ئەگەر خۆخۆری ناوخۆی نەبوایە، یەکێك لە دەوڵەتە بەهێزەکانی ناوچە، دەوڵەتی کوردی دەبوو!!
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە درێژایی مێژوو بە دوو ڕێڕەوی ناتەبا و بەتەواوی دژبەیەكدا هەنگاوی خۆی هاویشتووە و هەر بەو هۆیەشەوە مەترسی سیاسی لە سەر بەرخۆدان و دەسکەوتە بەدیهاتووەکانی شۆڕشەکانی کوردستان لە رەوتی مێژوودا دروستبووە و نەبۆتە خاوەنی کیانی سیاسی. هۆکاری بنەڕەتی ئەو بابەتەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژینگەی سیاسی و سروشتی پشتی جەبهەکەی جووڵانەوەی سیاسی کورد هەیە و هەروەك ئاشکرایە زۆربەی هێزەکوردیەکان بە جۆرێك لە جۆرەکان، پەیوەندییان لە گەڵ حکوومەتە داگیرکاریەکانی کوردستاندا هەیە و ئەو هاوکاری و یارمەتیدانەش زۆر بەی کات، بەداخەوە بەگژیەكداکردنی ڕۆڵەکانی گەلی کوردی لە بەشەکانی تری لێکەوتۆتەوە. کاتێك سەیری رووداو و کۆمەڵکۆژیەکانی گەلی عەفرین بەهۆی حکوومەتی تورکیە دەکەین، ڕەنگە باشتر نێوەرۆکی ئەو دێرانەمان بۆ روون بێتەوە و چاکتر لەو بابەتە بگەین. هەیە کورد و خۆی بەکورد دەزانێت، بەڵام بەهۆی نەگونجانیان لە گەڵ سیاسەتی پەکەکەدا، کەوتنی ئەو شارە وەك شکەست و تێك شکانی پارتی کرێکارانی کوردستان وەسف دەکەن و زۆی ئەسەف بۆ ناخۆن!! ئێمەی کورد بەداخەوە هەر بەوجۆرە سیاسەتمانکردوە و ئەو ڕێڕەوە هەڵە و نادروستە هەتا ئەمڕۆش درێژەیی هەیە و بۆتەسەرەتان لە ژیر پێی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا و وەک پێویست نەمانتوانیووە بستێکی وڵاتەکەمان کە ڕزگاریشمانکردبێت، بپارێزین و هاوکاری و پشتیووانیە ناوچە و جیهانیەکان لە بەرژەوەندی دۆزی ڕەوای خۆماندا بەکار بێنین. کەچی بەردەوام ئێمە بوونەتە هێڵی بەرگریکردن لە دەسکەوت و بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکانی زلهێزەکانی گێتی و لە کاتی لازمدا، کێشە و پرسی کورد پشتگوێ خراوە و سیاسەتێکی روونیان سەبارەت بە مەسەلەی کورد نەبووە. سەرکردایەتی سیاسی هەموو بەشەکانی کوردستان پێویستە بە سیاسەت و تێڕوانینی خۆیاندا بچنەوە و چیتر بەدوایی هەست و سۆزی مرۆڤ دۆستی و پاراستنی مافی مرۆڤ و شەڕی ئاشتی جیهانی نەکەون، چوونکی وەك گەمەیەکی دۆڕاو وایە بۆ گەلی کورد. دکتۆر قاسملوو دەڵێت: ئێمەی کورد لەبەر ئەوەی تیرۆرناکەن و بیانەکان بەبارمتە ناگرین و فرۆک نافڕینین، کەس گوێمان بۆناگرێ و ئاور لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیمان نادەنەوە. مێژوویەك بەسەر ئەو دێرەدا تێپەڕ دەبێت و ئێستا زیاتر لە هەموو وەختێك نێوەڕۆکی لێکدانەوەی ڕێبەری مێژووی هاوچەرخی نوێمان بۆ دەردەکەوێت. عەفرین یەکان دژی تیرۆر بوون و لەسەنگەری ڕزگاری و ئاسایشی جیهانیدا بوون، کەچی خۆیان و هەرێمەکەیان بە خەیانەتی ناوچەی و گێتی بە تورکیە و جاشەکانی فرۆشرا. سیاسەتی دژبەخۆی هەر بەوەشەوە کۆتایی نەهاتووە، کاتێك لە هەرێمی کوردستان بڕیاری گشتپرسی درا، بەشێك لە هێزەکانی باشوور کەوتنە بەهانە هێنانەوە و دژایەتی ئەو پرسەیانکرد و زەمینەی ئەوەیان رەخساند هەتا وڵاتانی دەورووبەر کەڵکی زۆر باش لە نارێكی ناوماڵی کورد لە بەرژەوەندیاندا وەرگرن و ئاکامی ئەو سەرکەوتنەگەورەیە، بەرێککەوتنێکی ژێربەژێر و سازانی نامووقەدەس خەریکبوو هەموو شتێك لە دەست بدەین. کورد سیاسەتی دژ بەخۆی زۆر بەهێز و کاریگەرە و ئەگەر تەنیا جارێك بەو رادەیەش کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکەدا هەبوایە و خۆمان بە کۆیلە و پاشکۆیان نەزانیبا و لە دەرفەوت و کاتی دیاریکراودا، لە پشتەوە خەنجەرمان لە پشتی یەکدی نەدابایە، بەدڵنیایەوە، یەکێك لە دەوڵەتە بەهێزەکانی ناوچەیی، کورد دەبوو. سیاسەتی رەخنەگرتن و دەست نیشانکردنی لایەنە بەهێز و نیگەتیڤەکان دەبێت وەك سروشتی سیاسی و ڕێکخراوەی لێکدانەوەی بۆ بکرێ و ئەگەر کەسێك هات و رەخنەی لە حیزبێك یان شەخسێك گرت، نابێت بەجۆرێك پێناسەی بۆ بکرێت کە ئیدی ئەوە دژی کەسایەتی و بیری هێزێکە و هێرشی نەڕەوای بکرێتەسەر. جەوهەری خەباتی نەتەوەیی کە لەسەر هێلی تێکۆشانی بەرینی نیشتیمانی بیناکرابێت، دەرهاویشتەکانیشی زۆر جاران ڕەنگە بە پێچەوانەی خواست و ئامانجی تاکڕەوی و بەرژەوەندی خۆازی کەسێك یان کۆمەڵێك سیاسی پێگە لاواز بێت و، ئەو دەستەیەش کە بەڕێچکەی راستەقینەی جووڵانەوەی سیاسی و نەتەوەیدا هەنگاو دەهاوێژێت، بە هۆی سروشتی ئامانج و بەرنامەی سیاسی و نەتەوەیان، لازمە رسکی سیاسی بکا و دەست بۆ سەربزێوی گەورە ببات و لە دەرفەتی ڕەخساو وەك هەستانەوەیەکی گەورەی نەتەوەی لە پێناوی ئامانجی سیاسی، ئەنجامبدات و ڕەنگە لە کۆتایدا ئەو کردارە بەسەرکێشی نەتەوەییش پێناسە بکرێت. زۆر بە دەگمەن سیاسیەکانی کورد دەستیان بۆ کردەیەکی لەو جۆرە بردوە و، ڕاگەیاندنی حکوومەتی کوردستان لە رۆژهەڵات بە سەرۆکایەتی پێشەوای مەزن و بریاری ڕاپەرینی جەماوەری لە باشوور و ئەنجامدانی گشتپرسی لە ژێرکاریگەری مەسعوود بارزانیدا، نموونەیەکی جوانی سەرکێشی نەتەوەین و مرۆڤ دەبێت شانازی بەو رووداوانەوە بکات کە مێژوویەکی گەشیان هەیە. بکەرەکانی ڕیفراندۆم نموونەی ئەو هزرە سیاسی و نەتەوەیەبوون کە ژیرانە و چاونەترسانە، دواجار بڕیاریان لەسەر ئامانجێکی نەتەوەیدا و بەداخەوە بە هۆی ناکۆکیە نێوخۆیەکان و سیاسەتی دژبەخۆی، پرۆسەکە وەك پێویست ئامانجی خۆی نەپێکاوە، بەڵام ئەو مەسەلەیە درێژەی هەیە و بەسانای باوەرناکەم کۆتای پێ بێت. پاشان وەختێك خەڵکی شاری سنە بۆ پێشوازی لە کاربەدەستانی پلەبەرزی حکوومەتی ئاخوندی بێنە سەر شەقام و لە سەفی پێشوازیدا دەربکەون، بەمانەی سیاسەتی هەڵەی هێزە کوردیەکانی ئەو بەشە و یانیش چ خەتایەکێ حیزبی دێمۆکراتی تێدایە! کاتێك لە ئامەد بە شێوەی بەربڵاو پێشوازی لە ئەردۆغان دەکرێت، بەجێ نیە هۆکاری ئەو پێشوازییە بۆ هیزێکی تێکۆشەری کورد بگێڕینەوە و خەتایەکەی بخرێتە گەردنی لایەنێکی دیاریکراوی کوردستانی باکوور. جائەگەر ئەوە بکرێتە پێوەر بۆ دەست نیشانکردنی خۆشەویستی یان دژایەتی هێزێکی کوردی لە بەشەکانی کوردستاندا، رۆژهەڵاتیش و باشووریش ئەو رووداوانەی بەسەردا تێپەڕبووە. ئەو خەڵکەی کە بەو شێوەیە لە پێشوازی داگیرکەرانی وڵاتەکەیاندا، دەوەستن، بەشێکیان بەزۆر و بەهۆی کۆمەڵێك بەرژەوەندی و بژیوی ژیان و ئاسایشی کۆمەڵایەتیان ئامادەی ئەو جۆرە بۆنە و کۆبوونەوە پڕ لە دەردی سەری و سەر ئێشیە دەبن. ئەگینا بە ئارووزویان بێ هەرگیز لەو شوێن و جێگایانەدا ناوەستن و کەس شانازی بە خۆدەرخستنی ناکات.
محەممەد سلێمانی
19.03.2018