تەڕاویلکەی خەبات، نان و ئازادی. بەشی دووهەم: نووسینی: عەزیز شێخانی

وەرزی زستان بەرەو کۆتایی دەڕوا و دۆخی هەژاران لە ژێر رەحمەتی هاتنی خۆر و گەرما باشتر دەبێ. خەڵکێکی زۆر لەو بارودۆخەدا لە چاوەڕوانیدان و دەستیان بۆ کار و کاسبی ناچێ.

ئاڵووگۆڕەکانی تاران و رۆیشتنی تاج بەسەرێک و هاتنەوەی مەندیل لە سەرێک بە ئاسانی تێناپەڕێ. ئاخوندەکان خەیاڵی گەورەیان لە سەردایە و پلانی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئاخوندیی و ئیسلامیان هەیە. وڵاتە جیرانەکانی ئێران و بە تایبەت عێڕاق لە پەیام و هەڕەشەکانی ئاخوندەکان نیگەرانە، چوونکە زۆرایەتی خەڵکی ئەو وڵاتە شیعەن و بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەریی خومەینی و پەیامە شیرین و هەڵخەڵەتێنەرەکان. لە سەرەتادا، بەرپرسانی رێژیم و تەنانەت پارتە بە ناو سیاسییە چەپ و راستەکان لە ناسینی نیزام و پلانی رێژیم و بە تایبەت ئاخوندەکان داماوبوون. زۆر رێکخراو تەنیا بە درووشمی نەمان بۆ ئیمپریالیزمی ئەمریکا سەرسام ببوون و خومەینیان بە سەمبولی خەبات لە دژی ئەمریکا دەناسی. ئەوان لە گەڵ ئایدۆلۆژی خۆیان راستگۆ نەبوون و لە چوارچێوە و پڕنسیبەکانی چەپ و ئایینی خۆیاندا ساویلکانە دەجوڵانەوە.

بە وتەی خاڵە مینە زۆربەی حیزبە سیاسییەکان و رێکخراوەکان بۆ بەڕێوەبەران و قسەکەرەکانیان لە دوکانی سیاسی دەچن. ئەو باوەڕی بە قسەی بەتاڵ و درووشمی رۆاڵەتی نییە. خاڵە مینە، سەردەمانێک لە حوجرە و مزگەوتەکانی بانە، سەردەشت و سلێمانی وانە ئایینیەکانی خوێندوە . ئەو لە دەیان گوند و لە چەند شار و هەروەها لە گەڵ سەدان فەقێ تەمەنی بەسەربردوە و کۆمەڵگەی کوردیی و تاکی کورد دەناسێ، بۆیە زۆر دڵخۆش نییە. ناوبرراو شارەزانی حیزبەکانە و سیاسەتکارە کوردەکان دەناسێ و کۆڵانەکانی سیاسەت وەک گیرفانەکانی شارەزایە. خاڵە مینە بۆ پەیداکردنی نان و ئاوێک ساڵانێکی زۆرە لە یەکێک لە شەقامەکانی شار دووکانێکی بەرگدرووی کردۆتەوە. شوێنی کارەکەی وەک ژووری لێکدانەوەی هەواڵ و رووداوە گەرمەکانی رۆژە و خەڵکی ناسراو و کەسانی ناو بەدەرەوە جلوبەرگی خۆیان و منداڵەکانیان بە خاڵە مینە دەدروون. خاڵە مینە لە کاتی کارکردندا بە وردی سەرنجی ئەو میوانانە دەدات، کە بۆ بەسەربردنی کات لە دەوری کۆدەبنەوە و بە دڵ حەز لە بیستنی دەردی دڵی هەموو لایەک دەکات. ماوەیەکە کوڕەکەی هاوکاری ناکات و تێکەڵ بە لاوانی چەکدار بوە و لە رێکخستنەکانی دیموکڕاتدا رێکخراوە. ئەو رۆژانە، ئەویش دەردی دڵی خۆی بۆ دۆست و ئاشنایان باس دەکات و بە کراوەیی لە سەر پێوەندی خۆیی و کوڕەکەی دەدوێ. خاڵي مینەی بەرگدروو رقی خۆی لە کەماڵی مام کەریم ناشارێتەوە و لای زۆربەی میوانەکان بە کەسیکی گەلۆر و کارنەکەر ناوی دێنێ. بە وتەی خاڵە مینە، ئەگەر کەماڵ و هاوڕێکانی لەو شارە خەڵک لە داو نەخەن، کوڕی من و کوڕی خەڵکی دیکە چ کاریان بە حیزبایەتی و کاری سیاسییە. ئەو لای یەکێک لە دۆستەکانی بە ناوی ریزوانی دەردی دڵ دەکات، کە کوڕەکەی پەرویز خەریکە بە ئاسانی لە دەستی دەردەچێ. خاڵە مینە لە نێو قسەکانیدا دووپاتی دەکاتەوە، کە ئۆگری کوردایەتیی و خەباتە، بەڵام بەو ئەزموونەی کە لە باشوور و رۆژهەڵات کۆی کردۆتەوە باوەڕی بە کوردان نەماوە. ریزوانی گوێگرێکی باشە و زیاتر ئۆگری بۆ خەباتی ئارام و سیاسییە نەک چەکداری. ناوبراو رێنوینی خاڵە مینە دەکات، کە کوڕەکەی پەرویز لە کاری سیاسی دوور نەخاتەوە، بەڵام بە هێواشی بە گوێیدا بخوێنێ، کە چەک کێشەکان چارەسەر ناکات و کورد سووتاوی ئەو چەکەیە. خاڵە مینە لە ریزوانی دەپرسێ، کە کوڕی ئەو زەمانە چۆن گوێ لە باوکیان دەگرن! ناوبراو پێشنیار بە ریزوانی دەکات، کە شەوێک سەردانیان بکات و بۆ ماوەیەک لە گەڵ پەرویزی کوڕیان قسە بکات و بۆ ئەوەی هەتا کار لە کار نەترازاوە کاریک بکەن. خاڵە مینە هەموو جارێ دووپاتی دەکاتەوە، کە لە شۆڕشی کورداندا کوڕی خەڵک وەک تڕی بنی گۆمێ دەڕوات و دواتر دەبڕێتەوە، بۆیە ناخوازێ کوڕی ئەو و خەڵکی دیکە لە پێناوی ئەم و ئەودا بکوژرێن.

ئێوارە درەنگای دواڕۆژەکانی زستانە و ریزوانی بەرەو ماڵی خاڵە مینە دەڕوات. کاتێک لە دەرگای حەوشەی ماڵی خاڵە مینە دەدات، هەست دەکات لە ژوورەوە کێشەیە و خاڵە مینە پەلاماری پەرویزی کوڕی دەدات. چەند جارێک، کە ناوبراو لە دەرگا دەدات، خاڵە مینە هاوار دەکات، ئەو دەرگایە بکەنەوە بزانە چ سەگبابێک بەو شەوە و لە نێوەڕاستی شەڕی کوڕ و بابدا لە دەرگا دەدا. ریزوانی کە دەرگا دەکرێتەوە، سڵاو دەکات و دەپرسێ، خاڵە مینە بەخوا میوانی شەوان مەحبوب نین و رەنگە زۆر سووک دەردەکەون. خاڵە مینە پاش گێڕانەوەی زۆر نەقڵی خۆش و سەربردەی کۆن داوای لێبوردن لە ریزوانی دەکات و بە پێکەنینەوە دەڵێ، کاکی من بەو زەوادەی لە ماڵی هەمووماندا هەیە لە کاتی توڕەبووندا پیاو زمانی پیسە، بۆیە تەڵاقیش لە کاتی توڕەییدا ناشکێن و خوا بەندەی خۆی باش دەناسێ.

پەرویز بەخێرهاتنی ریزوانی نەکردوە و لە هەڵسوکەوتی بابی توڕەیە. دایکی چەند جارێک هانی دەدات، کە بچێتە ژوور و لە گەڵ میوانەکە دابنیشێ. ریزوانی پاش گوێگرتن لە خاڵە مینە و خواردنەوەی چا و کاکڵە گوێز، بانگی پەرویز دەکات. پەرویز بە ناچاری دەچێتە ژوور و پاش بەخێرهێنانی ریزوانی لە سەر فەڕشە نەخشێندراوەکە دادەنیشێ. ریزوانی یەکسەر ناچێتە نێو باسەکە و بە پرسیاری لابەلا پەرویز دەبزێوێ و دەخوازێ رێژەی باوەڕ و زانیارییەکانی ناوبراو هەڵسەنگێنێ. ریزوانی پرسیار لە پەرویز دەکات، کە چۆن دەڕوانێتە پرسی کورد و خەبات و لە کام حیزبە زیاتر نیزیکە؟ پەرویز دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە و دەپرسێ، ئاغای ریزوانی باشە تۆ بۆچی بە زمانی دایکت ناتوانی نامەیەک بنووسیت؟ ئێمە بۆ لەو شارە و لە هەموو کوردستاندا توانای خۆئیدارەکردنمان نییە؟ نەتەوەی کورد چۆن بەوجۆرە رزگاری دەبێ، کە باوک، مامۆستا، مەلا، میرزا، ئاغا و گەورەکان رێگا لە خەڵک بگرن لە پێناوی خاک و خەڵکدا خۆیان رێکخەن و ئەگەر پێویست بکات، شەهید بن؟ ئەمن بیروڕاکانم لە حیزبی دێموکڕات نیزیکن، بەڵام باوەڕم بە عەداڵەت و ئازادی هەیە. کوردەکان ئەگەر بە تێکڕا بەرگری لە خۆیان و مافەکانیان نەکەن، ئاخوندەکان بە ئەرتەش، پاسداڕ و بەسیجی سەرکوتمان دەکەن. خاڵە مینە و ریزوانی پاش بیستنی وڵامەکانی پەرویز چاوێک لە یەکتر دەکەن و بۆ ماوەیەک بێدەنگ دەبن. ریزوانی بە سەر خۆیدا زاڵ دەبێ و بە خاڵە مینە دەڵێ، پەرویز کوڕێکی رێکوپێک و خاوەن باوەڕێکی جوانە، بەڵام حەز دەکەم چەند پرسیارێکی دیکەی لێبکەم و دواتر دەڕۆم. پەرویز ئۆگری شێوازی نەرمی پرسیارکردن و هەروەها گوێگرتنە و ریزوانی لەو بارەوە وەستایانە دەجوڵێتەوە، بۆیە پەرویز بۆ بیستنی پرسیارەکان چوار مەشقی دانیشتوە. ئەو هەست دەکات، کە لە گەڵ جاران جیاوازە و وەک رابردوو خاوەنی تەنیا کەسایەتی باوک و پیشە نییە، بەڵکو ئەمڕۆ خاوەنی کەسایەتی خۆیەتی و بە ئاشکرا دەتوانێ بەرگری لە باوەڕ و ئامانجەکانی بکات. ریزوانی لە پەرویز دەپرسێ، نەزەرت لە سەر حیزبە ئیسلامیی و چەپەکانی کوردستان چییە؟ پەرویز بە کورتی باس لەو سیاسەتانەی حیزب دەکات، کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو لە کۆبوونەوەکاندا فێری بوە. بۆ وێنە، کە کوردستان پێویستی بە هەموو حیزب و رێکخراوەکانە، بەڵام ئامانجی نەتەوەی کورد دەستەبەرکردنی مافەکانیەتی. حیزب، ئەگەر لە سەر بەستێنی ئازادییەکان دابمەزرێ و ئیدارەبکرێ و بە دوای ئامانجێکی رەوا و خاوەن تاکتیک و ستراتیژی دروست بێ، بێگومان براوەن، بەڵام حیزب ئەگەر ئاوێنەی سیاسەت و رێبازی ئەو وڵات و ئەم دەوڵەت بێت، کێشەمان بۆ دروست دەکات. ریزوانی پاش ئەو دیالۆگە، پێشنیار بە خاڵە مینە دەکات، کە بەدوای بەردەستێکی دیکەدا بگەڕێ و تازە پەرویز بە کەڵکی دوکانی باوکی نایەت و ئەو تێکەڵ بە سیاسەت بە مانا قوڵەکەی بوە. خاڵە مینە بە سەری لێوان ناوی سیاسەت دووپات دەکاتەوە و سپاسی ریزوانی دەکات، کە ئەو شەوە لە گەڵ پەرویزی کوڕی دواوە. ریزوانی بە پێکەنیەوە لە بەردەم دەرگای حەوەشە لە خاڵە مینە دەپرسێ، ئەرێ میوان هەر لە پشتەوەڕا جوان دیار نییە، کە دەڕوا و خانەخوێ لە چنگان رزگاری دەبێ. خاڵە مینە لە خەم و خەفەتی سیاسەت وەک جاران مەیلی قسەی خۆشی نەماوە و دەرگاکە دادەخات و دەچێتەوە ژوور.

خاڵە مینە و هاوسەرەکەی ئاڵتون لەو شەوەدا دوو قۆڵی بیر لەوە دەکەنەوە، کە بۆ ئەوەی کوڕەکەیان واز لە کاری حیزبایەتی و چەکداری بێنێ، باشترە شەوی داهاتوو سەردانێکی ماڵی مام کەریم بکەن و ئەوان بدوێنن. ئەو رۆژانە خەڵک ترسی هەڵگریسانی شەڕی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی تارانیان هەیە و هاتنی بەهار و شکانی لشکری سەرما زۆر دڵخۆشکەر نییە. کوردەکانی رۆژهەڵات لە بەردەم تیغی هێزێکی تەواو تەیار بە چەکی جۆراوجۆر و هەروەها سەدان هەزار چەکداری هەڵخەڵەتاو و تەنانەت ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردە چەکدارەکان بەرەی رێژیمدان. ئەوان خاوەن دەوڵەت و پشتیوانی نێودەوڵەتی نین و بە شێوەیەکی ئاسایی لە سەر توانا سنووردارەکانی خۆیان بەگژ دوژمنێکی غەدار دا دەچنەوە. خەڵکی کورد ئەوەندە لە بەستێنی خەبات و دوارۆژی پرسەکەیان تێناگەن، کە بڕیاری شەڕی گەورە و هەروەزی نیشتمانی بدەن. ئەوان فێربوون، هەر کات لە دەشت و شارەکان تاقەتی مانەوەیان نەما، پەنا بۆ کێو و دۆڵەکان دەبن و بەو هێزەی کە هەیانە زەبر لە دوژمن دەسرەوێنن. خەڵکی کورد و پارتە سیاسییە کوردییەکان لە بەر پاراستنی ژیانی خەڵکی سڤیل و نەبوونی ئەزموون لە شەڕی شارەکان زۆر بیریان لە خۆڕاگری لە جەرگەی شارەکاندا نەکردۆتەوە.

لە ئاستی گشتیدا غیرەتی گیانبازی و فیداکاری نەبۆتە کولتوری گشتیی و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک خۆیان لەو شەڕە دەپارێزن و بە شەڕی خۆیانی نازانن. ئەوان باوەڕیان بە رەوایەتی خەباتەکە هەیە، بەڵام گیان و ژیان خۆشەویستن و ئامادە نین لە پێناوی ئازادیی و دەستەبەرکردنی مافەکانیاندا سەر و ماڵیان فیدا بکەن. لە سەر ئەو بناخەیە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک کوڕەکانیان هاندەدەن، کە خۆیان لە هێزە چەکدارەکان بپارێزن و ئەگەر کوڕ یان کچەکانیان تێکەڵ بەو حیزب و رێکخراوانە بوون بە زۆر رێگا تێدەکۆشن لەو هێزە سیاسیانە جیایان کەنەوە. دێموکڕات، کە هێزی یەکەم و خاوەن پاشخانی مێژووییە لە بەر زۆر هۆکاری کۆمەڵایەتی و هەروەها کولتوری هێزی چەکداری سەربەخۆی ژنانی نییە. زۆربەی خەڵک بە کولتور باوەڕداری دینی ئیسلامن و تێکەڵکردنی پێشمەرگەی پیاو و ژن لە ناخەوە خەڵک دەڕووشێنێ. ئەو سیاسەتە مەقبوڵییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێو خەڵکدا دەباتە سەر، چوونکە خەڵکی کورد لەو بارودۆخەدا نە تەنیا ئامادە نین کچەکانیان ببنە پێشمەرگە، بەڵکو بۆ کوڕەکانیشیان زۆر کەندوکۆسپ ساز دەکەن. ریکخراوی کۆمەڵە لەو مەیدانەدا جیاوازتر دەجوڵێتەوە و ئەوان کچ و ژنیان بۆ پێشمەرگایەتی وەردەگرت، کە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان کارێکی ئاسان و ساکار نەبو.

رەوتی گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی حکومەت و هێزە کوردییەکان لە گەمەیەک زیاتر نەبو. رێژیم لە پاش تێپەڕینی وەرزی زستان خۆی بۆ داگیرکردنی کوردستان ئامادە دەکات و هێزەکانی رێکخستوە. پێشمەرگەی کوردان بە گوێرەی توانا خۆیان رێکدەخەن و لە هێڵە گەرمەکان سەنگەر دەگرن. دوو جیهانی جیاواز لە بەرامبەر یەکدا چەقیوون. بە سەدان هەزار بەسیجی و پاسداڕ بە فەرمانی خومەینی چەکدار کراون و زۆربەیان بە مەبەستی گەیشتن بە کەربەلا بەرەو کوردستان دەهاتن. لە لایەکی دیکە، گەلێکی ژێردەست و چەوساوە، کە زۆر بە زەحمەت هەزاران پێشمەرگەی بۆ رێکدەخرا، کە بە بەراورد بە کۆی حەشیمەتی کوردستان و ناوچە جیاوازەکان رێژەیەکی کەم و دوور لە چاوەڕوانی شۆڕشگێڕانە بو. زۆربەی دایکان و باوکان حەزیان لەوە نەدەکرد تەنیا رۆڵەکانی ئەوان لە پێناوی کوردایەتی و هتدا خۆیان فیدا بکەن. خەڵک لەو ساتانەدا مۆدێلی چاولێکەری رەچاودەکات و دەپرسن، کە بۆچی تەنیا رۆڵەکانی ئێمە؟ بە کوردی چاو و دڵەکان گەورە بوون و هەموو کەس لەو هاوکێشەیە دەگەیشت، کە بەو ژمارە کەمە و بەو پەرتەوازەییە، کوردەکان ناتوانن رێژیم تێکبشکێنن.

خاڵە مینە و هاوسەرەکەی، لە سەر بناخەی ئەو تێڕوانین و خوێندنەوە دڵگرانن، کە پەرویزی کوڕیان لە ریزی حیزبێکی کوردیدا چەکی هەڵگرتوە و رێکخراوە. ئەوان بە دڵ پشتیوانی کورد و مافەکانی کوردانن، بەڵام بە لۆژیک و عەقڵ ئامادە نین بە سەر و ماڵ لەو رێگایەدا سەرمایەگوزاری بکەن. خاڵە مینە خەبەر بۆ مام کەریم دەنێرێ، کە شەو سەردانیان دەکەن. زارا و مام کەریم سەرەتا مەزەندە دەکەن، کە رەنگە بۆ دیتنی کچەکەیان بێن و مەیلی خزمایەتیان بێ. ئەوان لە هاتنی ماڵی خاڵە مینە بە گومانن و نازانن، کە بە چ هۆکارێک سەردانیان دەکەن. کەماڵ ئاشکرای دەکات، کە خاڵە مینە حەز لە چارەی من ناکات، چوونکە کوڕەکەی چەند مانگێکە سەردانی ئێمە دەکات و بۆتە پێشمەرگە. زارا لە قوژبنێکی ژوورەوە هاوار دەکات و دەڵێ، بە خودای ئەوانەش دەرد و ژانی ئێمەیان هەیە و دەگەرێن، کەسێک کوڕەکەیان ناچار بکات، کە بگەڕێتەوە ماڵ و کاری بە حیزبایەتی و سیاسەت نەبێ. ئەدی رۆڵە، خەڵک رۆڵەی خۆی خۆشدەوێ و لە بەر هەتاوێی نەدۆزیوەتەوە و بە ئاسانی دەستبەرداری نابێ. بە پێغەمبەری ئاخر زەمانی هەموو کەس لە کەریمی باشترە. کوڕەکەم سێ مانگی رەبەق لە ماڵێ دوور و لە بەرەکانی شەڕ بو، کەچی ئەو کەریمە هەتا گوندی بێزیلێش نەچوو! نازانم ئەو پیاوەی من روحمی هەیە یان نا. ئەوەتا ماڵی خەڵکی لە شاردا ئامادە نین کوڕەکەیان چەکی پێشمەرگایەتی هەڵگرێ.

درەنگانی ئیوارە خاڵە مینە و هاوسەرەکەی دەگەنە ماڵی مام کەریم. پورە ئاڵتون هاوسەری خاڵە مینە بە دەستی بەتاڵ ناچتە ماڵان و بۆ ماڵی مام کەریم یەک کیلۆ شیرینی تازەی کڕیوە. مام کەریم، کەماڵ و زارا و منداڵەکانی دیکە بەخێرهاتنی گەرمیان دەکەن. کەماڵ چەک و رەختەکەی لە گۆشەیەکی ژوورەکە داناوە، کە پورە ئاڵتون زۆر حەز لە چارەیان ناکات و داوا دەکات، کە لە بەرچاوان ونیان کەن. کەماڵ بە گاڵتە دەڵێ، پور ئاڵتون ئەدی کوڕەکەتان پەرویز چۆن بۆتە پێشمەرگە و کە چەکی هێنایەوە ماڵ چۆنی هەڵدەگرن. خاڵە مینە و هاوسەرەکەی بە بیستنی ئەو وتەیە تێکدەچن و نێوچاوانیان لە کەماڵ گرژ دەکەن. خاڵە مینە ئەحواڵی مام کەریم دەپرسێ و داوای لێدەکات، نەقڵێک یان قسەیەکی خۆشیان بۆ بگێڕێتەوە. مام کەریم باسێک لە شایی قەدیم و هەروەها گۆرانی بێژە میللیەکان دەگێڕێتەوە، کە چەندە و چۆن ساڵان خەڵکیان دڵخۆش دەکرد. ئاڵتون بە بیستنی خۆشییەکانی کۆن و سەردەمی شا دڵی دەگەشێتەوە و بە دەنگێکی بەرز دەپاڕێتەوە، کە خودای گەورە بۆ خاتری مەککە و مەدینان ئەوانە لە ناو بەرێ، کە ئەو بارودۆخە ناخۆشەیان دروست کرد. ناوبرا دەپرسێ، باشە ئێمە زەمانی شا چ کێشەیەکمان هەبو؟ نازانم، بۆچی بە دەستی خۆمان ئەو مەلەکە جوانەمان لە ئێران دەرپەڕاند و مەلایەکمان هێناوەتەوە، کە جەهەندەمی لە نێوچاواندا دیارە؟ خودایە قبوڵی نەکەی و تاج و تەختی ئەوانە بڕوخێنی، کە ژیان و حاڵیان شێواندنین.

خاڵە مینە پاش پاڕانەوە و لاڵانەوەی ئاڵتونی هاوسەری، باسەکە دەکاتەوە و ژیانی خۆیی و بارودۆخی پەرویزی کوڕیان بۆ دەگێڕتەوە. مام کەریم گوێ دەگرێت و بە دوای یەکتردا دوو وشەی “بەڵی قوربان” دەڵێتەوە، کە رقی ئاڵتون هەڵدەستێنێ. سەرئەنجام، خاڵە مینە بە کورتی داوا لە مام کەریم و کەماڵ دەکات، کە کوڕەکەیان ئامۆژگاری بکەن و کارێک بکەن، کە دڵی بەرامبەر بە حیزبە سیاسییەکان و مەسەلەی کوردایەتی رەش کەن. خاڵە مینە هەڕەشە لە مام کەریم دەکات، کە کوڕەکەی ٥ ساڵی دیکەش تووشی بەڵایەک بێ، بێگومان کوڕەکەی بەرپرسە، چوونکە پەرویز بە قسەی شیرین و چەور لە دوکان و بابی دوور خراوەتەوە. کەماڵ چەند جارێک بە خۆی دەڵێت، کوڕی مام کەریمی تەواوت کرد. ئەمڕۆ هیچ نەقەوماوە و هیچ نەرێسڕاوە ئەو هەڕەشانە دەبیستین، ئەگەر خوانەخواستە رۆژێک شەهید و بریندار هەبێ، دەبێ حاڵمان چۆن بێ! مام کەریم بۆ خۆشکردنی مەجلیس پێشنیار دەکات، کە لە گەڵ خاڵە مینە بڕۆن کەسێک بدۆزنەوە، کە کەماڵ و پەرویز لە سیاسەت داببڕن. خاڵە مینە بە بیستنی ئەو دربڕینە ئارام دەبێتەوە، چوونکە تێدەگات، کە مام کەریم وەکو ئەو زۆر دڵخۆشە بەوەی کوڕەکەی لە تەنیشت دایک و بابی درێژە بە ژیان بدات و پێکەوە رۆژگار تێپەڕێنن. مەجلیسی ئاڵتون و زارا لە سیاسەتی تێپەڕی کردوە و ئەوان باس لە ژن و ژنخوازی دەکەن و بۆ چارەنووسی کچەکان دەپاڕێنەوە. ئەوان وەک دایک لە خەمی کوڕەکانیان تێدەگەن، بەڵام دامەزراندنی کچەکان بۆ دایکانی کورد لە پڕۆژەیەکی گەورە دەچێ، کە ئاڵتون و زارا بە وردی تەتەڵەی دەکەن. ئەوان وەک دەزگای سەرژمێری و رۆژنامەوانی ئاگاداری مێردکردنی کچانی شارن و گەڕەک بە گەڕەک ئەو کچانە دژمێرن، کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا مێردیان کردوە. خاڵە مینە تێدەگات، کە کاری پەرویزی و کەماڵ تەواو بوە و باشترە لە گەڵ ئاڵتون بڕۆنەوە ماڵ. ئەو بە گاڵتە و نوکتە لە کۆبوونەوەکان باس دەکات، کە لە کۆبوونەوەی ژنان دەترسێ و هەر کۆبوونەوەیەک رەنگە ژانەسەرێک بۆ پیاو ساز بکات.

میوانەکان دەڕۆن و ماڵی مام کەریم هەللاجی چۆنیەتی پەیداکردنی دراو و پارە بۆ ژیان دەکەنەوە. مام کەریم ئەو ساڵ زۆر سەغڵەتە و لە ترسی نەبوونی کاری هاوینە دڵی وەکوتەکوت کەوتوە. خۆبەخێوکردن لەو رۆژگارەدا کارێکی گەورەیە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، کە هەتا سەر هەبێ، خوا نان و رۆژی دەداتێ. مام کەریم بیری لە کڕینی هێستر یان بارگین کردۆتەوە و لە گەڵ چەند کۆنە دۆست و ئاشنای بەنیازن کە بۆ خۆژیاندن هاتوچۆی کوردستانی گەرمێن بکەن. لە بەشێکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکان وردە بازاڕ و ناوچەی کاڵافرۆشتن کراوەتەوە. بێجگە لەوە، ژمارەیەک لە کاروانچیەکانی بە سەر سنوور و بازاڕە سەر سنووریەکان دڵیان ئاو ناخواتەوە و بەرەو قوڵایی باشوور دەڕۆن. زۆربەی ئەندامانی ماڵی مام کەریم ئەو کارە بە گونجاو دەزانن، بەڵام باوەڕیان بە سەبرکردن هەیە. لە ناوچەکەدا باوە، کە دەڵێن “ ئەوەی لە سەر سەبرانە لە سەر خێرانە”. لە کاتی قسەکردن لە سەر کڕینی وەڵاخێک بۆ کاروانکردن شیرین دوو جار دەپشمێ و بە تێکڕا ماڵەوە توڕە دەبن. ئەوان لە سەر ئەو باوەڕەن، کە دوو سەبر یان پشمینی شەوانەیان پێناکەوێ و تەگەرە دەکەوێتە بەردەم کار و بەرنامەکەیان. پورە زارا لە شیرین توڕە دەبێت و چەند سووکە جنێوی پێدەدات و هاوارادەکات، کە ئێستا وەختی سەبرهێنان و پشمینە!

لە رۆژانی سەرەتای بەهاردا و نوێبونەوەی ساڵ قوتابخانە بۆ ماوەی دوو حەوتوو داخراوە. کاوە لەو رۆژانەدا وەک ئەندامانی دیکە ماڵەوە هەتا درەنگانی شەو دادەنیشێ و گوێبیستی پلان و چیرۆکەکان دەبێ. ئەو کە لە قۆناخی دوای ناوەندییە، پاش تەواوبوونی قوتابخانە دەتوانێ کارێکی هاوینە بکات و لە کۆکردنەوەی تێچووی ژیانی ماڵدا بەشدار بێ. لەسەر ئەو بناخەیە پرسیاری لێدەکەن، کە حەزی لە چ کارێکە و مەیلی چ پیشەیەکی هەیە؟ کاوە، لە جیهانی چینی کرێکار و ئاسمانی وەرزێڕاندا نوقووم بوە و زیاتر حەزی لە وشەیە تا کردەوە، بەڵام بەو شێوازە کەم کەس دەتوانێ بەڕەی خۆی لە ئاو بێنێتەدەر. کاوە باس لەوە دەکات، کە ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە تەنیشت پارکی شار شەربەت، گەنمە شامی، شیرینی، بامیە و زولوبیا و میوە هاوینەیکان دەفرۆشن. ئەگەر وەرزی هاوین هات دەتوانم وەک ئەوان لەو شوێنە یان لە تەنیشت ماڵی خۆمان ئەو کارە بکەم. بەشێک لە هاوڕێکانی قوتابخانە لە گەڵ وەستا دەکەون و لە کاری خانوو سازکرندا بەشداری دەکەن، بەڵام حەقدەستی گەورەساڵانیان نادەنێ. ئەوەی راستی بێت، حەزم لەو کارە نییە، چوونکە وەستاکان لە گەڵ کرێکارەکان قسە رەقن و پاشان نیزیکەی ١١ کاتژمێر دەبێ کار بکەی. کاوە لە هاوڕێکانی بیستوە، کە وەستاکان و گەورە ساڵەکان و تەنانەت خاوەن کارەکان رەحم بە مێرمنداڵ و لاوەکان ناکەن و کاری قورسیان پێڕادەپەڕێنن. بێجگە لەوە بەشێک لە وەستاکان جنێوی توند بەو مێرمنداڵانە دەدەن، کە لە پێناوی پەیداکردنی نان و ئاوێکدا رەوانەی کار دەکرێن.

کەماڵ بەنیازە لەو رۆژانەدا مامۆستا نازم، کە لە ماوەی ئەو چەند مانگەدا لە خوێندن و نووسین بە زمانی کوردیدا یارمەتی کردوون، بۆ خواردن بانگ دەکات. باب و دایکی بەو میواندارییە خۆشحاڵن و دەڵێن، رۆڵە میوانەکانی تۆ بەخێر بێن و خوا دەزانێت سبەینێ چی روودەدات. ماڵ بە میوانەوە جوانە و هەر کەسێک دێتەوە بەخێربێت. کەماڵ کەلوپەلی پێویستی میوانداری دەکڕێت و بۆ شەوی سێزدەبەدەر مامۆستا نازم، وەستا مستەفا و حوسێنی ئازیزێ بۆ خواردنی ئێوارە بانگ دەکات. مامۆستا نازم خەبەر دەدات بە کەماڵ، کە کۆنە دۆستێک لە گەڵ خۆی دێنێ، کە تازە گەیشتۆتە سەردەشت و خەڵکی شاری سلێمانییە. پێش ئەوەی تاریکی باڵ بە سەر ناوچەکەدا بکێشێ، میوانەکان لە دەرگای ماڵی مام کەریم دەدەن و بە گەرمی بەخێرهاتن دەکرێن. مام کەریم لە گەڵ میوانەکان دادەنیشێ و پاش چا خواردنەوە چەند نەقڵێکی خۆشی رۆژگاری کۆنیان بۆ دەگێڕێتەوە. مامۆستا نازم، میوانەکەی خۆی بە هەموان دەناسێنێ، کە ناوی ئاسۆی موزەممیتە (پەرەستار) و لە سەر هاوکاریکردنی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و ئاشکرابوونی هەڵاتوە. وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و هەروەها کەماڵ زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی ئاسۆ دەکەن. ئەوان باس لە کاروچالاکیەکانی مامۆستا نازم دەکەن، کە چەندە کوردانە و لە پێناوی نەتەوەکەیدا لەو ماوەیەدا لە شار پێشکەش بە لاوان و پێشمەرگەکانی کردوە. مامۆستا نازم سپاسیان دەکات و بە وتەی خۆی کارێکی یەکجار کەمی راپەڕاندوە. پاش خواردنی نانی ئێوارە و خواردنەوەی دوو جۆرە چای رۆژهەڵاتی و باشووری دەرگای باسەکان دەکرێتەوە. مام کەریم لە سەر بارودۆخی سلێمانی و هەروەها باری گوزەران و ژیانی خەڵک چەند پرسیارێک لە ئاسۆ دەکات. بە گوێرەی وڵامەکانی ئاسۆ، لە عێڕاق و بەشی کوردستانەکەی تەنیا سیاسەت زەحمەتە و کەلوپەلەکانی ژیان زۆر و زەوەندن. ئەو باس لە کولتوری بەعس دەکات، کە ئەگەر گوێڕایەل بیت و کارت بە کوردایەتی یان سیاسەت بە مانا گشتییەکەی نەبێت، ژیانت خۆشە و بە داهاتێکی کەم ژیانێکی مامناوەندی بۆ خۆت و منداڵەکان دابین دەکەی. قوتابخانە و ناوەندەکانی خویندن زۆرن و ئاستی خوێندنی عێڕاق بە بەراوەرد لە گەڵ وڵاتانی ناوچە بەرزە. ئەوەی زۆر ناخۆشی کردوە، رەوتی چەکهەڵگرتنی خەڵک و بوونە چەکداری رێژیمە، کە بەشێکی زۆر بۆ پاراستنی خۆیانە. ئەو کولتورە لە هەموو دەردەکانی دیکە تاڵترە و وەکو بیستوومە، لە ئەنجامی تەقوتۆقی ئەیلول بە شێويیەکی بەرین جاشەتی وەک ناو و کولتور گەشەی کردوە. ئاسۆ بۆ پێکەنینی بەشداربوەکانی مەجلیس دەگێڕێتەوە، کە لە ساڵی رابردوو لە کاتی کارکردن لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی دوکتۆرێکی دڵسۆز دەیگوت، کە نەتەوە و گەلانی دیکە خەریکی دۆزینەوە و کەشفی گەورە و نایابن، کەچی کورد خەریکی شەڕی خۆتڕێن و شەڕی یەکتر و لە کۆتاییدا جاشەتییە.

ئاسۆ لە مام کەریم دەپرسێ، کە بە تێگەیشتنی ئەو هەڵاتنی ئەو لە سلێمانی بۆ سەردەشت هیچ لە وەزعی کورد دەگۆڕێ. بۆ وردترکردنی پرسیارەکە دەپرسێ، ئایا تۆ ئامادەی وەک ئێمەی گەنج و لاو ئاوارە بیت و لە کەس و خزمەکان داببڕیت؟ مام کەریم، لە بەر میوانەکان بە شێوازێکی هێمن و ئارام وڵامدەداتەوە و دەڵێ، کاکە تازە ئەمن دەستم لە دنیا بەرداوە و کەسانی وەک تۆ، مامۆستا نازم، کەماڵ، مستەفا و حوسێن کارەکان رادەپەڕێنن. ئێمە تازە توانای ئەو هەڵات هەڵات و چوونە بەندیخانە و شەڕە تەقەمان نەماوە و لەو تەمەنەدا ئاشقی کوڵاوی خۆمانین، کە گژەبا و رەشەبا هەڵینەگرن. مامۆستا نازم بۆ پاراستنی رێزی مام کەریم پشتیوانی قسەکانی دەکات و چەند باسێک لە سەر فەقێ خدریی باوکی دەگێڕێتەوە، کە ساڵانێکی زۆر لە پێناوی کوردایەتیدا لە رۆژهەڵات و باشوور ئارەقەی رشتوە و لە مردن گەڕاوەتەوە. مامۆستا نازم بۆ ئەوەی رێز لە کەماڵ بگرێ و پێشمەرگایەتیەکی لە بەرچاوی مام کەریم گەورە پێشان بدات، باسێک لە دڵپاکیی و هەروەها تێکۆشانی کەماڵ و هاورێکانی دەکات، کە خۆبەخشانە ئەرکی گەورە لەو شارەدا لە ئەستۆ دەگرن. ناوبراو خۆزگە دەخوازێت، کە کورد پێویستی بە تاکی خاوەن باوەڕ و گەلێکی خۆناسە. ئەو مەترسییەکانی خۆی ناشارێتەوە، کە خەڵکی کورد و تاکی کورد وەک یەک لە هەرەوەزی خەبات و تيکۆشانی نەتەوەکەیاندا بەشدار نین و بارە قورسەکە لە سەر شانی ژمارەیەکی کەم لە خەڵکە.

مام کەریم، لە پڕ پرسیارە گرینگەکەی وەبیردێتەوە، کە رۆژێک نیازی هەبو لە کەماڵ، مستەفا و حوسێنی بکات، کاتێک لە یەکێک لە شەقامەکانی شار پیاسەیان دەکرد. ناوبراو روو لە هەمووان دەکات و دەپرسێ، برادەرینە باشە بۆچی زیاتر بنەماڵە هەژار و فەقیرەکان بەدوای ئەو حیزب و هێزانە دەکەون؟ ئەمن زۆر بە کەمی دیتومە و بیستومە، کە کوڕ و کچی دەوڵەمەند و داراکان وەک منداڵی هەژارەکان هەڵپەی حیزبایەتی و کوردایەتیان هەبێ؟ ناوبرا پێداگری دەکات، کە هەژاریی و فەقیری عەیب نییە و پیاو دەبێ بە قیسمەت و نیسیبی خودا رازی بێت، بەڵام ئەو پرسیارانە شەو و ڕۆژ لە کاسەی سەرمدا دەبزون. میوانەکان و کەماڵ بە تێکڕا بێدەنگ دەبن و پرسیارەکە بە پرسیارێکی گرینگ و شایستە دەزانن. کەماڵ بەو پرسیارە وتەیەکی خاوەنکاری ئازەریزمانی بیردەکەوێتەوە، کە چەند ساڵ لەوە پێش بە گوێیدا چرپاندوە. ناوبراو ئاماژە بە مامۆستا نازم و ئاسۆ و میوانەکان دەکات، کە وڵامی بابی بدەنەوە، بەڵام خۆی دەخوازی ئەو وتەیە وەک سەرەتای وڵامەکە بگێڕێتەوە. کەماڵ دەڵێ، رۆژێک لە بەر سوورەتاوی هاوین لە ئارەقەدا شەڵاڵ و لە بەر شەکەتی و ماندووبوون هەناسەسوار ببووم. لە خۆم و بنەچەکەم تووڕە بووم و بە دەنگ لە گەڵ خۆمدا قسەم دەکرد، کە لەوە زیاتر ئەو ژیانە قبوڵ ناکەم. لە کاتێکدا هیلاک و ماندوو لە بەر سوورەتاودا کارم دەکرد، خاوەنکارەکەم لە سووچێکەوە سەیری دەکردم. لەو دۆخەدا بیرم لە خاوەنکار نەدەکردەوە، چوونکە ئەوەی لە ناخ و دەروونمدا هاواری دەکرد، کەسێکی دڵشکاو و پێست سووتاو بو، کە شارەزای دواڕۆژ و ئامانجەکانی نەبو. چاوەکانم بە دڵۆپە ئارەقەی نێوچاوانم سوور هەڵگەڕابوون و دەست و لاقەکانم وەک رۆژان بەدوامدا نەدەهاتن. ماوەیەک تێپەڕیی و چاوەڕوانم دەکرد، کە خاوەنکارەکە لەو سووچە دەرچێت و خۆم لە گەڵ بوون و ناخمدا تەنیا بم و شانم بدەمە بەر کار و خەمەکان. لەو ساتانەدا خاوەنکارەکە چاوەکانی لە سەر من و ئەو شوێنەی کە کارم لێدەکرد نەدەجوڵاند، بەڵام هەستی کرد، کە دیتراوە و دەزانم لەو سێبەرە چاوەدێریم دەکات. خاوەنکارەکە هاتە لام و چاوێکی لە سەروچاو و شانە ئارەقاویەکانم کرد و گوتی، کەماڵ وەرە با پێکەوە لە ژوورەکەم ئاوێکی سارد بخۆینەوە و پشوویەک بدەین. لە داخی ئازاری ماسولکەکانی جەستەم و ماندوویەتی بەر سوورە هەتاوی هاوین بە بیستنی ئەو قسانەم دڵخۆش نەبووم، چوونکە کارە تاقەت پڕووکێنەکەم بەو پشوودانە کورتە کۆتایی نەدەهات. خاوەنکارەکە، کە بە ئاغای عەباسی بانگمان دەکرد، وازی نەهێنا و سەرئەنجام پێکەوە بەرەو ژووری حەسانەوەی ناوبراو رۆیشتین. سەرەتا ئاوێکی سارد و دواتر چا و میوەیەکمان پێکەوە خوارد. عەباسی باسەکەی بە بابەتێکی لاوەکی کردەوە و گوتی، لە ناوچەی ئێوە میوەی جوان و بە تایبەت ترێی رەشی نایاب هەیە. ئێوە کێو، دەشت و ئاوێکی سازگارتان هەیە و ئەگەر هەڵە نەبم، کانگای دەوڵەمەندی زۆر کەرەستە و مادەتان هەیە، کە هەتا ئەمڕۆ کەڵکیان لێوەرناگیرێ. کاتێک وتەکانی تەواو بوون، تێگەیشتم کە رەنگە پرسیاری دیکە بکە، بۆیە بە دووپات کردنەوە وشەی “بەڵێ” وەک گوێگرێکی باش چاوەڕوانی درێژەی چیرۆکەکە بووم. عەباسی پرسیاری کرد، ئاغا کەماڵ ئەتۆ چۆن بیر لەو ژیانە دەکەیەوە و چەندە لە کولتوری خۆتان رازین؟ ئێوە چۆن منداڵەکانتان بەخێو دەکەن و مەبەستتان لە بوونی منداڵی زۆر چییە؟ ئەمن زۆر بنەماڵەی کورد دەبینم، کە منداڵی زۆریان هەیە و کەمتر بە خەم و ئازارەکانیان رادەگەن. ئایا لە ناوچەی ئێوەش ئەو کولتورە هەیە؟ ئێوە کوردن و ئێمە ئازەری و هەردووکمان گیرۆدەی دەسەڵاتدارانی تاران. مەبەستم نییە، کە بێ رێزی بە شاهەنشا بکەم، بەڵام لەوە تێناگەم، کە بۆچی ناوچەکانی ئێران دواکەوتوو رادەگیرێن و سەرمایەگوزاری لە سەر خەڵک و ناوچەکان ناکرێ. کە ئەو وتانەم، لە خاوەنکارەکە بیست زۆر خۆم لە قەرەی سیاسەت نەدا و گوتم، کولتوری کورد جوانە و ئێمە رێزی گەورەکانمان دەگرین و ئاگاداری یەکتر دەکەین و کوڕ هەتا ژن دێنێ و زۆر جار دواتریش لە گەڵ دایک و بابی دەژیت. وڵاتی ئێمە هەوایەکی سازگار و جوانی هەیە و رەز و کوێستانەکانی پڕن لە تام و چێژی ژیان و ئەگەر دەخوازی لە پاییزدا سەردانێکی ئەو ناوچەیە دەکەین. لە بەر زۆربوونی منداڵ و چۆنیەتی بەخێوکردن و پەروەردەی منداڵەکان دۆخەکە جیاوازە. زۆر منداڵ و بە تایبەت کچ هەن، کە ناچنە قوتابخانە و لە زۆربەی گوندەکان قوتابخانە و تەنانەت ناوەندێکی دەرمانی نییە. خەڵکی ئێمە تەنیا جەنابی ژاندارم دەناسێ و بەرپرسانی ئەرتەش و ساواک لە ناوچەکانی ئێمە هەمە کارەن. بنەماڵەکان منداڵیان زۆرە و وەک پێویست دەرەتانی پەروەردەکردن نییە و بۆ زۆربەی دایکان و باوکان تێرکردنی زگی منداڵ و کڕینی پۆشاک لە ئەرکە سەرەتایی و گرینگەکانن. بە تێگەیشتنی من، دایکان و باوکان هەموو ژیانیان بۆ منداڵەکانە، بۆیە چاوەڕوانن کە منداڵەکانیان لە سەردەمی پیریی و نەخۆشیدا گۆچانی دەستیان بن و ئاگاداریان بکەن. خاوەنکارەکە پرسیاری کرد، ئەدی ئێوە چۆن خۆتان پێناسە دەکەن؟ مەبەستم ئەوەیە، کوردن، کوردی ئێرانن، تەنیا ئێرانین یان چی؟ گوتم، ئاغای عەباسی ئەو پرسیارە قورسانە و ئەو شان و پیلە ئارەقاویانەی من چۆن لە گەڵ یەکتردا دەگونجێن. ئێمە کوردین و کوردیش زۆرن، بەڵام وەک بابم زۆر جاران وەبیرمان دێنێتەوە، کە کوردەکان درەنگ لە خەوێ هەستاون و کە وەخەبەریش هاتوون جیرانەکان و خەڵکی دیکە هەموو وڵاتیان گڕداوە. عەباسی لەوە زیاتر پرسیار ناکات، بەڵام روانگەی خۆی لە سەر سەرمایەگوزاری بنەماڵە و دەوڵەت لە سەر منداڵ و ناوچەکان دەردەبڕێ. ناوبراو دەڵێ، کاتێک ساڵی رابردوو سەردانی چەند وڵاتێکی ئورووپایم کرد و لە گەڵ یەکێک لە خزمەکانم بە گوند و شارە چووکەکاندا دەگەڕاین، بە گەشەسەندنی ئەو وڵاتانە سەرسام بووین. قوتابخانە، نەخۆشخانە، فڕۆکەخانە، کارخانە، خانوو و باڵەخانەکانی ژیان و داهاتی کرێکاران و کارمەندان و هتد. پانتایی ئەو وڵاتانەی داپۆشیبوو. ژمارەیەک لە گوندە بچووکەکان و تەنانەت تاقە ماڵ و جووتە ماڵەکان رێگا، ئاو، وزەی کارەبا و بەرق و هەروەها پۆستیان هەبو. حەوتوویەک لە ئامستڕدام بە شەقام، کۆڵان، خواردنگە و شوینە گشتییەکاندا گەڕام و تێگەیشتم، کە لەوێ لە سەر تاک سەرمایەگوزاری چاک دەکەن و بۆ داهاتوو پەروەردەیان دەکەن. لە وڵاتی ئێمە هەژارەکان و منداڵەکانیان بۆ لێدان، کاری قورس و شەڕ و هتد. ئامادە دەکرێن و حکومەتەکانی ئێمە باکیان بە چارەنووسی ئێمە نییە. کەماڵ دەزانم، ئێوەش خەمەکانتان گەورەیە و پشکی شێرتان لەو نەهامەتییانە بەردەکەوێ، بەڵام لێرە خەڵکیان ترساندوە و کەس ناوێرێ متمانە بە یەکێکی دیکە بکات و لە رێگای تۆقاندن و بەندیخانە وڵامی رەخنەکان دەدەنەوە. لەوە تێدەگەم، کە تۆ بە مەبەستی پەیداکردنی پارەیەک لە شار و ناوچەکانی خۆت هەڵقەندراوی و ناخوازیت لە سەر ئەو باسانە بە دڵی خۆت قسە بکەی، بەڵام ئەو رۆژگارە بە بێدەنگی وێران دەبێ.

مامۆستا نازم، ئاسۆ، مستەفا و حوسێنی ئازیزی و مام کەریم گوێیان لە چیرۆکەکی کەماڵ و ئاغای عەباسی گرتوە، کە پڕ بو لە ژانی رۆژگار و خەمی نەبڕاوە. کاتێک کەماڵ چیرۆکەکەی تەواو کرد، مامۆستا نازم گوتی، مام کەریم ئەو خاوەنکارە زەمانی شا و چەند ساڵ لەوە پێش ئاگاداری خەم و ئازارەکان بوە، بەڵام بێدەنگی و هەروەها نەبوونی تێگەیشتنی گشتی لە سەر ئەمڕۆ و دوارۆژ خەڵک ماڵوێران دەکات. پرسیارەکەی تۆش، کە بۆچی منداڵی هەژار و فەقیرەکان زیاتر تێکەڵ بە حیزبایەتی دەبن و خوازیاری ئاڵوگۆڕن رەوایە. هەژارەکان بۆ گۆڕینی دۆخی دژوار و چارەسەرکردنی کێشەکان ناچارن بجوڵێن، بەڵام ئەو جوڵان و گۆڕانە بەداخەوە کەڵکی خەراپی لێوەردەگیری. کوڕی دەوڵەمەند لە منداڵیەوە فێری پاراستنی سامان و پاشەکەوت و هەروەها گەشەپێدانی سەرمایە دەکرێ، بەڵام منداڵی فەقیر و هەژار ئامانجی تێربوونی زگ و بوونی پۆشاکێکە. ئێمە وەک کورد هەتا چۆنیەتی پەروەردەکردنی منداڵەکانمان نەگۆڕین، ناکرێ باس لە چاککردنی دوارۆژ بکەین. ئاسۆ بۆ پێکەنین وەبیر مام کەریم دەخاتەوە، کە منداڵی دەوڵەمەند دەترسێ و کابرای هەژار هیچ لە دەست نادات. ئەگەر ئاسۆ کوڕی دەوڵەمەند و دارایەکی ناودار بووایە، ئایا تێکەڵ بە کۆمەڵەی رەنجدەران دەبوو؟ بێگومان نا، ئەو کات رەنگە تێکەڵ بە کۆمەڵەی دارا و خاوەن پشکەکان بوومایە و پیشەکەشم موزەممیت و پەرستاری نەبوایە و خۆم ئەندازیار و دوکتۆرێک دەبووم. مامۆستا نازم، بە گاڵتە بە ئاسۆ دەڵێ، کاکە با کەمێک کۆن ببیت و ناکرێ وەک تازە میوان پێگەی ئێمەش لاواز بکەی و بە قسە خۆشەکانت سەرنجی ئەو خەڵکە بۆ لای خۆت راکێشی. پاش تەتەڵەیەکی زۆرتری پرسیاری مام کەریم و بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و سیاسەتی رێژیمی تاران بەرامبەر بە کورد، میوانەکان دەڕۆن و خەم و ژانەکانیان بە دوارۆژ دەسپێرن.

ئاماژەکان دەریدەخەن، کە وەرزی بەهار بۆ کوردەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ورزێکی ئارام و خۆش نابێ. هێزەکانی دوژمن چەند مانگێکە بە هەموو تواناوە خۆیان بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان ئامادە دەکەن. ئەوان لە ژێر ناوی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە هێواشی خۆیان بۆ هێرشی بەهارە ئامادە کردوە، بەڵام کوردەکان و هێزە سیاسییەکانیان لە بەر نەبوونی توانا ماددیی و مرۆڤیەکان و هەروەها نەبوونی تێگەیشتنی گشتی لە سەر ویست و داخواز و شێوازی بەرەنگاری درێژە بە سیاسەتی چاوەڕوانی دەدەن. پێشمەرگە لە بەشێکی بەرچاو لە شارەکان هەیە، بەڵام ئەوان خۆیان بۆ شەڕێکی درێژخایەن ئامادە نەکردوە و شەڕی شارەکان ناکەن. خەڵکێکی زۆر هەیە، کە لە داخوازە رەواکان نەگەیشتوە و ناخوازی لە سەر پرسی ئۆتۆنۆمی و خودموختاری تووشی چەرمەسەری بێ. رێژیم بۆ سەرکەوتن لە پلانەکانی تەنیا لە سەر هێزە چەکدارەکانی حیساب ناکات و تێکۆشاوە بە ئاشکرا و نهێنی لە گەڵ خەڵکی ناسراو، عەشیرە، مەلا ناوبەدەرەکان و کەسانی خاوەن پێگە پێوەندی بگرێ. ئەوان لە بارودۆخی ئابوری خەڵک کەڵکی نەرێنی وەردەگرن و دەزانن، کە ئەگەر شار و گوندەکان داگیربکەنەوە بە رێژەی پێویست کورد چەکدار دەکەن. بە مەبەستی چەسپاندن و بە ئاسایی نواندنی پڕۆسەی چەکدارکردنی خۆبەخشانە یان زۆرە ملی، کە ماوەیەکە لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستاندا ئەنجام دەدرێ، ناوی پێشمەرگەی موسڵمانیان بۆ هەڵبژاردوە. رێژیم هەرچەندە تاجی بە مەندیل گۆڕیوەتەوە، بەڵام لە فرت و فێڵی سیخوڕی ساواک و تەنانەت پێخۆر و پاشماوەی ئەو رێکخراوە کەڵک وەردەگرێ. بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاریی و هەروەها لاوازکردنی ئیرادەی خەڵک، بەرپرسانی رێژیم ژمارەیەک کوردیان لە شار و گوندە گەورەکان وەک هاوکار دەستنیشان کردوە، کە راستەوخۆ چەک هەڵناگرن و لە بواری کۆکردنەوە و راگواستنی زانیاری هاوکاری بەرپرسانی ریژیم دەکەن. ئەو کەسانە بە نهێنی ئەو کارە دەکەن، بۆیە دەرکەوتن و ئاشکرابوونی ژمارەی ئەو سیخوڕانە کارێکی ئاسان نییە.

لە ماوەی ئاگربەستدا رێژیم تێکۆشاوە بە نهێنی زانیاری لە سەر ژمارەی چەکدار و چەکەکانیان و هەروەها هەڵوێستی خەڵک لە سەر حیزبە سیاسییەکان و نیزامی سیاسی ئێران کۆبکاتەوە. هێزی چەکدار و پێشمەرگەی پارتە سیاسییەکان لەو مەیدانەدا شارەزا نەبوون و دەرفەتی گونجاویان نەبوە. ئەوان لە دۆخی بەرگریی و هەروەها پەرتەوازەییدا نەپڕژاونە سەر کۆی گشتیی بارودۆخەکە. کاری گەورە و شەڕی رزگاریخوازانە پێویستی بە کەرەستەی گونجاو، پاڵپشتی بەرینی خەڵک و ئیرادەی تێکڕایی نەتەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان هەیە. لەو خەباتەدا ئەو کەرەستانە نەبوون و تاک و کۆی کورد بە گوێرەی پێویست لە گەڵ بەستێنەکانی خەبات و ئاسەواری داگیرکاریی ئاشنا نەبوون. لە زۆربەی شار گەورەکان، شەڕی گەورە و بەرخۆدان بۆ ئازادیی و سەروەری مافی نەتەوەیی نەبینران و زۆربەی شەڕ و بەرەنگاریەکە لە شارە چووک و ناوچە شاخاوییەکان ئەنجام دەدرا.

حیزبەکان بۆ بەگژداچوونەوەی سیاسەتی داگیرکاری پێشمەرگە و هێزی بەرگری کۆدەکەنەوە، بەڵام پلان و جوڵەکان زۆر توندوتۆڵ نین. کورد گوتەنی، ئەو لێشاوە بەری بە ئاسانی ناگیرێ. لە زۆربەی گوند و شارەکان رێژەیەک ژن و کچی فیداکار سەرەڕای دژواریی و سەختی رێگاکە لە ماڵ دەچنەدەر و چەک، قەڵەم و پیشەکانیان بۆ زبرلێدان لە دوژمن دەخەنەگەڕ. کەماڵی مام کەریمی، وەستا مستەفا، حوسێنی ئازیزێ و پەرویزی خاڵە مینەی لە گەڵ سەدان پێشمەرگە بەڵێن دەدەن، کە هەتا دوا دڵۆپی خوێن وەفاداری رێبازی قازیی و شەهیدە راستەقینەکانی رێگای رزگاری گەلەکەیان بن. ئەوان سەرەتا لە بەردەم پادگان و باقی بنکەی هێزە چەکدارەکانی رێژیم لە شاردا سەنگەر دەگرن. شەڕەکان زۆربەی ناوچەکانیان گرتۆتەوە، بەڵام رێژیم سەرەتا دەخوازێت بەرەو ناوچە سنوورییەکان پێشڕەوی بکات. بەرپرسانی رێژیم بە وتەی باوی شەڕ نیازیان هەیە، کە پشتی شەڕ لە پێشمەرگە و پارتە سیاسیەکان بگرن و ئەوان دواتر هەنگاو بە هەنگاو لە سەر خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵقەنن. شەڕەکان خوێناوین و کوژراوی دوژمن زۆرن، بەڵام پەرەپێدرانی سیاسەتی بە ناو شەهیدپەروەرانەی رێژیم و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بۆ شەڕی کوردستان، سەنگەرەکانی رێژیم بە پڕی دێڵنەوە.

ژیان بۆ خەڵکی ئاسایی دژوارە و نرخی کاڵاکان دەچنەسەر. قوتابخانەکان دوو مانگێکیان ماوە و بەشێک لە قوتابیەکان هیوادارن، کە هەرگیز چاویان بە تەختەڕەشەی پۆلی خوێندن نەکەوێتەوە. کاوەی مام کەریم، رۆژانە لە ماڵەوە لاپەڕەی کتێبەکانی دەکاتە فرۆکە و لە سەر بانی ماڵەکەیانەوە بەرەو کۆڵان بەرزیان دەکاتەوە. مام رەحمانی دوکاندار، کە بەکاری کاوە توڕە و بێزارە. ئەو لە دوکانە تەنەکە بچووکەکەی دێتەدەر و بانگی کاوە دەکات، کە بۆ گوڵەبەڕۆژە و هەروەها شتومەکی دیکە پێویستی بەو کتێبانەیە. کاوە بەڵێنی دەداتە، کە پاش تەواوبوونی قوتابخانە چەند کتێبێکی جوانی بۆ دەباتە دوکان. مام رەحمان زۆر بە منداڵ و جوڵەی مێرمنداڵ و تەنانەت خەڵکی لاو توڕەیە و تەنیا لە گەڵ مشترییەکانی دانووی دەکوڵن. بەشێک لە منداڵەکان بۆ سازکردنی پێکەنین و هەروەها تووڕەکردنی مام رەحمان لە پشت دوکانەوە دەڵێن، مام رەحمان ریشی مامە خومەت هەیە؟ مام رەحمان هەموو جارێک لە دوکانەکە رادەکاتە دەر و پاش رێهاڵاندنی بەردێک یان پێدانی چەند جنێوێک بە منداڵەکان و مامە خومە دەچێتەوە ژوور. مام رەحمان لە دووکانەکەیدا زۆربەی پێداویستیەکانی منداڵان بۆ خوێندن و هەروەها شیرینی، جگەرە و ساردەمەنیەکانی هەیە. گەورەساڵەکانی گەڕەک رێزی دەگرن و منداڵەکانیان بۆ رێزگرتن لە مام رەحمان هاندەدەن. مام رەحمان دژایەتیەکی زۆر توندی لە گەڵ ئاخوندەکان و بە تایبەت خومەینی هەیە. ئەو لە کاتی چوون بۆ ماڵەکان و دیداری شەوانە جنێوی بە ریشی خومەینی داوە و جار وبار بە ریش پەشمەکی ناوبردوە. منداڵ و لاوەکان بە گوتنەوەی ئەو جنێوانەی مام رەحمان بارودۆخەکەیان ئاڵۆزکردوە، بۆیە بۆ توڕەکردنی ژمارەیەک لەو منداڵ و مێرمنداڵانە لە دوورەوە هاوار دەکەن، مام رەحمان پەشمەکی مام خومەت هەیە!

قوتابیان و مامۆستاکان لە دڵەڕاوکەی بەردەوام و درێژخایەندان، چوونکە شەوانە چەکدارەکانی رێژیم یان پێشمەرگە بۆ ترساندنی لایەنی بەرامبەر تەقەی ئاسمانی دەکەن. سەرئەنجام ساڵی خوێندن تەواو دەکەن و خۆیان بۆ وەرزی پشوو و حەسانەوە ئامادە دەکەن. منداڵەکان بە پیشە و کاری جیاواز پارەی گیرفان بۆ خۆیان پەیدادەکەن، بەڵام ئەو ساڵ لە ساڵانی رابردوو دژوارترە. بێکاریەکی زۆر هەیە و زۆر جار گەورە ساڵ و لاوان بۆ تێپەڕاندنی کات و هەروەها چێژوەرگرتن یارییەکانی وەک شێر و خەت، باژۆڕ، کەلایەن و مێشێن دەکەن. تیلەبازەکان، کە هەنگێون و بە باشی لە کەلا و پارەی ئاسنی داکراوی بەشداران دەدەن کەیفیان سازە و پارەی جگەرە یان خواردنێکی سەرپێیی دەبەنەوە. مام کەریم حەزی لەو یاریی و بەزمانە نییە و بە قوماریان دەزانێ. ناوبراو خوازیارە منداڵەکانی لەو یاری و قومارانە دووربن و پارەی حەرام نەخۆن.

کاوە بە نیازە هاوێن لە تەنیشت پارکی شار وردە میوەی دارستان و شەربەت بفرۆشێ. شەڕی نێوان حکومەت و هێزە کوردییەکان بەردەوامە و پێشمەرگەکان لە زۆر شوێن خۆراگری دەکەن، بەڵام سوپای داگیرکەر بە پاڵپشتی هێزە ئاسمانیی و هێزی پیادە و بە کوژراوێکی زۆر ناوچەکان دەگرێتەوە. پێشمەرگەکان بۆ پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵ خەڵک لە بەشێک لە شارەکان دەکشێنەوە. ئەوان لە دەورووبەری شار و ئاواییەکانی کوردستان جێگیر دەبن و درێژە بە جوڵەی رەوا دەدەن. کەماڵ و هاوڕێکانی لە شار دەردەکەون و ژیانێکی تازە لە رەوتی خەباتی چەکداریدا دەستپێدەکەن. ئەوان هەنگاوی یەکەمی دوور کەوتنەوە لە ماڵ، شار، دۆستان و هەروەها ژیانی ئاسایی هەڵدەگرن. زۆربەی پێشمەرگەکان تازەکارن و بە قوڵی هەللاجی پرسی خەبات و درێژەکێشانی بزوتنەوەی چەکداریی و سیاسی کوردستان ناکەن. ئەو رۆژانە مرۆڤەکان لێکدادەبڕێن و دۆستەکان بەرەو چارەنووسی جیاواز هەنگاو هەڵدەگرن. دوای دەرچوونی پێشمەگە لە شار، مامۆستا نازم بۆ ماوەیەکی دیکە لە سەردەشت دەمێنێتەوە و دواتر بەرەو ناوچەی ئالانی سەردەشت دەگوازێتەوە. ئاسۆی موزەممیت بە دیتنی رووداوەکان توانای بڕیاردانی نامێنێ و دواتر بۆ مانەوە بەرەو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی لە زەڵێ دەچێ. مام کەریم، هاوین بە وردە کرێکاریی و هەروەها فرۆشتنی سەوزە و میوە بەسەر دەبات. کاوە رۆژانە کارەکانی خۆی رادەپەڕێنێ، بەڵام زۆر ئارام نییە. دڵەکان پڕن لە ترس و چەرخی زەمانە بێڕحمانە خەون و خەیاڵی گەلێک وردوخاش دەکات. بۆنی شەڕ، خوێن، بەندیخانە، ئاوارەیی و دەربەدەری، سێدارە و چەوساندنەوە نیشتمانیان داپۆشیوە. ژیانی بۆ هەموو لایەک دژوارە و گەنج و پیرەکان لە دوارۆژی خۆیان دڵنیا نین.

وەرزی هاوین دوا رۆژەکانی تێپەڕ دەکات و کاوە بە زۆرە ملی لە قوتابخانەی دوا ناوەندەی ناونووسی کردۆتەوە. بای پاییزی بە سەر دەشت و دۆڵ و بناری چیاکاندا دەفڕێ و بە هێمنی پووش و پەڵاشە سووکەکان لە بن باڵی خۆیدا هەڵدەگرێ. بۆنی بەهاری ئازادی هێشتا لە باوەشی رەشەبای تۆز هەڵگرتوودا نەبڕاوەتەوە. هەواڵەکان سوار لە سەر شەپۆلی رادیۆکان وەک با بە شار و گوندەکاندا پەیامی مانەوە رادەگەیەنن، بەڵام ناوچەکە ژانی هەڵگریسانی شەڕێکی تازەی لێدەکرێ. ئاخوندەکان بە درووشمی فوودانەیی ناردنەدەرەوەی شۆڕش و هەڕەشەی گەورە، دیکتاتۆرەکەی عێڕاقیان هانداوە، کە شەڕێکی تازە لە گەڵ دیکتاتۆری جەماران هەڵگریسێنن. ئەوان لە پێناوی خەونە ئەهریمەنیەکانیاندا بە ئاگر و ئاسن بە سەر خەڵکی سڤیل و ناوچەکاندا دەدەن. هێزەکانی عێڕاق لە پێشڕەویدان و هێزە ئاسمانییەکانی عێڕاق باڵادەستن. لەو پاییزەدا یەکەمین پڕیشکی ئاگری ماڵوێرانکەری شەڕی ئێران و عێڕاق بەشێک لە شار وێران دەکات و ژمارەیەکی لە هاوڵاتیانی کورد شەهید و بریندار بوون. کاوە ئەو ئێوارەیە، لە بەردەم پارکی شار خەریکی فرۆشتنی گوڵەدانی کوڵاو دەبێ و بە بیستنی دەنگی فرۆکە شەڕکەرەکان خۆی لە جۆگەی ئاوی تەنیشت شەقامەکەدا تەخت دەکات. دوکەڵێکی رەش بە سەر بەشێک لە ئاسمانی شاردا بڵاودەبێتەوە. خەڵک بۆ دەربازکردنی گیانیان رادەکەن و بە کەمی ئاوڕ لە یەکتر دەدەنەوە. کاوە گوڵدانە کوڵاوەکان بۆ ماڵ دەباتەوە و دواتر وێڕای چەند هاوڕێیەکی بەرەو شوێنی بۆمبارانەکە دەچن. ئەوان چەند خانوویەکی رووخاو دەبینن و هەواڵی کوژراو و بریندارەکان دەبیستن. ئەو ئێوارەیە، کاوە وێڕای هاوڕێکانی تێکەڵ بە ئاپۆڕای تازیەباری گۆڕستانی شار دەبن و لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمەکاندا بەشداری دەکەن.

مام کەریم لە حەوشەی ماڵەکەیدا پیاسە دەکات و هاوسەرەکەی تاوانبار دەکات. بە وتەی مام کەریم، ئەگەر زارا ئاگاداری ماڵ و منداڵەکەی بێ، کوڕەکانی بەمجۆرە بە دوای رووداوەکاندا ناچن. زارا لە ژوورەوە مێردەکەی تاوانبار دەکات و دەڵێت، ئەگەر منداڵەکانم هاوشێوەی خەڵک خاوەنی دوکان و ژیانێکی خۆش بوونایە، بە کوناندا نەدەڕۆیشتن. ئەوان لە هەموو ماڵی دونیا بڕە ئازادییەکان هەیە و با لەو ژیانەدا زۆر سەرشکێنیان نەکەین. کەریم خوا بتگرێ، ئەو ئێوارە خەڵک بە دیار کوژراو و بریندارەکانیان فرمێسک دەڕێژن، ئەتۆ بۆ زمانت راناوەستێ؟ ئەتۆ ئەمڕۆ دەبوو بەشداری کفن و دفنی شەهیدەکان بکەی و دڵنەوایی تازیەبارەکانت دابایەوە. دنیا، کۆکراوەی خۆش و ناخۆشیەکان و شایی و شینە. ئەوڕۆ لەوانە و سبەینێ لە ئێمەیە. ئەتۆش وەک مام رەحمانی دوکاندار خەریکی خودار دەبیت و ئەو بایە لەو کونەیەوە بێت، رەنگە منداڵ و لاوەکان مام رەحمانێکی دیکەیان بۆ زیاد بکرێ. مام کەریم بە تەواوەتی دەهری دیارە و خەریکە هەرچی دەیزانێ وەک گۆزەی سەروژوور بیڕێژێ، بەڵام دەنگی لێدانی دەرگای حەوشە وتەکانی دەقرتێنێ. کاوە دەگاتەوە ماڵ و چۆنیەتی بۆمباران و هەروەها ناوی بەشێک لە کوژراوەکان بە باوکی دەڵێت و دەچێتە ژوور. ئەو خەڵک لەو بۆمباران و تازیەبارییەدا پێویستیان بە گوێگرتنە، بەڵام کولتورەکە جیاوازە و گوێی گوێگرتن زۆر نین. زارا بە گەڕانەوەی کاوە شادە و کاوەی ماچ دەکات و چەند جارێک دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و لە خوا دەپاڕێتەوە، کە مەرگی منداڵەکانی نەبینێ. لەیلا و شیرین، کە ئەو ئێوارەیە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کاوەیان دەکرد، بە هاتنەوەی براکەیان شادن. ئەوانیش داوا لە براکەیان دەکەن، کە وەک تاقانە کوڕی ماڵ ئاگاداری خۆی بێت.
مام کەریم، کۆتایی بە دمەتەقە دێنێ و تەزبیحە قەزوانەکانی بۆ چەپ و راست هەڵدەسووڕێنێ. ناوبراو هیچ ئاسۆیەکی روون نابینێ و چەند جارێک لە خوا دەپاڕێتەوە، لە ئەو دۆخە چاک کەیی و ئاوێک بەو ئاورە سووتێنەردا بکەی. ئەوان ماوەیەکی زۆرە، کە ئاگاداری کەماڵ نین و تەنیا یەک نامەی کەماڵیان بە دەست گەیشتوە، کە لە گەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی ناوچەی سەردەشت بۆ رێگای بانە ـ سەردەشت چوون. بنکە و مەقەڕاتی حیزبەکان لە گوندە نیزیکانەی ناوچەن و هاتنەوە بۆ نێوشار کارێکی ئاسانە. مام کەریم شەو بە هاوسەر و منداڵەکانی دەڵێ، کە نیازی هەیە بەیانی بۆ کڕینی ئەسپێک یان هێسترێک بچێتە قاسمەرەش. هاوسەرەکەی بە گوتنی لائیلاهە ئیللاڵا لە مێردەکەی دەپرسێ، باشە رۆژی خوای نەماون ئەتۆ بەیانی بۆ کڕینی چوارپێیەک نەڕۆی. ئەدی سەرەخۆشی ئەو هەموو ژن و منداڵە بێگوناهە؟ مام کەریم، لە کورتی دەیبڕێتەوە و دەڵێ، پاش سەرەخۆشییەکە دەڕۆم. نانی فەقیران و هەژاران چۆتە پشتی شێری و ئەگەر نان و ئاوێک بە ئاسانی پەیدا بێ، کارم بەو قوڕەکارییە چییە. زارا پاش نانخواردنی ئێوارە، لە گەڵ کچەکانی دەردی دڵ دەکات و گلەیی لە مێردەکەی دەکات. ئەو بۆ کچەکانی روون دەکاتەوە، کە حەزی لەو کارەی بابی منداڵان نییە، چوونکە ئەگەر خوانەخواستە تووشی بەڵایەک بێت، پەنا بۆ کوێ بەرین. کەماڵ ئەوە چەکی هەڵگرتوە و بە ناوی خودای باوەڕم بە کاوەش نییە و ئەویش بەلایەکدا دەڕوا. کاروانکردن و چوونە گەرمێنی رێگای سەرئاوێ نییە و وڵات پڕە لە خوانەناس، دز و جەردان.

شیرین زۆر بە قوڵی بیر لە خەمەکانی دایکی ناکاتەوە و مەترسییەکان و پەیامەکانی دایکی زۆر بە گرینگ وەرناگرێ. ئەو زۆر حەزی لە سابوونی لۆکس، چای سەیلان و برینجی ئەمریکی و هەروەها ئەو کاڵایەنەیە، کە لە گەرمێنێ لە سەر پشتی ئەسپ و هێستر بۆ کوردستانی کوێستان دەگوازرێنەوە. لەیلا و شیرین لەو ماوەیەدا خۆیان بە کوڵاوچنین سەرقاڵکردوە و هەر کوڵاوەی بە ٢٥ تمەن دەیفرۆشن. کڵاوچنین ئەو رۆژانە لە شاردا بۆتە کارێکی دیار و پیاوان، کوڕان، کچان و ژنان بە تەنیا و پێکەوە خەریکی چنینی ئەو کوڵاوانەن. لەیلا دەستڕەنگینە و کوڵاوەکانی پتەو و دێرراستن، بۆیە کڵاوکڕەکان سەرنجی زۆریان لەسەرە و پێشنیاری چنینی کوڵاوی زۆرتری پێدەکەن. لە بەشێک لە ماڵەکان کچان خۆی بە چنینی سەرتاقە، بەرتاقە، سەرچرا، سەر جێنان و زۆر کاری دەستی دیکە سەرقاڵ دەکەن. بێجگە لەوانە، دروینی کوڵاوی خام و هەروەها هەڵبەستنی جەمەدانە و چنینی گورێوی زەنگاڵ بۆتە بەشێک لە سەرقاڵی گەنجان و ژنانی ماڵ. ماڵەکان بۆ ئیدارەکردنی ئابوری ماڵ پێویستیان بە هەرەوەزە و ئەندامانی ماڵ بە گوێرەی توانا و لێزانینی خۆیان لەو پڕۆسەیەدا بەشدارن.

کەماڵ لە گەڵ دەستەیەک لە هاوڕیکانی لە ناوچەی بانەیە. ئەوان وێڕای بەشێکی زۆر لە پێشمەرگەکانی دەورووبەری رەبەت، بانە و ناوچەکانی دیکە لە سەنگەردان و تێدەکۆشن زەبر لە لشکری ئاخوندەکان بدەن، کە بەنیازن بەرەو سەردەشت بڕۆن. گوندەکانی دەوروبەر قورسایەکی زۆریان لە سەر شانە و هاتوچۆی نێوان شار و گوندەکان ئاسان نییە. بەشێک لە خەڵک بە مەبەستی کاسبی و پەیداکردنی بژیوی ژیان ناچارن جوڵەیەکیان هەبێ، بەڵام کولتوری بەشێک لە چەکداری حیزبەکان و هەروەها چەکدارەکانی حکومەت توندوتیژی لێدەتکا. ژمارەیەک لەوان کۆنەقین و هەروەها چەکیان دژ بەوانە بەکار دەهێنا، کە لە رابردوودا بەجۆرێک لە گەڵ یەکتردا کێشەیان هەبو. رێژیم و بەرپرسەکانی لە هیچ دوژمنکاریەک تەنەخیان نەدەکرد و هەتا دەگونجا نەخشەی شەڕی کورد بە کوردیان وردتر و پاراوتر دەکرد. بەشێک لە چەکدارەکانی رێژیم، کە بە پێشمەرگەی موسڵمان و بەشێکیان بە بەسیجی، پاسداڕ و ئیتلاعاتی دەناسران، بە سەربەستی خەڵکیان ئازار دەدا و شەوانە دەچوونە سەر خەڵک و دراو و زێڕیان بە زەبری چەک لێدەستاندن. خەڵکی کاسب و دوور لە سیاسەت زۆر بە ئاسانی لەو دۆخەدا هەڵنەدەسووڕا. رێژیم سیاسەتێکی دوژمنکارانەی داڕشتبوو، بۆیە بە کوشتنی مرۆڤی کورد بە دەستی کورد و گرتنی کورد بە دەستی کوردەکان دەگەشایەوە. لە لایەکی دیکە، بەشێک لە چەکداری حیزبەکان کاتێک لە گوندەکان تووشی پیاوێکی کاسبی شار دەبوون، بەربینگیان پێدەگرت و بە ناوی سیخوڕ و هاوکاری رێژیم ئازاریان دەدا. ئەو کەسانە پاش گەڕانەوە بۆ شار بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە لە بەرپرسێکی پێشمەرگە یان پێشمەرگەیەکی سەرەڕۆ هەستی تۆڵەکردنەوەیان کەڵەکە دەبو و ویستی تۆڵەکردنەوەیان باڵای دەکرد. سیاسەتی لێدان و پێدادانی خەڵکی ئاسایی لە ژێر ناوی چەکی پێشمەرگایەتی یان هاوکاربوونی رێژیم دۆخێکی ئاڵۆزی لە نێوخۆی کۆمەڵگەی کوردەواریدا خوڵقاندبو.

سیاسەتێکی ئاڵۆز و دژ بە یەکتر لە گۆڕەپانەکەدا راهێنانی لەسەر دەکرا. ژمارەیەک لە پارتە سیاسیی و چەکدارەکانیان سیاسەتی رەش و سپیان دەرحەق بە توێژێکی دیاری کۆمەڵگە “مامۆستایانی ئایینی” رەچاودەکرد. ئەوان بە گشتی خەڵکێکی ئاسایی و بە کردەوە دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک نەبوون، بەڵام ژمارەیەک لەوان بە ناوی جیاواز و لە ژێر لێکدانەوەی لینگاوقوچدا خەڵکیان دژ بە هێزە کوردییەکان هاندەدا و پشتیوانیان لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرد. زۆربەی مەلا کوردەکان دڵیان بۆ کورد و کوردستان لێدەدا، بەڵام سیاسەتی پەروەردەی کوردان و کولتوری “سەر سڵامەت بێ” ئەوان و زۆر خەڵکی دیکەی سەرکز و لاواز بارهێنابو. درێژبوونەوەی سیاسەتی بێدەنگی خەڵک بەرامبەر بە چەوسێنەرەکان زیانی گەورەی لێدەکەوتەوە و ئازایەتی کوردانی دەڕووشاند. وەک رۆژی رووناک ئاشکرا و سەلمێندراوە، کە تەنیا بە چەند هەزار چەکدار و پێشمەرگەیەک کەڕامەت و سەروەری نەتەوە و خاک نەدەپارێزرا.

مەلا عوسمان زۆرجاران لە گەڵ مەلاکانی دیکەی شار، بۆ کورد و ژیانی پڕ لەمەینەتی کوردەکان بەپەڕۆش بوون، بەڵام نەدەوێران بە ئاشکرا دژ بە سیاسەتی رێژیم و هێڵە گشتییەکانی ناوەندەی روحانیەتی رێژیم هەڵوێست بگرن. مەلا عوسمان رۆژێک لە سەر ئەو بێدەنگیی و هەروەها خۆپەنادانە بە راشکاوی بە مام کەریم و دەیان کەس لە نوێژکەران دەڵێ، بە هەموو ئایەتەکانی قورئان سوێند دەخۆم، کە هەموو کردەوەیەکی ئەو رێژیمە دژی ئیسلام و قورئانە، بەڵام بە ئیمان و ئایینم لە ترسی زیندان و ئەشکەنجە ناوێرم راستییەکان بڵێم. ناوبراو بە ئامادەبووان رادەگەیەنێ، کە ئەرکی ئەو پێشنوێژکردن و تەڵقیندادانی مردوو و هەروەها ژن مارەکردن، خوێندنەوەی مەولوودنامە، رێنوێنی موسڵمانان بۆ کای خێر و چاکەیە و ناوێرم خۆم لە قەرەی سیاسەت بدەم. سیاسەت کانیاویکی هێندە رەوان و پاک نییە، کە مرۆڤ بە ئاسانی دەستی بخاتە ناو و تامی بکات. ژیانی سیاسییەکان لە جیهانی ئیسلامدا پڕە لە ژان و ئێش و کاتێک سیاسەت سڵاوت لێدەکات، ئەوکات بە زات و سیفەتی خودا ناخۆشی و نەهامەتییەکان بە ریز دەبنە هاوڕێی ژیانت و خۆشی بە تەواوەتی باردەکات.

شەوانی پاییزی بۆ پێشمەرگە مەیدانی چالاکی زیاترن. ئەوان شارەزای باشتری ناوچەکە بوون و بە ئاسانی زەبریان لە بنکە و بارەگاکانی رێژیم لە نێو شار و گوندەکان دەدا. کەماڵ و هاوڕێکانی لەو ماوەیەدا شەوانە بە پێڵاوەکانیان ئەوەندەیان شەق لە بەرد و داری سەر رێگا و کوێر رێگاکان هەڵدابو، کە بۆ گوتن نابێ. چوونە سەر بارگاکانی رێژیم و هەروەها زەبرلێدانی لە لشکرێکی بەرفراوانی رێژیم لە سەر رێگای بانە ـ سەردەشت پێخۆری شەوانی ساردی پاییز و هەروەها جەستەی شەکەت و ماندوو بوو. پەروێزی خاڵە مینەی لە یەکێک لە شەڕەکاندا بریندار دەبێ و بۆ چارەسەرکردنی رەوانەی نەخۆشخانەی شۆڕش دەکرێ. خاڵە مینە و پورە ئاڵتۆن زۆر ئاگاداری کوڕەکەیان نین. ئەوان دڵخۆشن، کە کوڕەکەیان لە گەڵ کەماڵ، مستەفا و حوسێن و زۆر پێشمەرگەی دیکەی ناوچە پێکەوەن. ئەوان رۆژ و شەو دەپاڕانەوە و زۆر جار خێریان دەکرد، کە کوڕەکەیان لە دەرد و بەڵا و لە گوللەی دوژمن دوور و پارێزراو بێت. پورە ئاڵتۆن بە دیتنی خەونی شەوانە، ئارام و قەراری نامێنێ و بۆ شیکردنەوەی خەونەکان خاڵە مینە بۆ لای مەلا باقی دەنێرێ. مەلا باقی لە مەلا کوردپەروەر و شۆڕشگێڕەکانی شارە، کە مل بۆ داگیرکەر نادا و لە رۆژگار توڕەیە. ئەو بە خوێندنەوەی شێعر و سروودە کوردییەکان لە بەر دەرگای قوتابخانەکان و هەروەها لێدان لە سەرباز و پاسداڕەکان لە راستە شەقامی شار ئازایانە و کوردانە بێزاری خۆی لە داگیرکەرانی کوردستان دەردەبڕێ. پوڕە تاڵتون شەوێک خەون بە خاڵە مینەوە دەبینێ، کە یەکێک لە ددانە گەورەکانی لەقە و خەریکە بێتەدەر. ناوبراو بەیانی خاڵە مینە بە زۆر رەوانەی لای مەلا باقی دەکات و داوای لێدەکات، کە خەونەکەی بۆ تەفسیر بکات. مەلا باقی بە زانست و کەڵکوەرگرتن لە خەوننامە کۆنەکان و هەروەها خوێندنەوەی باری دەروونی دایکی پێشمەرگەیەک بە خاڵە مینە دەڵێ، کاکە بە خێزانت بڵێ، کە دڵی ئارام بێت و خودا ئاگاداریەتی. رەنگە رووداوێکی ناخۆش رووبدات، بەڵام بە پشتیوانی خودا ناخۆشیەکە زۆر درێژە ناکێشێ و چاک دەبێتەوە. خاڵە مێنە دەچێتەوە ماڵ و تێکڕای وتەی مەلا باقی بۆ ئاڵتونی هاوسەری دەگێڕێتەوە. ئاڵتون بە بیستنی ئەو رووداوە ناخۆشە، نەترەی دەچێ و بە سەرهەڵدانی لایەلایە باس لە پەرویز دەکات، کە رەنگە شتێکی لێهتابێ. ناوبراو زۆر دەگریی و دواتر بە هاوسەرەکەی رادەگەیەنێ، کە بۆ وەرگرتنی خەبەر و هەواڵی تازە سەردانێکی ماڵی مام کەریم دەکات و لە گەڵ براژنە زارا چەند ساتێک پێکەوە دەدوێن. ئاڵتون پاش دیتنی دایک و بابی کەماڵ ورەی دەچێتە سەر و دڵی خۆی بەهێز دەکات. ئەو بە دەنگ چەند جارێک بەمجۆرە نزا دەکات: “خودایە شوکور بۆ قسمەت و نسیبت، کوڕەکانمان ئەمانەتی تۆن. ئەوان لە ژێر رەحمەتی تۆ و دوا پێغەمبەری جیهاندا پارێزراو دەبن و ئێمە بەندەیەکی گوناهکارین”. پورە ئاڵتون لە زارا دەبیستێ، کە کەریم لەو رۆژانەدا بۆ ئەسپ یان هێستر کڕین سەرێک لەو گوندانە دەدات و خوابکەم خەبەری کەماڵ و پەرویز و دۆستانی دیکە بێنێتەوە. پوڕە ئاڵتون بە بیستنی ئەو خەبەرە کوڕەکەی لە بیردەچێتەوە و دەپرسێ، کە مام کەریم ئەسپ و هێستری بۆ چییە؟ خۆ بە تەمای کاروانچیەتی نییە؟ زارا دەڵێ بەخوا خوشکی خۆم زۆریش پرتەوبۆڵەم لە سەر کردوە، بەڵام کەریم وابزانم ئەجلی هاتوە. نازانم ئەو پیاوە بۆ ئاوا سەرقاڵی کرینی وڵاخی باربەرە؟ ئاڵتون بە زارا دەڵێت، خوشکێ بە تەمای خوای. خوابکات هەر سەر سڵامەت بن و پیاو پیوێستە کاسبەییەک بکات. پیاو زۆر لە ماڵ نەبێ باشە و بۆ کاسبی و کار سەردانی دەرەوە بکات. پیاو کە شەو و ڕۆژ لە ماڵ بوو، بێگومان ژیانی ماڵ دەشێوێ. خاڵە مینە کە دەگاتەوە ماڵ، دەنگی بەرز دەکاتەوە و چاوەڕوانم بەیانی بێ و پیاوەکە لە ماڵ دەرچێ. خوشکە زارا گوێ مەدەیە و خوادەکات مام کەریم ساغ دەبێ، خوای دەکرد بۆ حەڵەب و بەغدایە دەچوو. ئاڵتون وەبیر زارایە دێنێتەوە، کە ماڵی کاروانچیان پڕە لە شتومەکی خۆش و بەنەرخ و قەت خۆت بەوە نیگەران مەکە، کە مێردەکەت دەبێتە کاروانچی. ئاڵتون بەرەو ماڵ دەڕواتەوە و خەریکی سازکردنی خواردنی ئێوارەیە، کە خاڵە مینە وەژوور دەکەوێت. پورە ئاڵتون چیرۆکی ماڵی مام کەریم و زارایە دەگێڕێتەوە و باس لەوە دەکاتە، کە خوابکەم خەبەرێکی کوڕەکان بێنێتەوە. خاڵە مینە سەروچاوی وەک رۆژان کراوە نین و زارا دەپرسێ، ئەرێ پیاوەکە چ قەوماوە و بۆچی ئاوا رەنگی روخسارت زەرد هەڵگەڕاوە. خاڵە مینە لە رقی هاوسەرەکەی بەڕماڵەکەی هەڵدەگرێ و دوو جار نوێژی ئێوارە دەگێڕێتەوە و دواتر رادیۆ ئانتێن درێژەکەی هەڵدەکات و لە سەر دەنگی کوردستانی ئێران رایدەگرێ. دەنگی کوردستان ئێران بەرنامەکانی نەبوونەوە و پاش ماوەیەکی دیکە بە دەنگی شمشاڵی قالەمەڕە بەرنامەکانی دەبنەوە. لە بەر پاڕازیت و خشەخش گوێگرەکان بە ئاسانی گويیان لە دەنگی رادیۆکە نابێ و بۆ بیستنی دەنگی تەواو دەبێ بەردەوام دەستیان لە سەر رادیۆکە بێ. ئەو رۆژانە رادیۆکە هەواڵی عەمەلیاتی پێشمەرگە و هەروەها پەلاماری لشکری ئاخوندی بڵاودەکاتەوە و بە تەواوەتی ناوی پێشمەرگە شەهید و هەروەها سەرباز، پاسداڕ، بەسیجی و چەکداری رێژیم دەخوێنێتەوە، کە لە شەڕدا دەکوژرێن یان بەدیل دەگیرێن. لە کاتی بوونەوەی رادیۆی حیزبدا بێدەنگی تەواو زاڵە و هەموو لایەک عەوداڵی بیستنی هەواڵی شەڕ و چارەنووسی ئازیزانیانن. خاڵە مینە بە وردی گوێ لە رادیۆکە دەگرێ و کاتێک هەواڵی عەمەلیاتی پێشمەرگەکان لە سەر جادەی سەردەشت ـ بانە دەخوێندرێتەوە، چوارمەشقی دادەنیشێ و سەرتاپا دەبێتە گوێ. پاش ئەوەی بێژەری هەوڵەکان کۆی رووداوەکە باس دەکات، لە مەڕ خەسارەتی پێشمەرگەکان باس لە برینداربوونی چەند پێشمەرگە دەکات، کە یەکێک لەوان بە هۆی کاری بوونی برینەکەی دوو رۆژ دواتر گیان لەدەست دەدا و لە گۆڕستانی یەکێک لە گوندەکانی ناوچە بەخاک دەسپێردرێ. کە ناوی شەهیدەکە دەخوێندرێتەوە، خاڵە مینە دڵی ئارام دەبێتەوە، بەڵام بۆ پەرویز بە پەرۆشە و وێڕای ئاڵتونی خێزانی ماوەیەک کز و مات دادەنیشن. خاڵە مینە دەڵێ، ئاڵتون دڵم وەک جاران ئارام نییە و رۆژانەش جۆرە دڵەڕاوکەیەک بەسەرمدا زاڵە. بە مەزەندەی من پەرویز بریندارە، ئەگەرنا ئەو خەون و بارە قورسەم بۆ لە سەر شانە. ئاڵتون و منداڵەکان بە چاوی بە فرمێسکەوە لە دەوری یەک دانیشتوون و بێدەنگی بە سەر ماڵدا زاڵە.

مام کەریم ئەو رۆژانە زۆر بەدوای کڕینی ئەسپێکدا عەوداڵە و وێڕای کەسێکی خاوەن ئەزموون لە ئەسپ و هێسترناسیین سەردانی چەند گوندێکیان کردوە. لە زرۆبەی گوندەکان ئەسپ و هێستر گیردەکەون، بەڵام مامەڵەی مام کەریم سەر ناگرێ. ئەوانەی لە سەر لاق و تەمەنیان کەمە و رۆیشتنیان سوار و لەبارە نرخیان لە سەرێیە و ئەوانەی کە پەراسوویان پڕ نیە و لە رۆیشتندا سەرسمەی دەکەن و تەمەنیان چۆتە سەر زۆر بە کەڵکی کاسبی نایەن. عەلی کاروانچی، کە بەشێکی زۆری تەمەنی خاوەنی ئەسپ و هێستر بوە، بە چاوێکی رەخنەگڕانە لە ئەسپ و هێسترەکان دەڕوانێ. ناوبراو وەبیر مام کەریم دێنێتەوە، کە وەڵاخی بۆ پارە و بژیوی ژیان دەوێ و ناکرێ پارەیەکی زۆر لە ئاوێ بکەن. پاش چوار رۆژ گەڕان لە گوندەکانی ناوچەی سەردەشت مام کەریم بە هاوکاری عەلی کاروانچی ئەسپێکی باڵابەرزی لە گوندی دەرمانئاوێ بە نرخی دە هەزار تمەن دەکڕن و دەگەڕێنەوە سەردەشت. لە رێگای گەڕانەوەدا مام کەریم و عەلی کاروانچی بە نۆبە سواری ئەسپەکە دەبن و هەر کامەیان لە تەنیشت و لە پشتەوە سەرنج و تێڕوانینەکانی خۆی لە سەر ئەو ئەسپە دەردەبڕن. مام کەریم پارەیەک دەداتە عەلی کاروانچی و دەستخۆشی لێدەکات بۆ گەڕان و دۆزینەوەی ئەو ئەسپە. عەلی دڵخۆشە، کە مام کەریم گەیشتۆتە ئەسپێکی گونجاو، بۆیە دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و دەڵێ”یاخوا سەر بە خێر و سەر بە رسق بێ”. پاش نوێژی عەسری مام کەریم دەگاتەوە ماڵ و ئەسپەکەی بە دوای خۆیدا رادەکێشێ بۆ حەوشە. لەیلا و شیرین بە دیتنی باب و ئەسپ کەمێک لە یەکتر رادەمێنن و دەزانن، کە کاروباری خاوێنکردنەوەی حەوشە و تەنانەت ژووری تایبەت بە ئەسپەکە لە سەر شانی ئەوانە. زارا بە دیتنی ئەسپەکە شاد نییە و دوعا دەکات، کە لە دەرد و بەڵا بەدوور بن. مام کەریم سەرەتا ئەسپەکە تاقەت دەکات و کەمێک لە کا و جۆی بۆ لە تورەکەکە دەکات و دواتر شەکەت و ماندوو وەژوور دەکەوێت. کچەکان و زارا بەخێرهاتنی دەکەن. کاوە لە قوتابخانە دەگەڕێتەوە و پاش بەخێرهاتنی باوکی سەرێک لە ئەسپەکە دەدات و بە هێواشی دەست بە ئاڵەکانیدا دادێنێ. ئەسپەکە ئارامە و پاش ماوەیەک لەوەڕان پڕمەیەک دەکات و کلکەکەی بە نیشانەی حەسانەوە بۆ راست و چەپ رادەوەشێنێ. زارا زۆر بەو رۆژگارە دڵخۆش نییە و نیگەرانی پاکوخاوێنی ماڵ، دواڕۆژی مێردەکەیی و هەروەها پاشەڕۆژی کاوە و کەماڵی کوڕیەتی، بۆیە وەک رابردوو هێمن و ئارام نەماوە و ناتوانێ بە سەر توڕەبوونەکانیدا زاڵ بێ. ئەو رۆژانە لە بەر زۆربوونی خەمەکانی لە حەوشەی ماڵ دادەنیشێ و وێڕای لەیلای کچی بە قسەوباسی جیران و خزمان خەمەکانی بەبادا دەکات. ناوبراو بە لەیلا دەڵێ، رۆڵە رۆژانێک بیرم لە دیتنی تۆ و کەماڵ دەکردەوە، کە وەک کچ و کوڕانی شار ژیانێکی سادە و ماڵێکی بچووک بۆ خۆتان پێکەوە دەنێن. خەونەکانم وەک سەهۆڵی بەر هەتاوی هاوین دەتوێنەوە و خەریکە رۆژگار لە بەر چاوەکانم دەگۆڕێ. کچی خۆشەویستم، ئەمڕۆ کەماڵ دوورە و ئەوانی دیکەش خەریکە بەرەو قوژبنێک دەڕۆن و لە کۆتاییدا دەبێ خۆمان سەر بە یەکەوە بنێین. لەیلا دڵخۆشی دایکی دەداتەوە، کە رۆژانی خۆش زۆر ماوەن و نیگەرانی ناوێت. خوا پشت و پەنا بێ و بابم و کاکم سڵامەت بن، من هیچی دیکەم ناوێ و ئێوە بۆ من هەموو سامانێکن.

مام کەریم رۆژی دوایی مشووری ئەسپەکەی دەخوات و پاش کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکان ئەسپەکە بۆ ناڵکردن بۆ لای وەستا رەحیمی ناڵبەند دەبات. وەستا رەحیم بە دیتنی مام کەریم و ئەسپەکە سەرسوڕما دەپرسێ، مامە کەریم ئەوە خەریکی چی؟ مام کەریم جنێوێک بە زەمانە دەدات و باسێک لە دژوارییەکانی ژیان دەکات، کە لە بەر نەبوونی کاروکاسبی دەستەوداوێنی ئەسپ و کاروان دەبێ. وەستا رەحیم ئەسپەکەی بۆ ناڵ دەکات و چاوێک لە ددان و چۆنیەتی دەست و لاق دانانی دەکات و پیرۆزبایی لە مام کەریم دەکات. مام کەریم ٦٠ تمەنێک دەداتە وەستا رەحیم و پاشان بۆ سووککردنی خەمەکانی وردە غارێک بە ئەسپەکە دەکات و بە رێگای دۆڵتانچکدا هەتا باغی مەلا خالید دەڕوا و دەگەڕێتەوە. پاش گەڕانەوە بۆ ماڵ مام کەریم لە گەڵ ژن و منداڵەکانی دادەنیشێ و دڵنیایان دەکاتەوە، کە ناوبراو تەنیا لە بەر ژیانی خێزانەکە ئەو رێگایەی هەڵبژاردوە. مام کەریم لە گەڵ کۆمەڵێک لە کاروانچیەکان رێکدەکەون و خۆیان بۆ سەفەری قەڵادزێ ئامادە دەکەن. کاروانچیەکان سەماوەر، خەنە، پستە و و کەل و پەلی دیکەی ئێرانی بۆ بازاڕەکانی ئەو دیو دەبن و چا، برینج، جگەرە، سابون و زۆر شتی دیکە دێنەوە. مام کەریم بۆ یەکەمجار چاو لە کاروانچیەکانی دیکە دەکات و خەنە دەکڕێ. ئەوان ٦ کاروانچی دەبن و لە ماوەی حەوتوویەکدا دەچنە نیزیک قەڵادزێ و لە ئۆردوگای بەستەستێن کاڵاکانیان دەفرۆشن و کەلوپەلی پێویست بۆ بردنەوە دەکڕن. بەشێک لە کارونچیەکان خەڵکی گوندن و مام کەریم و خدری پیرۆتی لە شار دەژین، بەڵام زۆربەیان لە گەڵ یەکتر جۆرە ناسیاوەتی کۆنیان هەیە. لەو سەفەرەدا کاروانچیەکان دڵخۆشن، چوونکە خێرێکی باشیان لە کاڵاکان کردوە و بە سڵامەتی گەڕاونەوە ماڵی خۆیان.

مام کەریم و خدری پیرۆتی لە سەر ئەو باوەڕەن، کە هەتا زستان نەهاتوە باشترە لە درەنگانی ئەو پاییزەدا سەفەرێکی دیکەی کوردستانی گەرمێنێ بکەن و پارەیەک بۆ ماڵ و منداڵان پەیدا بکەن. مام کەریم بۆ ئەو کاروانە بارە سەماوەرێک، خدری پیرۆتی بارە پستەیەک و ئەوانی دیکەش هەر کەسە بە گوێرەی ویستی خۆی کاڵایەک دەکڕێ. لە وەرزی سەرماوەزدا بە بناری چیاکاندا هەڵدەگەڕێن و دادەگەڕێن و سەرئەنجام بەرەو پێدەشتەکانی پشدەر شۆڕ دەبنەوە. زۆربەیان دڵخۆشن و پێشبینی خێر و قازانج دەکەن و بیر لە رووداو و کارەساتی ناخۆش ناکەنەوە. لە دیوی پشدەر هەواکەی زۆر سارد نییە و پاش چەند قۆناخێک دەگەنە ئۆردوگای بەستەستێن و لە یەکێک لە ماڵەکان بە ناوی مام حەسەنی ئاڵان بارگە و بنە دەخەن. هەر کام لە کاروانچیەکان دیارییەکی بۆ ماڵی مام حەسەنیی و هەروەها منداڵەکانیان بردوە. کاروانچیەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ماڵانە بڕە پارەیەک دادەنێن. رۆژی دواتر کەلوپەلەکان دەفرۆش و خۆیان بۆ گەڕانەوە ئامادە دەکەن. مام کەریم و خدری پیرۆتی راسپێراون، کە جگەرە و سیگاری ئەمریکی و رۆژئاوایی بۆ ناسیاوێک بکڕن. ئەوان لە بازاڕەکاندا بە دوای جگارەکاندا دەگەڕێن بە دوو رۆژان بارەکانیان تاقەت و ئامادە دەکەن. بەرەبەیانیەکی زوو لە ماڵی مام حەسەن دەردەکەون و بە هەزار خەیاڵ بەرەو جەرگەی ماڵ و منداڵەکانیان بەڕێدەکەون، بەڵام لە دەرەوەی ئۆردووگا تووشی ژمارەیەک چەکداری کوردی باشوور دەبن. چەکدارەکان خۆیان بە چەکداری رێژیمی بەعس دەناسێنن و پاش ماوەیەکی کورت کاروانچییەکان دەپشکنن. سەرۆک جاشەکان چەکدارەکانیان رادەسپێرن، کە بارەکان لە وڵاخەکان بکەنەوە و دواتر ئەو کەسانە بەرنە ماڵەکەی و چەند رۆژێکی دیکە ئەوانە دەکەمە پاروویەکی چەور. کاروانچییەکان لەو کردەوەیە چەکدارەکان توڕەن، بەڵام ناچارن کە هێمنانە داوایان لێبکەن ئازادیان بکەن و بارەکان بۆ خۆیان هەڵگرن، بەڵام پاڕانەوە سوودی نییە. جاشەکان بە کاروانچییەکان پێدەکەنن و دڵنیایان دەکەنەوە، کە مەترسیان لەسەر نییە و دوو یان سێ رۆژ رایاندەگرن و دواتر ئازادیان دەکەن. مام کەریم لەو شەوەدا بیری قسەی هاوسەرەکەی دەکەوێتەوە، کە زۆر جاران دەیگوت، کەریم ئەتۆ و کاروانیان نەگوتوە. ئەگەر تۆ بەڵایەکت بەسەرهات، ئەمن و کچەکان روو لە کوێ بکەین؟ مام کەریم بێدەنگە و دوو جارێک بە جاشەکان دەڵێ، کە ماڵ و منداڵی وردن و کەس نییە، کە ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکان بەئەستۆ بگرێ، بۆیە پیاوی چاک بن و ئازادیان بکەن. جاشەکان و چەکدارە کوردەکانی سەر بە رێژیمی بەعس دڵڕەقانە بارەکان دەخەن و ئەسپ و هێسترەکان لە دۆڵێکی نیزیک دەبەستنەوە و دواتر مام کەریم، خدری پیرۆتی، رەحمان، عەبدوڵڵا، برایمی مەلای و رەسووڵی بە دەست بەستراوی بۆ یەکێک لە ماڵەکانی ئۆردوگا دەگوازنەوە. پاش دوو رۆژ مانەوە لە ژوورێکی داخراودا، یەکێک لە کاروانچییەکان، کە ناوی رەسووڵە و تەمەنی زۆر منداڵە لە ژوورەکە دێننە دەر. دواتر ئەسپ و هێسترەکانی دەدەنەوە و دەڵێن، لە گەڵ کاروانی بگەڕێوە ئەو دیو و بە ماڵ و منداڵی کاروانچییەکان بڵێ، کە خوا گەورەیە و هەموو ساغن. رەسوڵ لە گەورەیی رووداوەکە تێناگات و ناچارە ئەمرەکان جێبەجێ بکات و بە نابەدڵی ملی رێگا دەگرێ. ئەو وەڵاخەکان بە ئاوسار لە یەکتر دەبەستێتەوە و بەمجۆرە بە دوای یەکتردا دەڕۆن و کۆنتڕۆڵکردنیان ئاسانترە. وەڵاخەکان سووکەبارن و تەنیا کورتان و تێڕەیەکان لە سەر پشتی خۆیان هەڵگرتوە و بۆ گەڕانەوە لە سەر لاقن. ئەوان هەڵگری خەمی گەورەن و پەیامی تاڵی رۆژگاریان پێیە.

کە رەسووڵ لە ژوورەکە دەچێتەدەر، مام کەریم و ئەوانی دیکە دەزانن، کە لە داوی زۆڵە کوردان کەوتوون و بە ئاسانی رزگاریان نابێ. مام کەریم، لەو دوو شەو و ڕۆژەدا بە هاوڕێ کاروانچییەکانی دەڵێ، ئێمە چەندە هەژارین و ناتوانین کاسبیەکی حەڵاڵ و ئازاد بکەین. بە دەستی چەکدارەکانی بە ناو شۆڕش یان جاشەکان دەگیرێین و ژیانمان لە مەترسی دەکەوێ. خدری پیرۆتی لە تەنیشت مام کەریمی دانیشتوە و لە دڵەڕاوکەی تەواودا نوقمە، جۆری دانیشتنەکەی دەگۆڕێ و لە هاوڕێکانی دەپرسێ، ئێمە دەبی چ چارەنووسێکمان هەبێ ؟ ئەو کاروانچیانە پڕن لە خەم و زۆربەیان ژن و منداڵی سەروپێچکەیان هەیە. رەحمان هەرچی جنێوی کوردەوارییە و لە فەرهەنگی کورداندا هەیە بە جاش و چەکدارەکانی دەدات. ئەوان هێندێک جار لە ماڵی مام حەسەنی بەگومانن و ئەوان تۆمەتبار دەکەن، چوونکە جاشەکان بە تەواوەتی ئاگاداری ژمارەی ئەو کاروانچیان بوون و تەنانەت کاڵا و کەلوپەلی سەر پشتی وەڵاخەکانیان دەزانی.

پێنج کوردی کوێستان، کە بۆ پەیداکردنی نان و بژیوی ژیان سنوورە دەستکردەکانیان بڕیوە، ئەمڕۆ بە دەستی بازرگانانی کورد و کوردە سیخوڕەکانی قوتابخانەی نیشتمانفرۆشی لە ژوورێکدا بەندکراون. چەندە تاڵە کوردەکان بە دەستی کوردەکان لە پێناوی ورگ و پارەدا بە بارمتەبگیرێن و دواتر رادەستی چەکداری دوژمن بکرێن. یەکێک لە جاشەکان بە چەکەوە دەرگا دەکاتەوە و پۆشاکێکی سەربازی ئێرانی دەداتە مام کەریم و کاروانچیەکانی دیکە و ئەمر دەکات، کە جلوبەرگی خۆیان بگۆڕن و بیخەنە ناو کیسەیەکی نایلۆن. کوردە کاسبکارە بەندکراوەکان لەو فرت و فێڵەی جاشەکان ناگەن و بیر لەوە ناکەنەوە، کە لە سەر دەستی چەند جاشێکی جەمەدانە لە سەر و پۆشاکی کوردی لەبەر تووشی چ رۆژگاریکی تاڵ دەبن. عەبدوڵڵا لە کاتی گۆڕینی جلەکاندا بە دەنگ جنێوێک بە دایکی جاشەکان دەدات و دەڵێ، خۆ مردن باوکی هەمووانە. چەند جارێک باسی کولتوری خۆفرۆشی کوردان بە نەتەوە سەردەستەکان دەکات. لە پڕ یەکێک لە جاشەکان بە قۆنداخەی چەکەکەی لە عەبدوڵڵا دەدات، بەڵام عەبدوڵڵا وازناهێنێ و هاواردەکات، کە ئەگەر بە حەڵاڵی لە دایکبوون، بۆچی ئەوانیان لەو ژوورەدا بەند کردوە و جلی عەسکەری ئێرانیان لەبەر دەکەن؟ پاش ماوەیەک ئوتۆمبیلێکی کوردە فورسانەکان لە بەر دەرگای ماڵ رادەوەستێ و جاشەکان بە پەلە مام کەریم، رەحمان، عەبدوڵڵا، خدری پیرۆتی و برایمی مەلای دەبەنە دەر و سواری ئوتۆمبیەلەکە دەکەن. سەرۆک جاشەکان، کە وەک بازرگانێک لە کوردە هاودین و هاوزمانەکانیان دەڕوانێ، چاوێک لە سەر و روخساری گیراوەکان دەکات و دواتر بە یەکێک لە جاشەکان دەڵێ، حەمەد سەرتان بۆ سفر کردبان. حەمەد بە شۆفیری ئوتۆمبیلەکە دەڵێ، کە بۆ ماوەی نیو کاتژمێرێک بچنە ماڵی کوڕە خاڵەکەی و لە حەوشەدا چاوەڕێ بکەن، هەتا سەرتاشێک پەیدا دەکات و بە پەلەی دەیهێنێ. حەمەد لە بازاڕی بەستەستێن خۆی بە سەرتاشخانەیەک دادەکات و داوای سەرتاشێک دەکات، کە بە بە مەکینەی سەرتاشین بۆ نیو سەعاتێک لە گەڵی بچێ. یەکێک لە بەردەستەکانی یاسین سەرتاش بە ناوی سەلاح لە گەڵ حەمەد دەڕوا و پاش ماوەیەک لە حەوشەی ماڵی کوڕە خاڵەکەی دادەبەزن . حەمەد بە سەلاح دەڵێ، قژی ئەو پێنج کەسە سیفر بکە و پێویست ناکات قسەیان لە گەڵدا بکەی. پارەی خۆت وەردەگریی و لە سەرتاشخانەی وەستا یاسین باسی ئەو کارە ناکەیت. سەلاح کە تازە کارە و دەستی هێشتا وەک سەرتاشە خاوەن ئەزموونەکان ناجوڵێن، قژی ئەو پێنج پیاوە کوردە چاک دەکات. لە کاتی چاککردنی قژی عەبدوڵڵادا سەلاح دەبیستێ، کە عەبدوڵڵا زمانی توند و زبر بەکاردێنێ و دەڵێ: “زۆڵە کوردی جاش چارەنووس چ لێدەکات. شەرتە لەو رۆژگارە رزگارم بێ، ئاوی ئەو خاکە ناخۆمەوە هەرگیز چاوم بەو ناوچە و مەڵبەندانە ناکەوێتەوە. خۆزگە دوو کەلیمە سەوادم دەبوو، قورئان بە حەقەت و بە ساحبت شەو و رۆژ لە سەر خەراپە و خۆفرۆشی ئەو کوردانەم دەنووسی. ئەتۆ هێندە حەرامزادە بن، کوردی هاودین و هاوزمانت بگریت و بەزۆر لە ماڵ و منداڵەکەی دایبڕیت”.

پێنج کاسبە کوردەکە لە خۆیان، خوایان و رۆژگارەکە دەهرین و نازانن پەنا بۆ کام دەسەڵات ببن. ئەوان بۆ مامەڵەیەکی ناپاکانە ئامادە کراون و جاشەکان بە ناوی سەرباز و عەسکەری گیراوی ئێرانی بە بەرپرسانی رێژیمی بەعس دەیانفرۆشن. بۆ ئێوارە رەوانەی یەکێک لە بنکەکانی رێژیمی بەعس دەکرێن و جاشەکان بە ناوی دیلی شەڕ رادەستیان دەکەن. چەکدارە کوردەکانی بەعس قوڕێک بۆ کوردە کاسبکارە بێتاوانەکان دەگرنەوە، کە بە ئاسانی لێی دەرناچن. ئەوان لە بەندیخانەی ئیستخبارات بە کابڵ و کەلوپەلی دیکەی نیوەگیان دەکرێن. عەڕەبەکان وەک عەسکەر و سەربازی گیراوی شەڕ هەڵسوکەوتیان لە گەڵ دەکەن و رۆژ لە رۆژ بارودۆخەکەیان تاڵتر دەبێ. یەکەم ئێوارە سەموونیکی رەقیان دەدەنێ و لە ژووریکی تەڕ و تاریکدا رایاندەگرن. مام کەریم و هەموو کاسبکارە کوردە بەندکراوەکە کە چاو لە خۆیان دەکەن، هەناسەیەکی قوڵ هەڵدەکێشن و دەپرسن، بە کام شەرع و قانون ئێمەیان تووشی ئەو دۆخە تاڵە کردوە. پێکەوە ساغدەبنەوە، کە بەیانی داوای وەرگێڕی زمان بکەن و چیرۆکی خۆیان بە کورتی بگێڕنەوە، بەڵام گوێیەک بۆ بیستن شک نابەن. بەیانی بە لێدان و پێدادان پێشوازیان لێدەکەن و دەرفەتێک بۆ قسەکردن نییە و هەر کاتێک یەکێک لەوان قسە دەکات، بە کابڵ و دار بەردەبنە سەر و گوێلاکیان. ئەو رۆژە لە قەڵادزێ بۆ رانیە رادەگوازرێن و کەیسێکی گەورەیان لەسەر ئامادەکراوە. لە یەکێک لە بنکەکانی بەعس لە رانیە هەتا ئێوارە رادەگیرێن و لەوێش وەک قەڵادزێ جەستەیان بە لێدان رەش و شین دەکرێ. ئێوارە پاش پێدانی سەموونێک بە ئۆتۆمبیلێکی عەسکەری بەرەو کەرکوک رەوانە دەکرێن و سەرئەنجام دەبرێن بۆ زیندانەکانی دەوروبەری بەغدا. مام کەریم، رەحمان، عەبدوڵڵا، پیرۆت و برایمی مەلای پاش ماوەیەک دەزانن، کە بەندیخانە مەڵبەندی ژیانە و دەرەوەی بەندیخانەیان لەبیر دەچێتەوە. بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ئاگاداری ماڵ و منداڵ نابن، بەڵام دواتر لە ریگای خاچی سووری نێودەوڵەتی نامە و نووسراوە لە نێوان ئەوان و منداڵەکانیاندا ئاڵووگۆڕ دەکرێن. ئەوان لە سەر بناخەی ئەو قوڕەی کە جاشەکان لە پشدەر بۆیان گرتبوونەوە وەک دیلی شەڕ ناویان تۆمار دەکرێ. چارەنووسیان بە دوارۆژی شەڕی نێوان ئێران و عێڕاق بەندە و بە زۆرەملی خراونە ژێر پاڵەپەستۆی بارودۆخێکی دژوار و پڕ لە ژان. چیرۆکی کاسبکارە گیراوەکان ئەوەندە تەمومژاوەییە، کە بەرپرسانی بەعس ئامادە نین گوێ بۆ مەزڵومییەتی ئەو کەسانە بگرن، کە بۆ گیرڤان و ورگی چەند خۆفرۆش و فورسانێکی کورد، جلی عەسکەری ئێرانیان لەبەر کراوە و فرۆشراون. عەبدوڵڵا لە ژێر شەللاقی بەعسییەکاندا هاوار دەکات و بۆ خۆڕاگری لە بەردەم لێدان و پێدادانی پیاوی بەعس و بەندیخانە جنێوی تایبەتی بە کورد و جاشەکان دەدات. ئەوانی دیکە، بە بێدەنگی پێشوازی لەو لێدان و شەق و پێلاقانە دەکەن، کە لە سەر دەستی کوردە چەکدارە نیشتمانفرۆشەکان بۆتە پشکیان. ئەوان جەستەیان بۆتە هەڵگری چیرۆکێکی خەماوی و شکانی دەست و لاقیان لە ژێر پۆستاڵی بەعسیە هاربوەکان لە دەفتەری بیرەوەرییەکانی چواردیوارییەکانی بەندیخانەدا تۆمار دەکرێ.

b_300_220_16777215_00_images_ADABOHUNAR_karwanchi.jpgبنەماڵەی کاروانچییە کاسبکارەکان لە نەگەڕانەوەی پیاوەکانیان نیگەرانن. رەسووڵ بە تەنیا لە گەڵ وڵاخی کاروانچییەکان دەگەڕێتەوە، کە بۆ بنەماڵەکانیان پڕە لە ژان. ئەوان لەو چیرۆکە ناگەن و گێڕانەوەکانی رەسووڵ دڵ و مێشکیان ئارام ناکاتەوە. ماڵی مام کەریم و خدری پیرۆتی لە سەردەشتن و ماڵی ئەوانی دیکە لە گوند، بۆیە چیرۆکی گیران و چۆنیەتی رووداوەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت و دەنگۆی جۆراوجۆر بڵاودەبنەوە. رۆژانە لە موسافیرخانەی حیکمەت و هەروەها لە بازاڕی شار خزمانی گیراوەکان بە شێوازی جیاواز ئەو بابەتە تەتەڵە دەکەن. بەشێک لە خزمەکانیان پەنا بۆ حیزبی دێموکڕات دەبەن و داوایان لێدەکەن، کە بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانە یارمەتیدەر بن. بەرپرسانی حیزبی دێموکڕات بنکەی پێوەندیان لە قەڵادزێیە، بەڵام ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئەو دیلکراوانە کارێکی ئاسان نییە. بەرپرسی بنکەی قەڵادزێ لە سەر داوای بەرپرسانی حیزبی بە شێوازی سەرەتایی هەواڵی ئەو کاروانچیانە دەپرسێ و ناوەکانیان دەداتە بەرپرسانی رێژیم لەو شارە، بەڵام هەرچی دەگەڕێن و سۆراغ دەکەن هیچ سەرداوێکیان بۆ ئاشکرا نابێ. زارا و هاوسەری خدری پیرۆتی کە لە شار دەژین بە چاپۆکان بە سەری خۆیاندا دەدەن و توک و دوعایان لە دار و بەرد دەکەن. هاوسەری خدری پیرۆتی دوو منداڵی پێنج ساڵە و شەش ساڵەی هەیە و بە زارایە دەڵێ، خۆزگە منداڵەکانم گەورە دەبوون و لە خەم دەڕەخسان. زارای مام کەریمی، بە مریەمی خدری دەڵێ، براژن بە خودای، هەر قامکە خوێنی خۆی لێدێ و منداڵ هەتا گەورەتر بن خەمیان زۆرترە. ئەوە چەند مانگە ئاگام لە کەماڵی کوڕم نییە و ئەویش خودا دەزانێ حاڵی چۆنە. زارا و مەریەم خزمێک رادەسپێرن، کە لە زووترین کاتدا ئەو وەڵاخە سەرەخۆرەیان لە کۆڵ بکەنەوە و بە نرخێکی گونجاو بیانفرۆشن. ئەو رۆژانە وڵاخی سواری یان باری داخوازیان زۆرە و نرخەکانیان چۆتە سەرێ. لە ماوەیەکی کەمدا ئەسپەکەی مام کەریم و خدری پیرۆتی بە نرخیکی گونجاو دەفرۆشرێن و پارەکەیان دەدرێتەوە زارا و مریەم. لەیلا، شیرین و کاوە رۆژانە بە بیستنی چیرۆکە جیاوازەکان کوڵی دڵیان هەڵدەستێ و پاش گریان و هەنسکدان ئارام دەبنەوە. زارا کە خەڵک و خزم لە ماڵ دووردەکەونەوە بە منداڵەکانی دەڵێ، رۆڵە چۆنم دەزانی، کە خوا یەکە، ئاوا دەمزانی کە کەریم دانامەزرێ و تووشی ئەو رۆژگارەمان دەکات. ناوبراو جاروبار بۆ مێردەکەی چاوی پڕ دەبن لە فرمێسک و دەستەکانی بەرز دەکاتەوە و بەمجۆرە دەپاڕێتەوە” خودایە، ئەو جاش و کوردە زۆڵانەی پیاوەکانیان لێ ئەستاندین ریسوا بکەی و رەحم بە خۆیان و منداڵەکانیان نەکەی. یا ئیلاهی، بۆ خاتری پێغەمبەری ئاخیر زەمانی، جەرگیان کون کون کەی و ئارام و قەراریان لە ماڵێ نەهێڵی. خودایە، بۆ خاتری قورئانی پیرۆز ناوی جاشە خۆفرۆشەکان لە دەفتەری خۆتدا رەش کەیتەوە و قەت خێر و خۆشی لە خۆیان نەبینن”.

مریەم زۆر رۆژان بۆ شکاندن و رەوینەوەی خەمەکانی دەچێتە لای ماڵی زارا. ئەو لە گەڵ لەیلا و شیرینی کچی مام کەریم کاتەکان تێپەڕ دەکەن و پێکەوە بە گێڕانەوەی بیرەوەری لە مام کەریم و خدری پیرۆتی ساتێک دەگەڕێنەوە بۆ رابردوو. رۆژانە پێکەوە خۆزگە دەخوازن، کە لە داهاتوویەکی نیزیکدا جاریکی دیکە بە دیدار یەکتر شاد ببنەوە. وڵات نوقمی شەڕە و بنەماڵەکان وەک پێویست ناتوانن یارمەتی یەکتر بدەن، بەڵام گیانی هاوکاری نێوان خەڵک باشە و لەو وڵاتەدا مرۆڤ لە برسان نامرێ. هەموو کەس سەرپەنایەکی هەیە و لە ژێر باران و بەفردا کەس نەکەوتوە، بۆیە تاکەکان باوەڕیان بە درێژدان بە ژیان زۆرە. زارا و مریەم بیر لەوە دەکەنەوە، کە ئەوان بۆ منداڵەکانیان وەک دایک و بابن و نابێ منداڵەکانیان هەست بە نەبوون یان دووربوونی بابیان بکەن. مریەم هەموو ڕۆژێک دێتە ماڵی مام کەریمی و بە کچەکان و پورە زارای دایکیان دەڵێ، دڵم بەوە خۆشە، کە دڵنیابین پیاوەکانمان زیندوون و رۆژێک بە سڵامەتی دەگەڕێنەوە. ئێمە خەمی ئەوانمانە، کە لە بەندیخانەی ئەو کافر و بێ دینانەدا نەمرن. ئێمە لە وڵاتی خۆمانین و نان و ئاوێک بۆ ژیان دەستەکەوێ. زارا لە گەڵ لەیلای کچی بیر لە کارێک دەکەنەوە، کە بتوانن بژیوی ماڵ پەیدا بکەن. ئەوان نانکردن بۆ خەڵک و هەروەها کردنەوەی دوکانێکی بچووک لە حەوشەی ماڵ بە رێگا چارە دەزانن. وەرزی زستان دەستی پێکردوە و مانگی بەفرانبار رێژەیەکی زۆری بەفری لە بن باڵی هەورەکاندا حەشارداوە. زستان بۆ هەژاران ورزێکی دژوارە، چوونکە گەرم داهێنانی ماڵ و هەروەها بوونی پارەی پاشەکەوت بە دوو مەرجی سەرەکی ژیانێکی ئاسایی پێناسە دەکرێن. نەوت وەک سووتەمەنی بە دژواری دەستدەکەوێ و وزەی بەرق و کارەبا ئەوەندە بەتەوژم نییە، کە بۆ گەرم داهێنانی ماڵ سوودی لێوەرگیرێ. بەشێک لە خەڵکی شار دار لە گوندنشینەکان دەکڕن، کە بە کۆڵ یان بە شێوازەکانی دیکە لە دارستانەکانی دەوروبەری گوندەکان بۆ شاریان دێنان. ژماریەک لە خەڵک و بە تایبەت کوڕ و کچەکان پێکەوە دەچن بۆ دەرەوەی شار و لە وەرزی هاوین و سەرەتای پاییزدا کۆلکەدار و چیلکە کۆدەکەنەوە و بە کۆڵ بۆ ماڵەوە رایاندەگوازن. ژمارەیەک لە ماڵەکان لەو بارەوە بارودۆخیان باشە و لە حەوشەی ماڵدا قۆریەداریان هەڵناون و لە سەرمای زستان ناترسن.

شەڕی چەند مانگی رابردوو خەسارەتێکی زۆری لە ژینگە و خەڵکی کوردستان داوە، بەڵام رێژیم لەو شەڕانەدا زەبری کاریگەری بەرکەوتوە. هاتنی وەرزی زستان بە مانای خاوبوونەوەی شەڕەکان و دەستپێکی قۆناخی سڕبوون و خۆئامادەکردن بۆ بەهاری داهاتوویە. پێشمەرگەکان لەو وەرزانەدا ئیمکاناتیکی کەم و زۆر سەرەتاییان هەیە، بۆیە بەشێک لە چیاو و ناوچە بەرزەکانیان لە وەرزی سەرمادا چۆڵ دەکرد. رێژیم لە ماوەی رابردوودا زۆر ئەزموونی کۆکردۆتەوە و شارەزای چۆنیەتی شەڕی پێشمەرگەیە، بەڵام چەکدارەکانی بە ئاسانی ناتوانن زانیاریی و رێنوێنیەکانیان لە مەیدانی شەڕ لە گەڵ پێشمەرگە کوردەکاندا پەڕاکتیزە بکەن. شارەکان شەوان لە کۆنتڕۆڵی رێژیمدا نین و پێشمەرگەکان بۆ هەرکام لە شارەکان دەتوانن بە ئاسانی بچن و عەمەلیاتی گەورە و بچووکی تێدا بەڕێوەبەرن. بەشێک لە شار و شارۆچکە و زۆربەی گوندەکان هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵی رۆژانەی پێشمەرگەدان، بەڵام هەموو لایەک دەزانن کە هێزەکانی رێژیم هەنگاو بە هەنگاو ناوچەکان داگیر دەکەن و هێزە کوردییەکان توانای شەڕی مەیدانی گەورەیان وەک جاران نامێنێ. پێشمەرگەکان رێکخراو نین و پێویستیان بە پەروەردەی نیزامی، سیاسی و زۆر بواری دیکەیە. ئەنجامدانی ئەو کارانە بۆ پارتە کوردییەکان ئاسان نییە، چوونکە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان پێویستیان بە ئامادەکردنی مامۆستا بۆ گوندەکان و هەروەها ئیدارەکردنە، کە کات و وزەی خۆی دەوێ.