ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە هێرشەکانی سەر بەرزاییەکانی ئالانە لە سنووری حاجی ئۆمەران

جەماوەری خەڵکی کوردستان، ناوەندە سیاسییە بڕیاربەدەستەکان، ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان!

هەروەکوو هەموولایەک ئاگادارن لە بەرەبەیانیی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانەوە تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆپباران و کاتیوشابارانی بەرزاییەکانی “ئالانە”ی لە ناوچەی حاجی ئۆمەران لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەست پێکردوە.

هەرچەندە ئەوە یەکەم جار نییە کە ئێران بە بیانووی لێدانی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمەکەیان بەهۆی تۆپخانە و هێزی مووشەکی و هەوایی سنووری عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان دەبەزێنێ، بەڵام ئەم جارەیان ڕێک دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیە لە ئانکارا ئەم هێرشانە دەستی پێکردوە و هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیاندراوە پەلامارەکان هەروا درێژەیان هەیە.

کۆماری ئیسلامی جگە لە بەردەوامیی تۆپبارانەکەی بە مەبەستی لێدانی بنکەی حیزبە کوردییەکانی دژبەری خۆی، هێزێکی زۆری پڕچەکیشی بەدرێژایی سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە گشتی و ئەو ناوچەیە بە تایبەتی کۆ کردووەتەوە و ئەگەری بەزاندنی سنوور لە ئارادایە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لەو تۆپباران و هێرشانەدا زەرەروزیانێکی زۆری ماددی بەر جووتیاران و کوێستانچیەکان و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش کەوتوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزار کردنی هەرچەشنە سنووربەزاندن و هێرشێک بۆسەر حیزبەکانی کوردستان داوا لە ناوەندە سیاسییە بڕیاردەرەکانی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکا لەبەرانبەر ئەو هێرشانەدا بێ‌هەڵوێست نەبن و بۆ پاشەکشە بەو هێرشانە دەنگ هەڵبڕن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەروەها داوا لە بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکا کە لە بەرانبەر ئەو دەست درێژییانەدا بۆ سەر وڵاتەکەیان، ناڕەزایەتی دەرببڕن و لە کۆماری ئیسلامی‌یان بوێ کە ڕێز لە سەروەریی وڵاتەکەیان بگرێ.

هەموو ئەو هێرشانەی سپای پاسداران لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی خۆیدا دەیان قەیرانی گەورە بەرۆکی گرتوە و لەبەر گەندەڵیی بەرفراوانی بەرپرسانی سیاسی و نیزامی و قەزایی ڕێژیم، توانایی ڕاپەڕاندنی ژیان و گوزەرانی ئاسایی خەڵکیان نییە و داهاتی ئەو وڵاتە خەرجی ئەو شێوە پەلامارە تیرۆریستییانە و یارمەتیی گرووپە تیرۆریستییەکانی دەستپەروەردەی ڕێژیم لە ناوچە دەکرێ و بەو هێرشانە هەوڵ دەدەن قەیران و کێشەکانیان بشارنەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشانە جارێکی دیکە ڕادەگەیەنێ کە باشترین و تەنیا ڕێگاچارە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕێگەچارەی سیاسییەوە و پەنا بردنە بەر هێرشی سەربازی تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکا و تێچوویەکی قورسی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە بەدواوە دەبێ. هەروەها مێژوو سەلماندوویەتی ئەو جۆرە هێرش و پەلامارانە گەلی کورد لە تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان دڵسارد ناکاتەوە.

بە هیوای یەکگرتوویی زیاتری تێکۆشەران و خەباتکارانی گەلەکەمان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩

١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٠