میداڵی دەرەجە یەک. عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە

“بزەی هاتێ گوتی: ڕووناکە ئاسۆم

وەرە جەللاد پەتت باوێژە ئەستۆم

ئەوە پەت نییە میداڵـی ئیفتیخارە

کە بوومە قارەمانی میللەتی خۆم”

کەم نین چیرۆکی ئەو کەسانەی خۆنەویستی وەک بایەخێکی هەرە بەرزی مرۆڤی، لە پشتێکەوە بۆ نەوەی دواتر دەگوازنەوە. مەرگی ئەم مرۆڤە گەورانە ڕازی هەرمانی نەتەوەکەیانە و “هەژار” گوتەنی بەو مەرگە زیندوو دەبنەوە و تازە کوا لە بیر دەچنەوە؟! مەرگ لە پێناو ئازادی وەک بەنرخترین بایەخ و دەسکەوتی ژیان و خۆ بەخت‌کردن لە پێناو نیشتمان وەک مەکۆی هەموو جوانی و شوناسێکی مرۆڤ؛ گەورەترین وانەیە کە ئێمە لە مامۆستا هەرە بەرزەکانی قوتابخانەی شۆڕش و بەرگری فێری دەبین و بۆمان دەمێنێتەوە. چوارچرا لە زاری پێشەوا دەیبیستێ و بە هەموو نیشتماندا بڵاوی دەکاتەوە، پشت بە پشت دێ و سینگ بە سینگ هەڵ‌دەگیرێ و دەگوترێتەوە و پاڵەوانەکانی ئەم سەنگەر و ئەو سەنگەر بۆ یەکتری دەستێننەوە. ئەم جارەیان ئەوە “هیدایەت”ـی شۆڕەلاوە لە کونجی تاریک و نووتەکی سیاچاڵاکەکانی ڕێژیمەوە دێ هەتا ئەم مەشخەڵە قەت نەکوژاوەیەمان بداتە دەست و پێمان بڵێ: “بە گیانی خۆم نرخی ئازادی دەدەم، بۆوەی ناو و یادم لە دڵی نەتەوەکەم و ئازادی‌خوازاندا بمێنێتەوە”.

کاتێک هەواڵی شەهیدبوونی “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور” پاش نیزیک بە دوو مانگ لە ئێعدام‌کرانی پشتڕاست کرایەوە، ئێمە خەریکی تایپ و پێداچوونەوەی یەکەم دەورەی گۆڤاری بەنرخی “تێکۆشەر” بووین کە لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٠_١٣٥٧ دەرچووە و ٢٢ ژمارەی لێ بڵاو بۆتەوە. لە ژمارەی ١٧ی ئەم “تێکۆشەر”انەدا بابەتێک بڵاو بۆتەوە لەژێر ناوی “میداڵی دەرەجە یەک”. دوای بەدواداچوون زانیمان کە نووسەرەکەی بەڕێز “مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە”یە. ئەم چیرۆکە بەسەرهاتی بەردەوامیی خۆنەویستی و مەرگی سەربەرزانە، لە پێناو گەوهەری ئازادی و سەربەستیی نیشتمانە کە لە زاری شۆڕەلاوانی وەک “هیدایەت عەبدوڵڵاپوور”ەوە دەیبیستین.

بە ئیزن لە “مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە”، ئەم چیرۆکە لە “کوردستان”ـی ئەم جارەدا بڵاو دەکەینەوە:

زیاتر لە شەش مانگ بوو گیرابوو ، کەس نەیدەزانی بۆ کوێیان بردوە، کەسوکاری هەرچەندی کردیان و کراندیان لە هیچ کوێ سۆراخیان نەکرد و تەنانەت لە مان و نەمانیشی ئاگادار نەبوون. هەتا لەپڕ نامەیەکی گەیشتە دەستی لێپرسراوی ڕێکخراوەکەی.

لێپرسراو کاتێک نامە وەردەگرێ لە خۆشییان گەشکە دەبێ، بەڵام کە هەڵی دەپچڕێ و دەست بە خوێندنەوەی دەکا هەر دێ و زیاتر تێک ‌دەچێ. وەختێک لە خوێندنەوەی دەبێتەوە بە ئەژنۆی خۆیدا دەدا:

“ئەی داخی بە جەرگم، چۆن ئەو دڕندانە حوکمی ئێعدامیان ‌دا؟ حەیفێک و هەزار مخابن بۆ ئەو هاوڕێ قارەمانە”.

ئیتر هەر ئەوەندەی پێ دەمێنێ ئەم چەند دێڕەی خوارەوە لە داوێنی نامەکە بنووسێ و بینێرێ بۆ ڕێبەرایەتی:

“ئەمە نامەیەکە کە هاوڕێ ئازاد لە زیندانی (…)ـەوە نووسیویەتی. هەروەک لە سەرسەختی و چاونەترسییەکەی چاوەڕێ دەکرا، بەڕاستی گرەوی قارەمانەتیی بردۆتەوە. نامەی ئازاد بۆ خۆیشی و بۆ هاوڕێیانیشی جێگای سەربەرزی و شانازییە. بۆیە بە پەلە بۆ ئێوەم نارد تا ئەگەر بە باشتان زانی بە نێو هەموو ڕێکخراوەکانی حیزبدا بڵاوی بکەنەوە”.

چەند ڕۆژ دواتر نامەی ئازاد ئەم چەند دێڕەی خوارەوەی لێ زیاد کرا و وەک بەخشنامەیەک گەیشتە دەستی هەموو هاوسەنگەرەکانی.

حەوت مانگ دوای گیرانی هاوڕێی تێکۆشەر و قارەمان (ئازاد) ئەم نامەیە وەک سەنەدی ئازایی و نەبەزی بڵاو دەکەینەوە. نامەی ئازاد ورە و ئیمان و بڕوا بە پاشەڕۆژی لێ دەبارێ، بۆیە دەبێ هەموو هاوڕێیانی ئازاد و تەنانەت هەموو خەباتکارانی ڕێگای ئازادی سەرمەشقی لێ وەربگرن. شانازی بۆ ئەو حیزبە کە ڕۆڵەی وا لە باوەشی خۆیدا پێ دەگەیەنێ. ئێستا ئێوە و بەشێک لە نامەکەی ئازاد:

“… کاتێک گرتیانم تەنیا شەوێک لە شارە بچووکەکەی لای خۆمان ڕایانگرتم و بۆ بەیانی بە هێلی‌کۆپتێر بەڕێیان کردم بۆ تاران. لەوێش تەنیا دوو شەو «میوان»ـی قزڵقەڵا بووم و پاشان بەڕێ کرام بۆ ئێرە، زیندانی (…). لێرەش “ژوورێکی یەک نەفەری”ـیان دامێ!

دوو ڕۆژ دواتر بردیانم بۆ “بازجوویی”. هەروەک عادەتی خۆیانە جەناب سەرهەنگ بە قسەی خۆش! و نەفام‌خەڵەتێن دەستی پێ‌کرد: “دەزانم گەنجی و هەڵیان خەڵەتاندووی. بە شەرەفی ئەعلاحەزرەت! و بە گیانی منداڵەکانم پڕ بەدڵ پێم حەیفە لاوێکی وەک تۆ لە زینداندا بڕزێ. ئێستا هەر ئەوەندە یارمەتییم بدە ئەوەی لێت دەپرسم ڕاستم وڵام بدەوە ئیتر هەموو شتێک لەسەر خۆم. قەولی شەرەفت! پێ دەدەم لە حەفتەیەک زیاتر لێرە نامێنیەوە و دەچیەوە نێو ماڵ و منداڵی خۆت”.

ئەوکاتەی تازە هاتبوومە مەیدانی خەباتەوە، ئەگەر دەمبیست یەکێک لەژێر ئەشکەنجەی جەللادانی ساواکدا هەتا سەر خۆی ڕاگرتوە و ئامادە نەبووە سەر دانەوێنێ، سام دەیگرتم و لە دڵەوە سەری تەعزیمم بۆ دادەنەواند. لەدڵی خۆمدا دەمگوت بڵێی ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان تووشی وەها ئەزموونێک بم منیش وا بە ڕووسووری دەربچم؟ بۆیە ئەو ڕۆژە بە خۆمم گوت ئەوە ڕۆژەکەیە و، ئێستا تۆش دەتوانی گرەوی ئازایەتی بەریەوە و بچیە نێو ڕیزی چاونەترسان. “پیاو هەر جارێک دەمرێ”! بڕیارم دا ئەو شانازییە بۆ خۆم وەربگرم و ڕێگە نەدەم دوژمن لە ڕێگای منەوە بە هیچ کام لە ئاواتە چەپەڵەکانی بگا.

بەم جۆرە پرسیار و وڵام دەستی پێ‌کرد تا گەیشتە شوێنی ناسک: “لە نامەیەکدا کە کاتی پشکنینی بەدەنی لە تۆ گیراوە، هەڵگری نووسراو (کە دیارە تۆی) بە ئەندامێکی چالاکی حیزبی (…) ناو براوە. لەو بارەیەوە دەڵێی چی؟ لە وڵامدا گوتم هیوادارم شیاوی ئەوە بم کە لە بارەی مندا نووسراوە.

“کە وا بوو هەوڵت ‌داوە ڕێژیمی شاهەنشاهی بڕووخێنی و بە قەولی خۆتان حکوومەتی دێموکراتی بێننە سەر کار و کۆمەڵێکی سۆسیالیستی دامەزرێنن؟”.

بێ‌سێ‌ودوو گوتم بە شانازییەوە هەموویان ڕاستن. کابرا لە خۆشییان هەر بزەی لێو و فیکەی سمێڵی بوو. پێی ‌‌وابوو زمان‌لووسییەکەی گرتوویەتی و ئێستا ئەوەی لەسەر پشتی لانکیشم خواردوە بۆی دەهێنمەوە. بەڵام کاتێک گەیشتە سەر ئەوە کە نامەکە هیی کێ بووە و بۆ کێ نووسراوە و هاوکارەکانم کێن و لە ڕێبەرانی حیزب کێ دەناسم و کێ هاتوچۆی دێیەکەمان دەکا و … یەقێکی هاتەوە بەر کە لە وڵامدا گوتم ئەمانەت جوابیان نییە. تا ئێرە پێوەندیی بە خۆمەوە هەبوو، بەڵام لێرە بەولاوە بە تەمای جواب مەبە. کەوتە قسەی لووس و پەلەقاژە: “حەیفت لە جەوانیی خۆت بێ، بەزەییت بە دوو منداڵی بێ‌گوناحتدا بێتەوە، بۆچی خۆت بە ئاگری خەڵکی تر دەسووتێنی؟ بڵێ با تاوانباری! ڕاستەقینە بە سزای خۆی بگا و تۆی کە هەڵ‌خەڵەتاوی بچیەوە سەر ژیانی خۆت”.

گوتم خۆت ماندوو مەکە، ئەو شێوە تەقەلایە کۆن بووە و ناتوانی کەس بە فریو بەری. تەمەنی لاوەتیی من ئەگەر لە ڕێگای ئازادییدا نەڕوا کەڵکی چیی هەیە؟ بەزەییم بە منداڵەکانمدا دێتەوە بۆیە ئامادەم خۆیان بۆ بەکوشت بدەم . نامهەوێ کە گەورە بوون، سەرشۆڕی ئەوە بن کە بابیان خەیانەتی کردوە، دەمەوێ شانازی بکەن کە لە ڕێگای نیشتماندا بە هەتیوی گەورە بوون. ئیجازەش نادەم بە هەڵ‌خەڵەتاوم ناو بەرن. من فریو نەدراوم، بەڵکە بە دەنگی ویژدان و هاواری نێشتمانەوە هاتووم.

سەرتان نەیەشێنم، لێدان و پێ‌دادان –‌بێ‌ئێوە ناخۆش-! دەستی پێ‌کرد. هەر ئەوان گوتیان و ئەمن نەم‌بیست. هەموو ئامرازێکی ئەشکەنجە، شەلاق، دەسبەندی قەپانی، شۆکی ئەلەکتریکی، شیشی سوورەوەکراو، دوور لە ڕووتان شووشە پێپسی و هێلکەی کوڵیو و هەرچی لە قامووسی ناپیاواندا هەیە، هەمووی لەسەر من تاقی کرایەوە، سوودی نەبوو، کاتێک دڵنیا بوون چیان بۆ ناکرێ وەڕەز بوون و دایانمە دادگا!

لە یەکەم ڕۆژی دادگادا دادستانی نیزامی بە تاوانی ئەندامەتیی حیزبی غەیرەقانوونی!! و بوونی بیروباوەڕی سۆسیالیستی و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی پاشایەتی داوای ئێعدامی بۆ کردم. وەکیلە تەسخیرییەکەم ویستی پاکانەم بۆ بکا کە بە زۆری ئەشکەنجە ئێعترافم بەو تاوانانە کردوە. بەڵام بۆ خۆم هاتمە دەنگ و گوتم لە بەردەم ئەم بەناو دادگایەشدا ئێعتراف دەکەم کە بە شانازییەوە هەمووی ئەو تۆمەتانەی دادستان لێی ‌داوم ڕاستن. ڕاستە زۆریان ئەشکەنجە داوم، بەڵام “بازپرس” ئەو داخە دەباتە بن گڵ کە بە ئازار و لێدان ئێعترافی پێ لە من وەرنەگیرا.

بە کورتی لەبەر ئەوەی تۆمەتەکانم قەبووڵ کرد، کاری دادگا هاسان بوو و «هێندەی مستێ لە چاوی دەی» حوکمی ئێعدامم دەرچوو. لە دادگای تەجدیدی نەزەریشدا هەروا ڕۆیشت. جارێ ڕۆژی ئێعدامم دیاری نەکراوە و ئەگەر دەرفەت بێ لەوانەیە جارێکی تریش بە نامە بتان‌دوێنم. خۆ ئەگەر ئەودەرفەتەش نەبوو ئەوا ئێوە و هەموو تێکۆشەرانی گەلەکەمان خۆش.

ئێستا دەزانم ئێوە بۆم بە پەرۆشن و پێتان ناخۆشە کە هاوڕێیەکتان لەکیس دەچێ. بەڵام من هیچ لە کردەوەی خۆم پەشیمان نیم، وەک مەسەلەی کوردی دەڵێ ئامادە نیم “بۆ لوێچە خوێنێک وەپاڕێم” و خۆیشم بە سەرکەوتوو دەزانم. پێم‌ وایە ئەو پەتەی سبەی ڕۆژێ بە دەستی زۆردار دەکرێتە ئەستۆی من، لە ڕاستییدا میداڵێکی دەرەجە یەکە کە دەکرێتە ملی ئەو کەسانەی لە زۆران‌بازیی هەق و ناهەقدا سەر دەکەون. دوژمن پاش ئەوەی بە وادە و بەڵێن و هەڕەشە و گوڕەشە و بە هەموو ئامرازی جەهەننەمیی خۆیەوە ناتوانێ تێکۆشەرێک لە ڕێگا لا بدا و چۆکی پێ‌ دابدا، ناچار دەبێ ئێعتراف بە بەزینی خۆی بکا و میداڵی قارەمانەتی بدا بەو تێکۆشەرە. ناشڵێم مردنم پێ‌ خۆشە، نا، دەزانم ژیان زۆر شیرینە، کوڕە خۆ هیچ نەبێ مەراقی ئەوەم هەیە کە زیاتر ناژیم تا زیاتر تێ ‌بکۆشم. بەڵام بە هیچ قیمەتێک ئامادە نیم بزەی سەرکەوتن لەسەر لێوی دوژمنەکەم ببینم. خۆزگە لە کاتی بازجوویی مندا لە کەلێنێکەوە دەستەپاچە بوونی جەناب سەرهەنگ‌ـتان دەدی، داخوا ئەو دیمەنەتان بە هەزار ساڵ ژیان دەگۆڕیەوە یان نا؟

لەوە دڵنیام کە ڕۆژێک حیزبەکەم سەر دەکەوێ و ئەو ئاواتانە دێنە دی کە گیانی خۆم لە پێناودا بەخت کردوون. کە وا بوو، با خوێنی منیش ببێتە مەشخەڵێکی نوێ کە بەرچاوی خەباتکارانی گەلەکەمان ڕوون بکاتەوە. ئەو ڕۆژە هەر دێ کە تۆڵەی من و هەموو شەهیدانی ڕێگای نیشتمان لە نۆکەرانی بێگانە بکرێتەوە.

ئێستا ڕێگام بدەن دوو تکای چکۆلەتان لێ بکەم. یەکەم کە منداڵەکانم گەورە بوون هەر لە زووە تێیان بگەیەنن بابیان لەسەر چی و بە دەستی کێ کوژراوە. بەڵکوو ئەو ڕێگایەی من بۆم نەلوا تا سەرێی بەرم ئەوان تەواوی بکەن و بەشم لە کاروانی خەبات نەبڕێ.

تکای دووهەمم ئەوەیە بە پیرە دایکەکەم بڵێن کە کوڕەکەی ئێعدام کراوە. بە خەیاڵ چاوەڕوانی گەڕانەوەی منی مەکەن. ئەو دابە کۆنە وەلا بنێن کە دایکی تێکۆشەرێکی شەهید دەیان ساڵ لە مەرگی جگەرگۆشەکەی بێ‌خەبەر بێ. هەوڵ بدەن تێی بگەیەنن کە دەبێ شانازی بکا کوڕەکەی لە ڕێگای گەل و نیشتماندا شەهید کراوە، با بزانێ کە لە هەلومەرجی پڕ زۆڵم و زۆری وڵاتی ئێمەدا دایکێکی وەک ئەو دەبێ لە پێنج کوڕان هیچ نەبێ یەکێکیان بکاتە قوربانیی وڵاتەکەی، با پشتە کۆمەکەی ڕاست بکاتەوە و هەست بە سەربەرزی بکا کە جگەرگۆشەکەی میداڵی دەرەجە یەکی خەباتی وەرگرتوە، با وەک دایکی ئاوارە و مینەشەم و محەممەدی ئەستێ مەنگوڕ تێ بگا کە بۆیە لە نێو ئاوەدانییدا جێگای ڕێزی هەمووانە کە کوڕی لە مەیدانی خەباتدا کوژراوە.

لەژێر گڵکۆکەشمدا بەوە دڵخۆش دەبم ئەگەر دایکم هەر تێکۆشەرێک ببینێ باوەشی بۆ بکاتەوە و بڵێ “ئۆخەی بە قوربانتان بم چاک نییە ئەگەر (…)ـیش نەماوە، ئێوە ڕێگاکەتان بەر نەداوە؟ هەرکام لە ئێوە بۆ من (…)ـێکن.