه وه كه به‌شێكی كه‌وتوه‌ته ده‌ورانی زێڕینی خه‌باتی حیزبی دێموكڕات ودامه‌زرانی كۆماری كوردستان، ده‌سته‌چیله‌ی خۆی بخاته سه‌ر ئاگری شۆڕشی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌كه‌مان. به‌ڕێزیان له‌و كاته‌دا به به‌شداریكردن له گوتنه‌وه‌ی سروده‌نیشتمانیه‌كان ده‌ست پێ ده‌كا و دواتر ڕووخانی كۆماری كوردستانیش له خه‌بات ساردی ناكاته‌وه‌و له یه‌كیه‌تی لاوان دا چالاكانه به‌شداری ده‌كا. له قۆناغی دواتر ده‌بێته یه‌كێك له هه‌ڵسوڕاوترین كادره‌كانی حیزب و له شار و گونده‌كانی كوردستان دا به ناوی جۆراوجۆر به نه‌هێنی و به ئاشكرایی، سه‌رگه‌رمی بڵاوكردنه‌وه‌ی بیری كوردایه‌تی و ڕێكخستنی ته‌شكیلاتی حیزبی ده‌بێ.
به‌دوای تێكۆشانی بێ ووچان دا بۆ ده‌زگا ئه‌منییه‌ته‌كانی ڕژیمی پاشایه‌تی ده‌ناسرێ و ده‌كه‌وێته به‌ر هێرشی دڕندانه و ئه‌شكه‌نجه و ئازار و له كۆتایی دا زیاتر له سێزده ساڵ له سیاچاله‌كانی ڕژیمی پاشایه‌تی دا زیندانی ده‌بێ. به‌ڵام ئه‌و مه‌زنه سه‌رێكی سه‌وداسه‌ری هه‌یه و ئه‌و ئازار و ئه‌شكه‌نجانه نه‌ك ته‌نیا كۆڵی پێ ناده‌ن، بگره چالاكتری ده‌كه‌ن و نه‌ك ته‌نیا شكستی پێ ناده‌ن به‌ڵكو سه‌ركه‌وتوانه و دوژمن به‌زێنانه له زیندان دێته ده‌ر. هه‌م مه‌دڕه‌كی لیسانس له زمانی فه‌ڕانسه له گه‌ڵ خۆی له زیندان دێنێته ده‌ر و هه‌م كۆڵه‌بارێك تاقی كردنه‌وه‌ی خۆڕاگری و دیسان به بێ ترس ده‌ست ده‌كاته‌وه به خه‌بات. دوای ئه‌و هه‌مو زیندانی و ئه‌شكه‌نجه دانه‌یه كه من وه‌ك تازه واریدێك له مه‌یدانی خه‌باتی حیزبی دێموكڕات دا له دوای كۆنگره‌ی سێ وه گوێم لێ ده‌بێ كه كاك جه‌لیلی گادانی له نا‌و جه‌رگه‌ی دوژمن دا له تاران به نه‌هێنی كراوه‌ته ڕاوێژكاری كومیته‌ی ناوه‌ندی. دیسان سه‌وداسه‌ری ئازادیه وله ته‌شكیلاتی نه‌هێنی دا به بێ گوێ دانه خه‌ته‌ری گیرانه‌وه‌و ئه‌شكه‌جه درانه‌وه ده‌ستی به تێكۆشان كردوه‌ته‌وه.
خه‌باتی كاك جه‌لیل بێ بڕانه‌وه‌یه و له گه‌رمه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی كۆمه‌لانی خه‌ڵك له دژی ڕژیمی پاشایه‌تی دا كاك جه‌لیل خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌وه مهاباد لانه‌ی بێچوه‌شێرانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و ده‌بێته‌وه پێشه‌نگ. له ڕێ‌و ڕه‌سمی به‌خاك سپاردنی كاك عه‌زیزی یوسفی دا، تێكۆشه‌ر و سه‌ركرده‌ی چاونه‌ترسی حیزبی دێموكرات و قاره‌مانی زیندانیی درێژخایه‌ن له سیاچاڵه‌كانی ڕژیمی پاشایه‌تی، كاك جه‌لیل ڕۆڵی هه‌ڵسوڕێنه‌ری گێڕا و بێ ترس مه‌یدانی له دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان گرت و ده‌نگی دلێرانه‌ی له نێو ئاپۆرای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك دا ده‌نگی دایه‌وه.
پاش ڕووخانی حكومه‌تی حه‌مه ڕه‌زاشا و دوای ئه‌وه‌ی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان ده‌ستی به خه‌باتی ئاشكرا كرده‌وه، كاك جه‌لیل ده‌ستی له كار و ژیانی تایبه‌تی هه‌ڵگرت و تا دوایین هه‌ناسه‌ی ژیانی مه‌یدانی خه‌باتی چۆڵ نه‌كرد. له ڕیزی پێشه‌وه‌ی خه‌باتكارانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان دا وه‌ك ڕێبه‌رێك ڕۆڵی گێڕا و بو به وێنه‌یه‌كی جوان له سه‌ركردایه‌تی كردن. وه‌ك ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی و سكرتێری به‌شێك له بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموكڕات(واته حیزبی دێموكڕاتی كوردستان-ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ) به سه‌داقه‌ت و پاكی و به شێوه‌یه‌كی ماندوویی نه‌ناسانه كاری كرد و بێ پشودان خه‌باتی كرد.
كاك جه‌لیل به هه‌مو باوه‌ڕیه‌وه كه‌سێكی یه‌كسانی خواز بو. ئه‌و باوه‌ڕی قوڵی به پێشكه‌وتنی كۆمه‌لایه‌تی و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هه‌مو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ هه‌بو. به ژن و پیاوه‌وه و به چین و توێژه جۆربه‌جۆره‌كانیه‌وه. ڕاسته وه‌ك هه‌مو دێموكڕاتێكی ڕاسته‌قینه به پله‌ی یه‌كه‌م بۆ مافی دیاریكردنی چاره‌نوسی كورد له ڕۆژهه‌لاتی كوردستان به تایبه‌تی و له هه‌مو كوردستان به گشتی تێده‌كۆشا، به‌ڵام له قۆناغی دوای ئازادی گه‌لی كوردیش دا ده‌یهه‌ویست حیزبی دێموكڕات به‌رنامه‌ی پێشكه‌وتوی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێ تا هه‌مو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا مافی وه‌ك یه‌ك و ده‌رفه‌تی وه‌ك یه‌كیان هه‌بێ. له‌و كۆنگرانه دا كه من تێیدا به‌شدار بوم و كاك جه‌لیلیش تێیدا به‌شدار بوه، دیومه كه له باسی به‌رنامه‌ی دواڕۆژ دا هه‌مو جارێ كاك جه‌لیل به‌رگری له دروشمه سۆسیالیستیه‌كان كردوه‌و پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرتوه‌ته‌وه كه حیزبی دموكڕات پێویسته له ئامانجی دواڕۆژی خۆی دا عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی بگونجێنێ و كاری بۆ بكا. له باری مێژووییشه‌وه كاك جه‌لیل یه‌كێك له‌و كادره حیزبیانه بوه كه پشتیوانی له له جوڵانه‌وه‌ی جوتیاران له ساڵی ١٣٣٢ دا كردوه و هه‌ر له‌و ساڵه‌ش دا له لایه‌ن ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ڕژیمی حه‌مه‌ڕه‌زاشاوه گیراوه. كاك جه‌لیل ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بوم یه‌كێك له سه‌ركرده چالاكه‌كانی حیزب بوه له بواری دیفاع له مافی یه‌كسان بۆ ژن وپیاو. كه واته پڕ به پێستی بو كه خۆی به كه‌سێكی ناسیۆنالیستی چه‌پ پێناسه بكا.
كاك جه‌لیل له مه‌ڕاسمی ٨٠ ساڵه‌ی ته‌مه‌نی دا كه له ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان دا بۆ ی پێكهاتبو ده‌ڵێ: خه‌بات، خه‌باتی بێ ووچان له پێناو ڕزگاری كورد وكوردستان دا، ئه‌ركه، ئه‌رك بوه‌و ئه‌ركیش ده‌بێ. به باوه‌ڕی من ژیانێك كه له پێناوی ژیان و ژینه‌وه‌ی گه‌ل و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وه‌ڵات دا نه‌بێ، بێ بایه‌خه و به فێڕۆدانی ته‌مه‌نه.
له پێشه‌كی په‌نجاساڵ خه‌بات دا ده‌ڵێ: ده‌بێ ئه‌و ڕووداوانه‌ی ڕابردومان له‌به‌ر چاو بێ و په‌ندی لێ وه‌ربگرین و بۆ پته‌وبونی ڕیزه‌كانی حیزب و یه‌كیه‌تی كورد و پێكهێنانی ته‌فاهوم و ڕووحی برایه‌تی زیاتر له نێو هه‌مو حیزب و رێكخراوه‌كوردستانیه‌كان دا كه‌ڵكی هه‌بێ و ئیمانمان به‌وه هه‌بێ كه ئه‌وه‌ی به یه‌كگرتن و ته‌بایی بۆمان ده‌كرێ، هیچكات به دووبه‌ره‌كی و ناكۆكی پێكنایه.
جا كاك جه‌لیلێك كه به شێوه‌ی قسه‌كانی یادی هه‌شتا ساڵه‌ی دڵسۆزبێ و به قه‌ناعه‌تێك كه له تاقیكردنه‌وه‌دا پێی گه‌یشتوه وه‌ك له پێشه‌كی په‌نجاساڵ خه‌بات دا باسی ده‌كا، چۆن دڵی بۆ یه‌كڕیزی لێنادا. بێگومان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه‌ش له زۆر ده‌رفه‌ت دا ئیشاره‌ی پێ كردوه. هه‌ر له پێشه‌كی چل ساڵ خه‌بات دا ده‌ڵێ كه باس له كێشه‌كانی رابردوو پێویسته بۆ ده‌رس لێ وه‌رگرتن بێ. نابێ بۆ یه‌كتر مه‌حكوم كردن و گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی درزه‌كان بێ. ده‌بێ تێبگه‌ین كه تا ئێستا چمان به یه‌كتر گوتوه، چمان به‌سه‌ر یه‌كتر هێناوه وچۆن بوینه هۆی شكستی خۆمان. نابێ ئه‌وانه دووپات كه‌ینه‌وه‌و پێویسته ئه‌و كێشانه وه‌لا نێین و یه‌ك بگرین، چونكه هێز و سه‌ركه‌وتن له یه‌كگرتن دایه. هه‌ربۆیه نه‌خشه‌ڕێگای كاك جه‌لیل دوو شتی سه‌ره‌كی بوه.
یه‌ك: شڕۆڤه‌ی ڕابردوو به چاوی ڕه‌خنه گرانه بۆ ده‌رس وه‌رگرتن له ڕابردوو، بۆ دووپات نه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان، نه‌ك بۆ یه‌كتر مه‌حكوم كردن و شكاندان.
دوو: یه‌كگرتن له پێناوی قازانجی نه‌ته‌وه‌یی دا و بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێز و بۆ سه‌ركه‌وتنی دۆخی كورد. به ئامانجی داڕشتنی ستڕاتیژیه‌كی پته‌وی نه‌ته‌وه‌یی.
له مه‌سه‌له‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دوو دێموكڕاتیش دا كاك جه‌لیل یه‌كێك له پێداگرترین كه‌سه‌كان بو. زۆرجاریش ئیشاره‌ی به‌وه ده‌كرد كه ئێمه ئه‌گه‌ر ده‌مانهه‌وێ یه‌ك بگرین، نابێ قازانجی حیزبی و گروهی خۆمان له‌به‌ر چاو بێ و پێویسته بیر له قازانجی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه.
جێگای شانازیمه كه بۆ سێ ده‌وره له ڕێبه‌ری دا ، واته دوای كۆنگره‌ی چوار و پێنج و شه‌ش ، ئه‌و شانسه‌م هه‌بوه كه له ته‌نیشت كه‌سانی وه‌ك كاك جه‌لیل ده‌سته چیله‌ی خۆم بخه‌مه سه‌ر داڕشتنی سیاسی و هزریی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان و له دوای كۆنگره‌ی چارده‌شه‌وه كاك جه‌لیل وه‌ك یه‌كێك له كه‌سایه‌تیه ناودار و شوێندانه‌ره‌كانی حیزبی دێموكڕاتی كوردستان ، وه‌ك مامۆستایه‌كی رێگای سیاسه‌تی كوردی و حیزب ، ڕێنوێنمان بێ و له تاقیكردنه‌وه‌كانی به‌هره وه‌ربگرین. بۆیه ده‌توانم بڵێم هه‌رچی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌زن تێكۆشه‌ره‌ی بڵێم، له تاقیكردنه‌وه‌ی مه‌یدانیه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێ و ئه‌گه‌ر كورتیشی نه هێنابێ، بێگومان زیاده‌ڕه‌وی تێدا نییه.
هه‌ستی خزمه‌ت كرد به دۆزی ڕه‌وای گه‌له به‌شخوراوه‌كه‌مان له سه‌ركرده جه‌لیلی گادانی دا هێنده به هێز بو ، كه ئه‌و هه‌مو خه‌بات و ڕه‌نج دانه ، تێری نه‌ده‌كرد. هه‌ربۆیه له مه‌یدانی نوسین و وه‌رگێڕانیش دا له هاو ته‌مه‌نانی خۆی وه‌دوا نه‌كه وت و سه‌عاته‌كانی پشودانیشی به نوسین و خوێندنه‌وه‌و وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی كوردی پڕ كرده‌وه‌و كتێبخانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردی به هێندێك به‌رهه‌می به‌كه‌ڵك و جێگای سه‌رنج، ده‌وڵه‌مه‌ند كرد. هه‌ربۆیه له مه‌یدانی نوسین و وه‌رگێڕانیش دا له هاو ته‌مه‌نانی خۆی وه‌دوا نه‌كه وت هیچ، به‌ڵكو له ڕیزی پێشه‌وه‌ش داب‌و و سه‌عاته‌كانی پشودانیشی به نوسین و خوێندنه‌وه‌و وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی كوردی پڕ كرده‌وه‌و كتێبخانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كوردی به هێندێك به‌رهه‌می به‌كه‌ڵك و جێگای سه‌رنج، ده‌وڵه‌مه‌ند كرد. كاك جه‌لیل له كتێبی ڕاستیی ڕووداوه‌كان دا هه‌وڵی داوه بۆچونی خۆی له به‌رامبه‌ر هێندێك هه‌ڵوێستی نوسه‌رانی دیكه ده‌رببڕێ و ڕوونكردنه‌وه‌ی زۆرتر بدا به نه‌وه‌ی دواڕۆژ. له كتێبی وه‌ڵامدانه‌وه‌و ڕوونكردنه‌وه دا ، به ڕاشكاوی و به شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌میانه ده‌كه‌وێته دیالۆگه‌وه، ڕه‌خنه‌ده‌گرێ و ئاماده‌یی خۆی بۆ وه‌رگرتنی ڕه‌خنه ده‌رده‌بڕێ. له كتێبی په‌نجاساڵ خه‌بات دا ، زانیاریه‌كانی خۆی و تاقیكردنه‌وه‌كانی ده‌گوێزێته‌وه بۆ نه‌وه‌ی دوارۆژ. له كتێبی با نه‌بێته درۆی پاش مردوو، بوێرانه دێته مه‌یدانی هه‌ڵسه‌نگاندن و دڵسۆزانه شیكردنه‌وه ده‌كا و هان ده‌دا بۆ شرۆڤه كردن. له گواستنه‌وه‌ی یادداشته‌كانی شه‌هیدی فه‌رمانده شاپوری فیروزی دا ئه‌رگی ڕێكخستن و نوسینه‌وه‌ی مێژوو وه عۆده ده‌گرێ له دوو به‌رگی زێڕین دا. هه‌ر وه‌ها له كه‌شكۆڵی پێشمه‌رگه‌دا لاپه‌ڕه زێڕینه‌كانی خه‌باتی پێشمه‌رگه تۆمار ده‌كا. له چه‌ندین كتێبی وه‌ك، هاونه‌ته‌وه‌یی كورد و ماد، فرشته وه‌ش، شب سیه، بی خانمان، ایران در استانه انقلاب مشروته، مرۆڤ چۆن بو به غول و خه‌رمانی خه‌م و په‌ژاره دا له بواری وه‌رگێڕانه‌وه له زمانه‌كانی فه‌ڕانسه‌یی، فارسی و كوردی دا ئه‌سپی خۆی تاوداوه و كتێبخانه‌ی كوردی و فارسی ده‌وڵه‌مه‌ند كردوه. بۆ كه‌سێكی وه‌ك من كه ئاگاداری چالاكی سیاسی كاك جه‌لیل بوه، ئه‌گه‌ر به ووردی بیری لێ ده‌كاته‌وه، بۆی ده‌بێته پرسیار كه ئه‌و هه‌مو كاته‌ی له كوێ هێناوه؟
هه‌رچه‌ند له‌سه‌ر هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كانی رێزدار كاك جه‌لیلی گادانی قسه بكه‌ین كۆتایی نایه ومن ته‌نیا ویستم مشتێك له خه‌روارێك بێنمه به‌ر باس.
دیسان بۆ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی گادانی، بۆ حیزبی دێموكڕاتی كوردستان و هه‌مو دڵسۆزانی نه‌ته‌وه‌ی كورد داوای سه‌بوری ده‌كه‌م و هیوادارم به تێكۆشانی هه‌مو لایه‌نه بتوانین ئاواته‌كانی مام جه‌لیل و تێكۆشه‌رانی دیكه‌ی ڕێگای خه‌بات وه‌دی بێنین.