گەلەکۆمەکێی سەرمایەداریی کۆنەکاری رۆژئاوا ! هاشم کەریمی

گەلەکۆمەکێی سەرمایەداریی کۆنەکاری رۆژئاوا و سەرمایەداریی تازەپێگەیشتووی رۆژهەڵات، دژی کوردستان! نامەوێ لێرەدا لاپەڕەکانی مێژووی ئەو سەدساڵەی دوایی گەلی کورد هەڵبدەمەوە کە پڕە لە کارەساتی دڵتەزین بەرامبەر بە گەلەکەمان؛ هەر لە پەیمانی “سایکس-پیکۆ” ، ” کونفڕانسی لۆزان ” ، ” پەیمانی سەعداباد ” ، ” کۆماری کوردستان ” ، ” پەیمانی بەغدا ” و ” نسکۆی ١٩٧٥ی زاینی(شۆڕشی ئەیلوول) ” ، تا بە ئەمڕۆ کە لە وتارەکانی پێشوومدا بە دریژی باسم کردوون . لیرەدا تەنیا باسی دوو گەلە کۆمەکیی دوو سەرمایەداریی چاوچنۆکی رۆژهەڵات و رۆژئاو دەکەم بە پشتیوانی لەو وڵاتە دیکتاتۆر و کۆنەپەرستانەی کە کوردستانیان لە نێواندا دابەش بووە.
ساڵی ٢٠١٧ی زاینی (١٣٩٦ی هەتاوی) یەکێک لەو ساڵە نەهاتی و چارەڕەشیانە بوو بۆ گەلی کورد. ریژیمی عێراق بە بیانووی رفڕاندۆم لە کوردستانی باشوور دا بە پشتیوانیی راستەوخۆی سوپای قودسی ریژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران و ناڕاستەوخۆی ریژیمی تورکیە و چرای سەوزی ئەمریکا و بریتانیا هێرشی کردە سەرناوچە دابڕاوەکانی کوردستانی باشوور. بە تایبەت کەرکووک و شەنگاڵ کە بە رژانی خوێنی هەزاران پێشمەرگە لە چنگی داعش رزگار کرابوون و بە هۆی دووبەرەکی و خەیانەتی نێوخۆیی لە ٢٤سەعاتدا داگیری کردەوە. ئەوەمان لە بیربێ کە رووسیە لەمێژە پشتیوانی سەرەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەم ئاخرانەشدا بە پشتیوانیی بێ درێخی لە رژیمی تورکیە دەیەوی لە رۆژئاوا (بەتایبەت ئامریکا)ی داببڕی، کە پێم وایە خەیاڵێکی خاوە.
لە عەفرینی خۆ راگردا، رژێمی داگیرکەری تورکیە بە چرای سەوزی رووسیە و بە بێ دەنگیی بێشەرمانەی ئەمریکا و وڵاتانی سەمایەداریی رۆژئاوا و بە فرۆکەی ئەمریکایی و تانگی ئەڵمانی و چەک وچۆڵی پەیمانی شەڕەنگێزی ناتۆ و دەیان هەزار بەکرێگیراوی کۆنەپەرستی ئیسلامی کە لە تاقمە جیهادیەکانی سوریە پێک هاتبوون و تەنانەت تورکە جیهادیەکانی یوغووری چین و ئاسیای ناوڕاستیش بۆ یارمەتیی تورکیە هێنرابوون، هێرشی کردە سەر خەڵکی عەفرین . رژیمی سوریە کە هێرشکرابووە سەر بە ناو وڵاتەکەی و رژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پشتیوانی سەرەکیی ئەو رژیمەیە، بە ویستی رووسیە لە بەرامبەر دڕندەیی و کاولکاریی سوپای داگیرکەردا قڕوقپیان کرد.
دیارە کچان و کوڕانی یەپەژە و یەپەگە بە بیرو باوەڕێکی پۆڵاینەوە بە گژ سوپای هێرشبەردا چوونەوە.من لە وتارێکدا لە سەرەتای شەڕەکەدا نووسیم کە لەم شەڕە نابەرامبەرە دا رەنگە سوپای داگیرکەر بۆ ماوەیەک سەرکەوتن بە دەست بێنێ، و نووسیم تەنانەت ئەگەر خەڵکی عەفرین شکستیش بخۆن؛ بەرخودانەکەیان وەکوو راپەڕینەکانی کویلەکانی رۆم بە فەرندەریی ” ئیسپارتاکۆس ” و جووڵانەوی ” مەزدەک ” و جوتیارانی ئازەربایجان بە فەرماندەریی “بابەکی خوڕەمدین” و خۆڕاگریی خەباتکارانەی “قەڵای دەمدەم” و زۆر جووڵانەوەی کورد و گەڵانی دیکە کە سەرنەکەوتوون، بۆ هەمیشە لە دڵی گەلانی ئازادیخوازدا دەمێنیتەوە.
لە شەڕی عەفرینیش دا وەکوو کەرکووک و شەنگاڵ دەرکەوت کە سەرمایەداریی رۆژئاوا و رۆژهەڵات پشتیوانی رژیمی داگیرکەری تورکیە بوون، لە بەر ئەوەی بوونی حكوومەت و دەسەڵات و هێزی دیموکڕات و ئازادیخواز لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کە خاوەنی یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی نەوت و گازی جیهان و ئاوی ناوچەکەیە بە قازانجیان نیە. ئەوان پێویستیان بەو رژیمە کۆنەپەرستەکانی وەکوو کۆماری ئیسلامیی ئیران و عێراق و تورکیە و سوریە هەیە، کە سەرچاوە ی شەڕ و ئاژاوەن، بۆ ئەوەی کارخانەی چەک و چۆڵ دروستکرنی ئەوان قەت پەکی نەکەوێ و ئارامی و ئاسایش نەگەرێتەوە ناوچەکە.

هاشم کەریمی