پێکهاتنی کۆبوونەوەیەکی سیاسی / تەشکیلاتی بۆ بەشێک لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

پێش‌نیوەڕۆی رۆژی ٤ی بانەمەڕی ٩٦ی هەتاوی ، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی پێوەندی‌دار سەبارەت بە چەند پرسی گرینگی نێوخۆی وڵات و، هەروەها دۆخی نێوخۆی حیزب ، بە بەشداریی بەشێک لە کادرو پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک‌هات.

ئەو کۆبوونەوە سیاسی و تەشکیلاتییە بۆ باس کردن و شی کردنەوەی دانیشتنی حەوتووی ڕابردووی کومیتە ناوەندی گیرا، کە بەمەبەستی تاوتوێ کردنی چەند پرسی گرینگ وەکوو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەند پرسی تەشکیلاتی وئورگانی نێو حیزب بەڕێوەچوو.
سەرەتا کۆبوونەوەکە بە راوەستان و ڕاگرتنی خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ یاد و ناوی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان مستەفا مەولوودی سکرتیری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
بەڕێزیان سەرەتا بە ئاوردانەوەیەک لە هەلومەرجی سیاسیی ئێران بە گشتی و بەتایبەتی دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان، چەند خاڵێکی جێگای سەرنجی لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕی ئەمساڵ ، بۆ کادرو پێشمەرگەکان خستە ڕوو.
ناوبراو وێڕای سپاس وپێزانین بۆ خۆڕاگری کادروپێشمەرگەکانی حیزب و بەتایبەتی بنەماڵە ئازاکان ، کە رووسوورانە سەنگەری خەباتی حیزبی دیموکراتیان لەم قوناخە هەستیارەدا ئاوەدان هێشتووە، درێژی بە قسەکانی دا.
مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە باس کردن لە تەوەرەکانی دانیشتنی کۆمیتەی ناوەندی کە شەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک باسی پێوەندیداری لەوبارەوە پێشکەش کرد و، کورتەیەک لە هەلومەرجی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماری وشووڕای گوند و شارەکانی خستە بەرباس.
ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری لە ئێراندا گوتی؛ بەداخەوە لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، هیچ کام لە سەرۆ‌کۆمارە بەربژێرو سەرکوتوو لە هەڵبژاردنەکاندا ،بەرنامەو پرۆژەی وایان نەبووە بۆ گەلی کوردو، سەرەڕای ئەمەش حیزبی دیموکرات هەمووکات هەوڵی داوە کە خوێندنەوەی سیاسی و واقع بینانەی هەبێ و، لە هاتنە ئارای هەرچەشنە دەرفەتێکی سیاسی و فەرهەنگی بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی حیزب و چارەسەری پرسی کورد لە ئێران پێشوازی کردووە.
مستەفامەولوودی بە ئاوردانەوەیەک لە کارنامەی چوارساڵەی حەسەن روحانی کە زیاترین وادە و بەڵێنی دابوو بە خەڵکی ئێران و بەتایبەتی سەبارەت بەپرسی نەتەوەکان لەو وڵاتەدا ، بەڵام کەمیشی جێبەجێ نەکردوە، ئەمەش نیگەرانی ودڵساردی خەڵکی ئێران وکوردستانی لێکەوتوتەوە.
سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە جیاکردنەوەی پرسی شووڕاکانی گوندو شارەکان داواکاری ئەوەبوو کە خەڵکی کوردستان هەوڵ بدەن کەسانی باش و جێ متمانەو و خۆشناو ئەگەر ڕێگەیان پێدرا خۆیان کاندید بکەن ، هەڵبژێرن بۆ ئیدارەی گوندوشارەکانی خۆیان و لەهەمبەر کۆدەنگی حیزبە رۆژهەڵاتیەکانیش سەبارەت بە چۆنیەتی ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕ گوتی؛ حیزبی دێموکراتی کوردستان وەکوو پاڵپشت و دەسپێشخەری هاوکاری وکۆدەنگی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کورد، ئامادەی هەرچەشنە هاوکاری وهاوڵوێستییە سەبارەت بە پرسە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێران وکوردستان بەتایبەتی.
دوای باس کردن لە سەر هەلومەرجی هەڵبژاردنەکان لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەدا مستەفا مەولوودی لەسەر چەند پرسی تەشکیلاتی و نێوخۆیی حیزب دڕیژەی بە قسەکانی دا، یەکەم باس‌کردن لە ئاڵۆگۆڕی بەڕێوەبەرانی ئورگانەکان، بە مەبەستی باشتر بەڕێوەبردنی حیزب و دوویەم پرسی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان بوو.
بەڕێزیان لە پێوەندی لەگەڵ یەکگرتنەوەی بنەماڵەی تێکۆشەرانی دیموکرات وتی: هەمووان دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین کە بەهاوکاری وهاوخەمییەوە ، پرسی گرینگی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان چارەسەر ببێ و، حیزبی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە بۆ ئەو مەبەستەش بە تەواویی ئامادەگی خۆی دەربڕیوە.
لە کۆتایی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان ، لە گفتوگۆیەکی کراوەدا، بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکان، بە گەرمییەوە تێبینی و پرسیارو رەخنەی خۆیانیان باس کرد و ،پاشان لە لایەن سکرتێری گشتیی حیزب و، قادروریا ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەڵام‌درانەوە.