راگەیاندنی سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵه لە پەیوەند لەگەڵ گیانبەختکردنی پۆلێک لە هاورێیانمان

کۆمەڵانی خەباتکاری خەڵکی کوردستان
بنەماڵەی سەربەرزی گیان بەختکردوان
هاوڕێیانی تێکۆشەری ریزەکانی کۆمەڵه

 

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە پێتان رادەگەیێنین کە بەرەبەیانی ئەمرۆ رێکەوتی ٢ی پووشپەری ١٣٩٦ی هەتاوی، دەستەیەک پێشمەرگە و هاورێیانی رێکخستنی نەهێنی کۆمەڵه لە ناو شاری سنه کەوتنه کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و سێ کەس لە هاورێیانمان بە ناوەکانی سەباح حوسەین پەناهی، حامید سەیف پەناهی و بێهزاد نووری دوای شەڕێکی نابەرابەر و قارەمانانە گیانی ئازیزیان لەپێناو ئامانجه بەرزەکانی گەلی کورد و کۆمەڵه بەخت کرد.

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵه وێرای دڵگرانی سەبارەت بەو رووداوە دڵتەزێنه، سەرەخۆشی گەرمی خۆی و هەموو ریزەکانی کۆمەڵه ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێیانی ئەو گیان بەختکردوانه دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت، هەموو خەڵکی کوردستان و سەرجەم ریزەکانی کۆمەڵەش دڵنیا دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی بە گرتن و کوشتن و کەمین دانان بۆ تێکۆشەرانی گەلی کورد هەروەک تا ئێستاش نیشانی داوە نەیتوانیوە ورەی قارەمانانەی رۆڵە تێکۆشەرەکانی گەڵەکەمان دابەزێنێت.

هەروەها هەموو دوستان و هاورێیانی کۆمەڵه و بزووتنەوەی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە هاورێیانی ئێمه بە ورەیەکی بەرز و خۆراگرییەکی کەم وێنەوە حەماسەیەکی پڕشەنگداری دیکەیان بۆ کۆمەڵه و گەلی کورد تۆمار کرد. لەو شەڕە نابەرابەرەدا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی چەندین کوژراو و برینداریان بەرکەوتوە و هاورێیانی ئێمه بۆ جارێکی دیکەش نیشانیاندا کە سنە شاری هەمیشه کۆمەڵەیه و دەسەڵاتی نەگریسی کۆماری ئیسلامی هەرگیز ناتوانێت ورەی مقاومەتی رۆلەکانی ئەو شاره قارەمانه لەناو بەرێت.

بەرز و بەڕێز بێت یادی سەرجەم گیانبەختکردوانی رێگای ئازادی و بزووتنەوەی رەوای گەلی کورد

کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی
23،06،2017 زایینی
٢ی پووشپەری ١٣٩٦ی هەتاوی