نامەی ژمارە ٢٥ ، بەشی دووهەم. وەرگێرانی کەماڵ حەسەن‌پوور

کاتێک کە ڕۆژ بۆوە من لێکۆڵینەوەم کرد بزانم چییان لێ دزیوم و بۆم دەرکەوت سەرجەم شتە پێویستەکانم لەکیس چووبوون. کڵاوخودە چێوپەمەیەکەم، چەکمەکانم، دەستەوانەکان، چەتری هەتاو، گۆرەوی، سەرجەم لیباسەکانی ژێرەوە کە هێندە نەبوون، گشت شانەکانم، خاولی، سابوون، مەقەست، دەرزی، دەزوو، ئەنگوستیلەی دروومان، چەند چەقوی باش کە عەزیز زۆر خوازیاریان بوو و هەموو ڕۆژێک سێ چوار جار کەڵکیان لێوەردەگیرا، دەسرەیەکی گەورەی ئاوریشم کە تەمەنی سەد ساڵ دەبوو و من بۆ خۆ پاراستن لە هەتاو بەخۆم دادەدا، ماسکەکەم، کیفی دەمانچە، کلیلە، قەڵەم، فڵچەی ڕەسم کێشانەوە، ڕەسمی کێشراوە، یادداشتی سەفەران و لیوانێک، گشتی دزرابوون. لە هەموو شتێک خراپتر ئەوە بوو کە پێنووسە زێڕەکەم، کە لە هەژدە ساڵی ڕابردوودا پێم نووسیبوو، ئەویش دیار نەمابوو. جگە لەمانە، بۆ ڕزگاربوون لە ماوەی دوور و درێژی چاوەڕوانیی هەڵدانی خێوەتەکەم، و کاتژمێرەکانی پشوودان کە ناچارم لە سەر جێگاکەم پێش خەوتن بیبەمە سەر، گوڵدۆزییەکی مەزنم لە ڕووی نەخشەیەکی کۆنی ئیرلەندی دەستپێکردبوو، نەخشی عەڕەبیی بە ڕەنگی ڕەش، نەخش و نیگاری لە ڕەنگی قەیسی، سەوزی کەمڕەنگ، پەمبەیی و شین بە کەناری زەرد. زۆر چێژم لەم کارە وەردەگرت، و بۆ پشوودانی ماوەی ئەم سەفەر حیسابم لەسەر دەکرد. ئەویش لەگەڵ گشت ئاوریشم و زێڕ وەک کۆتاکەرەوەی کارەکە بردبوویانن. ئێستا لە دوای کۆتایی مارشە درێژەکاندا هیچ شتێک نییە بیکەم، و زۆر بە سەختی دەتوانم بەو پێنووسە بنووسم و ئامرازی نیگارکێشاونەوەکانیشم لە کیس چوون، داهاتوویەکی وەڕەزکەر چاوەڕوانمە. ئەگەر شاربان سەرپێچی نەکردبا و لە پشت چادرەکەم وێستابا ئەمە نەدەهاتە پێش. ئێستا دەزانم چۆنە بۆ ئوروپاییەک کە بێ شتە “پێویستەکانی ژیان” بی و ناتوانم تا سێ حەوتووی تر قەرەبوویان بکەمەوە.
کاروانەکە کاتژمێر ٩ هات و من زوو چوومە ناو خێوەتەکەم و زۆربەی کاتی ئەو ڕۆژم بۆ دروست کردنی کڵاوێک بە لول کردنی کەتان و لۆکە لە ناو دەستە سڕان و دروونیان وەک جۆرە شەدەیەک بە دەرزی تەبەنە و قەیتان کە لە میرزام وەرگرتبوو تێپەڕ کرد. من توانیم لە گوندییەک جووتێک کڵاشی دەستی دوو – بەکەڵکترین کەوش، کە لای سەرەوەی لە قەیتانی ئەستوورە کە لێرە ژنان دەیچنن و لە لای بەختیارییەکان پیاوان دەیچنن پێکهاتووە، و بنەکەیان پەڕۆی لێکدرواوی کوتراوە. ئەم بن و سەرەکەیان بە پڵیتە چەرمی ئەستوور لێکدرواون و لە شوێنی پاشنە و پەنجەی لاق وێکهاتوونەوە. کڵاش زۆر ڕاحەت و خۆشن و بۆ کەشوهەوای وشک و بۆ سەرکەوتنی چیا خۆڕاگرترین کەوشن. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ بە باشترین شێوە بەرەوڕووی ناخۆشیی لە کیس چوونی شتەکانم ببمەوە. ” گریان بۆ شیری ڕژاو بێ سوودە!.”
ڕۆژی پێشتر، کاتێک کە وەڵاغدارەکان میرزایان لەسەر وەڵاغەکەی ڕاکێشا خوار و ئەو بە ڕێککەوتننامەکە هەڕەشەی لێیان لێکرد، ئەوان وڵامیان داوە کە ئەوە درۆیە و ئەوان هیچ ڕێککەوتنێکیان جگە لە گەیاندنی من بۆ ورمێ لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا نەکردووە و کە ئەوان لە شازادەی حاکمی هەمەدان ناترسن، ” چونکە ئەو هەمیشە خەوتووە، و فەڕەنگییەکەش تەنیا خانمێکە.” من پەیامم بۆ ناردن کە پێم خۆشە نیوەڕۆ کوولتەپە جێهێڵم. ئەوان وەڵامیان داوە کە جووڵەی ناکەن. من لە ژێر دەسەڵاتی ئەوان دابووم، چونکە ئەوان پێشەکیی پارەی حەوت ڕۆژیان وەرگرتبوو و منیش چیتر باسی وەڕێکەوتنم نەکرد. بەڵام، لای نیوەڕۆ میرزام نارد تا ڕێککەوتننامەکەیان بۆ بخوێنێتەوە و شاربان و باوکی نەیاندەتوانی حاشا لە ڕەسەنایەتیی مۆرەکە بکەن، و کەسێکی بەتەمەنی گوندەکە کە خوێندەوار بوو شاهیدیی دا کە میرزا دروستی خوێندۆتەوە.
ئەوکات دیتیان کە خۆیان خستۆتە “چەرمەسەرییەوە” و وەڵامیان نارد کە دڵفراوانیی خۆیان بە گوتنی “لاقەکانت [کەوشەکانت] لە سەر چاوانمانە” نیشان بدەن، ڕستەیەک کە بۆ نیشاندانی دڵفراوانی دەگوترێ. من ئەوڕۆژی خۆم تێنەگەیاندن، بەڵام لە کاتی خۆرئاوابووندا ناردم بە دوای شاربان و بە میرزام گوت قسەکانم دەقاودەق وەرگێڕە و هەندێک قسەم لەگەڵ کرد. ” تۆ بەڵێنی خۆت شکاندووە، دەبێ دەرئەنجامەکەی وەئەستۆ بگری. هەڵسوکەوتی تۆ شەرمەزارانە و قیزەوەنە، هێندە ترسنۆکانەیە کە تۆ شایانی ئەوە نی کە پێت بگوترێ پیاو، ئەوە تەنیا شتێکە کە لە سەگباوکێک چاوەڕوان دەکرێ. دەتهەوێ بەڵێنی خۆت بەریە سەر یا نا؟ ئەو دەستی بە گریان کرد و دوولاهاتەوە بۆ لاقانم، بەڵام من بە دوودڵییەوە بە هەمان دەنگی ترسناکەوە پێیم گوت ” خاموش! برو!” (بێدەنگ بە، بڕۆ!)، خێوەتەکەم داخست.

بیجار، ٢١ ی سێپتامبر، هێچ فارسێک باوەڕ بە قسەکانت ناکا، و ئەم خەڵکە هەژارەش باوەڕیان نەکرد کە من نامەی حاکمانی سەر ڕێگام پێیە. ئێستا ئەوان گەلێک ترساون، و دەبینن کە فەڕەنگیی، ئەگەرچی ” تەنیان خانمێکە،” ناکرێ بێ سزا هەڵسەکەوتی هەڵەی لەگەڵدا بکرێ. کاتێک کە گەیشذتمە ئێرە، تەنانەت پێش ئەوەی کە نامەی پێناساندنەوە بنێرم، حاکم فەڕاش باشییەکی بۆ بەخێرهاتن کردن و نیشاندانی میوانپەروەریی نارد و دوای ئەو، پاسەوانێکی بەهێز. پاشان شاربان دەستی بە پاڕانەوە کرد کە نەیبەمە لای حاکم، و ناچاری نەکەم کە ” دار بخوا”، و لە کۆتاییدا کاروانە مەزنەکە بە زرینگە زرینگ درێژەی بە سەفەرەکەی بەرەو باکوور دا و قەت نەمبینییەوە. ئەگەرچی ئەوان لە لایەکەوە بە شێوەیەکی دزێو ڕەفتاریان لەگەڵمدا کرد، سەرکێشییەکە تێکشکا و شتەکان ئێستا بە باشی دەچنە پێش، جگە لەوەی کە شاربان جارجار کەڵک لە دەرفەت وەردەگرێ و بێگوێیی دەکا. بەڕاستی من لە ترسنۆکیی کاراکتەری خۆرهەڵاتیی بێزارم کە ڕەنگبێ ئاکامی ساڵانێکی دوورودرێژی ستەمکاریی دەسەڵاتداران بێ.
زۆر جێگای داخە کە دەبێ واز لە سیاسەتی مەتمانەکردن، کە لە هەموو شێوە سەفەرێکدا بەکەڵک بووە، بێنم و پێویستە کەڵک لە هەڵوێستێکی گوماندارانە وەرگرم. هەرچی ئوروپاییە پێی گوتووم، کە لە پاشا بەرەو خوار کەس مەتمانە بە باوک، برا، هاوسەر، کەسی سەرووی خۆی یا کەسی ژێر خۆی ناکا. هەمووکەس بە پارێزەوە و بە گومانداریی بە ناو هەزارتوێی ساختەچییەتی و درۆدا دەڕۆن. ئەگەر کەسێک پرسیارێک بکا، یا بۆچوونێک بدرکێنێ، یا باسی ڕاستییەک بکا، بە سەر شانانیدا دەڕوانێ بۆ ئەوەی کە بزانێ کەس گوێی هەڵنەخستووە. ٧١
فارسێکی نەجیبزادە پێی گوتم، ” ئەم وڵاتە بە هۆی درۆ گەنیوە. فارسەکان پێش ئەوەی فێری قسەکردن بن درۆ دەکەن.” تەقریبەن هەموو ڕٶژێک کاتێک کە مرۆڤ ئاوات دەخوازێ کە مەتمانەکەر، میهرەبان و دڵسۆز بێ، مرۆڤ تووشی درۆی ئاشکرا، هەڕەشەی ترسنۆکانە و ساختەکاریی پلان بۆدانراو دەبێ و ناچاریی وریابوونی هەمیشەیی ماندوو و بێزارت دەکا.
لێرە شێوە تۆڕێکیتر لە دەوری مسافیرانەوە تەنراوە. لە کوولتەپە، دوای دزییەکە داوام لە کوێخا کرد کە پاسەوانێکی شەوانەم بۆ بنێرێ و ئەو وەڵامی دامەوە کە ناتوانێ کەس بە بێ بڕیار بنێرێ و ئەو تەنیا تورکی دەزانێ، نامە فارسییەکە کە شازادەی حاکم لە هەمەدان پێی دابووم بەکەڵکی ئەو نەدەهات. دواتر، سوارێک، کە گوتی “پاسەوانی ڕێگاشە”، هات و گوتی کە ئەو تەنیا بەرامبەر بە سڵامەتیی مسافیران بەرپرسیارە و کە من ناتوانم داوا لە کوێخا بکەم کە پاسەوانێکم بداتێ، چونکە دوای خۆرئاوابوون کەس بە بێ ڕەزامەندی ئەو ناتوانێ لە دەروازەکان تێپەڕ بێ. من لە پێشدا دەمزانی کە هیچ دەروازەیەکی لێ نییە. ئەو داوای پێنج قڕانی بۆ هەر شەو کرد تا پارێزگاریی لە خێوەتەکان بکا. ( نرخەکەی قڕانێکە، و لە کاتی هەلومەرجی تایبەتییدا دوو قڕان). من پێمگوت کە بۆخۆمان زۆر باش دەتوانین پارێزگاریی لەخۆمان بکەین. ئێوارێ درەنگ پیاوێک کە وێدەچوو بەڕێز بێ هات و هۆشداریی داینێ کە زۆر هۆشیار بین، چونکە ئەم سوارە و یەکیتر بەڵێنیان داوە کە وەک تۆڵە ئەستێنیی بۆ ئەوەی کە بەکرێمان نەگرتوون، دزی لە خێوەتەکانمان بکەن. ئەم پیاوانە کە وا دەنوێنن پاسەوانی ڕێگا بن، هۆی ترس و ئازاری مەزنن بۆ خەڵک. ئەوان بەزۆری پارە لە کاروانەکان دەستێنن و خواردن بۆ خۆیان و ئەسپەکانیان لەوان دەستێنن، ” هەموو شتێک هەلدەگرن بێ ئەوەی کە پارەکەی بدەن.” خەڵکەکە هەروەها بەوە تاوانبارییان دەکەن کە هۆ، یا ئامرازی زۆرینەی تاڵانکردنەکانی سەر ڕێگان. ئەو ژنانە کە لە بەر دزرانی شتەکانم هاتبوون کە هاودەردییم لەگەڵدا بکەن ئەو پیاوانەیان تاوانبار کرد کە دزن، بەڵام ئەو کەسەی کە لە خێوەتەکەم هەڵات هەنگاوی لاوتر بوو.
شاربان جارێ زۆر گوێڕایەڵە، و خزمەتکارەکانی لەسەر هەستن، و بۆ ئەوەی کە نیشان بدەن کە بەخەبەرن پەیتاپەیتا تەقە دەکەن. ڕێککەوتنی شەوانە لەگەڵ کوێخا ئەوەیە کە چاودێرێک دەستنیشان بکا کە هەر شەوەی دوو سێ جار بە دەوری کەمپەکەدا بگەڕێ بۆ ئەوەی کە بزانێ بەخەبەرە و کە بۆی [ئەسپی خانم] باشە، بۆ ئەوەی یەغدانەکە بپارێزم بە زنجیرێکی ئەستووری وەڵاغ و مێز و کورسییەکە کە چەند شتومەکی کە ماومن لەسەریانن بە گوریسێک لە تەختی خەوەکەمیان دەبەستم و تەنەکەیەک کە چەقوویەکی تێدا لە سەر هەر گۆشەی مێزەکەی دادەنێم تا ئەگەر کەسێک دەستی لێدان بە دەنگەکەی لە خەو هەڵستم.

درێژەی هەیە …