نووسینێک، لە جوانی و بە نرخی‌دا کەم هاوتا، لە کاک سەلاح موهتەدییەوە

قادر وریا ٢٩/٦/٢٠٢٠
ئەو سەردێڕەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر بۆ یادکردنەوەیەک لە کادری بێسەروشوێنی بەشی فیلمی حیزبی دیموکرات (حەسەن کتابی)، لە کاک سەلاح موهتەدیم وەرگرتبوو، بووە هۆی ئەوە جارێکی دیکە بابەتی “گەوهەری گومبوو”لە نووسینی کاک سەلاحەدین موهتەدی بخوێنمەوە.

لە فەیسبووکی کاک قادر وریا وەرگیراوە

“قەرەگوێز” و “حاجیکیمی” لەو سەردەمەدا و هەتا ئێستاش بۆتە مەڵبەندی کوردایەتی، مەکۆی کوردایەتی و حەشارگەی پێشمەرگە. شەڕی زۆری لێ کراوە، شەهیدی زۆری لێ دراوە و کەلاکی زۆری لێ خراوە، کە چی کانیە سارد و ڕوونەکەی ئاسمان بوڵاغی ئێستاش شێوەی شیرینی سولەیمانی موعینی و سمایلی شەریفزادە وعەوڵای موعینی و مینەشەم و سەید فەتتاحی نیزامی لەناو دڵدا پاراستوە و جارو بار نیشانی میوانە نوێیەکانی دەدات.”
*
چارەنووس وابوو کە ئەم دوو پیاوە نەخوێندەوارە( مام حەبیب و عەبە نەوتە)لە گەڵ کاک حەسەنی باڵابەرزی شۆخوشەنگ، ماڵخۆش و دڵاوا و چاونەترس ، لە سەردەمێکی دیاریکراو و لە سەرزەمینێکی دیاریکراودا بە سێ قۆڵی و هەماهەنگی باری قورسی خوڵقاندن و خەمڵاندنی مێژووی کوردەوارییان کەوتە ئەستۆ، نەک جارێک و دووجار، نەک ساڵێک و دوو ساڵ، بەڵکوو بە درێژایی تەمەنیان باوەشی گەرمی کوردایەتی بوون و باڵای بەرزی پێشمەرگەیان لە ئامێز دەگرت… بەڵام مێژووی لووتبەرزی بێ ئەمەگ، مێژووی ترسنۆکی چاوچنۆکی پڕ لە فێڵ و فیز، بێزی نەهێنا لە عاست گڵکۆی گومیان سەرێک دانەوێنێ و چەپکە گوڵێک دانێ و لە لاپەڕەیەک دا ناویان بێنێ!”
*
“ئەمە یەکەم پێشمەرگەیەک بوو لە ژیانمدا دەمدیت و هەموو ئازادیی کورد و کوردستانم لە بەژنی ڕێکوپێک و لە ڕوخساری خوێنشیرین و جوانچاکیدا بەدی دەکرد. سولەیمانی موعینی لێم بوو بە رەمزی پێشمەرگایەتی و لەو کاتەوە تا تراژێدیای مەرگە خەمبارەکەی لە ساڵی ١٩٦٨(١٣٤٧) زۆر جار لێک دوور کەوتینەوە و نزیک کەوتینەوە و سەرئەنجام لە پڕۆسەی شۆڕشە چەکدارییەکەی٦٧-٦٨ یەکجاری یەکترمان گرتەوە و هەر دووکمان بە سەرومالەوە تێوەچووین. ئەو لە شاخ بوو و شەهید کرا و من لە شار بووم و کەوتمە زیندان. بەڵام ئێستاش و دوای چڵ و حەوت ساڵ(ساڵی ٢٠٠٧ نووسراوە) کە چاو لێک دەنێم و بیر لە پێشمەرگە دەکەمەوە، سولەیمانی موعینی دەبینم لە شیوی قەبرە جوولەکان بەرەو لوتکەی حاجیکیمی.”
*
پیاوێکی تەمەن مام ناوەنجی بە بەژنێکی باریک و لاواز، گۆنایەکی زەرد و ڕەنگ پەڕیو، دەموچاوێکی کەمێک درێژووکە، ئێسقانی دەستی بۆ لا درێژ کردم و لە گەڵ یەکەم دەست گوشین نەمهێشت لە چاوەروانی و دڵەراوکێدا بمێنێتەوە، گوتم: “لە لایەن سولەیمانی موعینییەوە هاتووم و نامەیەکم بۆ هێناوی.”
هەرگیز نەمدیوە لە چاوتروکاندنێکدا گۆڕانی وا زەق و ئاشکرا لە روخساری کەسێک خۆی دەرخا. ئەو چاوە لێڵ و کزانە لە ناکاو گڕیان تێبەربوو، وەک دوو پۆلووی سوور وەک ئەستێرەی سیوەیل گەشانەوە و سەرتاپا پراوپڕ بوون لە پێکەنین. ئەمجارە بە ئاسوودەیی دانیشتین.”
*
” من لە وێ نەبووم و نازانم سەدیق چۆن کوژرا و لە کوێ نێژرا، بەڵام پرسیارێکە و کەس خۆی لە قەرەی وەڵام نادا: چۆن دڵیان هات؟! سەدیق زیاتر وەک پەپوولەیەک دەچوو تا وەک ئادەمیزاد! نە دزی و حیزی و نە شەڕ و نە درۆی نەدەزانی، توورە نەدەبوو، نەدەتۆرا، بە پەنجەیەک نانی ڕەق و کەوچکە دۆیەک قنیاتی دەکرد، نەدەڕنجا و کەسیشی نەدەرەنجاند. سەدیق، گاندییەکی گومنام بوو لە ناو چیا سەرکەشەکانی کوردەواریدا، بەڵام کوردستان، هیندوستان نەبوو- هەر چەند خۆ گاندییشیان کوشت-!!”