ناوی کەریم مەعرووفزادە هەروا بە بەرزی و لە لووتکەی چیا دا دەمێنێتەوە.

کۆچی دوایی مامۆستای قوتابخانە و شاخەوانی بەناوبانگ کاک کەریم مەعروفزادە. بە پێی هەواڵ ڕۆژی ٠٢ ـ ٠٣ ـ ٢٠١٨ لە کاتێک دا شاخەوانی بەناوبانگی کورد کاک کەریم مەعروفزادە لەگەڵ پۆلێک لە شاخەوانانی دیکەی هاورێی لە تاران لووتکەی “توچاڵ” یان دەبڕی بەداخەوە بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لە دەست دا.

کاک کەریم مەعروفزادە لە ساڵی ١٣٤٦ ی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە دایک بووە و قۆناخەکانی خوێندنی بە سەرکەوتوویی برێوە و وێرای خوێندن حەزی لە وەرزش و یاری بووە و هاوکاتیش دوای تەواو بوونی خوێندن وەک مامۆستای قوتابخانە لە شاری سەردەشت وانەی بە قوتابیان گوتۆتەوە. ناوبراو مرۆڤێکی خۆشەویست و لەبەر دڵان بووە و یەکێک لە شاخەوانە ناودار و چالاکەکانی شاری سەردەشت بووە و دواتر بە هۆی شارەزایی و لێزانی و هەڵسووری لە وەرزشی شاخەوانی دا وەک سەرپەرەستی گروهی شاخەوانی سینا هەڵدەبژێردرێ . دوای ئەوە ناوی سینا دەگۆردرێ و دەبێتە گروپی شاخەوانی ڕێژین، دیسان کاک کەریم بە گوڕ و تینێکی دیکەوە قۆڵی هیممەت هەڵدەماڵێ .

b_300_220_16777215_00_images_KOMALAYATI_karim.jpgکاک کەریم لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دا وێرای شاخەوانەکانی دیکە دەیان لووتکەی بەرزی کوردستان و ئێران و هەرێمی کوردستانیان بە بۆنەی جۆراجۆرەوە بە سەربەرزی بریوە. بە گشتی نەمر کەریم، خەڵکی لە هەموو چین و توێژەکان لەگەڵ سرووشت و دەنگی مەل و باڵندە، لەگەڵ هاژەی چەم و ڕووبار ، لەگەڵ سەوزی و چڕوپڕی دارستان ، لەگەڵ بەفر و باران و تەم‌ومژ و ساو دا ئاشت کردەوە و وەک چالاکڤوانێکی مەدەنی دەستی بە هەموو کارە گروهی‌یەکانی شاری سەردەشتەوە دیار بوو.

کاک کەریم وێرای کاری مامۆستایەتی و وەرزش، هاوکات لە باری ژینگە پارێزی‌یەوە مرۆڤێکی چالاک و هەڵسوور بووە، گرووپی شاخەوانی سینا لە ڕێوڕەسمەکانی شەهیدانی شیمیابارانی هەڵەبجە و شاری سەردەشت و شیمیابارانی گوندی زەردەی کرماشان دا بەشداریان کردووە و چالاکی جۆراوجۆریان نواندوە و هاوکاتیش کاک کەریم بۆ کۆکردنەوە یارمەتی بە شەنگال و ڕووداوەکانی باشوور و بە تایبەت بە بەرکەوتووانی بوومەلەرزی ئەم دوایانەی کرماشان و ئیلام ڕۆڵی سەرەکی گێراوە. زۆرجار بە هاتنە سەر شەقام و کاری سیمبولیک توانیویانە کە کاری گەورە و خەڵک پەسەندانە بەرێوە بەرن.

شایانی باسە کە کاک کەریم هەستێکی نەتەوەیی و کوردپەروەرانەی هەبووە و لە زۆر بواردا خزمەتی جۆراوجۆری بە کورد و بە ناساندنی کورد لە ڕێگای کارەکەیەوە کردووە و ئەوەش کاک کەریمی لە نێو خەڵک و بە تایبەت دانیشتوانی شاری سەردەشت دا خۆشەویست کرد بوو، مخابن ئەمرۆ دوای ماوەیەک خزمەتی بەرچاو و ماوەیەک لووتکە بڕین و بە سەر چیا دا ڕۆیشتن و لە چیادا مانەوە، دڵی لە کار دەوەستێ و بۆ هەمیشە ماڵئاویی لێکردین و بە ڕۆیشتنی خۆی هەموو لایەکی خەفەتبار کرد.

لە ١٣ ی مانگی ڕیبەندانی ئەمساڵدا و لە دوایین چالاکی خۆی و هاورێیانی شاخەوانی دا بۆ مەحکوومیەتی هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین سەردانی چیاکانی سەرخیزان و سپی‌سەنگیان کرد و لەو بەرزایانەوە دەنگی پشتیوانی خۆیان گەیاندە عەفرین.

بەم بۆنەوە لە ناخی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەرێزەکانی مەعروفزادە و ئەمینی و هەروەها گرووپی شاخەوانی و ژینگەپارێزی شاری سەردەشت و بە گشتی هەموو لایەک دەکەم.

زۆر بەداخەوە زوو بوو بۆ کۆچی کاک کەریم. خزمەتەکانی دیار و بەرچاو بوون و لە دڵی هەمووان دا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
رووحی شاد و جێگای بەهەشتی بەرین

حەمەرەسووڵ کەریمی