پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

هاونیشتمانە بەڕێزەکان!  کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئەندامان، کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان!

ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بە هەموو خۆشی و ناخۆشی و ڕووداوە تاڵ وشیرینەکانییەوە گەیشتە کۆتایی و لەسەری ساڵێکی نوێدا، نەورۆزی کوردەواری هاتەوە.

نەورۆز جێژنێکی کۆنی کوردان و گەلانی دیکەی ناوچەیە و سەرەتا بەم بۆنەیەوە و لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکەم. هەروەها لەگەڵ پیرۆزبایی تایبەت لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکان، سڵاو دەنێرم بۆ ئەو ڕۆڵە لەخۆبووردوو و ئازایانەی نەتەوەکەمان کە لە پێناوی ڕزگاریی گەل و وڵاتەکەیاندا، کەوتوونە نێو بەندیخانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بە لەش و ڕووح ئازار دەکێشن. ئەوان سیمبۆلی خۆڕاگرین و ئێمە لە بەرامبەر فیداکاری و خەباتیاندا سەری کڕنۆش دادەنەوێنین. هیوادارم وەرزی زستانی ڕەشی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ئاکامی خەبات و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی نەتەوەکانی ئێراندا کۆتایی بێ و کۆمەڵانی خەڵکی ستەمدیتوو و چەوساوەمان، لە بەهاری ئازادیدا، جێژنی سەرکەوتن و گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان بگرن.

به‌ڕێزان!

لە مێژ ساڵە نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵ جیا لە نوێبوونەوەی سروشت، بۆ ئێمەی کورد واتا و پەیامێکی سیاسیشی هەیە. نەورۆز دەرفەتێکە بۆ گوڕوتین بەخشین بەمافخوازیمان، بۆ یەکیەتی و هاوپێوەندیی نەتەوەییمان، بۆ بەرزکردنەوەی بەیداخی شۆڕشگێڕی و بۆ یەکخستنی وزەی خەباتگێریمان دژی دەسەڵاتی زۆردار و ماف زەوتکەری کۆماری ئیسلامی. دەرسێکیش کە ئێمە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی لەنەورۆزی وەردەگرین، دەرسی هیوا بە داهاتوویەکی گەش، دەرسی خەبات و نەوەستان بۆ لابردنی زستانی زەبروزەنگ و ستەم، خەباتی بێوچان بۆ جێگیرکردنی بەهاری ئازادی و دەستەبەرکردنی ڕزگاریی یەکجاری بۆ نەتەوەکەمانە. بێگومان تێکۆشانی ئێمە لەو بوارانەدا بە ڕێگایەکی دوورودرێژدا هاتووە، هەوراز و نشێوی زۆری هاتۆتە پێش و هەزاران ڕۆڵەی گەلیش لەپێناویدا خۆیان کردۆتە قوربانی، بەڵام خەڵکی ئێمە و ڕۆڵە خەباتکارەکانی ناوەستن و دڵنیاین ئەو خەباتە ڕەوایە بە سەرکەوتنی یەکجاری دەگا.

ئێمە تێکۆشەرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، لەساڵی تازەدا بە ورەیەکی پتەو و هێزێکی نوێوە ڕێگای خەباتمان بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان درێژە پێ دەدەین و لەو پێوەندییەدا هەوڵ دەدەین لە هەموو شێوەکانی خەبات، بە پێی دۆخی گونجاو، کەلک وەرگرین. ڕێکخراوەکانی حیزب و پێشمەرگە قارەمانەکانمان لەو پێوەندییەدا ئامادەن و لە کاتی پێویستدا ئەرکی سەرشانیان بەڕێوە دەبەن.

ساڵی تازە بۆ خەڵکی مافخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و، بۆ بزووتنەوەی مەدەنی و چالاکانی سیاسی و تێکۆشەرانی بوارە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵایەتی و مەدەنی بە تایبەتی؛ سەرفەسڵێکی نوێیە لە بەردەوامیی خەبات و تێکۆشان. بێگومان لە ئێستادا کە کۆمەڵگەی ئێران لە سۆنگەی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامییەوە نوقمی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە؛ بزووتنەوەی مەدەنیی کۆمەڵانی خەڵک شوێنەواری یەکلاکەرەوەی لەسەر پاشەکشەکردن بە دەسەڵاتی ڕێژیم و گەیشتن بەسەرکەوتن هەیە. دژکردەوەی بەرپرسان و ئۆرگانە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەرامبەر سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان لە ژمارەیەکی زۆری شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، نیشانی دا؛ کە ڕێژیم تا چ ڕادەیەک لە هاتنە مەیدانی خەڵک و کارتێکەریی ئەم بزووتنەوەیە تووشی سەرلێشێواوی و تاسان هاتبوو. بزووتنەوەیەک کە تابۆی ویلایەتی فەقیهی شکاند و “مردن بۆ دیکتاتۆر” و مردن بۆ خامنەیی” بەشی سەرەکیی درۆشمەکانی بوو. هەر بۆیە پێویستە کۆمەڵانی خەڵک لە ساڵی نوێشدا، لە هەر دەرفەتێکی لەبار بۆ وەڕێخستنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی مەدەنی کەلک وەربگرن و ئەو بەستێنە لە خەبات و تێکۆشان هەراوتر بکەن و یەکدەنگ و یەکڕیز بەرەوڕووی دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ببنەوە. دڵنیاشین لەوەی کە هێزی لە بڕاننەهاتووی خەڵکێک کە لە مەیدان دان و خەباتێ شێلگیرانە و یەکگرتووی کۆمەڵانی خەڵکە کە دەتوانێ ئەو ڕێژیمە سەرکەوتگەرە بەچۆکدا بێنێ.

هاونیشتمانە خۆشەویستەکان!

ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەو پیلی نەورۆز و بەهار دەچین، کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ئێمەی تێدا دەژین لە کەفوکوڵی گۆڕانکارییە چاوەڕواننەکراوەکان دایە. بارودۆخی ئاڵۆز و ناسەقامگیری عێراق و دۆخی نوێی باشووری کوردستان لە دوای ڕاپرسیی سەربەخۆیی و ڕووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبر، بەردوامیی شەڕی نێوخۆیی سووریە و هێرشی هەمەلایەنە بۆ سەر عەفرینی ڕۆژاوای کوردستان، ململانێ و کێبەرکێی هێزە گەورەکانی وەک ئەمریکا و ڕووسیە لە ناوچەدا لە پێناو دەستەبەری هێژمۆنی و کۆنتڕۆڵی زیاتریان لەو بەشە گرینگ و دەوڵەمەندەی جیهاندا؛ شوێنەواری ڕاستەوخۆی لە سەر وەزعی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەموو ئەو وڵاتانە داناوە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە. بێگومان ئەو بارودۆخە ناوچەییە و هاوکێشە سیاسییەکان و ئاکامی کورتخایەن و درێژخایەنیان، شوێن لەسەر جێگە و پێگە و چۆنیەتیی چارەنووسی دواڕۆژ و خەباتی نەتەوەی ئێمەش بە گشتی دادەنێ. ئەوە بەو مانایەیە کە کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، لە هەر کاتێک زیاتر پێویستیی بە یەکگرتوویی و وشیاریی نەتەوەیی هەیە، تا بتوانێ هەڵسوکەوتی سیاسیی کارا و وەڵامدەرەوەی هەبێ و، لەگەڵ بەرگری لە دەسکەوتەکانی تا ئێستای قۆناخ بە قۆناخیش لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکاندا بچێتە پێشێ.

کورد لە پێش چاوی بیروڕای گشتیی جیهان دەری‌خستوە کە لایەنگری دێمۆکڕاسی، ئاشتی و ئازادییە و لە پێناویاندا خەباتی کردوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بۆ خۆی وەک نەتەوەیەک هەتا ئێستاش قوربانیی تێرۆر، زەبروزەنگ، کۆمەڵکوژی، سەرکوت و بێ‌عەداڵەتی بووە. هاوخەباتی و هاوپەیمانیەتیی کورد لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمان لە شەڕی دژی تێرۆر بەتایبەت داعش و، خەبات و قوربانیدانی زۆر لەو شەڕە و لەو بەرەیەدا دەخوازێ کە لە چوارچێوەی هاوسەنگییە سیاسییەکان و دوورەدیمەنی چارەنووسی سیاسیی ناوچەکەدا وەک فاکتۆرێکی گرینگ چاو لێ‌ بکرێ و، بێگومان بێتوو کورد بە یەکگرتوویی و وریاییەوە بجووڵێتەوە، دەتوانێ دەورێکی گرینگی لە ئاڵوگۆڕەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەبێ و دواجار بە ئامانجی لەمێژینەی، واتە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بگا.

خوشک و برا خۆشەویستەکان!

لە ئێستادا کە ئێمە بە پێشوازی نەورۆز و ساڵی نوێ دەچین، وەزعی ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەموو کاتێک شپڕێوترە و ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپیی زیاتر دەڕوا. خەڵک لە سەرانسەری وڵاتدا بەدەست بێکاری، گرانی، قەیرانی ئابووری، گەندەڵیی بەربڵاوی سیستم، زەبروزەنگی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، هەژاری و نەداری و نەبوونی ئازادییە فەردی و کۆمەڵایەتییەکانەوە دەناڵێنن. ئەو ڕیژیمە کۆنەپەرستە لەجیاتیی ئەوەی لە بیری وەزعی نالەباری ئابووری و چارەسەرکردنی گرفتەکان و کەمایەسیی ژیانی خەڵکدا دابێ، بەشیکی زۆری داهات و سامانی وڵاتی لە پێناوی ناردنەدەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی و بۆ ئەوهێزانە تەرخان کردوە، کە لە عێڕاق، سوورییە، لوبنان ویەمەندا، دایمەزراندوون و لە پێناو پێکهێنانی “هیلالی شیعی” و ئامانجی دەستدرێژیکەرانە و زێدەخوازانەی خۆیدا، شەڕی بە وەکالەتی بۆ دەکەن.

هەموومان لەبیرمانە کە لە پاییزی ڕابردوودا، کاتێک هاونیشتمانانمان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشاندا تووشی ئەو کارەساتە هاتبوون، ڕێژیم هیچ کە ئاوڕیکی ئەوتۆی لە خەڵکی دڵبەخەم و ماڵشێواوی ناوچەکە نەدایەوە، بەڵکوو بەشیک لەو یارمەتییانەش کە لەلایەن دڵسۆزان و خێرخوازانەوە کۆکرابۆوە و بۆ ئەو خەڵکە کارەساتدیتووە نێردرابوون، بە هۆی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە پاشقول دران و؛ خەمساردیی و ئەرک وەخۆنەگریی ڕێژیم و دامودەزگا ئیداری و بەڕێوەبەرییەکانی لەو پێوەندییەدا هەتا ئێستاش درێژەی هەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا جێی خۆیەتی سڵاو بنێرین بۆ خەڵکی بە هیممەت، دڵسۆز و دڵاواڵەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەسبەجێ لە هەموو لایەکەوە بە هانای ئەو خەڵکە بەڵادیتووەوە هاتن. ئەو هاودڵی و هاوپێوەندییە شکۆدارە نەتەوەییە لە مێژوودا تۆمار دەکرێ و نەوەکانی دادێ دەرسی نیشتمانپەروەری، مرۆڤدۆستی و فیداکاریی لێ‌فێر دەبن. هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبایەخەوە سەیری ئەو بزاوت و جموجۆڵە مەدەنییانە دەکا کە ئەمساڵ و ساڵانی رابردووش لە پێوەندی لەگەڵ پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فه‌رهه‌نگی و ژینگەییەکاندا وەرێخراون و، بە دەسکەوتێک بۆ ڕەوتی بزووتنەوەی کورد لە ئێرانیان دادەنێ و خۆی بە پشتیوانیان دەزانێ. هیوادارین ئەم بزووتنەوە و چالاکییانەش لە ساڵی نوێدا بەردەوام، بەربڵاوتر و فرەڕەهەندتر بن، چونکی لە سۆنگەی بەردەوامی و پەلهاویشتن و بەگوڕتربوونی ئەو خەباتەیە کە پلان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان سەرناگرن.

کوردستانیانی خۆشه‌ویست!

هه‌ر وه‌ک ئاگادارن له‌ نێوه‌ڕاستی مانگی ڕه‌شه‌مه‌دا جارێکی دیکه‌ش ده‌ستی ڕه‌شی تێرۆری کۆماری ئیسلامی گه‌یشته‌ تێکۆشه‌رانی حیزبی دێموکرات و ئه‌مجاره‌یان کاک قادر قادری، کادری دێرین و فه‌رمانده‌ی به‌وه‌جی لێ ستاندین. له‌مباره‌وه‌ گوتومانه‌ و ده‌یڵێینه‌وه‌ که‌ سیاسه‌تی په‌نابردن بۆ تێرۆری کۆماری ئیسلامی له‌ ده‌سته‌وه‌ستانی و زه‌بوونیی ئه‌و ڕێژیمه‌وه‌ دێ که‌ دوای چوار ده‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌تی له‌ پێناو مه‌شڕووعییه‌تی نه‌بوویدا و، سه‌رکوتی بزووتنه‌وه‌ی کورددا به‌رده‌وام له‌سه‌ری ڕۆیشتووه‌؛ به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ته‌ نه‌ سه‌قامگیریی بۆ کۆماری ئیسلامی له‌ کوردستان به‌دیاری هێناوه‌ و نه‌ خه‌ڵکی کوردستان و حیزبی دێموکراتی له‌ خه‌بات و تێکۆشان دڵسارد کردۆته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ گه‌لی کورد نه‌فره‌ت له‌و کرده‌وه‌ دزێوانه‌ی کۆماری ئیسلامی ده‌کا و لاوانی کوردیش به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێبازی شه‌هیدان سه‌نگه‌ری خه‌باتیان ئاوه‌دان ڕاده‌گرن و وه‌ڵامی شیاوی ڕه‌فتاره‌کانی کۆماری ئیسلامی به‌و ڕێژیمه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌.

لەکۆتاییدا وێڕای ئەوەی جارێکی دیکەش پیرۆزبایی ئەو جێژنە نەتەوەییەتان لێ ‌دەکەین، هاوکات پەیمان نوێ دەکەینەوە کە بەگوڕتر و شێلگیرتر لە پێشوو لە پێناوی وەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی نەتەوەکەماندا تێ ‌بکۆشین و تا وەدیهاتنی ئەو ئامانجانە لە خەبات نەوەستین.

هیوادارین ساڵی نوێ، ساڵی وەدیهاتنی ئامانج و ئاواتەکانمان بێ.

مستەفا مەولوودی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

28ی ڕەشەمەی 1396ی هەتاوی