1. کوردایەتی دوکتور قاسملوو. شەهلا دەبباغی

خوێندنەوەی کتێبی “کوردستان و کورد”
جولییا کریستێڤا بیرمەند و فیلەسووفی بولغاری- فەرانسەوی بە زانستی تیورێک و لێکۆڵینەوەکانی خۆی ئاڵووگۆڕی بەسەر بنیاتی زمان، نیگا بە چۆنێتی و چێیەتی و کارکردی دا هێنا. بەڕای کریستێڤا زمان تەنیا بریتی نییە لە وشە و سیستێم و زمان تەنیا ڕەهەندێکی باوک/پیاوسالار نییە، بەڵکوو زمان بریتییە لە ئاهەنگ و ڕیتم و گەرمای ناو سیستێم و زمان. ئەوساکە منداڵ لەناو زگی دایکیدا لەگەڵ یەکەم ڕیتمەکان و موسیقای زمان ئاشنا دەبێ ئەو هەست و زانستە لەگەڵ خۆی دەگوێزێتەوە دنیای دوای زێدانی دایک. بەڕای کریستێڤا مانا لە تێکڕای هێماکان و سیمبۆلەکان دەکەوێتە دەست. زمان هەم نیشانەیە و هەم سیستێم. و بەمجۆرە دەق بریتییە لە سییتێمێکی نیشانەیی کە هەڵگری هەم گەرما و تەپەی دڵ و ڕیتمی دایکانەیە هەم روح و دەسەڵاتی باوکانە. زۆر جار خۆکوتانی دەق بەرەو دایک، یا بە مانایەک بەرەو زێدان و نیشتمانە.
دوکتور قاسملوو بە قین و بە ستایش لەلایەن نەیار و هەوادرانی باسی دەکرێ، بەڵام کاری من لێرەدا لە دەرەوەی ئەم نیگا و باسانەیە. دەق کاری خۆی دەکا و مانا و پەیام و ژیانی خۆی جیا لە دەسەڵاتی دانەر دەخاتە بەردەم خوێنەر. دیارە نە دانەر و نە خوێنەریش بێ لایەن نین. بەڵام بەڕای کریستێڤا دەق پۆلیفۆنییە. واتە موازیکی چەند ڕەنگ. و لەنێوان خەتەکانی دەق دا زۆر مانای شاراوە هەن. مانا شاراوەکان زۆر جار ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە سەر دایک/ زێد.
کتێبە زیاتر ناسراوەکەی دوکتور قاسملوو کوردستان و کورد (1963)، هەوەڵ بە چێکی نووسڕاوە و قەرار بوو ئاکادیمیای زانستی چێکوسڵواکی چاپی بکا بەڵام لەسەر داوای بنکەی بڵاوکردنەوەی سیاسی داواکرا بە سلواکی چاپ‌ بێ چونکە هەموو سڵواکی دەزانن و بەمجۆرە ساڵی 1964چاپ‌ دەبێ. (ل. 9) دواتر ساڵی 1965 کتێبەکە دەکرێتە ئینگلیسی و هەمان ساڵ بنکەی کۆلێتزی لەندەن ی‌چاپی دەکا. (ل. 10) ساڵی 1967 لە ڕووی چاپی ئینگلیزێ دەکرێتە عەڕەبی. ساڵی 1969 لە لایەن بنکەی بڵاوکردنەوەی پۆلۆنی دەگێردرێتە سەر پۆلۆنی. دە ساڵ دواتر ئینجا کتێبەکە دەکرێتە کوردی. (هەمان لاپەڕە)
دوکتور قاسملوو بۆخۆی لە پێشەکیدا دەنووسێ کە “ئارەزووم ئەوە بوو کە کتێبەکەم هەرچی زووتر بە زمانی کوردی بڵاو بکرێتەوە. زۆر بەختیارم کە ئاواتەکەم هاتە دی، هەرچەند دە ساڵیشی بەسەردا تێپەڕیوە.” (ه. ل.)
بەڵام چونکە کتێبەکە لە عەڕەبی ڕا کراوەتە کوردی و عەرەبییەکە لە ئینگیسی وەرگیراوە و هێندێک شوێن ورد نەبووە، ناچار نووسەر بەسەر کوردییەکەدا چۆتەوە و هێندێک جێ دەقیق کراوەتەوە. (ل. 11)
هاوکات چونکە زۆر وشە و زاراوەی زانستی پێویست ئەو کات زۆر لە کوردیدا نەبووە ناچار دانەر و وەرگێڕ هەوڵیان داوە هێندێک وشە دابنێن، تا بەڵکوو لە داهاتوودا کەسانی دیکە بێن و وشەکان باشتر بکەن. (ە. ل.)
نووسەر ئاماژە بەوە دەکا کە کوردستان و کورد بۆ غەیری کورد کە هیچ لەبارەی کوردستان و کورد نازانن نووسراوە تا ئەم دوو وشەیە باشتر بە خوێنەر بناسێنێ. (ل. 13)
کاتێک دەست بە خوێندنەوەی کوردستان و کورد دەکەین دەست بەجێ دەزانین کە ئەم کتێبە بە پێی یاساکانی نووسینی ئاکادێمێکە و دەتوانێ وەک کتێبی وانەیی بگوترێتەوە. دیارە ئەم کتێبە بە گوتەی خودی دانەر “باسێکی ئابووری سیاسی یە” بەڵام ناچار‌بووە “بەشی یەکەمی بۆ باسێکی جوغرافیایی ومێژوویی” تەرخان بکا.(ه. ل)
هەوەڵ پاڕاگرافی کتێبی کوردستان و کورد بەوە دەست پێدەکا:
“کوردستان، وڵاتی کوردان(١) لە ئاسیای ڕۆژئاوا کەوتۆتە بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەوڵەتێکی سەربەۆی لێ پێک نەهاتووە، چونکە خاکی کوردستان لە نێوان ئێران و عیراق و تورکیا و سووریادا بەش کراوە. وشەی کوردستان بەڕەسمی و بە شێوەیەکی نێونەتەوایەتی دانی پێدا نەنراوەو لە نەخشەو کتێبە جوغرافیایی یەکان دا بەرچاو ناکەوێ. وشەی کوردستان بێجگە لە ئێران کە تەنیا بۆ ناوچەی سنە بەکاری دێنن، لە هیچ شوێنێکی تر بەڕەسمی بەکار نابرێ.(٢)” (ل. 15)
سەبارەت بە ئاماری دانیشتووانی کوردستان نووسەر باس لەوە دەکا کە چۆن دوای کوشتاری 1920 و 1930 لە تورکیا زمانی کوردی قەدەغە دەکرێ و کورد بە تورکی کێوی دادەندرێ و زۆر کورد بە تورک لەقەڵم دەدرێن. قاسملوو دەنووسێ:
“بەم جۆرە بە ئاشکرا دەردەکەوێ کە لەبارەی کوردەکانی تورکیاوە ناتوانین ئاگاداری یەکی ئەوتۆ لە کاربەدەستانی ئەو وڵاتە وەربگرین کە دڵمان ئاوی لێ بخواتەوە. (١٣) لە ئێرانیش کە حکوومەت کوردەکان بە ئێرانی واتە فارس دادەنێ، بەڵکوو بە ئێرانی یەکیان دادەنێ کە خوێنی پاکی ئێرانی لە دەمارەکانیان دا دەجووڵێ، هەر ئەو نەخش و نیگارەمان دێتە بەرچاو.
شۆوێنیزمی پان تورکیست و پان ئێرانیستەکان کە شانازی بە مەزنایەتیی رابردوویانەوە دەکەن، کارێکی وای کردووە کە بە هیچ جۆرێک ئەژمارەیەکی ڕەسمیی راست لەبارەی ژمارەی کورد لەو دوو وڵاتەدا دەست ناکەوێ.” (ل. 23)
لە ئاخر دێڕەکانی کوردستان و کورد لە سەر باسی دانیشتووان و ئاماری کوردستان دا هاتووە:
“سەدە هەستاو پێنجی دانیشتوانی کوردستان کوردە و ئەوەکەی دیکە دەتوانین بەم جۆڕە دابنێین: ٤٠٠٠٠٠ تورک، ٣٠٠٠٠٠ ئازەربایجانی، ١٥٠٠٠٠ فارس، ٢٥٠٠٠٠ عەڕەب، و ٢٠٠٠٠٠ کەس لە هۆزەکانی دیکە وەک تورکمان و ئاسوری و ئەرمەنی. […] گەورەترین شاری کوردستان کرماشانە لە ئێران کە ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە ١٥٠٠٠٠ کەس، پاشان کەرکووک لە عێراق (٢٨) (٧٨٦٤٨) کەس و دیاربەکر لە تورکیا (٦٣١٠٨) کەس.٭”
لە پەڕاوێزێک کە بۆ ئەم پاڕاگرافە داندراوە دوکتور قاسملوو دەنووسێ:
“شۆوێنیستە مەزنی خوازەکانی تورکیا بێهوودە هەوڵ دەدەن ئیسبات بکەن کەرکووک شارێکی تورکمانی واتە تورکی یە. شتێکی ئاشکراشە کە شاری کەرکووک شارێکی زۆر کۆنی کوردە و هەمیشە زۆربەی دانیشتووانی کورد بوون. […]” (ل. 27)
بەردەوام دەبێ…