ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنی ڕێفراندۆمی باشوور و خڕۆشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە کۆتاییدا رێفڕاندۆمی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی دیاریکراوی خۆیدا،٢٥ی سێپتامبری٢٠١٧ بە سەرکەوتوویی و بە بەشداریی بەرچاوی کۆمەڵانی خەڵکی ئەم بەشە لە کوردستان بەڕێوەچوو. بۆیە لەم پێوەندییەدا پیرۆزبایی خۆمان لە خەڵکی خاوەن هەڵوێستی باشووری کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەردەبڕین و، ئاواتەخوازین هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکگرتووانە و هەموو پێکەوە کار بۆ جێخستنی یەکجاریی ئەم ئیرادە نەتەوەیی و نیشتمانییە بکەن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان هەروەک چەند رۆژ پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکی ڕەسمیی‌دا ڕایگەیاند کە وێڕای ئاره‌زووده‌ربڕین بۆ ئه‌وه‌ که گه‌له‌که‌مان له باشووری کوردستان به یه‌کڕیزیی هه‌رچی زیاتره‌وه به‌ره‌و جێبه‌جێکردنی ئه‌م پرۆسه چاره‌نووسسازه بچێ، هه‌م ئه‌و کاته و هه‌م له سه‌رجه‌م گوتار و په‌یام و لێدوانه ڕەسمییەکانی دواتریدا پێشوازی و پشتیوانیی خۆی له ئیراده‌ی سه‌روه‌ریخوازانه‌ی برا کورده‌کانمان له باشووری کوردستان و پێویستیی گوڕ و تین به‌خشین به‌م ئیراده‌یه ده‌ربڕیوه.
ئەوەی لەم پێوەندییەدا جێی ئاماژە و سەرنجی تایبەتییە، هەڵوێستی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە هەر وەک ئامادەکاریی بۆ کرابوو لە ئاستێکی بەربەریندا پشتیوانییان لە پرۆسەی رێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان دەربڕی و بە کۆبوونەوە لە دەوری یەکتر لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکان یەکگرتووانە، کەڕنەڤاڵی شایی و خۆشییان گێڕا. خەڵکی خاوەن هەڵوێستیی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکانی سیاسیی و مەدەنی بە پشتبەستن بە داوای حیزبە سیاسییەکانی خۆیان و بە وەرێخستنی چەندین کەمپەینی دەیان ‌هەزار کەسی، هاوکات لە گەڵ نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتن بە کاتی دەنگدان لە باشووری کوردستان، بە دەیان هەزار کەس بە کۆبوونەوەیان لە شوێنە گشتییەکانی شارەکانی کوردستان، بە هەڵکردنی “ئاڵای کوردستان” و خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی” ئەی رەقیب” شایی و خۆشحاڵیی خۆیان بەم بۆنەوە دەربڕی.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تێگەیشتن لە هەست و ناخی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بە پرسی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان، داوای لێ کردن کە “ئێستا که گه‌لی کورد له باشوور له‌به‌رده‌م شیپانه‌ی قۆناغێکی بێ وێنه له مێژووی خۆیدا ڕاوه‌ستاوه، به هه‌موو شێوه‌یه‌کی گونجاو و له ڕێگای ئاشتییانه و مه‌ده‌نییانه‌وه به‌تایبه‌تی له ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفراندۆم خۆشحاڵی و پشتگیریی خۆیان له‌و هه‌نگاوه‌ی گه‌له‌که‌مان له باشووری کوردستان ده‌رببڕن. ئەوە بوو کە خەڵک وێڕای حزووری بەرچاوی خۆیان و دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان لە بەڕێوەچوونی ئەم پرسە، ڕاست بە پێی داوای حیزبەکەیان کە لێی خواستبوون، ” پێویسته له‌م ده‌رفه‌ته‌شدا په‌یامێکی ڕوون بده‌ن به کۆماری ئیسلامی که چیدیکه ناتوانێ نه له‌سه‌ر ئاستی ئێران و نه له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی ناوچه‌دا به ئه‌قڵیه‌ت و سیاسه‌تی تا ئێستای مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وجوود و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد بکا”، بە بەرزکردنەوەی درووشمەکانی “قازی موبارەکت بێ”، “قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە”، “مەرگ بۆ داگیرکەران” و “دێموکرات دێموکرات”، بەجۆرێک پەیامی ڕق و بێزاریی خۆیان بە گوێی کاربەدەستانی رێژیمی ئیسلامی ئێران گەیاند و ناڕەزایەتیی خۆیان لەم دەسەڵاتە دەربڕی.
بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لە هەڵوێستی ئازایانەی خەڵک لەم پێوەندییەدا دەڕوانێ و پێی وایە سیاسەتی کپکردنی دەنگی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و لەپەراوێزخستنی پرسی کورد لەم بەشە لە کوردستان لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و نەیارانی دیکەیەوە، بە تەواوەتی شکستی خواردوە.
لە کۆتاییدا وێڕای دووپاتکردنەوەی پیرۆزباییمان لە خەڵکی باشووری کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان، بۆ جارێکی دیکەیش ئافەرین بۆ هەڵوێستی کۆمەڵانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان دەنێرین.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
دەفتەری سیاسی
٤ی رەزبەی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٦ی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی