وەفایەک بۆ دایە فاتم، دایکی هەموو پێشمەرگەکان

لە سەردەمی پێشمەرگایەتی و لە شاخ و لە ئەرکی پیرۆزی نیشتمانپارێزی دا ، هەندێک مرۆڤ هەن کە زیاتر لە مرۆڤەکانی دیکە مایە بۆ خزمەت بە گەل و نیشتمان دادەنێن.
لە رێزەکانی حیزبی دێموکرات دا و لە سەردەمی خەباتی سەختی پێشمەرگانەدا هەندێک مرۆڤ فریادرەس و یارمەتیدەری ئەم شۆڕش و بزووتنەوەیە بوون و هەن، لە نێو ئەوانیشدا هەندێک کەسیان پشکی شێریان پێ دەبڕێ و دەبنە خۆشەویستی هەموو کادر و پێشمەرگەکان و هەموو لایەک ڕۆژ ژمێری دەکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بیبینن.
هەموو ئەوانەی کە لە نزیکەوە کاک ئەسعەد گامێشانی دەناسن، دەزانن کە پشتیوانی سەرەکی هەموو کارەکانی کەسێک بوو ، بە ناوی دایە فاتم، کە دایکی کاک ئەسعەد بوو. دایە فاتم بە دەیان جار بە هۆی هەڵسوورانی کوڕی پێشمەرگەی لە لایەن رژێمەوە بێ‌حورمەتی پێکرا و بۆ ئیدارەی جیاجیاکانی لێپرسینەوە بانگ کراوە.
دایە فاتمە هەمیشە وەک ژنێکی بوێر و نەترس پشتیوانی لە کوڕی پێشمەرگەی و هەموو پێشمەرگەکانی حیزب و لایەنەکانی دیکەش دەکرد، ژنێکی مەشرەف خۆش، دونیا دیدە، چاوکراوە و ساحەب قسە و دەستڕۆیشتوو بوو، ماڵ و ژیانی، ماڵی هەموو کەس بوو، ژنێکی خۆشەویست و لەبەردڵان و مێهرەبان بوو.
بە هۆی ئەوە ساڵانێکی زۆر لەگەڵ کاک ئەسعەد لە هێزی شەهید مینەشەم (زمزیران) دا خزمەتمان دەکرد، لە نزیکەوە هاتوچۆکانی کەس و کارمان لەگەڵ یەکتر باس دەکرد، بە تایبەت ئەو کاتانەی بە یەکەوە لە تیمی تەشکیلاتی کاڵەشین دابووین، چەندجارێک دایە فاتم بە نەهێنی سەردانی دەکردین، جیا لەوە کە چاو و دڵمان پێی ڕوون دەبۆوە، لە هەمان کاتدا ورە و ئیرادەی زیاترمان بۆ پێشمەرگایەتی لە لا درووست دەبوو.
ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی لە نیو دارستانێکی چڕوپڕی نێوان گوندەکانی شێوەجۆ و مێرگەپیرکێ، دایە فاتم بە کۆڵێک شتوومەکی تایبەتی و بە گۆچانێکەوە هاتە لای ئەسعەد و لەوێ بە دیداری شاد بووین. ژنێک کە دیواخانی ماڵی مام کوێخا عومەری گامێشانی بەرێوەدەبرد و هەموو جۆرە میوانێکی بە دڵخۆشیەوە بەڕێ دەکردن، ئەمرۆ هاتبوو لە نێو دارستنێکی چڕوپڕ کە پڕ بوو لە گیانلەبەری جۆراجۆر و لە ژێر هەڕەشەی دوژمن دا میوانداری ئێمەی دەکرد.
دایە فاتم ماوەیەک پشووی دا تا بڕێک ماندوویی بحەسێتەوە و هەناسەبڕکەی بڕینی هەورازەکەی کەم ببێتەوە. پاش ماوەیەکی کەم گووتی دایکتان کوێر بێ ، ئاخر ئێرە بۆ ئەوە دەبێ ئێوەی گەنج تێیدا ئیسراحەت بکەن و چەند وتەیەکی دیکە، دواتر کەل و پەلەکانی دەرهێنان و بە یەکەوە هەندێک شیرینی و شتی‌ترمان خوارد، ماوەیەک لە لامان بوو، دوای ئەوە پشوویەکی باشمان دابوو، گووتی: کوڕەکانم هیچ جیاوازیتان پێ ناکەم، هەرچی پێویستتان بوو وەڵامم لێ بنێرن تا بۆتان بنێرم، ئێوە جێگای شانازی بنەماڵەن و هیچ کات نیگەرانی ئێمە مەبن و بە دڵی خۆتان بکەن و تەنیا نەسیحەتی من ئەوەیە کە دەبێ ئاگاتان لە خۆتان بێ و پشتتان بە پشتی یەکەوە بێ و هەندێک ڕێنوێنی دیکەی کردین.
قسەکانی دایە فاتمە بۆ ئێمە ورە و ئیرادە بوون، لە ماوەی چەندین ساڵ پێشمەرگایەتی دا بۆ دیتنی دایە فاتمە لەگەڵ کاک ئەسعەد سەردانی گوندی گامێشانمان کرد، سەردانی مووچە و مەزرا و مناڵەمان کرد و هەموو جارێک بە دڵخۆشی‌یەوە وەری دەگرتین و ئێمەشی دڵخۆش دەکرد.
دایە فاتمە بە حەق دایکی هەموومان بوو، یاد و ناوی دایە فاتمە لە دڵان دا هەردەم زیندوویە، ڕووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین بێ.
ئەو کورتە نووسینە تەنیا وەفایەک بوو بۆ دیدارە نەهێنی و نیوە نەهێنی و ئاشکراکانی دایە فاتمە، بۆ ڕێنوێنی و بۆ خەمخۆری‌یەکانی بۆ ئێمە، وەک خۆم قەرزداری چاکە و گەورەیی دایە فاتم و هەموو ئەو دایکانەم کە بە سەردانیان بۆ لای کوڕ و کچی پێشمەرگەیان دڵی هەموو لایەکیان خۆش دەکرد.
بە بۆنەی کۆچی دوایی دایە فاتمە، لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە هاورێی خۆشەویستم کاک ئەسعەد گامێشانی و ئەندامانی بنەماڵەکەی بە گشتی لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەکەم و خۆم بە شەریکی خەمی لە دەستدانی دایە فاتمە دەزانم و لێرەوە سەرەخۆشی لە برا و خوشک و کەس و کاری کاک ئەسعەد و دایە فاتمەی ئازیز دەکەم.
ڕووحی شاد
حەمەرەسووڵ کەریمی
٢٠ ـ ٠٦ ـ ٢٠٢٠