وتووێژی رۆژنامەی کوردستان لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە ، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن

حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ پرسی هەڵبژاردەکان لە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، هەڵوێستێکی یەکدەستی نەبووە. لە ماوەی ئەو نزیک بە ٤٠ ساڵەدا کە بە دەیان هەڵبژاردنی جۆراوجۆر لە ئێران‌دا بەڕێوەچوون، حیزبی دێموکرات زۆریانی تەحریم کردوەو لە هێندێکیانیش‌دا نەتەنیا هەڵوێستی جیاوازی هەبووە، بەڵکوو راستەوخۆ بە کاندیدی تایبەتیی خۆیشیەوە بەشداری کردوەو تەنانەت زۆرێک لە کاندیدەکانیشی دەنگیان هێناوەتەوە.
سەبارەت بە خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لە گەڵ هەڵبژاردنەکان لە ئێران‌دا “کوردستان” وتوێژێکی لە گەڵ بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، سیمای ناسراوی حیزبی دێموکرات و سکرتێری پێشووتری ئەم حیزبە پێک هێناوە کە سەرنجی ئێوە خوێنەرانی ئازیزی بۆ رادەکێشین.
***

١– ئەگەر ئیزن بفەرموون لە پرسیارێکی گشتی‌یەوە دەست پێ‌بکەین؛ حیزبی دێموکرات چۆنی روانیوەتە پرسی هەڵبژاردنەکان لە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران­دا؟
مامۆستا: رەنگە نەتوانین بە موتڵەقی بڵێین هەڵوێستی حیزبی دێموکرات یان بۆچوونی بۆ هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی چیە، چونکە ئەو شتانە هەمیشە بە پێی هەلومەرج قابیلی گۆڕانن. بەڵام لەسەر یەک ئێمە وامان دیوە کە نە لە جمهووریی ئیسلامی­دا، نە لە سەردەمی پاشایەتی­دا بەڵکوو نە لە هەموو مەنتیقەی خۆرهەڵاتی نێوەراست کە ئیمەشی تێداین، هەڵبژاردن ئەو هەڵبژاردنە سەلیمە نیە کە لە وڵاتانی پێشکەوتووی دنیا و وڵاتانی دێموکراتی دنیادا هەیە، ئەو عەیبەی هەمیشە هەبووە و ئێستاش هەیەتی و تا دەورانێکیش کە نازانم چەند درێژ دەبێتەوە هەر دەیبێ. بەڵام لە عەینی حاڵ‌دا پێمان وابووە لە هەر نیزامێک‌دا ئینتخاباتێک هەبێ حیزبی سیاسی یان بزوتنەوەیەک یان میللەتێک ناتوانێ بەرامبەری بێ تەفاوت بێ. دەبێ هەڵوێستی بەرامبەر بەو ئینتخاباتە هەبێ. جا رەنگە ئەم جارەیان هەڵوێستێکی ببێ و جارێکی دیکە هەلوێستێکی جیاواز لەمەیانی هەبێ. ناکرێ بڵێی لەم وڵاتەدا شتێک بە ناوی هەڵبژاردن نیە و ئەمن بە نەبووی دادەنێم. ئێمە وامان تەماشا کردوە، ئەگەر تەماشای رەوتەکەش بکەی بۆت دەردەکەوێ کە حیزبی دێموکرات هەمیشە یەک هەڵوێستی بەرامبەر بە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی کە چەند نەوع هەڵبژاردنی تێدا هەیە، نەبووە.

٢- حیزبی دێموکرات لە یەکەم رێفراندۆم‌دا بۆ هاتنەسەرکاری نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، رێکاری بایکۆت هەڵ­دەبژێرێ، بەڵام هەر چەند مانگ دواتر لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی و خیبرەگان‌دا بەشداری دەکات و کاندیدی خۆیشی دەبێ. پاساوی حیزب بۆ ئەم پارادۆکسە چی بووە؟ چۆن دەکرێ بە کۆی سیستم [نا] بگوترێ بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی‌دا بەشداری بکرێ؟!
مامۆستا: ئەمن رەئیەکانم رەئی خۆمن ، لە جیاتی حیزب قسە ناکەم، با ئەوەت عەرز کەم کە پێم­وایە تەحریمی ئینتخابات نە ئەو وەختی نە ئیستا و نە هیچ وەخت بە مانای”نا” گوتن نیە.
بۆ نموونە هەر ئێستا کە قسە دەکەین لە تورکیە رێفراندۆمێک هەیە، ئەوەی دەنگی نا دەدا، ئەو نای گوتوە، دەنا ئەگەر یەکێک ناچێتە سەر سندووق یان دەچێ و رەئیی سپی لە سندووق دەهاوێ ئەوە نای نەگوتوە.
بایکۆت بە مانای “نا” گوتن نیە. ئێمەش کە لەوێدا بایکۆتمان کرد لە بەر ئەوە نەبوو بمانەوێ لەوکاتەدا ئاڵای بەربەرەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵ­بگرین. کۆماری ئیسلامی ئەو وەختی لانیکەم بەبۆچوونی ئێمە حاسڵی ئینقلابێک و شۆڕشێکی گەلی بوو و، بەرهەمی چەندین ساڵ و بگرە چەند دەهە خەبات دژی نیزامێکی دیکتاتۆڕ و دژی ئینسانی واتە رێژیمی پاشایەتی بوو لە دەورانی جۆراوجۆردا. دەلیلی ئەوە کە ئێمە لە ریفراندۆم دا بەشدار نەبووین ئەوە بوو کە ریفراندۆم پرسیارێکی نەخوڵقاندبوو کە پیاو بتوانێ ئینتخاب بکا. پرسیارەکە ئەوە بوو کە: ئایا جمهووریی ئیسلامیت دەوێ یان رێژیمی پاشایەتی!؟ یانی دوو شتی دانابوون کە یەکیان چەندین ساڵ و چەندین دە ساڵ بوو خەڵکی ئێران بۆ رووخاندنی لە خەبات­دا بوون، ئەوی دیکەیان “جمهووریی ئیسلامی” نە مەفهووم بوو، نە تەعریف کرابوو، نە ناسرابوو و نە نموونەکەی لە وڵاتان­دا بینرابوو. باشە ئەوەیان کە رووخاندوومانە تازە بۆ بۆی بگەرێینەوە، ئەوەیشیان کە نازانین چیە چۆنی دەنگ پێ بدەین!؟
له بیرمە هەر ئەمن بۆخۆم لە سەردەشت رۆژیک پێش رێفراندۆم لە سەر ئەو مەسەلەیە قسەم کرد، هەڵوێستەکەيشمان ئەوە بوو کە تەحریم بکەین بە دیفاع لەوە، مەسەلەیەکی مەشهوورم هێنایەوە کە قسەی من نەبوو، دەڵێ؛ “سمۆرەی لە توورەکەدا پێ دەفرۆشێ. نازانی زەردە، سوورە، بۆرە، گەورەیە، چووکەیە، وەزنی زۆرە، کەمە. گوتمان جمهووریی ئیسلامی شتێکی ئاوایە. کە وابێ ئیمە خۆی لێ دەبوێرین و بەشدار نەبووین بۆئەوەی نە بە نەخەیر و نە بە بەڵێ دەنگی پێ­نەدەین. بەشدار نەبوونەکە لەبەر ئەو دەلیلە بوو، نەک لەبەر نەفیی کۆماری ئیسلامی. چونکی وەک عەرزم کردی تحریم بە مەعنای “نا” گوتن نیە، رەئیی سپی بە مانای نا گوتن نیە، رەئیی نا بە مانای “نا” گوتنە.
پاشان لە هەلومەرجی دواتردا ئەو ئینتخاباتانە کە کران با پیاو وەکوو هەبوون سەیریان بکا؛ ئەو ئینتخاباتانە بەقەد ئێستا موهەندیسی­کراو نەبوون. ئینتخاباتێک کە لە کوردستان هەبوو، بە تایبەتی لەو مەناتیقە کە پیشمەرگەی تیدا بووە، بە شاهیدی چاوەدێران و تەنانەت چاوەدیرانی دەوڵەتی جمهووریی ئیسلامییش، سەلامەتترین نەوعی ئینتخابات بوو. نە زۆریی تێدا هەبوو، نە دیکتەکردنی تێدا هەبوو، نە هیچ شتێکی نادێموکراتیکی تێداهەبوو. فەزایەکی سالم بوو. ئەتۆش دەبێ لە فەزایەکی ئاوادا بەشداری بکەی تا بتوانی نوێنەری خۆت و ئیدەکانی خۆت بەریە ئەو مەرکەزە کە قەرارە هەڵ­بژێری.

٣- زۆر جار لە ئەدەبیاتی سیاسیی حیزبی دێموکرات‌دا پرسی هەڵبژاردن لە ئێران بە سناریۆ و شانۆسازی پێناسە کراوە، کە وەک دەبینین هێندێک جاریش حیزب، یان خۆی بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کردوە یان ئەوەیکە بە خەڵکی گوتوە کە بەشداری بکەن. یەکەم ئەوەیکە ئایا بەراستی ئێستا و دوای ئەو کێشمەکێشە ناوخۆیی­یانە کە لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان‌دا لە ئێران روو دەدەن، پێتان وایە هەڵبژاردنەکان سناریۆ و شانۆسازی بوون؟ دووهەم ئەوەیکە چۆنە کە دەبینین حیزب هێندێک جار بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کردوە و هێندێک جاریش هەڵوێستێکی جیاواز لەمەی هەبووە؟
مامۆستا: لە جێ‌دا ئەو تەعبیرانە زیاتر لەوەی کە هەڵوێستی سیاسی بن، تانە لێدانن. چونکی لە واقیع‌دا ئینتخاباتێکی ئازاد و دێموکراتیک و واقعی نیە و ئینتخاباتێکی خاوێنیش نیە، دەستی تێ­وەردەدرێ، ئیعمالی نفووزی تێدا دەکرێ، جاری وایە رەئیەکان ئەسڵەن تەوەججوهیان پێ ناکرێ، هەر وەک لە ئینتخاباتی دەورانی مووسەوی و کەڕڕووبی و ئەحمەدی نیژاددا ساڵی ٨٨، تەقریبەن دەرکەوت کە مووسەوی دەوری ٢٥ملیون رەئیی هیناوە و ئەحمەدی نیژاد دەوروبەری ٦ بۆ٧ ملیون ، واقیعیەتەکە ئەوە بووە. کەچی ئەویان بە ١٩ ملیون رەئیەوە سەر خست و، میرحوسینی موسەوی­یان لادا هیچ، ئێستاش ئەوە دەی­بینن کە چەند ساڵە دەگەڵ خێزانی لە ماڵەکەی خۆیان­دا زیندانین. کەوایە شانۆسازی­یەکە بۆ ئەوەیە بە دونیا نیشان بدەن کە ئینتخاباتێک هەیە، بەڵام لە عەینی حاڵیش‌دا شانۆسازی بە مەعنای موتڵەقی کەلیمە نیە. زۆر جار ئەو رەقابەتە، راستە رەقابەتی نێوان کاندیدکانی میللەت و حیزبە نیشتمانپەروەرەکان دەگەڵ دەستبژێرەکانی نیزامی حاکم نیە، بەڵام رەقابەتی بەینی لایەنەکانی نێو خۆی نیزام رەقابەتێکی زۆر جیددی­یە. ئەدی بۆچی ساڵی ١٣٨٨ لە نێو خیابانەکانی تاران­دا لەسەر ئینتخابات خوێن دێ و سەران دەبا!؟ دەکرێ بڵێین ئەوە هەر شانۆسازی بوو؟ ئەوە دروست نیە پێی بڵێین شانۆسازی. موهەندیسی دەکرێ، کاری تێدادەکرێ، دژی دیموکراتیکە و هەموو ئەوانەی هەیە، بەڵام لە عەینی حاڵ­دا ململانەیەکی جیددی­یە.

٤– لە پێوەندی لە گەڵ هەڵبژاردنەکان‌دا هەمیشە پرسی “رەوایی” و “نارەوایی” هاتۆتە گۆڕێ و بەشێک لە رەخنەگرانی خوێندنەوە و هەڵوێستەکانی حیزب لەم پێوەندی­یەدا پێیان وایە بەشداری­کردن لە هەڵبژاردنەکان “رەوایی‌دانە” بە رێژیم. لەم پێوەندی­یەدا قسەی ئێوە چیە؟
مامۆستا: جارێ با شتێک بڵێم ئەوانە کە وا دەڵێن، زۆریان هەڵوێستەکانی خۆیانیان لەبیر چۆتەوە. لەو دوو ئینتخاباتەی کە باست کردن؛ ئینتخاباتی مەجلیسی خبرگانیش و ئینتخاباتی دەوری یەکەمی مەجلیسی شووڕاش کە ئەو وەخت ناوی مەجلیسی “شووڕای میللی”‌یش بوو و جارێ نەکرابووە “ئیسلامی”، هەموویان بەشدار بوون. ئێستا هەموو سوێند دەخۆن دەڵێن بە حەیاتی خۆمان بەشدار نەبووین. ئەگەر وایە ئەو وەختی هەموویان رەوایی­یان پێ داوە!. نەخەیر بە باوەڕی من ئەوە رەوایی‌دان نیە، بە تایبەتی لە جمهووریی ئیسلامی‌دا بە هیچ جۆر رەوایی­دان نیە. چونکی جمهووریی ئیسلامی رەوایی لە رەئیی میللەت وەرناگرێ و هەر باوەڕی پێی نیە. بۆخۆی دەڵێ ئەو نیزامە نیزامێکی ئیلاهی‌یە، هەموو شتەکانی لە خودا وەردەگرێ. بۆیە هەر بە پێی قانوونە ئەساسی‌یەکەی ئەگەر هەموو خەڵکی ئێران شتێک بڵێ و، خامەنەیی کە بە ئیستلاح رەهبەرە شتێک بڵێ، ئەو دەچێتە پێشێ، لەبەر ئەوەی ئەو لە تەرەف خوداوە قسە دەکا!!. کەوایە رەوایی چی دەدەیەی!؟ لە پاشان لە هەموو نیزامەکان‌دا دیومانە خەڵک لە ئینتخابات‌دا بەشدار دەبن بەو مانایە کە دەیانەوێ چەندی مومکینە شت بەدەست بێنن و نوێنەری خۆیان هەبێ. ئەو ئەسڵە مەشهوورە کە دەڵێ؛ دەبێ سەعی بکەی لە نێو سەربازخانەی دوژمنیش‌دا نفووزت هەبێ و دەستت هەبێ. خەڵک دەیەوێ لە دەرفەتێکی ئاواش ئیستفادە بکا. نە ئەمە رەوایی­دانە و، نە ئەوەی دیکەیش رەوایی­ئەستاندنەوەیە. وا دابنێ ئێمە هیچمان بەشدار نەبووین، ئایا ئەو رێژیمە لە سەحنەی نێونەتەوەیی‌دا لە روایی دەکەوێ؟ ئەدی بۆ دنیا تەعامولی لەگەڵ دەکا؟ هەموو دنیا لەگەڵ ئەو نیزامە وەکوو رێژیمی حاکم بەسەر ئیران‌دا موعامەلە دەکا، وەکوو نوینەری ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان­دا وەردەگیرێ و حیسابی بۆ دەکرێ. کێ لە ئێران وەردەگیرێ ؟! هەر جمهووریی ئیسلامی وەرناگیرێ؟. کە وابی پێموایە ئەو قسەیە دروست نیە. نە بەوە لەلایەن دەنگدەرانەوە رەوایی دەدەینێ و ئێعتراف بە شەرعیەتیەتی دەکەین، نە بەوەش رەوایی لی وەردەگیرێتەوە کە بەشدار نەبین. بەڵام ئەوە هەڵوێستە، رەنگە جارێکیان لە بەر دەلیلێک بەشدار بین و جارێکی دیکە لەبەر دەلیلێکی دیکە تەحریم بکەین.

٥- با بۆ پرسیارێکی تایبەت نموونە بە هاتنە سەرکاری سەید محەممەد خاتەمی بهێنینەوە؛ حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لە گەڵ دەوری یەکەمی هەڵبژاردنی خاتەمی‌دا هەڵوێستی بایکۆتی هەبوو. بەڵام لە دەوری دووهەم‌دا هەڵوێستێکی جیاوازتری هەبوو، ئایا دەکرێ ئەم هەڵوێستەی حیزب بە جۆرێک لە بێ‌ئاگایی لە فەزای سیاسی نێوخۆی ئێران لێک بدرێتەوە؟
مامۆستا: ئەمن بۆخۆم دەڵێم و ئەو ئیعترافە دەکەم کە ئێمە لە دەورەی یەکەمی ئینتخابات­دا نەمان­توانیبوو دەرک بکەین کە خەڵکی نێو خۆی وڵات و خەڵکی کوردستان بەشێوەی تایبەتی کە بۆ ئیمە گرینگە، چۆن هەڵوێست دەگرن و چی­یان دەوێ، بۆیە ئیمە تەحریممان کردبوو. دەنا -پێم وایە جارێکی دیکەشم گێراوەتەوە-، رۆژی ئینتخابات بۆخۆم لە پاریس بووم کە لەگەڵ ئەندامێکی حیزب لە کرماشان قسەمان دەکرد، باسی بۆ دەکردین کە چ­دەگوزەرێ، ئیمە پێمان گوت بابە حیزب ئەو ئینتخاباتەی تەحریم کردوە. گوتی دەزانم، بەیانییەکەم ئێستا لەبەر دەستە. بەڵام ئێستا ئەو تەلەفوونەی دادەنێم و دەچم رەئی دەدەم، چونکی رەستاخیزە!! کەلیمەی “رەستاخیز″یشی بەکار هێنا. ئێمە ئەوەمان لە واقیع‌دا بۆ دەرنەکەوتبوو. لە پاشان بۆیە دەوری لە دووهەم­دا هەڵوێستێکی دیکەمان گرت، – رەنگە تەحلیلەکە یەکێک بە غەڵەتی بزانێ و یەکێک بە دروستی بزانێ- چونکە بە باوەری ئێمە چوارساڵەی یەکەمی سەرکۆماری خاتەمی، کرانەوەیەکی باشی تێدا بوو هەم لە ئێران هەم لە کوردستان بە تایبەتی. ئازادیی بیروڕا هاتە گۆڕێ، ئازادیی قەڵەم هاتە گۆڕێ، رۆژنامە و مەجەللاتێکی زۆر لە هەموو ئێران‌دا و بە زمانی جۆراو جۆر بڵاو کرانەوە و پێمان وابوو تەحریمەکە باش نیە. بە تایبەتی عیبرەتیشمان وەرگرتبوو کە لە دەورەی یەکەم‌دا ئێمە بە خیلافی رەئیی خەڵکی خۆمان حوکممان دابوو، کە کەس بەدەنگمانەوە نەهات.
ئێمە وەک حیزبە سیاسی­یەکان عادەتێکمان هەیە: ئەگەر شتێکمان گوت سبەینێ لە سەداسەدیش خیلافی ئەوە دەرکەوێ، لە قسەی خۆمان نایەینە خوارێ. دەڵێین نەخەیر هەر ئەوەی ئێمە گوتمان راست بوو!. چونکی ئێمە فەرموومانە تەحریم بکەین کەوابوو کەس نەچۆتە سەر سندووقی دەنگدان با لە سەدا نەوەدی خەڵکیش چووبێ! ئەمە زۆر شتێکی خراپە. لەوێش‌دا ئەگەر لەبیرتان بێ، ئیمە نەمانگوت خەڵک بچێ رەئی بدا و رەئی بە خاتەمی بدا، ئێمە گوتمان نەبنە بەشێک لە دەستە بەندی­یەکانی حاکمییەت، بەڵام بە دوور لە دەستە بەندی­یەکانی نێو حاکمییەت، بۆخۆیان و بە سەڵاحی خۆیان رەئی بدەن. کە پێموایە هەڵوێستێکی بە جێ بوو. تەنانەت لە ئینتخاباتی شووڕاکانیش‌دا ئەوەمان هەر بە سەراحەت نووسی کە واریدی دەستەبەندی­یەکان مەبن، بەڵام بە تەشخیسی خۆتان ئەوانەی بە شیاویان دەزانن رەئی­یان پێ بدەن و ئەو کەسانەش کە خاوەنی شەخسییەتن و خۆیان بە جێ­متمانەی خەڵکی دەزانن با بچن خۆ کاندید بکەن. چونکی ئەمن پێم وایە ئەوە خراپە کە ئەتۆ بە جارێک تەحریم دەکەی و تەنانەت وای لێ‌دەکەی کە خۆ کاندیدکردن بە مانای خیانەتە!!. هێندێک لە حیزبەکان وای لێ­دەکەن. یانی خۆکاندیدکردن بۆ شووڕاکان یان بۆ مەجلیس بە خەیانەت دادەنێن. لە نەتیجەدا ئەوانەی شەخسییەت بۆخۆیان قایلن بەڵام لە تانەو لۆمەی ئەملاو ئەولا دەترسن ، ناوێرن خۆ کاندید بکەن و خەڵکی وا دەچن کە باش نیە بچن و باشتر لەوان هەیە کە بچنە مەجلیس. مەنتیقی ئێمە ئەوە بوو.

٦– زۆر جار حیزبەکان بەتێکڕایی داوایان لە خەڵک کردوە نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام خەڵک دەچن و بەشداری دەکەن. ئایا دەتوانین بڵێین ئەمە [نا]یەکە بە حیزبەکان؟
مامۆستا: ئەمن پێم­وایە ئەمە “نا” گوتن بە حیزبەکان نیە، بەڵام خەڵک لەگەڵ قەزایای خۆیان سەر و کاریان هەیە. لە یەکێک لە دەورەکانی ئینتخابات­دا چەند کەس هاتنە ئێرە هەر لە ئەندامانی حیزب، دەیانگوت تکایە تەحریم لەسەر ئێمە بار مەکەن، ئێمە بۆخۆمان دەردی خۆمان دەزانین، ئیجازە بدەن تا ئەو خەڵکە بۆخۆیان بڕیار بدەن. یەعنی ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵک ئەو وەختەی هەلومەرجی ژیان دەخوازێ، گوێ لە قسەی حیزبەکان ناگری. چون ئەو زەق و رەق و شەقە، ئەوی دیکە قسەیە. گوێ بۆ قسەی من و تۆ و، فەلسەفەبافیی من و تۆ راناگرێ. گوێ بۆ ئەو واقعییەتە ڕادەگرێ کە لەگەڵی بەرەوڕوویە. مەسەلەن دەبینێ کە بۆ موراجعە بە ئیدارەیەک چاو لە شناسنامەکەی دەکەن کە داخوا مۆری ئینتخاباتی لێ دراوە یان نا، ئەگەر لێی نەدرابێ کارشکێنی لە کارەکەی­دا دەکەن. مەجبوورە ئەگەر هیچ نەبێ بۆ دانی رەئیی سپی بچێتە سەر سندووقەکان. بۆ ئەوەی شناسنامەکەی مۆری پێوە بێ. کەوابوو، هیچ بەمەعنای جوابەجەنگی (دهن­کجی) نیە، بەڵام جاری وایە ئێمە هەلومەرجەکە باش ناخوێنینەوە.
لە یەکێک لە ئینتخاباتەکانی کە ئـێمە تەحریممان نەکردبوو و حیزبەکانی دیکە تەحریمیان کردبوو، دوای ئینتخابات دەرکەوت کە خەڵکێکی زۆر بەشدار بوون. ئێمە لێرە لەگەڵ جەمعێک لە حیزبەکان دانیشتبووین قسەمان دەکرد. هاوڕێیەکمان ڕوو بە میوانەکان گوتی: ئێوە تەحریمتان کرد و ئێمە تەحریممان نەکرد، ئێمە نەمانگوت خەڵکەکە بەشدار بن، بەڵام تەحریممان نەکرد. خەڵکەکە بەشی زۆرتری بەشدار بوون، ئێستا ئەوە دەتوانێ دوو دەلیلی هەبێ؛ یەکیان ئەوەیە کە خەڵک بە قسەی ئێمە دەکا و بە قسەی ئێوە ناکا، دەلیلی دیکە کە پێمان وایە واقعیترە ئەوەیە کە ئێمە باشتر هەلومەرجەکەمان خوێندۆتەوە. هەر بە راستییش وابووە، چونکی دەزانین خەڵکەکە چیان دەوێ و لە چ مەوقعیەتێک­دان.

٧– بە خوێندنەوەی خۆتان کە نزیک بە ٤٠ ساڵە لە نزیکەوە ئاگاداری وەزعەکە بوون، هەڵبژاردنەکان لە ئێران لە ئێستا و لە ساڵانی رابردووتردا چ جیاوازی­یەکیان هەیە؟ پێتان وایە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەمەوبەولا چۆن دەکرێ بەرخورد بەم پرسە بکات؟
مامۆستا: ئەمن- وەک جارێکی دیکەشم هەر لەم وتووێژەدا گوت- قسەی خۆم دەکەم و قسەی حیزبی دێموکرات ناکەم. ئەمن لە بنی‌ڕا تەحریمم پێ هەڵوێستێکی خراپە، پێم ئاسانترین هەڵوێستە، ئەگەر نەڵێم تەمبەڵانەترین هەڵوێستە. چون زۆر ئاسانە. تەحریم خۆماندووکردن و بیرلێ‌کردنەوەشی ناوێ. بەڵام کە تۆ دەتەوێ تەحریم نەکەی مەجبووری بیر بکەیەوە داخوا مەسڵەحەتەکە لە کوێ­دایە، داخوا خەڵک چیان دەوێ، داخوا لەنێو ئەو کاندیدایانەدا کە هەن، کامیان بەرنامەکەی شتی جوانتری تێدا دەبێ، ئەوەیان خۆ ماندووکردنێکی زۆری دەوێ و ئەوی دیکەیان ئاسانە، دەڵێی کاکە مەچنە سەر سندووق و لە ماڵی خۆتان دانیشن و تەواو. کاری بەوە نیە داخوا چ دەگوزەرێ. بۆیە بە باوەڕی من باش نیە ئێمە ببین بە تەحریمچیی حیرفەیی. ئەگەر دەرفەتێک هاتە پێشی لە ئینتخاباتێکی ئایەندەدا، بۆ وێنە ئەگەر 5 ساڵی دیکە ئینتخاباتێکی وا هەبوو کە بە تەشخیسی ئێمە هەلومەرجەکە ڕێگا دەدا نوێنەرانی دڵخوازی خەڵک نەوەک سەدی سەد، بەڵام بەشێکیان بچنە مەجلیس، بچنە شووڕاکان، لە راستی‌دا دەبێ واز لە تەحریم بێنین، بەوەش رەواییمان نەداوە بە جمهووریی ئیسلامی و بە تەحریمەکەش رەواییمان لێ نەستاندۆتەوە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی کوردستان ژمارە ٧٠٢